تاریخ: ۱۴۰۲/۱۰/۱۵
چوارەمین خولی کێبەرکێیەکانی دامە لە مەهاباد کۆتایی پێ هات


بەپێی هەواڵی هاژە، چوارەمین خولی یاریی دامەی ناوچەیی لە شاری مەهاباد بۆ ماوەی دوو ڕۆژ له هۆڵی وەحدەتی شارەداری، بەڕێوە چوو و کەسانی سەرکەوتوو ناسێندران.

 

یۆنس ڕەسووڵی، بەرپرسی لێژنه‌ی یارییەکانی ناوچەیی مەهاباد لەو بارەیەدا گوتی: لە چوارەمین خولی دامەی ناوچەیی مەهاباد، ۶٠ کەس لە حەوت شاری کوردستان بەشداریان کرد.


ناوبراو ڕایگەیاند: شووڕا و شارەداریی مەهاباد، بەڕێوەبەرایەتیی وەرزش و لاوان و لێژنه‌ی یارییەکانی ناوچەیی ئەرکی بەڕێوەبردنی ئەم یارییانەیان لە ئەستۆ بووە و چاوەڕێ دەکرێ ئەو پاڵپشتیانە درێژەیان هەبێت.


حوسێن عەزیزی، بەرپرسی بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی کێبەرکێیەکانی دامەی مەهاباد گوتی: یاریی دامە لە زۆربەی وڵاتانی دنیا بەڕێوە دەچێت و بە یارییەکی نێونەتەوەیی ناسراوە.


ناوبراو ڕایگەیاند: لە ئێستادا دوو براوەی جیهانی لە شارەکانی مەهاباد و بۆکان بوونیان هەیە کە نیشاندەری هۆگریی زۆری خەڵکی کورد بەو یارییەیە، هیوا وایە بەرپرسان ئاوڕێکی جیددی بدەنەوە و فدراسیۆنییەکی سەربەخۆی بۆ دروست بکرێت.


کەیوان خۆشبەخت، بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی وەرزش و لاوانی مەهاباد گوتی: چوارەمین خولی کێبەرکێیەکانی دامەی مەهاباد، ئەمساڵ لە ئاستێکی باڵادا بەڕێوە چووه، ناساندنی دامە وەک یارییەکی خۆجەیی ناوچەکانی ڕۆژاوای وڵات دەبێت لەبەر چاو بگرترێت.


یۆسف گەنجی، ئەندامی شووڕای شاری مەهاباد ڕایگەیاند: شووڕای شار پاڵپشتیی خۆی دەربڕیوە بۆ بەڕێوەبردنی ئەم یارییانە و هیوا وایە لە ساڵانی داهاتوودا بە شێویەکی هەمەگیرتر و باشتر بتوانرێ کێبەرکێیەکانی دامە بەڕێوە بچێت.


فاڕووق مام عەبدوڵڵا، یاریزانی دامنەی خەڵکی بۆکان و قارەمانی دنیا گوتی: ٢۶ ساڵە لە یاریی دامە چالاکیم هەیە و تا ئێستا چەندین پلەی جیهانیم وەدەست هێناوە.


ناوبراو ڕایگەیان: هۆگرانی دامە لە ناوچە زۆرن کە یارییەکە هی ناوچەی موکریان و کوردستانە و بەرپرسان دەبێ پاڵپشتی یاریزانانی ئەم کایەیە بن.


لە کۆتایی یارییەکاندا، عوسمان عەزیزی، بەرپرسی لێژنەس دامە مەهاباد، ئاکامی یارییەکانی ڕاگەیاند.

یەکەم: فاڕووق مام عەبدوڵڵا، بۆکان

دووهەم: یۆسف مێهرجوویان، مەهاباد

سێهەم: عەتا فەرەجیان، مەریوان

چوارەم: کەیوان خودایی، بۆکان

پێنجەم: ئیسماعیل ڕەشیدپوور، مەهاباد