دامەزراندنی لقی زمان و وێژەی کوردی لە زانستگای ئیلام، دەکرێ تەنیا زیادکردنی لقێکی نوێ لە پێڕستی لقەکانی زانستگا نەبێ؛ بەڵکوو هەنگاوێکی گرنگ بێ بۆ پەرەپێدانی خوێندنی زانستی، پاراستنی میراتی زمانی و وێژەیی و بەهێزکردنی پەیوەندییی نێوان زانستگا و کۆمەڵگەی کوردی. ئەم هەنگاوە لە بواری ڕۆشنبیری و کەلتوورییەوە، دەتوانێ دەسپێکی قۆناغێکی نوێ بێ بۆ خوێندنەوەی زمان و وێژەی کوردی بە شێوەیەکی زانستی و ئەکادیمی.
بەپێی هەواڵی فەرمی، زانستگای ئیلام لە ساڵی خوێندنی نوێدا دەست بە وەرگرتنی خوێندکار لەم لقەدا دەکات. دامەزراندنی ئەم لقە لە زانستگایەکی دەوڵەتیی باژێڕێکی ڕۆژهەڵات، لە ڕاستیدا وەڵامدانەوەیە بە مافێکی وەدواکەوتووی گەلێک سەرەتایی و بنەڕەتی کە بریتییە لە خوێندنی ئەکادیمیانەی زمان و وێژەی کوردی.
زمان لە هەر کۆمەڵگەیەکدا تەنیا کەرەسەی پێوەندی و ئامرازی قسەکردن و گەیاندنی بیرۆکە نییە؛ زمان بیرگەی مێژوویی، سیستەمی بیرکردنەوە و تێفکرین و، کۆڵەکەی ڕاگری ناسنامەی کەلتووریی کۆمەڵگەیە. بۆیە خوێندنی زانستیی زمان، تەنیا خوێندنی وشە و ڕێزمان نییە؛ بەڵکوو خوێندنەوەی مێژووی زمان، هزر و تێفکرین، وێژە و، گۆڕانکارییە کەلتوورییەکانیشە.
لەم ڕوانگەیەوە، دامەزراندنی لقی زمان و وێژەی کوردی دەتوانێ دەرفەتێکی زانستی بۆ خوێندنی بابەتگەلێکی بەربڵاو بخاتە بەردەم خوێندکاران؛ وەک: دەنگناسی، وشەسازی، ڕستەسازی، واتاسازی، زمانەوانیی کۆمەڵایەتی، مێژووی زمان، فەرهەنگنووسی، ئەدەبی کلاسیکی کوردی، ئەدەبی نوێی کوردی، ئەدەبی زارەکی، فۆلکلۆر و، پەیوەندیی زمان و تێفکرین و کەلتوور.
هەڵبژاردنی زانستگای ئیلام بۆ دامەزراندنی ئەم لقە، گرنگیی تایبەتیی خۆی هەیە. ناوچەی ئیلام یەکێکە لە ناوچە دەوڵەمەندەکانی کوردستان لە ڕووی جۆراوجۆریی زمان-وێنە، شێوەزار و فۆلکلۆرەوە.
ئەم ناوچەیە دەتوانێ ببێتە تاقیگەیەکی سروشتیی توێژینەوەی بابەتە زمانەوانییەکان؛ چونکە جۆراوجۆریی شێوەزار و تایبەتمەندییە زمانەوانییەکانی ناوچەکە، ماکەیەکی دەوڵەمەندی زانستییە بۆ توێژینەوەکانی بواری زمانناسی.
لە ڕوانگەی ئەکادیمییەوە، پێویستە ئەم دەرفەتە بە شێوەیەکی بەربڵاو بەکاربهێنرێ و توێژینەوەکان تەنیا لە سنووری دەقی وێژەییدا نەمێننەوە؛ بەڵکوو زمان، شێوەزار، فۆلکلۆر، مێژووی زارەکی، ئەفسانە، چیرۆک، گۆرانی، پەند و بەڵگە زمانییە کۆنەکانیش بگرنەوە.
یەکێک لە گرنگترین ئەرکەکانی ئەم لقە دەتوانێ کۆکردنەوە و تۆمارکردنی میراتی زارەکیی کوردی بێ.
بەشێکی زۆر لە وێژە و کەلتووری زارەکی، بەهۆی نەبوونی پلانێکی مێژووییی شیاو و زانستی بۆ تۆمارکردنی پسپۆڕانە و بابەتیانە، لە مەترسیی لەناوچوون دایە. کۆکردنەوە، دەستەبەرکردن، تۆمارکردن، پۆلێنکردن و شیکردنەوەی ئەم سامانە، دەتوانێ ببێتە یەکێک لە گرنگترین بوارەکانی توێژینەوەی خوێندکاران و مامۆستایانی ئەم لقە.
لە داهاتوودا، دەتوانرێ ئەڕشیفی دیجیتاڵیی دەنگ، وشە، چیرۆک، گۆرانی و دەقە زارەکییە کوردییەکان دروست بکرێ؛ ئەمەش تەنیا خزمەتێک نییە بە زمانەکە، بەڵکوو خزمەتێکە بە مێژوو و کەلتووری ناوچەکەش.
لقی زمان و وێژەی کوردی دەتوانێ پەیوەندیی نێوان زانستگا و کۆمەڵگە بەهێزتر بکات. زانستگا نابێ تەنیا شوێنی خوێندنی تیئۆری بێ؛ بەڵکوو دەبێ هاوکات کۆمەڵگە و پێویستییە ڕۆشنبیری و کەلتوورییەکانی لەبەرچاو بگرێ .
لەو ڕوانگەیەوە، زانستگای ئیلام دەتوانێ ببێتە ناوەندێک بۆ توێژینەوەی زمان و وێژەی کوردی لە ڕۆژئاوای ئێران و پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ نووسەران، وێژەران، مامۆستایان، توێژەران، دامەزراوە کولتوورییەکان و ناوەندە ئەکادیمییەکان دروست بکات.
گرنگیی ئەم ڕووداوە تەنیا لە دامەزراندنی لقێکی نوێدا نییە؛ بەڵکوو لەوەدایە کە ئەم ڕشتەیە دەتوانێ بەرەیەکی نوێ لە توێژەرانی زمان و وێژەی کوردی پەروەردە بکات.
ئەگەر پڕۆگرامەکە بە شێوەیەکی زانستی و سەردەمیانە و بابەتیانە پەرەی پێ بدرێ، دەتوانێ لە داهاتوودا ببێتە بنەمای دامەزراندنی خوێندنی قۆناغی باڵاتر، توێژینەوەی پسپۆڕانە، پڕۆژەی هاوبەش لەگەڵ زانستگاکانی ناوخۆ و دەرەوە و، هەروەتر دروستکردنی بنکەیەکی بەهێزی توێژینەوەیی لە بوارەکانی زمان و وێژەدا.
دامەزراندنی لقی زمان و وێژەی کوردی لە زانستگای ئیلام، بەڕاستی هەواڵێکی دڵخۆشکەر و هەنگاوێکی بایەخدارە بۆ هەموو ئەوانەی دڵیان بۆ زمان، وێژە و کەلتووری کوردی لێدەدا.
بەڵام، ئەوەی زۆر هەستیار و گرنگە ئەم «چاوەڕوانی»یەیە، کە کۆمەڵگەی کوردەواری لە پێش هەمووان، ئەمجار ئاکادیمیسیەن و زمانەوانەکان و، دواتریش ڕووناکبیران و وێژەران و نووسەران و توێژەران، وەک مافێکی سروشتی، لە بابەت «ئاکام و بەرهەم و دەرکەوتەکانی ئەم ڕووداوە ڕۆشنبیری-زمانەوانییە» هەیانە.
پیرۆزبایی بە مامۆستایان و پسپۆڕانی ئەم بوارە، هەروەها بە خوێندکارانی یەکەمین خولی ئەم لقە و بە هەموو توێژەر و نووسەر و شاعیرانی کورد دەڵێم و هیوادارم ئەم هەنگاوە ببێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێی زانستی و ئەکادیمیی داهێنەرانە و بەرهەمهێنەرانە و جیاواز.
بەڵام لە هەمان کاتدا، پیرۆزبایییەکەم دەبێ سنووردار بە مەرجێک بێ و، هاوڕێ و هاوقۆڵ بێ لەگەڵ چاوەڕوانییەکی زانستی: پێویستە ئەم لقە لە سنووری ناوی لقێکی نوێ تێپەڕێت و ببێتە هۆی پێکهێنانی ناوەندێکی ڕاستەقینەی توێژینەوە، بەرهەمهێنانی زانست، پاراستنی میراتی زمانی و ڕاپەڕاندن و چێکردنی سەدان توێژینەوەی نوێ لە بواری زمان و وێژەی کوردیدا.
ئەگەر ئەم دەسپێکە بە پڕۆگرامێکی زانستیی بەهێز، مامۆستایانی پسپۆڕ، پەڕتووک و سەرچاوەی زانستی، تۆمارکردنی میراتی زارەکی و پەیوەندیی نێوان زانستگا و کۆمەڵگە پشتگیری بکرێت، زانستگای ئیلام دەتوانێ لە داهاتوودا شوێنێکی دیار و کاریگەر لە نەخشەی خوێندنی ئەکادیمیی زمان و وێژەی کوردی لە ئێراندا بەدەست بهێنێ.
پیرۆز بێ دامەزراندنی لقی زمان و وێژەی کوردی لە زانستگای ئیلام؛ بە هیوای ئەوەی ئەم هەنگاوە ببێتە دەستپێکی بزاڤێکی نوێ بۆ پەرە و گەشەی زانستیی زمان، وێژە و ناسنامەی زمانەوانی-ڕۆشنبیریمان.