تاریخ: ۱۳۹۶/۱۱/۲۶
فێستیواڵی "دایک" لە مەهاباد بەڕێوە چوو

بە پێی هەواڵی پێگەی هەواڵی هاژە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ ڕێبەندانی ٩٦ فێستیواڵی "دایک" لە ئاوایی دارەلەکی سەر بە شاری مەهاباد بە ئامادەبوونی هەندێک لە بەرپرسانی شارستان و پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوایی و هەروەها کۆمەڵێک لە لاوان و بەساڵاچووانی ئاواییەکانی دەوروبەر بەڕێوە چوو.

بەرپرسی لێژنەی یارییە خۆماڵی و ناوچەییەکان لە وت‌ووێژ لەگەڵ هەواڵنێری هاژە سەبارەت بە بەڕێوەچوونی ئەم فێستیواڵە گوتی: مەبەست لە بەڕێوەچوونی ئەم پێشانگایە ناساندنی کەرەسە و ئامێر و کایەکانی کۆنی کوردەواری بە بەرەی نوێ بوو.

یوونس ڕەسووڵی ئاماژەی بە بەشە جیاجیاکانی ئەم فێستیواڵە کرد و گوتی: لەم پێشانگایە کایە کۆنەکانی کوردەواری وەک: جۆرابێن، حەوت بەردێن، هەدارێن وهەروەها چەند پیشەی کۆنی کوردەواری وەک: گۆرەوی چنین، دۆڵاغ چنین، تەشی ڕێستن، نان کردن بە سێڵ و کۆمەڵێک شتی دیکە بە بەرەی نوێ پێشان‌درا.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە لە مانگی بانەمەڕی ساڵی نوێ بەرنامەیەکی لەو چەشنە لە ئاوایی شەکربەگی سەربە ناوچەی مەنگوڕایەتی شاری مەهاباد بەڕێوە دەچێ.   

وێنە: بێهرووز جولفایی‌ئازەر - عادڵ کەریمی