تاریخ: ۱۴۰۲/۸/۱۸
دانیشتنی خەسارناسیی ئه‌ده‌بیاتی منداڵان لە مەهاباد بەڕێوە چوو
بەپێی هەواڵی هاژە؛ ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕێکەوتی ١٨ی خەزەڵوەری ١۴٠٢ی کۆچیی هەتاوی لەسەر بانگهێشتی ئەنجومەنی ئەدەبیی موکریانی مەهاباد، دانیشتنی خەسارناسیی ئەدبیاتی منداڵان، بەبەشداریی ئەدیبان و نووسەران لە هۆڵی ئیرشادی شاری مەهاباد بەڕێوە چوو.
  

نەرمین ئیبڕاهیم‌ئازەر، بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ئەدەبیی موکریان لە گفتوگۆ لەگەڵ هاژەدا گوتی: ئەم دانیشتنە، کۆڕێکی تایبەتی بوو کە لەلایەن ئەنجومەنی موکریان بەڕێوە چوو. لەم دانیشتنەدا، ئاڕەش مێهرەبان، سوارە فتووحی و گوڵاڵە ستاوەند پانێلی زانستیی ئەدبیاتی منداڵانیان بەڕێوە برد.

ناوبرا ڕایگەیاند: ئەدبیاتی منداڵان ئاوڕێکی ئەوتۆی لێ نەدراوەتەوە هەر بۆیەش ئەم ئەنجومەنە دانیشتنی خەسارناسیی بەڕێوە بردووە تا کۆمەڵگای فەرهەنگی لەگەڵ لایەکانی ئەدبیاتی بواری منداڵان بەرەوڕوو ببێتەوه.

ئاڕەش مێهرەبان، لێکۆڵەری بواری ئەدبیاتی منداڵان لە پانێلی یەکەمدا، لەبارەی مێژووی ئەدەبی منداڵاندا گوتی: ساڵی ١٧٠٠ی زایینی ئەحمەدی خانی یەکەم جار بە چڕی و پڕی لە بەرهەمەکانی باسی لە منداڵ کردووە و دەتوانرێ بکوترێ، یەکەم کەس بووە بە کوردی باسی ئەدەبی منداڵانی کردووە.
 

مێهرەبان لەبارەی مێژووی گۆڤاری منداڵان گوتی: یەکەم گۆڤاری منداڵان بە زمانی کوردی، نێوی گروگاڵی منداڵانی کورد بووە کە لە ساڵی ١٩۴۶ی زایینی لەلایەن چاپخانەی کوردستانی مەهاباد چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

ناوبراو هەروەها لەبارەی نووسینی بەرهەمی کوردی بۆ منداڵان جەختی کردەوە: زۆربەی ئەو بابەتە و بەرهەمانەی بۆ منداڵان دەنووسرێ، بیرۆکەی گەورەساڵیی بەسەریدا زاڵە، بۆیە هەست بەوە دەکرێ ئەو داستان و چیرۆک و ... بە زەینێکی گەورەساڵییەوە نووسراوە.

ئاڕەش مێهرەبان لەبارەی زێهنیەتی منداڵان گوتی: هەستیارییەکی زۆر هەیە لەسەر زێهنیەتی منداڵان سەبارەت بە بابەتەکانی ڕوودراو لە کۆمەڵگا. هەر بۆیەش نووسەری بابەتی منداڵان دەبێ لەگەڵ بابەتەکانی فەڵسەفی، دەروونناسی و کۆمەڵناسی ئاشنایی و خوێندنەوەی هەبێت.

پێش بەڕێوەچوونی پانێلی دووهەم، گرووپی مۆسیقایی بارینی مەهاباد، تایبەت بە منداڵان، بەرهەمی مۆسیقاییان پێشکەش کرد.

گوڵاڵە ستاوەند، نووسەر و نیگارکێشی بواری منداڵان دووهەمین بەڕێوەبەری پانێلی خەسارناسیی ئەدبیاتی منداڵان گوتی: وێنەگەریی کتێبی منداڵان دەبێ پابەندی تاکتیەکان بێت تا بەشێوەیەکی باشتر پێوەندی لە نێوان وێنە و منداڵاندا ساز بکات.
 

ستاوەند هەروەها ڕایگەیاند: هەست و هۆگریی وێنەگەر و وێنەکێشی بواری منداڵان شوێنێکی زۆر لەسەر شێوازی وەرگرتنی بابەت و ئامانجی بەرهەمەکاندا هەیە. هەر بۆیەش وێنەگەر و وێنەکێشی بابەتی منداڵان دەبێ زۆرتر سەرنج بدا و بە هەست و هۆگرییەوە بەرهەمەکانی دابێنێت.

ستاوەند لە درێژەدا، مێژووی نیگارەکێشی و وێنەگەریی بۆ منداڵان لە دەیەی ٧٠ی زانییەوە تا ئەمڕۆی تاوتوێ کرد.

لە سێهەمین پانێلدا، سوارە فتووحی، نووسەر و لێکۆڵەر گوتی: نووسین بۆ منداڵان کارێکی قورس و گرانە و ئەرکێکی زەحمەتە جا بۆیە نووسەری بواری منداڵان کارێکی سەختی لەسەر شانە. ئەدەب لە ژیانی منداڵان شوێندانەریی زۆری هەیە، بەڵام بەداخەوە لە ئەدەبیاتی کوردیی منداڵان ئەم کاریگەرییە ئەرێنییە نەدیتراوە.
 

فتووحی هەروەها ڕایگەیاند: بەداخەوە وەرنەگرتنی نەقد، یەکێک لە کێشەکانی هەرە گەورەی کۆمەڵگای ئەدەبی کوردستانە کە لە بواری منداڵانیشدا ئەم دیاردەیە دەبیندرێت. بۆیەش پێشکەوتی ئەدبی منداڵەکان بە سەختی دەچێتە پێش.

ناوبراو هەروەها گوتی: لە دنیای ئەدەبیاتدا زۆربەی ئەدبیان، ئەدبیاتی منداڵان نابینن هەر بۆیەش کاتێک کە گۆڤاری کانی دەرکرا، لەگەڵ ڕەخنەیەکی زۆر بەرەڕوو بووەوە. بۆیەش سەرەڕای سەختبوونی نووسین لەم بوارەدا، شێوازی چاولێکردن لە بەرهەمگەلی منداڵان لە ئاستێکی باشدا نییە.

سوارە فتووحی لەبارەی بایخنەدان بە زمانی کوردی لەلایان هێندێک لە دایک و باوکان گوتی: زۆریەک لە منداڵەکان بەهۆی ڕووبەڕوونەبوونیان لەگەڵ زمانی کوردی، کێشانیان بەرو بەرهەمە کوردییەکان کارێکی زەحمەتە بۆیە، بنەماڵەی منداڵانی کورد دەبێ کاتێک بدۆزنەوە بۆ پەروەردەی کوردیی ئەوان.

لەکۆتاییدا لە چالاکانی بواری ئەدبیاتی منداڵان، ڕێز گیرا.