هاژه ـ کتێبی ڕسکان (تۆو، نەمام، پەل، قووڵکە، ناساندنی ۱٨ جۆر دار و دەوەنی خۆڕسکی زاگرۆس و شێوازەکانی تێخستنەوەیان و...) لە نووسینی حەسەن ڕەوش لە لایەن بڵاوگەی ڕاژەوە چاپ و بڵاو کرایەوە.
ئێستا زاگرۆس وەک خۆی نەماوە، سرووشت تێک چووە، گەرما ڕووی لە هەڵکشانە، سەرچاوە ئاویەکان کەم بوونەوە و ڕێژەی دابارین کەمی کردووە، ڕوانەوەی تۆو بەشێوەی سرووشتی مەحاڵیش نەبێ زۆر زەحمەتە، بەربەستەکانی ڕوان و گەشە زۆرن، زەوی کەمچێژ و ڕەقەن بووە! سمی مەڕ و ماڵاتی گەورە خاکی دارستانیان داکوتاوە و ئاو هەڵناگرێت! ئافەت و مێمڵ زۆر بوون و توانای شینبوونەوەی تۆو لە داکشاندایە!
ساڵانە سەدان و ڕەنگە هەزار دەنکی بەڕوو یان پەل و تۆوی دار لە لایەن ژینگەدۆستان و ژینگەپارێزانەوە دەچێندرێت و دەچەقێندرێت بەڵام بەداخەوە بەشێکی زۆری ئەو زەحمەتانە مایەپووچ دەبنەوە چونکە شێوازەکانی ئامادەکردن و چاندن و چاوەدێری تۆو یان نەمامی چێندراو بەجۆری پێویست و بەشێوەی زانستی لەبەرچاو ناگیرێت.
لەم کتێبەدا هەوڵ دراوە بەڕۆژترین، گونجاوترین، زانستیترین، ساکارترین، کەمتێچووترین، خێراترین و باشترین ڕێکارەکانی چاندن و تێخستنی تۆو و نەمامەکانی خۆڕسکی زاگرۆس باس بکەین.
لێرە پێویستە خەسارەکان و ئەو زیانانەی تاکوو ئێستا وەبەر قەبارەی دارستانەکان کەوتوون بناسرێن و باسیان لێ بکرێت.
«حەسەن ڕەوش» بە نازناوی «پارێزەر» لەدایکبووی گوندی بێورانی شاری سەردەشتە و تا ئێستا چەند بەرهەمی چاپ کراوە و هەندێکیشی ئامادەی چاپن.
سەبارەت بەم نووسە بابەتی پتر بخوێنهوە: