تاریخ: ۱۳۹۶/۶/۶
ڕێ‌وڕەسمی ناساندنی کتێبی "مرۆڤەکان" لە مەهاباد بەڕێوە چوو
بە پێی ڕاپۆڕتی هاژە، ڕۆژی دووشەممه ٦ی خەرمانانی ۹٦ی هەتاوی ڕێ‌وڕەسمی ساتێک بۆ کتێب، ساتێک بۆ مناڵ بە مەبەستی ناساندنی کتێبی "مرۆڤەکان" لە لایەن پێگەی هونەری بینەر و بە بەشداری بەرچاوی منداڵان لە ساڵۆنی سازمانی تەبلیغاتی ئیسلامی مەهاباد بەڕێوە چوو.

سەرەتای کۆڕەکە هەژار نوورانی بەرپرسی پێگەی هونەری بینەر بەخێرهاتنی هەموو بەشدابووانی کۆڕەکەی کرد و سوپاس و پێزانینی خۆی لە هەمبەر هەموو ئەو کەسانە دەربڕی کە بە پیر ئەم ڕێ‌وڕەسمەوە هاتوون.
لە درێژەدا سەرۆکی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیڕشادی ئیسلامی مەهاباد وێڕای ئاماژەیەکی کورت لەسەر باسی پەروەردە کردنی منداڵ وتی: بێ شک یەکێک لە سەرەکی ترین و گرینگ ترین ئەرکەکانی ناوەندەکانی فەرهەنگی ئاوڕدانەوە لە سەر چۆنیەتی پەروەردە کردن و بارهێنانی منداڵانە.
وتیشی: ڕاگوازتنی زانیاری بە زمانێکی منداڵانە دەتوانێ دەسکەوتی باشتری لێبکەوێتەوە.
مورادی چالاکییەکانی دوو ناوەندی پەروەردەی هزری مناڵان و نەوجەوانانی مەهابادی لە ئاستێکی زۆر باشدا وەسف کرد و وتی: بە تێکۆشان و حەولدانی هەمە لایەنە دەتوانین ڕووخساری فەرهەنگی مەهاباد ڕەنگین تر بکەین و وەک هەمیشە ئەم شارە لە ناوچەدا ناوەندی جم و جۆڵی کاری فەرهەنگی ببێت.
پاشان هانا توتونچی لەسەر ژیانی منداڵی ئەمڕۆ و مافەکانی لێدوانێکی هەبوو و وتی: ژیانی منداڵی ئەمڕۆ لەگەڵ ڕابردوو جیاوازه، منداڵان خاوەن ماف گەلێک تایبەتین و دەبێ سرنجی تایبەتیان پێ بدرێ.

ڕاشیگەیاند: ئەگەرچی پێشتر ئەم کتیبە لە شاری سەردەشت ڕوونوێنی کرابوو بەڵام بە هۆی گرینگ بوونی کتێبەکە هەوڵ درا لە مەهابادیش کۆڕێکی تایبەتی هەبێ و زیاتر بناسێنرێ بۆ ئەوەی زیاتر بایخ بە منداڵان بدرێ.
وەرگێڕی کتیبەکەش گرینگی دان بە منداڵان و پەروەردە کردنی وەک سەرەکی ترین خاڵ بۆ گەشەی کۆمەڵگا وەسف کرد.
عەبدوسەمەد ڕەحمانی وتی: کتێبی مرۆڤەکان باس لە جیاواز تاک و کۆمەڵی مرۆڤەکان دەکات، لەم کتێبەدا بە زمانێکی سادە بە منداڵان دەوترێ کە سەرەڕای گشت جیاوازییەکان یەکتر وەرگرن.

لەم کۆڕەدا گرووپی سروودی ناوەندی هزری منداڵان و نەوجەوانانی ژماره ۲ دوو کۆپلەیان ئاراستەی بەشدار بووان کرد.
خاتوو شادی پاکزاد بە خوێندنەوەی حەقایەتێک سرنجی بەشدار بووانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا و کێبەرکێ و کایەی منداڵانیش لە بەشە جۆراوجۆرەکانی ئەم ڕێ‌وڕەسمە بوو.

لە کۆتایی کۆڕەکە ڕێز لە منداڵانی بەشدار بووی کۆڕەکە گیرا.
مرۆڤەکان نووسراوەی پیتێر ئێسپیر و وەرگێڕانی عەبدوسەمەد ڕەحمانی لە ۳۹ لاپەڕەی تەواو ڕەنگیدا چاپ و بڵاو بۆتەوە.
بینەر وەک پێگەیەکی هونەری توانیویەتی دەورێکی گرینگی لە ڕووماڵ و گەشە و نەشەی کار و چالاکی هونەری لە شارەکانی کوردستان هەبێ.