تاریخ: ۱۳۹۶/۸/۲۱
دەنگێک که لێمان نامۆ نییه

زوهره (سووری) جەودەت ـ وێژەری ڕادیۆ مەهاباد ساڵی 1337ی هەتاوی له شاری مەهاباد له دایک بووه

له ساڵی 1357ی هەتاوییه‌وە له دەنگ‌وڕەنگی ناوەندی مەهاباد دامەزراوە

 

بێ شک لە سەردەمی ئێستادا کەسانێک هەن کە دەنگ و ڕەنگییان بۆ کۆمەڵگا پڕ لە بیرەوه‌رین. ساڵانی ڕابردوو کە تەنیا ڕادیۆ وەک ئەمرازێکی ئاگادارکردنەوە و بیستنی هەواڵ، حەقایه‌ت، مۆسیقا و کۆمەڵێک پرۆگڕامی تر به‌کار دەهێنرا و وەک ئێستا دنیای تێکنۆلۆژیا و کامپیوتێر، مانگەواڵه و مۆبایل چوار دەوری ئێمەی دانەتەنیبوو، ڕادیۆ ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕا، یەکێک لەو کەسانەی کە لە ڕادیۆ مەهاباد دەستی بە ئیش کرد و شوێن پەنجەی لەو ناوەندەدا دیارە، ڕێزدار خاتوو "زوهرە جەودەت"ە کە وەک یەکەم ژن لە هونەری وێژەری لەم ناوەنده دەرکەت و لە بەرنامەکانی جۆراوجۆر، بەتایبەت "خاووخێزان"دا ڕۆڵێکی کارای هه‌بوو. پێگەی هەواڵی  هاژە بە ئەرکی خۆی دەزانێ هەموو هونەرمەندان و تێکۆشەرانی کوردستان بەسەر کاتەوە، ئه‌مجارەشیان وت‌ووێژێکمان لەگەڵ ئه‌م ڕێزداره پێک هێناوە که هیوادارین جێگای ڕەزامەندی خوێنه‌رانی پێکابێ.

هاژه ـ خانم جەودەت بۆ یه‌که‌م جار چ کەسێک ئەو دەنگە تایبەتەی ئێوەی دۆزییەوە و چۆن هاتنه ڕادیۆ مەهاباد؟

پێشنیاردەر و هاندەری سەرەکی من بەڕێز کاک "ئەحمەد کیان‌پوور" بوو کە کارمەندی دەنگ و ڕەنگی ناوەندی مەهاباد بوو و لە بەشی هەواڵ دا چالاکی هەبوو. کاک ئەحمەد به‌و پێیه که دۆستی برا گەورەکەم بوو و هات‌وچۆی ماڵی ئێمەی دەکرد و وەک کوڕی ماڵێ وابوو، ڕۆژێکی لە گەڵ کاکم هاتنەوە ماڵێ گوتی کە "سووری" بۆ بەرنامەی "خاو و خێزان" وێژەریان دەوێ و بە بڕوام دەنگی تۆ بۆ ئەو بەرنامەیە زۆر باشە. بۆیە پێم‌خۆشە لە گەڵ نازی خوشکت پێکەوە بێن نێونووسی بۆ تاقیکاری دەنگ بکەن. ئەمنیش نە دەمزانی کوردی بخوێنمەوە و نە دەمزانی بنووسم. هەر مات بووم، بۆیە بە کاک ئەحمەدم گوت کە من ناتوانم و بۆم جێبەجێ نابێ.

بەڵام لە سەر هاندانی کاک ئەحمەد و پاڵپشتی دایکم ئاخرێکەی چووم نێونووسیم بۆ تاقیکاری دەنگ کرد و دوای ماوەیەک خەبەریان پێدام کە من بۆ وێژەری بەرنامەی "خاو و خێزان" وەرگیراوم، هەر بۆیەش خۆم بە قەرزداری کاک ئەحمەد دەزانم و گەلێک سپاس و پێزانینم بۆیی هەیە.

هاژه ـ سەبارەت به یه‌که‌مین بەرنامەتان بدوێن.

ئەو هەستەی ئەو دەم ناتوانم بێنمه زمان. لە پێشدا ترس و دڵە‌ڕاوکێم هەبوو بەڵام ئیحساسی خۆشی و شادیم دەکرد.چون پێم سەیر بوو کە ئەوە من بەرنامەی "خاو و خێزان" دەخوێنمەوە و دەنگم لە سەر ئانتێن بڵاودەکرێتەوە و خەڵک گوێی لێ دەبێ، جا بۆیە چێژی تایبەت بە خۆی هەبوو. هەر چەند، دوای چەند بەرنامەی ترسەکەم شکا و توانیم لە جارەکانی پێشوو بم.

هاژه ـ لە گەڵ چ کەسانێک بە هاوبەشی وێژەری بەرنامەکانی ڕادیۆتان کردووە؟

بۆ هەوەڵ جار بەرنامەی "خاو و خێزان"م لە‌گەڵ ڕێزدار "عوبەیدوڵڵای محەممەدی" خوێندەوە، بۆ ماوەی 13 ساڵانیش لە گەڵ بەڕێز "ئەبووبەکر مۆغەمی" بەرنامەم پێشکەش کردووە. ماوەی 4 ساڵانیش لە گەڵ ڕێزدار "قاسم حەسەن‌پوور" بەرنامەم خوێندۆتەوە و بۆ ماوەی چوار ساڵانیش لەگەڵ "سەید ئیبڕاهیم حسێنی" بەرنامەمان بە هاوبەشی بەڕێوەبردووە.

جاری واش هەبووە کە وێژەرە سەرکییەکە نەهاتۆتەوە و بۆخۆم بە تەنیا یا لەگەڵ بەڕێز "حسێن کەفاشی" بەرنامەم ئاڕاستە کردووە.

هاژه ـ بۆ ماوەی چەند ساڵان بەرنامەی "خاو و خێزان"تان وێژەری کرد؟

ئەمن بۆ ماوەی 23 ساڵان وێژەری ئەو بەرنامەیەم کرد. هەڵبەت، ئەو دەم بەرنامەکە لە پێشدا لە ستۆدیۆیە تۆمار دەکرا ودواتر بڵاو دەبۆوە. بەڵام لەو دەمەوە تا ئێستا کە بەرنامەی "خاو و خێزان" بە چەشنی ڕاستەوخۆ بڵاودەکرێتەوە، من بە‌و هۆیه کە "ئاسم"ی خەفیفم هەیە و زۆر زوو تووشی سەرماخوردەگی و ناسازی دەبم، لە سەر داواکاری خۆم وازم لێهێنا و ئەوە بۆ ماوەی 16 ساڵە کە خانمی "کەژاڵی فەرهادی" وەک پێشکەشکارێکی بە توانا ئەو ئەرکەی وەئەستۆ گرتووە. بەڵام ئێستاش لە بەرنامەی "خاو و خێزان" ئایتێمێک بە نێوی "پاراو" هەیە کە لە ڕۆژانی پێنج‌شەممان‌دا من  دەیخوێنمەوە.

هاژه ـ  بێجگە لە وێژەری بەرنامەی "خاو و خێزان" ئایا وێژەری بەرنامەی دیکەشتان کردووە؟

بەڵێ، من لە هەوەڵ ساڵەکانی هاتنم بۆ ڕادیۆ مەهاباد، بۆ ماوەی 4 ساڵان وێژەری بەرنامەی "منداڵان"م کرد کە ئێستاش بۆ ماوەی 2 ساڵە له ڕۆڵی "دایە ڕەیحان"دا خەریکی چالاکیم.

بۆ ماوەی 4 ساڵانیش وێژەری بەرنامەی "دەنگی ئاوایی"م کرد کە بەرنامەیەکی تایبەت بە گوندنشینان بوو و ئێواراندا بڵاو دەکرایەوە.

هاژه ـ  کەمێک لە سەر بەرنامەی "خاو و خێزان" بۆمان بدوێن، بەتایبەت کاتێک کە نامەتان بۆ دەهات، چ بیرەوەرێکی خۆش و ناخۆشتان لێی هەیە؟

ئەو دەم وەک ئێستا کەره‌سەکانی پەیوەندی گرتن زۆر نەبوون و گوێگران زۆرتر لە ڕێگای نامەوە بە سەریان دەکردینەوە. کاکڵی زۆری نامەکان گلەیی و گازندە، دادگاە یا حەزانەتی منداڵ لە لای دایکێک، خوشکێک، برایەکەوە بوو یا جاری وا بوو کە بە شێوەیەکی دەردی دڵی خۆیا نامەمان بۆ دەهات کە ئەو خانمە لە مێردەکەی جودا بۆتەوە یا مێردەکەی لە ماڵێ وەدەری ناوە یا ئیزنی دیتنی منداڵەکەی پێی‌نەدراوا. ئێمەش نامەکەمان دەخوێندەوە زۆری پێ ناڕاحەت دەبووین و حەتا گریاوین. ئێمەش ئەوانمان ڕێنوێنی دەکردن و لە ڕێگای تەوەرەکانی بەرنامە یارمەتیمان دەدان کە زۆر جاری وابوو هەر ئەو بەڕێزانە لە ڕێگای پەیوەندی تەلەفونی یا ناردنی نامەی دووبارە دەست خۆشیان لێ‌دەکردین و دەیانگووت کە لە سوێنگەی قسەکانی ئێوە گەڕاومە‌ته‌وە سەر ژیانی خۆم و ئێستاش ژیانێکی تەبا و ڕەبام هه‌یه، ئەوە بۆ من خۆشترین بیرەوەری بوو.

بیرەوەری ناخۆشی من کاتێک بوو کە لە ساڵێک‌دا بۆ ماوێ چوار مانگ ناساز بووم و هەر لە ماڵێ بووم کە نەمتوانی بێمەوە ڕادیۆ و بەرنامەی پێشکەش بکەم. هەر چەند دوای چاک بوونەوەم لە سەر هۆگرێک کە بە بەرنامەی "خاو و خێزان" هەم‌بوو نەمتوانی دەستی لێ‌بکێشمەوە و لە سەرڕاوە دەستم پێکردەوە. بۆیە بە گشتی  بەرنامەی "خاو و خێزان"م بە هەموو خۆشی و ناخۆشییەکانییەوە لە هەر سێ منداڵەکەم زیاترم خۆش ده‌ویست چون لە ڕادەبەدەر هۆگری بووم و ئێستاش هەر خۆشم‌دەوێ.

 

هاژه ـ  ئایا "خاو و خێزان" شوێندانەری لە سەر ژیانی بنەماڵەیی خۆتان هەبووە؟

بەڵێ، هەمووی بەرنامەی "خاو و خێزان" بە هەموو خۆشی و ناخۆشییه‌کانییەوە بۆ من ئەزموونێکی تایبەت و دەرسی ژیان بوو کە توانیم ئەوی بۆ باشتر بەڕێوەبردنی بنەماڵەی خۆم و چۆن عاملاندن و هەڵس‌وکەوت لە گەڵ منداڵ کەڵکی پێویستی لێوەرگرم و شوکری خودای لەو ڕێگایەدا توانیم سەرکەوتوانە بێمە دەرێ.

هاژه ـ  ئێستا لە دەنگ و ڕەنگی ناوەندی مەهاباد خەریکی چ کارێکن؟

لە بەشی هەماهەنگی ڕادیۆ چالاکی دەکەم.

هاژه ـ قەت وا هەبووە لە شوێنێێک بە دەنگ ئێوە بناسنەوە و بە نێو نەتاناسن؟

بەڵێ، زۆر جار وا هەبووە کە سواری تاکسی بووم و شۆفیر گوتوویەتی کە ئەرێ خانم، بەڕێزتان فڵان کەس نین یا دەڵێن باشە بۆ ئێستا بەرنامەی "خاو و خێزان" ناخوێننەوە.

هاژه ـ  بەرنامەی "خاو و خێزان"ی سەردەمی خۆتان و ئێستا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

بە گشتی هیچ جیاوازێکی نیە، بەرنامەیەکی زۆر پڕ ئەزموون، پڕدەرس بۆ هەموو کەس بووە و هەبوونی زۆرترین گوێگر ئەوەی سەلماندووە.

هاژه ـ چەنده له کارنامه‌ی خۆتان ڕازین؟

بۆخۆم هیچ کە لە کارەکانی خۆم ڕازیم. کۆمەڵانی خەڵکیش کە زۆرتری لایەنگری بەرنامەی "خاو و خێزان" بوون، ئەوەندەی کە گوێ بیست بوومە و بیستوومەتەوە ڕەزامەندیان دەربڕیوە.

هاژه ـ زۆر سپاس که به دڵێکی فراوانه‌وە وڵامی پرسیاری ئێمه‌تان داوە.

سپاس بۆ ئێوەی بەڕێزیش هیوای سەرکه‌وتن و بەردەوامیتان بۆ ئاواته‌خوازم.