تاریخ: ۱۴۰۴/۵/۳۱
بەرەو گوندی گوێگجەلی و قەڵای سەیف و ناوچەی ئاڵەشینی میاندواو

بەرەو گوندی گوێگجەلی و ناوچەی ئاڵەشینی میاندواو

هەینی، ڕێکەوتی24ی گەلاوێژی 1404ی هەتاوی

 
بۆ بێنزین‌لێدان چوومە پۆمپی بێنزینی سەلیمی، تەنیشت گومبەزی بداغ‌سوڵتان؛ کارتی بێنزینم پێ‌نەبوو، کاتێ لاوێکی خوێن‌شیرین زانی، هاتە لام و کارتەکەی وێدام؛ ماڵی ئاوەدان بێ. ئەی بۆ دەڵێن پیاوەتی نەماوە. کاتژمێر شەش و دە خولەک دەبوو، کە بە گردی کەونینە و مێژوویی شایەگان و شەقامی پەرستار داگەڕامە خوارێ و چومە بەردەرکی دۆستی خۆشەویستم کاک موحەممەد ئەحمەدیان، نووسەری کتێبی "مێژووی زانایانی موکریان" و «فەرهەنگی حوجرە»؛ بە ئەلۆ دەقولبابم کرد! تەشریفی هێنا دەرێ. من لەسەر جل‌وبەرگ هەستیارم، داوام لێکرد کەوا و پاتۆڵێکی جوان لەبەر کا، کوتی ئەخر بۆ "برایماباد" درەنگ نابێ؟ کوتم نا، دوای پێنج خولەک بە ڕانک و چۆغە لە ناو ماشێن دابەزی. فەرمووی فڵانی بڕیارنەبوو کاتژمێر 7بڕۆین؟ عەرزم کرد، مامۆستا مەلا کەریم کورتەنامەیەکی بۆ ناردووم کە دەڵێ: سلام علیکم، حاجی مامۆستا گیان ویستم عەرزت بکەم تازە ئەوە جیرانێکمان فەوتی کردووە و تەشییع‌ جەنازەمان بۆ پەیدا بووە، جا نازانم جەنابت چۆن دەفەرمووی؟ ئەگەر زووتر تەشریف بێنن زۆرم پێخۆشە.

منیش لە وڵام‌دا عەرزم کرد زوو دێین. نەببووە 6 و نیو چووینە گەڕەکی موکریان و بۆ هەڵگرتنی د. ئەحمەد ئەحمەدیان، مامۆستای زانستگا و پێشکەشکاری بەرنامەی «گولستان» لە دەنگ‌وڕەنگی ناوەندی مەهاباد. کاتێ کاک محەممەد لە ماڵ هاتەدەر و سوار بوو کوتم ئەم خانوویە هی حاجی مامۆستا بوو؟ فەرمووی نەخێر ساڵی 1364ی هەتاوی کە لە سەردەشتێ ڕا هاتمەوە بە 350 هەزار تمەنم کڕی؛ ئەوڕۆژانە کیلۆیەک ئاجیلی هەرە هەرزانی دەرەجە 4، بە چوارسەد هەزارتمەنە! لە موکریان چاومان دەگێڕا و کاک ئەحمەد دەهاتە خوارێ و لە خزمەت ئەم دوو یادگارەی حاجی مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان چووینە گەڕەکی «کووی دانیش»، بۆ هەڵگرتنی د. موحەممەد فرووهەندە، وەرگێڕی "طبایع الاستبدا"، بەرهەمی «عبدالرحمن‌ بن‌ احمد کواکبی»، کە بەداخەوە هێستا نەچۆتە ژێر چاپ. دوای هەڵگرتنی کەوتینە سەر جاددەی میاندوا و لە ڕێیە بە قسەی خۆش و نەقڵ و نەزیلە درێژەمان بە ڕێگەدا. گەیشتینە چۆمی تەتەهوو دڵۆپێکی ئاو پێدا نەدەهات، کە ساڵان ئەم دەمانە هاژ و هووشی ئەم چۆمە موسیقایەکی گەلێ دڵنەوازی هەبوو. پردی میرزا ڕەسووڵ نوێژەن کرابۆوە و کاک موحەممەد بیرەوەرییەکانی سەردەمی شێخ‌ عوبەیدووڵڵای نەهری و هەمزاغای مەنگوڕی بۆ گێڕاینەوە کە بە خەڵکی میاندواویان کوت دوو ڕۆژ لێرە دەمێنینەوە، ئەگەر تفاقێک و کەل‌وپەلێکمان پێویست بوو، بماندەنێ دەنا کارمان بە کەس نییە. بەڵام بەداخەوە خەڵکی میاندواو خاڵی شێخ عوبەیدوڵڵا، ناسراوە به «میرەبەگ»یان کوشت و بێڕێزیان بە جەستەکەی کرد و کوت‌کوتیان کرد، کە شێخ عەبدولقادری کوڕی شێخ عوبەیدوڵڵا تووڕە بوو و شاری خاپوور کرد. دوایی کاک موحەممەد هەندێ بیرەوەری موعەللیمی گێڕاوە کە چەندە بەم ڕێگایەدا هاتووم و چوومە قەڵای ڕەسووڵە‌سیت و لەوێ مامۆستای قوتابخانە بووم. تا وامان کرد گەیشتینە «سەوڵی تەپە»ی تورکان و عەرزم کردن ئەولایەش کە هەر تێکەڵاو بوون «شیناوا»ی کوردنشینە. بەرەو جاددەی برایماباد کە ئەملاو و ئەولای دارستانە ملی ڕێگەمان گرت؛ بەلای چەپ لە ئاواییەکانی، عەسکەرئاباد، گامێش‌گۆلی و قەڵای ئەللاکۆ(حوسێناوا) تێپەڕ بووین و کاتژمێر 7و 45خولەک گەیشتینە برایماباد.

ئاوایی بڕایماباد لە باشووری شاری میاندوا، بە مەودای 11 کیلۆمیتر هەڵکەوتووە. ئەو ئاواییە زیاتر له 280 ماڵە، لە بواری جوغرافیا و لە بواری سروشتییەوە ئاواییەکی سەرنج‌ڕاکێشە، بە تایبەتی بەهۆی سەددی نەورووزلوووە.

ئەگەر گەیشتینێ، کۆمەڵێ لە خەڵکی ناو دێ لەبەر دەم مزگەوت خڕ ببوونەوە. گەیشتینە خزمەت مامۆستا و بەگەرمی بەخێرهاتنی کردین و سفرە و خوان ڕاخرا. دەرگای گفتوگۆ کراوە، باس لە سەرەخۆشی ناوچەی کوردنشینی میاندواو(ئاڵەشین، چۆمی مەجیدخان، شامات و محاڵی شازادە)کرا کە چەندە گرینگی بە کۆڕی پرسە و سەرەخۆشی دەدەن؛ مامۆستا کەریم کوتی لە شەوێ‌ڕا، کە نزیک کاتژمێر دوو زانراوە ئەم کەسە کۆچی دوایی کردووە، ئەوە خەڵک هەر لە هات‌وچۆدایە؛ کاک موحەممەد ئەحمەدیان کوتی ئەمە دەرفەتێکی تایبەتە و لەکوێی دی ئەم خەڵکەت بۆ کۆ دەبێتەوە تا بتوانی بیروڕای خۆتی پێ ڕابگەیەنی. لێکدا لێکدا مامۆستا لە پێوەندی دابوو کە کەی جەنازە لە نەخۆشخانە دەگاتەوە برایماباد. دوایی هەندێ قسە لە شێوازی مەلایەتی هاتە گۆڕێ و دوکتۆر ئەحمەد کوتی: بەڕاستی من ڕەخنەم لە مامۆستاکان هەیە کە «مەلای ساڵی ساڵانی کوردەواری» نین، وتار و لێدوانیان گەلێ لاوازە، خۆی بۆ ئامادە ناکەن، لە ڕووی ڕواڵەت و ناوەرۆکەوە هەر دووپاتەی چەندین ساڵ لەمەوبەرە! موتاڵا ناکەن، نانووسن، دەست بۆ قەڵەم نابەن، تەنیا چەند مامۆستایەکی دەگمەن نەبێ. چەند بیرەوەریی لە حاجی مامۆستای باوکی گێڕاوە کە زۆر هەبووە چەندجار بەبۆنەی وتاردانەکەی خۆی، کە زەبتی‌کردبوو، گوێی هەڵخستووە و جا دوایە وتاری داوە، کە نیشانەی گرینگی‌دان بە بەردەنگ و گوێگر و هەروەها گرینگی‌دان بە بەرپرسیاریەتیی ئایینی و کۆمەڵایەتییە. مامۆستای ئێستا خاوەن هەڵوێست نین، کڕ و کپن، دوایەش کوتی: ئەمەی کە دەیڵێم لە ڕووی ئەوپەڕی دڵسۆزێ‌وەیە.

کوتم: دوکتۆر ئەگەر مەلاکانی هی ساڵی ساڵان بوون، خەڵکەکەش هی ساڵی ساڵان بوون.

مامۆستا کەریم کوتی: دوکتۆر لەگەڵ بەشێک لە ڕەخنەکانت دام، بەڵام باش وایە شتەکان وەک خۆیان هەڵبسەنگێنین. بەڕاستی دەبێ ئێمە بزانین لە چ کەش و هەوایەک ژیان تێپەڕدەکەین. فەقێ نەماوە، بەشی زۆری مامۆستایان لەبەر بێ‌نازی مزگەوتەکانیان جێ هێشتووە و ئەرکی مەلایەتییان وەلاناوە. ئەم کەش و هەوایەی وا لە سەقز و مەریوان بۆ مامۆستایان هەیە، لە مەهاباد نییە. ئەرێ بەڕاستی پێت وانییە ئەم ڕەخنەیە لەسەر موعەللیمەکانیش هەبێ، پێت وایە وەک پێویست ئەرکی خۆیان وەک خۆی ڕادەپەڕێنن؟ مامۆستایانی قوتابخانە دەیانتوانی ڕۆڵی بەرچاوترتان هەبایە. د. ئەحمەدیان کوتی: وڵا من خۆم زۆرم ڕەخنە لەسەرە مامۆستای قوتابخانەکان هەیە بەگشتی و هی ناوچەی خۆشمان بەتایبەتی؛  بەڕاستی لەڕادەبەدەر لاواز و نابەرپرسیارن و لە بابەت خوێندنەوەی کتێب و موتاڵا و نووسینیش هەر باسی مەکە چەندە لەپاشن و چەندە کەمتەرخەمن!

بۆ ئەوەی لەم کەش و هەوایە بێینە دەرێ کوتم: مامۆستا کەریم ئێرە ماڵی تورکی لێیە؟ کوتی تەنیا موحەڕڕەم، کە باغەوانی نووسەر و وەرگێڕی ناودار کاک ئەحمەد قازی‌ بوو، لێرەیە کە تورک بێ.

د. ئەحمەد پرسی مامۆستا لای کێ مۆڵەتی مەلایەتیت وەرگرتووە؟ فەرمووی لای حاجی مامۆستا مەلا عەلی خالیدی، وتارخوێنی مزگەوتی شەهرەکی مەهاباد، هەر چەند خوێندنەکەم لای مامۆستا مەلا کەریم ئازەریوونی پیرانشار تەواو بووە، بەڵام لەبەر خاکەڕایی فەرمووی من خۆم لەو ئاستەدانابینم مۆڵەتی فەقێیان بدەم؛ وابوو ڕێ‌وڕەسمەکە لە دێبۆکر، لە لایەن مۆڵەت‌دەر مامۆستا خالیدی بەڕێوە چوو.

کاک ئەحمەد کوتی مامۆستا بەڕاستی لە لێدوانی بەڕێزتان خۆشیم هات و من کەسێکی قسەلەڕوو و بێ‌پێچ‌وپەنام.

دوای نان و چا، کوتمان مامۆستا با موزاحیمی جەنابت نەبین و ڕەنگە خەڵک لە مزگەوت چاوڕێی بەڕێزتان بن. کوتی دەبێ بڵێنیم پێبدەن کە جارێ‌تر میوانم بنەوە. مامۆستا زۆر خۆشحاڵ بوو بە هاتنی ئەم میوانانە، بەتایبەتی کە بۆنی حاجی مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان‌یان پێوە دیار بوو. مامۆستا کوتی دوکتۆر ئەحمەد من لەمێژە لەگەڵ نووسراوەکانتان ئاشنام.

دوای کێشانی چەند وێنەی یادگاری بەرەو گوێگجەلی ماڵاوایمان لە مامۆستا مەلا کەریم تاران کرد کە لە دایک‌بووی ئاوایی دێبوکرە لە ساڵی 1359‌دا. دیارە لەگەڵ د. موحەممەد فڕووهەندە بە ناسیاو دەرکەوتن. هاتینە سەر جاددەی، خەڵکێکی لەڕادەبەدەر و چاوەڕواننەکراوە بە ماشێنان لە میاندواوڕا دەهاتنەوە؛ دەتوانم بڵێم نزیکەی دە خولەکی کێشا تا توانیمان لە پردی ئەو دێیە بپەڕێینەوە کە ئەم خەڵکە هەموو بە ماشێنی چاک و هەندێکیان بە شاسی بڵیند، لەگەڵ تەرمی کۆچ کردوو بوون؛ کە ئەمە هێمای دەوڵەمەندیی ناوچە و خوێنگەرمی و گرینگی‌دان بە ئەرکی دراوسیایەتییە؛ مامۆستا مەلا کەریم کوتی بۆ فەقیر دەوڵەمەند وانە.

کەوتینە ڕێ بەرەو گوێگجەلی و بە بن بەنداوای نەورووزلوودا ڕۆیشتین. ئەم بەنداوە ساڵی 1346ی هەتاوی لە لایان شەریکەیەکی ئوتریشی لە سەر چۆمی جەغەتوو ساز کراوە، کە 85 هەزار هێکتار زەویی ناوچەی میاندواو ئاودێر دەکات. کەوتینە ڕێ و ئاوەژووی ڕووکاری "موشیراباد" بووین و قەڵا و ئاوایی «گوێگجەلی»مان لێ وەدیار کەوت. ئەی خودایە لەو دوورەدیمەنە و لەم دارستان و جەنگەڵستانەی. لە هەموو جێ وڵات زەرد هەڵگەڕاوە، بەڵام لێرە دەڵێی نێوەڕاست مانگی بەهارە! کاک موحەممەد ئەحمەدیان و دۆستان کوتیان یەکەم کەڕەتە چاومان بەم ناوچە بژوێنە دەکەوێ، دیارە لە خۆڕا نییە «سەیفوولقوزات» ئەم دەڤەر و ناوچەیەی بۆ نشیمەن و باغداری و جووتیاری و بۆ ژیان و بۆ شێعرهۆنینەوە هەڵبژاردووە. لە ئاوایی موشیراباد تێپەڕین و لە سێ‌ڕای «ئوزن قشڵاق» بەرەو گوێگجەلی بامانداوە. گەیشتینە ناودێ، مزگەوتێکی گەلێ گەورە و دوو نهۆم، کە کەمێکی مابوو کۆتایی بە سازکردنەی بێ، سەرنجی ئێمەی بۆ لای خۆ ڕاکێشا؛ بەڵام دیار کاری ژوڕێی مابوو.

بۆ ڕێ‌خۆشکردن و دامرکاندنی تەپ‌وتۆز، ناو دێ ئاپڕژێن دەکرا. لە کۆمەڵی ڕاوەستاو سڵاومان کرد، تێکڕا کوتیان: بەخێربێن مامۆستا گیان. کاک موحەممەد ئەحمەدیان کوتی وڵامدانەوەی سڵاوی ئێرە «گیان»یشی لەگەڵ بوو. کوتم خەڵکی دێهات و ئەم ناوچەیە لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی زۆر بە حورمەتن.

گوندی گوێگجەلی ناوچەی ئاڵەشین، هەڵکەوتوو لە باشووری میاندواوە؛ واتە: نێوان ساینقەڵا و میاندواو؛ لە قەڵای مێژوویی سەیفولقوزات، دەڕوانێتە چۆمی جەغەتوو و ڕێگای ساینقەڵا- میاندواو؛ مەودای لەگەڵ میاندواو ۲۵کیلۆمیترە.

ڕاست چووینە مزگەوت و ئاوێکمان بە دەست و چاوان داکرد و چووینە ماڵە «مامۆستا مەڵا ڕەحیم ئازەرنیا»؛ بە ڕووی خۆش و ڕامووسان یەکترمان دەباوەش کرد. کەڵەکەبوونی کتێب و بە تایبەتی فەرهەنگی عەڕەبی فارسی، کوردی و فارسی ئامادەبووانی بردە دنیای وشە و فەرهەنگەوە؛ پێموایە فەرهەنگی عەڕەبی نەماوە لە ئێران بە چاپ گەیشتبێ کە مامۆستا مەلا ڕەحیم بەرگێکی نەبێ. دوکتۆر فرووهەندە گەلێکی بەلاوە سەیر بوو. مامۆستا زۆریش کتێبەکانی خۆش دەوێ و دڵی نایە کتێبێک بە ئەمانەت بدا بەکەس و دەڵێ بۆت دەکڕم و بۆت پەیدا دەکەم بەڵام هی خۆم دڵ نایە بیدەم بە کەس. مامۆستا ئازەرنیا دوو کارناسییی‌باڵای هەیە، یەکیان لە وەرگێڕانی عەڕەبی‌دا و ئەوی تریان لەسەر ئەدەبیاتی عەڕەب، ئێستاش ئاخیر و ئۆخریی ئەو هاوینە بڕیار وایە بەرگری لە تێزی دوکتۆراکەی لە ڕشتەی زمان و ئەدەبیاتی عەڕەب بکا. لێیان پرسی مامۆستا ئازەرنیا نامیلەکەی کارناسیی‌باڵای و دوکتۆراکەت لە چ دایە؟ کوتی: «فرهنگِ واژه های سه گانه، عربی _ فارسی. بر اساس مثلثات فیروزآبادی و قطرب»؛ وەک «زجاج»، بە سەر(=فەتحە) و ژێر(=کەسرە) و بۆر(=زەممە)ی پیتی «ز»ێ دەخوێنرێتەوە و هەر کامەیان یەک مانای هەیە؛ پایاننامەی دوکتۆراکەم لە ژێر سەردێڕی«فرهنگ کلمات مثلث، با معنای متفاوت؛ ترجمه و تطبیق و بررسی کلمات مثلث، بر اساس مثلثات ابن مالک و بطلیوسی»دا دەنووسم؛ وەک «بر»، پیتی «ب»یەکە بە سێ جۆر دەخوێندرێتەوە و هەر یەکە مانایەکی هەیە، بە «سەر» بخوێندرێتەوە بە مانا «چاکەکار» و «دەشت»ـە؛ بە «بۆر» بخوێندرێتەوە بە مانا «گەنم»؛ بە «ژێر» بخوێندرێتەوە بە مانا «چاکەکردن». هەندێ لەبارەی مەتەڵی کوردی باسی کرد کە هاوتای عەڕەبی و فارسییەکەی دەبێتە ئەمە. پاش باسێکی چڕوپڕ لەسەر وشە، باس هاتە سەر بەرهەمەکانی حاجی مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان و مەلا ڕەحیم فەرمووی زۆرم پێخۆشە ڕۆمانی «گەلحۆ» بکەم بە عەڕەبی، بەڵام کاک موحەممەد! وشەیەکی تێدایە بە چ مانایە کە دەڵێ «لە سەر سووتوان ...؟» کاک موحەممەد ئەحمەدیان هەندێ لێدوانی لە سەر دا و، باس لە کتێبی «ئایین و کۆمەڵ»  و «خەزێنە»ی مامۆستا ئەحمەدیان کرا. کاتژمێر نزیک دەبۆوە لە دوازدە کە پێشنیارم دا و کوتم با سەرێکی قەڵا بدەین، ڕۆیشتین و چ ببینین!! نە قەڵا ماوە و نە دەروازەی دوو دەقوولبابەکەی، هەمووی بۆتە کاولەکۆن، تەنیا بە ڕووکاری ناودێدا بەرێک ماوە ئەوەی دەکەوێتە ڕووکاری چۆمی جەغەتوو، «باغی ئارەزوو» نەماوە، دوکتۆر ئەحمەدیان کوتی ئەم باغە کاتی خۆی گەلێ گرینگ بووە، 90 ساڵ لەمەوبەر لە تەورێز و تاران‌ڕا ئەندازیاری کشت‌وکاڵیان بۆ هێناوە. لە درێژەدا د. ئەحمەد کوتی دوو شاعیری کوردی ناچە زۆر دەوڵەمەند بوون، سەیفولقوزات و میسباحوددیوانی ئەدەب. کوتیشی ئێرە شوێنی لە دایک بوونی د. ڕەحیم سەیفی قازی‌یە، کە باوک و پێشەنگی ڕۆمان نووسیی کوردییە. باس لە خانمە‌خانم کرا. ئاگام لێبوو د. ئەحمەدیان لەگەڵ مامۆستا مەلا ڕەحیم باسیان لە «لۆغەت‌نامەی ئەحمەدی» دەکرد کە کاتی خۆی مامۆستا ئازەرنیا کاری لەسەر کردووە و دەیکوت حەتمەن ئەم کارە تەواو کە.

مامۆستا مەلا ڕەحیم فەرمووی دەبێ حەتمەن لە جیاتی من جومعەکەی بکەی، واتە وتار بخوێنی و پێشنوێژێ‌کەی بکەی، هەر مامۆستایەک ڕۆژانی جومعە میوانم بێ جومعەکەم پێکردووە، بۆ وێنە هەر بەم زووانە مەلا ڕەسووڵ چڕاغی میوانم بووە جومعەم پێکردووە. لە دڵی خۆم‌دا کوتم جا خودایە باسی چ بکەم، زۆر شت بەسەر زەینم دا دەهات. بەڵام هەر ساغ نەدەبوومەوە. لە بڵیندگۆی مزگەوت بە دەنگی «مەلاحوسێن قازانەسەری» سەڵا کرا کە «میعڕاج‌نامە» و «عەقیدەی شێخ سەمیع» بوو دەیخوێندنەوە. گەیشتینە حەساری مزگەوت و دەست‌نوێژمان هەڵگرت. لە مزگەوتێ لەسەر بەراتی مجێوری گوڕەگوڕ بوو. جەوانێک بوو دەیکوت بۆ فڵان ماڵەی ئەوەندەتان داناوە بۆ فڵان ئەوەندە، کابرا دەیکوت زۆرتان بۆ من داناوە، هەستا بەتووڕەیی لە مزگەوتێ وەدەکەوێ و من کاک موحەممەد پەشیمانمان کردەوە و هاتەوە مزگەوت. کوتمان چۆن ئەتۆ تەرکی مزگەوت و جومعەی دەکەی؟! کابرامان لە دەرێ گەڕاندەوە.

هیچ خۆم بۆ ئامادە نەدەبوو، کوتم جارێ با سوڕەتی کەهف بخوێنم کە ئەمڕۆ جومعەیە و سوننەتە، دەستم پێکرد و پێنج شەش خولەک بەر لە بانگێ تەواو بووم.

ئەوەی بە زەینەم داهات لە وتاری جومعە باسی لێوە بکەم ئەوە بوو کە: وشەی ئیماندار هەڵگڕی هەندێ تایبەتمەندییە کە دەبێ ئێمەی بڕوادار خۆمانی پێ‌بڕازێنینەوە. دوایەش ئاماژەم بەوەی کرد کە دەبێ ڕێزی یەکتر بگرین و چاوپۆشی لێکتر بکەین، پیرەکان وەک باب و هاوتەمەنان وەک برا و لاوەکان وەک منداڵی خۆمان ئەژمەردە بکەین، ئاماژەم بە زانایی و توانایی مامۆستا کرد و پیرۆزبایی مزگەوتی نوێم لێکردن. دوای جومعە پیاوێک هاتەلامان، بە ناوی کاک ئەبووبەکر خزرزادە، و کوتی خەڵکی «ئاغجەیوان»م و ئێستا دانیشتووی ناچیتم، پیاوێکی زیت و هۆشیارم هاتە بەرچاو و لەگەڵ کاک موحەممەد ئەحمەدیان بە ناسیاو دەرچوو کە مامی کاک موحەممەد مزگەوتی ئەم دێیەی ساز کردووە، کابرا ئەگەر ئەوەی زانی کاک موحەممەدی ماچ کرد و تاریفی حاجی وەستا عەلی مامی کاک محەممەدی کرد.

دوای نوێژی هەینی هاتینەوە و دوای نەهارخواردن جارێ‌تر لە لایان مامۆستا مەلا ڕەحیم باس لەسەر بەرهەمەکانی حاجی مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان هاتە گۆڕێ، وەک «سیمای صادق فاروق اعظم» و «ئایین و کۆمەڵ»؛ مەلا ڕەحیم کوتی من بۆ وتاری هەینی گەلێ جار کتێبی «ئایین و کۆمەڵ» بۆ خەڵکی دەخوێنمەوە، بەڕاستی عەجیبە ئەوەی کە حاجی مامۆستا ئەم هەمووە زانستەی لە بواری بیرکاری و فیزیک و شیمی و زیندەوەرناسی و ئەمانەوە هەبووە! هەر وەها لە کتێبی «سیمای صادق‌ فاروق اعظم»دا لەڕادەبەدەر ئاگادار و شارەزایە بەسەر ئەم هەموو سەرچاوانەدا. کاک موحەممەد کوتی کاتێ باوکم هاتە مەهاباد لەگەڵ من دیپڵۆمی وەرگرت و من لە قوتابخانە و بەڕێزیان موتەفەرریقە دەیانخوێند.

باس لەبەرهەمەکانی مامۆستا هەژار و بەتایبەتی چێشتی مجێور کرا و لە درێژەدا باس لەوە کرا کە شێرکۆ کوڕی مامۆستا هەژار زۆر خراپ لە کتێبی «هەژاری مرۆڤ و دەوروبەری» ڕەخنە لە بابی دەگرێ و دەڵێ بابم ڕەخنەی لە خەڵکی گرتووە لە چێشتی مجێوردا و منیش ڕەخنەم لە بابم گرتووە لەم کتێبەم‌دا. کاک موحەممەد کوتی من لە وتارێکدا لەژێر ناوی«هەژار، هەر هەژارە» وڵامی شێرکۆم داوەتەوە، کە لە «گۆڤاری مەهاباد»دا چاپ کرا کە یەکێ لە ڕەخنەکانی شێرکۆ ئەوەیە دەڵێ بابم قەت نەسیحەتی نەکردووم، منیش کوتوومە ئەی ئەم هۆنراوەیە چییە کە لە کۆتایی لاپەڕەکانی  وەرگێڕانی مەم‌وزین‌دا هەیە کە مامۆستا هەژار دەڵێ:

 

شێرکۆ کوڕی خۆشەویست و ژیرم

زاخاوی مژیم و هۆش و بیرم

پنج و ڕەگەزی دڵ و گیانم

خونچەی شەبەقی باخەکەی ژیانم

هێشتا بەتەمەن مناڵ و کاڵی

وەک دەربەدەریم دوازدە ساڵی

هەرچەندە کوڕی منی هەژاری

دوا ڕۆژی هەژارە نادیاری

لێم ڕوون نییە پاشی چت بەسەر دێ

هیوام گەلێ پێتە ببیە مەردێ

مەردێکی بەکار و چاپک و زیت

بیرێ بکەی و بزانی تۆ چیت؟

دەردی گەلەکەت بزانی چۆنە

بۆت دەرکەوێ چەند برینی کۆنە

 

باس لە هۆکاری نووسینی دوو بەرهەمی زانستگایی حاجی مامۆستا ئەحمەدیان کرا، کاک  ئەحمەد فەرمووی کاتێ باوکم لە زانستگای مەهاباد پێی دەسپێرن زانستی فەرموودە‌ناسی و قوڕئان‌ناسی بڵێتەوە، چاوی لێکرد ئەم کتێبانەی دیاری کراون، لاواز و ناڕوونن و بەدڵەوە ناچەسپن، هەر ئەمە دەبێتە هۆکاری نووسینی فەرموودە‌ناسی و قوڕئان‌ناسی(حدیث‌شناسی و قرآن‌شناسی) کە دوایە زانستگای ئیلاهییاتی تاران وەک کتێبی دەرسی داینا، مامۆستا ڕەحیم کوتی من هەموو جەدوەلەکەی کتێبی فەرموودە‌ناسیی مامۆستا ئەحمەدیانم بۆ ئەزموونی زانستگای تاران لەبەر کرد.

من ئەم جارەش باسی شەڕی یەکەمی جیهانیم هێنایە گۆڕێ، کە ئەمڕۆژانە کتێبی «ئەویندارانی بێ‌سەرەنجام» دەخوێنمەوە کە ئەم کتێبە زۆر پتر لە ڕاستەقینەی ڕووداوەکە، دەسەڵاتی عوسمانی تاوان‌بار دەکا و بەم بۆنەوە و بە جۆرێکی ناپوختەگی، بەداخەوە پاساو بۆ کوشتاری ڕووس لە سابڵاغێ دێنێتەوە!! دەی ئەگەر وایە دەبێ بۆ کیمیابارانی هەڵەبجە بە دەست سەددامیش، پاساو بێهێندرێتەوە کە لە ماوەی پێنج خولەک پێنج‌هەزارکەسی شەهید کرد، کە ئەویش بە بەهانەی ئەوەی یەکێتیی نیشتمانی، نەیاری سەددامی بردنە هەڵەبجە، سەددام هەڵەبجەی بۆمباران‌کرد! ڕووم لە کاک موحەممەد کرد و کوتم:  کاک موحەممەدی ئەحمەدیانی بەڕێز! بۆ کتێبێک یان لانی‌کەم وتارێکی چڕوپڕ نانووسن لەم بابەتەوە؟ فەرمووی: با، کاتی خۆی وتارێکی بەڵگەمەند و چڕوپڕم نووسیوە و لە «گۆڤاری مەهاباد» و لە کتێبی «کارەساتێکی مێژوویی‌»دا بڵاو بووەتەوە. کاک موحەممەد کوتی: ئەتۆ دەزانی لە بابەت ئەنفالیش کە دوای شەڕی ئێران و عێڕاق بووە، د. ڕەفیق سابیر لە کتێبی ژیاننامەی خۆی‌دا، لەژێر ناوێ «لە ستایشی ژیاندا» دەڵێ پارتی نەیاری سەددامی بردە دیوی عێڕاق بۆیە سەددام ئەو کارەساتەی خوڵقاند! ئەگەر ئاوای هەڵبسەنگێنین دەبێ کوشتاری خەڵکی بێ‌تاوانی غەززەش لە لایان ڕژیمی داگیرکەری ئیسڕائیل پاساوی بۆ بێنینەوە!

د. ئەحمەدیان کوتی: مامۆستا ئەم سەفەرنامەیە بنووسەوە. کوتم: گەر کاک موحەممەدئەحمەدیان بینوسێتەوە زۆر چڕ و پڕ و بە کەڵکی دەنووسێتەوە. کاک موحەممەد ئەحمەدیان کوتی: کاری دیکەم بە دەستەوەیە، ئەویش لێکۆڵینەوە لەسەر کەسایەتی «وەفایی»ـیە کە شوێنی لە دایک‌بوونی نزیکی خانووی ئێستای مەلای مزگەوتی قیبلەیە. بەڵام سەیرە وەفایی لە توحفەتوولموریدین‌دا کە لەبارەی کەسایەتیی شێخ عەوبەیدووڵڵای نووسیوە، بەڵام ئاماژەی بە شەڕەکانی شێخ‌عوبەیدووڵڵا نەکردووە؛ گەلێک بەلامەوە سەیرە!

ئەوجار باسی مەلەکردن هاتە گۆڕێ و بە کێشانی هەندێ وێنەی یادگاری بەرەو سەر چۆمی جەغەتووی پشت گردی مێژوویی و «قەڵای سەیف» و «باغی ئارەزوو»جاری جاران ڕۆیشتین.

بە بن قەڵادا داگەڕاینە خوارێ بۆ سەر چۆمی جەغەتوو. خەڵکێکی یەکجار زۆر لە لاو و پیر، بە تاک و بە کۆ و بە بنەماڵەوە، لە کورد و تورک لە لێواری ئەم چۆمە تاوڵیان هەڵدابوو، یا خەریکی حەسانەوە بوون. ڕادەیەکی زۆریش لە لاوان بە شیرجە خۆیان داویشتە ناو چۆمەکە.

ڕووباری جەغەتوو (بە فارسی: «زرّینه‌رود») لە کوێستانەکانی زاگڕۆس، نێوان سەقز و بانە و دیواندەرە سەرچاوە دەگرێ. دواتر ئەم چۆمە دەڕژێتە ناو بەنداوی لەگز، یان بەنداوای شەهید کازمی. درێژایی دەگاتە 302 کیلۆمیتر و پاشان جەغەتوو لەسەر ڕێگەی خۆی لە میاندواو تێپەڕ دەبێ و دەڕژێتە ناو گۆلی ورمێ. جێی ئاماژەیە بەشێکی زۆری ئاوی خواردەمەنی تەورێز لەم ڕووبار و چۆمەی جەغەتوو دابین دەبێ، کە ئەگەر ئاوا ویشکەساڵی بێ، گرفتێکی گەورە دەبێ بۆ کوردستان و بۆ ناوچە و بۆ بۆکان.

لە مامۆستا مەلا ڕەحیم ئازەرنیا پرسیارکرا کەی لە دایک بووی و لای کێ مۆڵەتی مەلایەتیتان وەرگرتووە؟ فەرمووی: لە دایک بووی ساڵی 1352ی هەتاوی‌‌ـم و ساڵی 1372 لای حاجی مامۆستا مەلا سەیید موحەممەد واژی بابی ئەم مامۆستا سەیید موحەممەدئەمین واژی‌یە ئیزن و مۆڵەتی مەلایەتیم وەرگرت و لە  12 گەلاوێژی ساڵی1377ی‌ڕا تا ئێستا لێرە پێشنوێژ و مەلامە؛ داوای لەش ساغی بۆ کرا.

ئێمەش ویڕای قسە کردن و چاولێکردن لەم دیمەنە، من و کاک موحەممەد ئەحمەدیان خۆمان تێهاویشت و مەلەیەکی چێژبەخش و گەلێک خۆشمان کرد. مامۆستا ڕەحیم و موحەممەدی کوڕی بە قومقومە لەوسەری‌ڕا  چوون بۆ ئەم سەری گۆم. لە هەندێ جێگایان لاوەکان قڕنەگۆمەیان دەکرد. دەیانکوت ئەوسەرە زۆر قووڵە و حەوتووی پێشوو لاوێکی تورکی لێ خنکاوە؛ ئەم بەری چۆم کوردە و ئەوبەری تورکە، کە جاددەی ساینقەڵا بە لێواری‌دا تێپەڕ دەبێ بۆ میاندوا و ساینقەڵا.

کوتم کاک موحەممەد فرووهەندە بۆ نایەی بۆ مەلە؟ کوتی ئامادەگیم نییە، دەنا لە بەنداوی مەهاباد، لە لای قازی‌ئاوایە، کە ماڵمان لەوێ بووە پەڕیومەتەوە؛ هەر بە پێکەنین و قسەی خۆش کوتم د. ئەحمەدیان سەرنجم داوەتێ ئەوەندەی جەنابت بە شێوازی زارەکی ڕەخنەت هەیە و ڕەخنەگری، لە نووسینەکانت‌دا بەو خەستی و چڕوپڕییە ئەمە نابینم و نووسینەکانت زۆر بەپێزن، بە تایبەتی لەسەر کەسایەتییە ئایینی‌یەکان و ناساندنی مامۆستایان دەورێکی زۆر باشتان هەبووە.

دوای هەندێ مەلەکردن و کێشانی چەند وێنە لە ڕووکاری ئەم دیوەی قەڵا لە گوێگجەلی بەرەو میاندواو ماڵئاوایمان کرد؛ دیارە بۆ شەو میوانی مامۆستا مەلا موحەممەد قادری وتارخوێن و پێشنوێژی ئاوایی کۆخان بووین.

خواحافیزیمان کرد و بەرەو میاندواو کەوتینەڕێ. لە ڕێیە هەر سێ سەروەر، تاریفیان لە زانایی و خاکەڕایی و شارەزایی مامۆستا ڕەحیم، بەسەر وشە و فەرهەنگەکانی وشەدا کرد.

هاتینە میاندواو و بڕیار بوو بە کەمەربەندیی شوڕادا بڕۆین کە ئێستا کراوەتە عاشووڕا، بەڵام کاک موحەممەد ئەحمەدیان کوتی پێمخۆشە بچینەوە ناو شار و بۆ من بیرەوەری‌یە، چووینە ناو شار و لەبەر ئەوە هەینی بوو دوکان و بازاڕ داخرابوو. دەورێکمان لێدا و یادێکمان لە خوالێخۆشبوو حاجی مامۆستا مەلا موحەمەد موحەممەدی کرد(ئیمام جومعەی مزگەوتی ئەهلی سووننەتی میاندواو و کەسایەتیی ناسراو و بەناوبانگی ناوچەی ئاڵەشین و چۆمی مەجیدخان و شامات)؛ هەروەها باسمان لەوە کرد کە مزگەوتی ئیمام شافعی میاندواو دوای ئەو مامۆستایە بێ‌ناز و بێکەس ماوەتەوە. د. موحەممەد فرووهەندە هەندێ بیرەوەری لەسەفەری ماوەیەک لەمەوپێشی خۆی و د. ئەحمەدیان بۆ بۆکان لەگەڵ کاک قاسم موئەییدزادە(مامۆستا هەڵۆ)ی بۆ گێڕاینەوە، هەروەها باسی لە هۆنراوەکان و لە قسە و جەفەنگەکانی مامۆستا هەڵۆ کرد کە لەو سەفەرەدا بۆی گێڕاونەتەوە و بۆی خوێندوونەتەوە. گەیشتینە پۆلیسی ڕێگاوبان و پردی لەمێژینەی میرزا ڕەسووڵ.

پردی میرزا ڕەسووڵ دەست‌کردی سەردەمی قاجارە و بۆ پێوەندیی نێوان مەهاباد و میاندواو ساز کراوە؛ ئەم پردە 52 گەزە و 7 زارکی هەیە کە دوویان لەناو چوون، بەڵام ئەمڕۆ دیتم بە خشت و ئاسن دەیانهەوێ ئەم دوو زارکە نوێژەن کەنەوە. میرزا ڕەسووڵ خەڵکی مەهاباد بووە و وەک دەڵێن برازای حاجی ئەحمەد، بنیات‌نەری مزگەوتی حاجی ئەحمەد، بووە. ئەم میرزا ڕەسووڵە حەمامێکی لە مەهاباد هەر بەم ناوە دروست‌کردووە کە ئێستا بۆتە مووزەی شاری مەهاباد.

بامانداوە بە سەر ڕووباری تەتەهوودا کە یەک دڵۆپیشی ئاو پێدانایە و بەرەو کۆخان ڕۆیشتین.

ڕووباری تەتەھوو (بە فارسی: «سیمینه‌رود») لە چیاکانی زاگڕۆس لە باکووری سەقز سەرچاوە دەگرێت و بە ناو بۆکاندا تێدەپەڕێت؛ بە قەراغ میاندواودا دەڕوات و لە کۆتایی‌دا دەڕژێتە ناو گۆلی ورمێ. ناوی تەتەھوو لە سەردەمی دەسەڵاتداریی مەغوولەکاندا بەسەر ئەم ڕووبارە دابڕاوە. درێژایی تەتەھوو 200 کیلۆمیترە.

درێژەمان بە ڕێگەدا و چووینە کۆخان.

کۆخان، هەڵکەوتوو لە باکوور و چوار کیلۆمیتریی شاری میاندواوە، دەتوانم بڵێم نزیک‌ترین ئاوایی کوردە لە «میاندواو»؛ لەسەر لێواری چۆمی تەتەهوو هەڵکەوتووە، لای ڕۆژهەڵاتی دەبێتە گوندی «قەباغکەندی»، باکووری دەبێتە ئاواییەکانی «سەوزی» و «دێ‌مەلا»؛ لای ڕۆژاوای جاددەی نێوان مەهاباد-میاندواوە. کۆخان دوسەدوپەنجا ماڵ دەبێ کە شەش ماڵیان لە برایانی ئازەرین.

چووینە کۆخان؛ دەقولبابی ماڵی مامۆستا مەلا موحەممەد قادری‌‌مان کرد، دەروازەی بۆ کردینەوە و ماشێنمان لە حەسارێ ڕاگرت. بە باوەشی ئاوەڵاوە بەخێراتنی کردین. لە حەسارێکی خۆش و فێنک بەڕە و مافوورە و باڵنج ڕاخرابوون و داندرابوون. زۆری نەمابوو بۆ نوێژی شێوان و بە کچەکان و منداڵەکانی دەکوت: ڕۆڵە ئەوە د. ئەحمەد ئەحمەدیان‌ـە کە زۆر جار لە «بەرنامەی گولستان»ـی تلەویزیۆنی مەهاباد، سەیری بەرنامەکەتان دەکرد و گوێتان بۆ بەرنامەکەی هەڵدەخست، کە بەم جەمەدانە و جل‌وبەرگەوە وەک یەکێ لە خزمەکانمان دەچوو. بنەماڵە و کچەکانی بەخێراتنیان کردین. تا چایەکمان خواردەوە بانگی شێوانی فەرموو، چووینە مزگەوتێ، لە ڕادەبەدەر خۆش بوو؛ حەسار و هەیوان و دارستان و بێستان و میوەی ئەو حەسارە گەورە و هەراوەی مزگەوت، ئەوەندەی تر ڕەنگ‌وبۆنێکی جیاوازی بەم ئاواییە و بەو مزگەوتە بەخشیبوو. چووینە ژووری مزگەوت، خەڵکێکی زۆری لێ بوو، بەگەرمی بەخێراتنیان کردین. مامۆستا مەلا موحەممەد بە زۆری منی وەک پێشنوێژ وەپێشدا. دوای جەماعەت و تەسبیحات، مامۆستا مەلا موحەممەد ڕووی لە خەڵکەکە کرد و فەرمووی ئەمانە یادگار و کوڕانی حاجی مامۆستا مەلا عەبدووڵڵا ئەحمەدیان‌ـن، خودا دەرەجاتی عالی کا کە گەلێ جار موناجاتی ئەو مامۆستا پایەبەرزەتان بۆ دەخوێنمەوە؛ خەڵکەکە کوتیان: بەڵێ مامۆستا ئەحمەدیان بۆ ئێمە ناسراوە. مامۆستا زۆری تاریفی حاجی مامۆستا ئەحمەدیان کرد و منیش کوتم دوو کەڕەت لەم مزگەوتە دوای وتاری هەینی فاتیحام داداوە، یەکیان ئەگەر ئەم جەماعەتەی هاوڕێی مامۆستایانی سەردەشت وەک مامۆستا مەلا شێخ ڕەئووف و مامۆستا مەلا نەجمەدین شەریعەت‌پەنا بە ڕووداوی هاتوچۆ تەسادوفیان کرد و یەکیشیان ئەوجارە کە حاجی مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان کۆچی دوایی کرد. کاتێک سەرلەنوێ مامۆستا محەممەد قادری تاریفی لە مامۆستا ئەحمەدیان کرد، بۆ ماوەی چەند چرکە بێدەنگێکی عەجیب بەسەر مزگەوت‌دا زاڵ بوو و غوربەتیمان بۆ لە دەست‌چوونی ئەم بلیمەتە هەستا و تەنانەت ئاگام لێبوو د. ئەحمەدیان فرمێسکی لە چاوانی دەباری؛ یاڕەببی خوایە جێی ئەم زانا گەورەیەمان بۆ پڕکەیەوە، بەڕاستی دوای حاجی مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان، کەلێنێکی گەورە کەوتە کوردستان و بە تایبەت موکریان. لەگەڵ کۆمەڵێ ڕیش‌سپی و لاوەکان وێنەیەکی یادگاریمان کێشا. زۆریان تاریف لە مامۆستای ماندوویی‌نەناسی ئاوەدانی و حافیزی بەشێکی زۆر لە قوڕئان، مامۆستا مەلا موحەممەد کرد. خواحافیزیمان لێکردن و چووینەوە ماڵە مامۆستای؛ سفرە و خوان دانرابوو. لەو کاتەدا باسم لەوەی کرد کە یەکەم وتارم سەبارەت بە حاجی مامۆستا ئەحمەدیان نووسی، ئەویش دوای ئەوەی مامۆستا مەلا عەبدولقادر ڕەحمەتی، مامۆستای گوندی خانەگیی مەهاباد هەواڵی دڵتەزێنی کۆچی دوایی مامۆستا ئەحمەدیان‌‌ـی دامێ؛ بەڵێ هەر ئەو کات بۆ یەکەم جار دەستم بۆ قەڵەم برد و وتارێکم سەبارەت بە کۆچی عەللامە مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان نووسی، بە ناوی «سەربازی ون»، کە لە «حەوتەنامەی سیروان»دا چاپ کرا، لە جۆزەردانی 1383ی هەتاوی؛ لە کاتی نەخۆشییەکەی‌دا زۆرم پێخۆشبوو بە خزمەتی بگەم، جارێکیان مامۆستا مەلا موحەممەد عەبباسی مەلای مزگەوتی شاریکەندی فەرمووی لەباری بارودۆخی تەندروستییەوە، لەڕادەبەدەر ناسازە و بۆ چاو پێکەوتن نابێ. بەداخەوە ئەم وتارەم لێ ون بوو و نەمماوە؛ دوو وتاری خۆم زۆر پێخۆش بوون کە هەر دووکم لە کۆخان ـ کاتێ لێرە مەلا بووم ـ نوسیبوو، یەکیان «سەربازی ون» کە باسم کرد، ئەوەی تر «ناڵەی شاماتی‌یەک». د. ئەحمەدیان کوتی: ئێمە وتاری «سەربازی ون‌»مان هەیە و نیگەران مەبە. کاک موحەممەد ئەحمەدیان فەرمووی: دوکتۆر عومەر عەبدولعەزێز، نووسەر و لێکۆڵەر و ئەندامی باڵای یەکگرتووی ئیسلامی لەم دیو، ئەویش جارێکیان هەر لەو کات و ساتەی کە مامۆستا مەلا محەممەد ئەمین واژی ئاماژەی پێکرد لە باشوورڕا بۆ دیتنی مامۆستا ئەحمەدیان تەشریفی هاتبووە مەهاباد، کە بەداخەوە بە هۆی باردۆخی نەخۆشیی و ناسازیی مامۆستا ئەحمەدیان، نەیتوانی چاوی پێی بکەوێ.

د. ئەحمەدیان لە مامۆستا مەلا موحەممەدی پرسی: مامۆستا لە دایکبووی چ ساڵێکی و لای کێ مۆڵەتی مەلایەتیت وەرگرتووە؟ مامۆستا فەرمووی: لە دایکبووی ساڵی 1354ی هەتاویم و لای حاجی مامۆستا مەلا عەبدووڕەحمان ناسری و لە بۆکان، کە دیارە مامۆستا ناسری دەبێتە خاڵی بەڕێزتان، مۆڵەتی مەلایەتیم وەرگرتووە. دوو مۆڵەت‌نامەم هەیە، ئەوی تر هی مامۆستا مەلا موحەممەد سەباتی‌یە.

ئەو مامۆستایانەی ئەمڕۆ و لەو گەشت و دیدار و سەفەرەدا بە خزمەتیان گەیشتین تێکڕا و بە تایبەتی، هۆگری‌یەکی زۆریان بە مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان و ئاسەوار و بەرهەم و بیروئەندێشەی ئەوەوە هەبوو و هەر یەکە چەند بیرەوەرییان لە خودی مامۆستا و چەند بیرەوەرییان لە کتێبەکانی گێڕایەوە. مامۆستا قادری فەرمووی من کە علوومولقوڕئانەکەی مامۆستا ئەحمەدیان‌‌ـم دەخوێندەوە، دیتم حاجی مامۆستا بیروڕایەکی جیاوازی هەیە لەسەر «حوڕووفی موقەتتعە»، کە دەفەرموێ: ئەم پیتانە کە کوتوویانە 14 پیتن، لە ڕاستیدا بەبێ‌نوقتە 14پیتن؛ بەڵام چون لەسەرەتادا پیتەکان نوقتەیان نەبوو و بۆیان دانەندراوە و بۆ وێنە سێ پیتی: «ب» و «ت» و «ث»، هەرسێکیان تاقە یەک شکڵی هەبووە و ئەویش بەبێ‌نوقتە، وایان زانیوە کە تەنیا لەخۆگر و داگری نیوەی پیتەکانی عەڕەبین نەک هەموویان ؛ بەڵام هەروەک ئاماژەی پێکرا ئەم 14شکڵە، بەهۆی نەنووسینی نوقتە لەو کاتەدا، داگر و لەخۆگری تێکڕای 28 پیتەکانن، کە پیتە عەڕبییەکانیش تێکڕا 28 پیتن؛ جا مامۆستا ئەحمەدیان لە شوێنێکی‌تردا دەفەرموێ: «حامیم» هەشت کەڕەت هاتووە لە قوڕئاندا؛ بەڵام هەرچەندی چاوم لێدەکرد هەر حەوت دانە بوو!، بۆ دەبێ  وابێ؟ مامۆستا زۆر وردبینە و دوایە دیتم بەڵێ «حامیم عین‌سین‌قاف»یش یەکێک لەوانە. لەسەر نان و چا بووین کە پێوەندییان بە مامۆستاوە دەگرت کە ئەوە جەنازە دە ڕێیەدایە و دەگەڕێتەوە، ئافرەتێک کۆچی دوایی کرد بوو. کوتمان زۆر سەیر بوو، ئەمڕۆکە لە بڕایمادیش وابوو و لەوێش کەسێک کۆچی‌دوایی کردبوو و مامۆستای ئەوێش هەرئاوا سەرقاڵی کاروباری ناشتن و سەرەخۆشیی بوو. مامۆستا بە پەلە نانەکەی خوارد و تکای لێکردین نەڕۆینەوە، ڕەنگە بەخاکسپاردنەکەی یەک کاتژمێرم پێ بچێ.

د. ئەحمەدیان فەرمووی: باوکم چەندین کتێبی تری هەیە کە ئێستا چاپ نەبوون، کە سەرقاڵی پیت‌چنین و هەڵەچنی و پێداچوونەوەیانین  یەکیان بە ناوی «بەربەیان» کە تەنزی کۆمەڵایەتییە؛ ئەوی تریان «تەفسیری سەردەمیانەی سووڕەی بەقەرە»یە بە زمانێکی ڕەسەن و پاراو و داهێنەرانەی کوردی؛ یەکی‌تریان «گەنجینە»یە، کە هەر وەک «خەزێنە»، کۆمەڵەوتاری ئەدەبی و کۆمەڵایەتی و مێژووییە و چەند کتێبی تریش.

مامۆستا مەلا موحەممەد دوای نزیک کاتژمێر و نیوێک هاتەوە و هەندێک باس لە بارودۆخی و بژیوی مامۆستایان کرا و بە کێشانی چەند وێنەی یادگاری ئەو گەشت و دیدار و سەفەرە و ئەو دوایین کۆڕەمان، کۆتایی پێهات و دیسان مامۆستا مەلا موحەممەد قادری داکۆکی کرد کە دەبێ جارێ‌تر تەشریف بێننەوە.

خوا حافیزیمان کرد و کەوتینە سەر جاددە بەرەو مەهاباد و ئەم سێ بەڕێزانە ئەم گەشت و سەفەر و دیدارەیان بەرز نرخاند و ماڵئاوەدانیان بە من کوت. نزیک کاتژمێر یەک‌ و نیوی نیوەشەو گەیشتینەوە مەهاباد.

ئیتر هەموو لایەکتان بە خوای کاربەجێ و کارساز دەسپێرم.

هەینی:

24ـ 5 ـ 1404ی هەتاوی

15ی ئووتی 2025ی زایینی

21ی سەفەری 1447ی کۆچی مانگی

24ی گەلاوێژی 2725ی کوردی