تاریخ: ۱۳۹۶/۹/۳۰
کۆڕی ناساندنی گۆڤاری هۆژین له مەهاباد بەڕێوە چوو

به پێی هەواڵی هاژه، ڕۆژی پێنج شەممه 30ی سەرماوەزی 96ی هەتاوی کۆڕی ناساندنی گۆڤاری زانستی هۆژین به بەشداری بەرپرسانی ناوەندی زانستی فەرهه‌نگی هۆژان و به‌ڕێوەبەرانی گۆڤارەکه و کۆمەڵێک له ئه‌دیبان، نووسەران و توێژەرانی بواره جیاجیاکانی زمانی کوردی له ئیدارەی فەرهه‌نگ و ئیڕشاد ئیسلامی شاری مەهاباد بەڕێوە چوو.

سەرەتا محەممەد محه‌ممه‌دئه‌مینی سەرنووسەری گۆڤاری هۆژین به کورتی له سەر ڕێکخراوەی هۆژان و ئامانجەکانی دوا و دوو ئامانجی سەرەکی گۆڤاری "هۆژین"ی وەک گەشه پێدان به زمانی زانستی کوردی و بڵاوکردنەوەی زانست به‌م زمانه پێناسه کرد.

محه‌ممه‌دئه‌مینی وتی: سەرکه‌وتن ئەو کاته دێته دی که بتوانین له بواری ڕۆژنامەگەری زانستیدا، زمانێک له زانست به کاربێنین که زۆربه‌ی کۆمەڵگا به باشی لێی تێبگا.

له درێژه‌دا هادی ڕەحمان پەنا یه‌کێک له دامەزرێنه‌رانی هۆژان و ئەندامی دەستەی نووسەری هۆژین له سەر ئه‌زموون و شێواز و ڕێگاکانی باشتر ناساندنی گۆڤارەکه دوا و هیواشی خواست به یارمه‌تی گشتی بتوانن لەم بوارەدا خزمه‌تێکی شایانیان هەبێ و دەورێکی گرینگ بگێڕن.

فاڕووق ئه‌حمه‌دی به‌رپرسی گشتی گۆڤاری هۆژین له‌م کۆڕەدا ڕایگه‌یاند: سەرەڕای هەموو گیر و گرفتەکان دڵخۆشین بەوە که به به‌شێک له ئامانجەکانمان گه‌یشتووین و بێ شک ڕێگایه‌کی دوور و درێژمان له‌به‌ره و ئاوات و ئامانجی مەزنمان هه‌یه که بتوانین خزمه‌تێکی بەرچاوتر به زمانی زانستی گه‌له‌کەمان بکه‌ین.

کۆتایی کۆڕەکه به دەربڕینی ڕا و بۆچوونی ئامادەبووان و پرسیار و وڵامدانەوە کۆتایی پێهات.

گۆڤاری زانستی هۆژین له مەهاباد به ژماره مۆڵه‌تی 78388 له وەزارەتی فەرهه‌نگ و ئیڕشادی ئیسلامی یه‌که‌م گۆڤاری زانستی به زمانی کوردییه که به شێوەی وەرزنامه بڵاو دەبێته‌وە و له سەرەتای دەست به‌کار بوونییه‌وە له ساڵی 96ی هەتاوی تا ئێستا 3 ژمارەی لێ دەرچووه.