تاریخ: ۱۴۰۲/۸/۱۹
ڕێوڕەسمی ناشتنی مامۆستا خدر ڕەش‌ئەحمەدی بەڕێوە چوو


بەپێی هەواڵیی هاژە؛ ئەمڕۆ بەیانی، ڕێکەوتی ١٩ی خەزەڵوەر، بە بەشداریی جەماوەرێکی زۆر لە خەڵکی هونەردۆست و هونەرمەندی کوردستان، تەرمی مامۆستا خدر ڕەش‌ئەحمەدی، ناسراو بە حەمە، هونەرمەندی بواری سینەما و تەلەویزیون، لە قەتعەی هونەرمەندانی گۆرستانی مەهاباد ئەسپاردەی خاک کرا.

خدر ڕەش‌ئەحمەدی، ناسراو بە حەمە، ساڵی ١٣٣۶ی کۆچیی هەتاوی لە گەڕەکی ئەرمەنیانی شاری مەهاباد لەدایک بووە.

ناوبرا خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و دواناوەندیی لە شاری مەهاباد تێپەڕ کردووە و دوای چوونی بۆ دانشسەرا، وەک مامۆستا لە قوتابخانەکانی مەهاباد و دەوروبەر وانەی کوتووەتەوە.

خدر ڕەش‌ئەحمەدی ساڵی ١٣۵۵ی هەتاوی بەشێوەی فەرمی هاتووەتە نێو گۆڕەپانی هونەر و لەگەڵ هونەرمەندانی مەهابادی لە شانۆ و زنجیرە دڕاماکانی دەنگ و ڕەنگی مەهاباد ڕۆڵی گێڕاوە. ناوبراو لەبواری نیگارگەریش چالاکی هەبووە و کاری کردووە.

ساڵی ١٣٨٩ی کۆچیی هەتاوی بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە توانایی قسەکردن و ڕۆیشتی لەدەست دا و هەر ئەوەش بوو بەهۆی دوورکەوتنەوە لە دنیای هونەر.

خدر ڕەش‌ئەحمەدی، ڕۆژی ڕابردوو بەهۆی نەخۆشی دڵی لە کووتان وەستا و گیانی لەدەست دا.

ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشی سبەی، بەیانی و ئێوارێ لە مزگەوتی سووری مەهاباد بەڕێوە دەچێت.