تاریخ: ۱۳۹۶/۲/۹
بارودۆخی ئێستای دنیای هونه‌ر وەڕەزی کردووم
المیللەتی کورد وەک نەتەوەیەکی زیندووی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست، هەر لە دێر زەمانەوە خاوەن گۆرانی و مۆسیقا و مەقام و ڕیتم و شایی و هەڵپەڕکێی تایبەت بە خۆی بووە. مینۆرۆسکی لە وتەیەک‌دا دەڵێ: "لای ئاسووریەکان گەلێک گۆرانی کوردی باوە و گەلێک چیرۆکی کوردی هەن کە گێڕانەوەیان بە عادەتی گشت لایەک ئەژمار دەکرێت" کە لە ڕاستی‌دا بەیت و حەیران، لاوک و... لەو خانەیەدا جێ دەگرن.
دوکتور مستەفا خەزنەدار لە سەر حەیران دەڵێ: "وشەی حەیران بۆ ئەم بابەتە شێعرە بەکار ئەهێنرێ کە بە شێوەی کرمانجی خواروو (سۆرانی) هەڵئەبەسترێ و زیاتر لە ناوچەکانی هەولێر و کۆیە و ڕەواندز و مەهاباد و سنە بە تایبەتی لە ناو خێڵەکاندا باوە".
یەکێک لەو کەسانەی کە خاوەن  هونەرەی حەیرانبێژییە هونەرمەند "عەڕەب عوسمان"ە کە هەر لە کۆنەوە خەریکی خزمەت بە فۆلکلۆری کوردییە، پێگەی هەواڵی هاژە بە بەهانەی سەردانی بەڕێزیان بۆ شاری مەهاباد بە دەرفەتی زانی وت‌ووێژێکی لە گەڵ بەڕێزیان پێک‌بهێنێ کە سرنجی هەستیاران بۆ ئەو دانیشتنە ڕادەکێشین.

هاژه: مامۆستا وێڕای بەخێرهاتن‌تان بۆ شاری مەهاباد، بفەرموون کە لە کوێ لە دایک بوون؟
گەلێک سپاس بۆ ئێوە و هەواڵدەرییه‌کەتان، سڵاو و ڕێزم هەیە بۆ هەموو خەڵکی کوردستان و شاری مەهابادی خۆشەویست، من ساڵی  1952زایینی لە گەڕەکی چاکە‌کوڕی تەیرئاوای هەولێر لە دایک بووم.
هاژه: چۆن بوو کە پێتان لە دنیای هونەر و گۆرانی نا؟
باب و باپیران و دایک و دایەگەورەکانم هەموویان حەیران‌بێژ بوونە و حەیرانیان کە لە سەر کوشتار، بریندار، شین و گریان و ڕاونان دەگووت، منیش لەوان ڕا فێر بوومە.
هاژه: چ ساڵێکی بە چەشنی فەرمی دەستان بە کاری هونەری کرد؟
من هەر لە منداڵی ڕا حەیران و گۆرانیم دەگووت و چۆن دەنگ‌خۆش بووم، مامۆستاکانی قوتابخانە منیان بۆ ئەندامی گرووپی سروودی زۆربەی قوتابخانەکان هەڵدەبژاد. بەڵام،  هەوەڵ گۆرانیم کە لە تەنزیلی ئیزاعی بەغدا گووت، گۆرانی "بلوێری شوان" لە ساڵی 1976 بوو کە ئاوازی ئازەری بوو لەوێ تۆمار و بڵاو بۆوە.
هاژه: کۆی گشتی بەرهەمەکانتان چەند دانەن؟
ئەو بەرهەمانەی کە بە چەشنی نەوار کاسێت تۆمار بوون لە یادم نین، بەڵام سێ ئاڵبۆمم بە چەشنی سی‌دی هەیە کە یەکەمیان لە ڕێی دوکتور کەنداڵی و بارزان یاسین لە "میوزیک پاریس" تۆمار کراوە، سی‌دی دووهەم هێرۆ ئیبڕاهیم ئەحمەد لە تاران بۆی تۆمار کردم، ئاڵبۆمی سێهەم گۆرانییەکانمان تۆمار کردووە، بەڵام تا ئێستا بڵاو نەکراوەتەوە.
هاژه: بەرهەمی هونەری نوێی دیکە چت لە بەرنامە دایە؟
لە حاڵی حازردا هیچ شتێکم بە دەستەوە نییە، چون بەڕاستی لەو بارودۆخەی کە ئێستا دنیای هونەری داگرتووە وەرەز بووم، زۆر عاجز بووم، ئەو جۆرەی کە هونەر جاران تامی هەبوو، ئێستا ئەو بۆن و بەرامەی نەماوە.
چون لەو بەینەدا ڕکەبەری نییە، وزارەتی ڕۆشنبیری خۆی لێ بێ‌سەحەب کردووە، هەر کەسەی ڕاست دەبێتەوە و بەرهەمێک دەداتە دەرێ و ئەگەر چاو لە ناوەرۆکی گۆرانییەکان کەی هەمووی کاڵ و کرچ و بێ‌سەرە و بەرەیە. بچی چاو لە بەرهەمەکەی بکەی هاتووە کلیپی لەگەڵ کچێکدا و هەمە جۆرە عەدا و ئەتواری پێ‌دەردێنێ و دەیکاتە بەرهەم کە لە بنەڕەت‌دا لە نێو بنەماڵەی ڕەسەنی کوردەواری کە ڕێز و حورمەتێک هەیە جێ و ڕێی نییە و دەست نادا.
ئەو کەسانەی کە چاو لەو بەرهەمانە دەکەن، زۆرتر عەقڵیان لە چاویان دایە تا لە مێشکیان، چون گۆرانییەکە نە شێعری هەیە، نە ڕستەی هەیە، ئیدی ئەوەندەیە گۆرانی‌بێژەکە کەمێک ئەدا بە دەنگی دەردێنێ یا بە ئامێرانە دەنگی چکۆلە دەکاتەوە کە بڵێ ها ئەوە داهێنانم کردووە، لە حاڵێکدا ئەوە نە هونەرە و نە فڕی بە داهێنانەوە هەیە و ئەوە زۆرتر خۆڕانانێکی پڕوپووچە دەنا گۆرانێکی پەناباتێکی ناهێنێ.
هاژه: چ هونەرمەندانێک لە سەر بەڕێزتان زۆرتر کاریگەر بوون؟
ڕەسووڵ گەردی، عەلی مەردان، محەممەد عارف جەزراوی، کاوەیس ئاغا
هاژه: لەگەڵ چ هونەرمەندانێک گۆرانیتان گووتووە؟
لە گەڵ نەجمەددین ئاوارە، تاهیر تۆفیق، ڕەسووڵ گەردی، فواد ئەحمەد، تەحسین تەها، جەلال سەعید و نوری گەرمیانی گۆرانیم گووتووە.
هاژه: زۆرتر چ گۆرانی‌گەلێکتان گووتووەتەوە؟
من زۆرتر گۆرانی فۆلکلۆرم گووتووەتەوە و هەر وەها کەسانێکی وەک مامۆستا نەجمەددین بابەکر ئاوازیان بۆ داناوم و منیش گوتوومەتەوە. هەروەها من هەوەڵین کەس بووم کە شێعرەکانی "عەبدوولڕەحمان بێلاف"م بە گۆرانی گووتووەتەوە.
هاژه: لە ناو بەرهەمی گۆرانییەکانت زۆرتر لە چ بەشێک‌دا کارت کردووە؟
من زۆرتر لاوک و حەیرانم گووتووەتەوە، پێم‌خۆشە ئەوەش بزانی، دوای کۆچی هونەرمەند ڕەسووڵ گەردی، هونەرمەندانی تیپی مۆسیقای هەولێر کۆبوونەوەیەکیان کرد و لەوێ پێیان گووتم کە بێجگە لە تۆ کەس ناتوانێ کەلێنی ڕەسووڵ گەردی پڕکاتەوە، هەر چەند حەیران‌بێژ زۆرن بەڵام هیچیان ناتوانن وەک تۆ لە گەڵ هەموو ئامێرەکانی مۆسیقا خۆیان ڕێک‌خەن و بیڵێنەوە، چون ناشارەزان و زوو لە چوارچێوە دەردەچن. هەر بۆیە لە جیاتی وی لە فێستیواڵەکانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات من بەشداریم کردووە.
هاژه: ئەسڵییەتی حەیران لە کوێ ڕا سه‌ری هەڵداوە؟
حەیران پەخشانە شێعرە کە بە ئاوازی سەبا، بەیات، حیجاز لە سەر کوشتن، مردن و شیوەن گووتراوە کە ئەسڵییەتەکەی تایبەت بە دەشتی هەولێرە و  هەزاران ساڵە لە دەشتی قەراج و کەندێناوە و سنێ و مڵکێ سەری هەڵداوە و لەوێڕا بۆ لای باڵەکایەتی پەڕیوەتەوە و لەوێش‌ڕا بەرەو موکریان و کوردستانی باکوور [کە لەوێ "حەیرانۆک"ی پێدەگووترێ] سەراو نەخوون بۆتەوە و لە ڕۆژهەڵات‌دا هونەرمەندانێکی وەک عەلی کەردار، ڕەسووڵ نادری و سەلاح خزری حەیرانیان گووتووە.
هاژه: بەیت‌بێژ و حەیران‌بێژ چ نزیکێکیان پێکەوە هەیە؟
حەیران‌بێژ ڕاسترە تا بەیت‌بێژ، بەیت‌بێژ زۆرتر پاییزە دەڵێ کە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە نیسبەت پارچەکانی‌تر زۆرتر کاری لە سەر کراوە و بەناوبانگترە.
هاژه:  ئایا وا هەیە نەوەی نوێ بتوانێ ئەو حەیرانانە بڵێتەوە و بی‌پارێزێ؟
نەخێر ناتوانێ، چون ئەو زەوق و عەلاقەیە نەماوە و پێیان عەیب و عارە کە حەیران بڵێنەوە.
هەر چەند تاق‌و‌لۆقە هەن هەر یەکەی بە ئامێرێکی مۆسیقایی حەیرانێکی دەڵێتەوە، بەڵام ئەو تام و بۆنەی نییە.
هاژه: حەیران‌بێژە کۆنەکانی هەولێر چ کەسانێکن؟
مستەفا کۆر، خدر حەیران، عەبدوڵڵای برای خدری
هاژه: تا ئێستا کۆنسێرتان لە چ شوێن گەلێک  بەڕێوە‌بردووە؟
لە  کوردستان لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک و لە دەرەوەی وڵات لە ئامریکا، بێڵژیک، ئاڵمان، سویس، ئیسکاتڵند، پاریس و لوکزامبورگ بەڕێوەبردووە.
هاژه: بە نیاز نین لە کوردستانی ڕۆژهەڵات کۆنسێرت بکەن؟
پێم‌خۆشە، بەڵام زۆر زەحمەتە، زۆر جار بانگهێشت کراوین و بەداخەوە هەمووی لە حەدی قسە دابووە.
هاژه: گۆرانی کلاسیک لە بارودۆخی ئێستا دا چلۆن هەڵدەسەنگێنن؟
گۆرانی کلاسیک زەمانی حەسەن زیرەک، محەممەد ماملێ و خەلیل سەدیقی، محەممەد دانیش، تاهیر تۆفیق، خەلیل مورادوەندی، عەلی مەردان، سەلاح داودە و تەحسین تەها بوو و توانیان گۆرانی فۆلکلۆر نوێ بکەنەوە بەڵام داخەکەم لە بیر کران.
هاژه: لەو سەردانانەی کە بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات و مەهاباد کردووتانە چۆنت دیتووە؟ چۆنت لێگوزەراوە؟
کوردستان هەموو شوێنێکی خۆشە، وڵاتی شاد و شیرین و خۆشەویستە، بۆ سەردان و سیاحەت ڕوو لە ڕۆژهەڵات کەی خۆشە، چون هەر شوێنەی دڵڕفێنی تایبەت بەخۆی هەیە. سروشت و موحیبەت و گەورەیی خەڵکی مەهابادیش نە بە زار بەیان دەکرێ و نە قەڵەم توانای نووسینی هەیە. شارێک کە سەرچاوەی خۆشی، کوردایەتی، ڕەسەنایەتی، پاک و خاوێنی، شارێک کە وەک ئەوروپا دێتە بەر چاوم.
گەلی کورد چ لە ئێستا و چ لە ڕابردوو دا بە سەدان جار لێی قەوماوە و کوردی ئێرە وەریان گرتەوە و هەڵیانستاندۆتەوە، جا بۆیە تا دنیا هەیە ئێمە نابێ پیاوەتی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە بیرکەین.