تاریخ: ۱۳۹۶/۱۲/۳
ئامانجمەندی وردبینانەی هەژار لەسەر هێڵی ژیاندنەوەی فەرهەنگ و ناسنامەی فەرهەنگی گەلی کورد
یادداشت: غەفوور پیرزادە

 

مامۆستا هەژار لە گوێن نووسەر و وەرگێر و شاعیر یەکێک لە بەناوبانگترین کەسایەتییەکانی کوردە و کاریگەرییەکەی لەسەر وێژە و هونەری کوردی و بە گشتی کلتووری کوردی حاشاهەڵنەگرە و هەر ئەم بابەتەش بۆتە هۆی ئەوەی کە زۆری بایەخ پێبدرێت و لە زۆر گۆشەنیگاوە ئەزموون و چالاکییە هونەری و ئەدەبییەکانی بکەوێتە بەرباس. قووڵی کار و کاریگەرییەکەی مامۆستا هەژار بە ڕادەیەکە کە لەوانەیە هەتا چەند دەهەی تریش شیکردنەوە و لێکۆڵینەوە لەسەری، نەتوانێت لکێک بەنێوی هەژارناسی لە توێژنەوەکانی حەوشەی توێژینەوەی ئەدەبی کوردی بەگوتار بکات و مافی حەول و تێکۆشانی هەژار بدات. بۆیە دەبێ هەژارتوێژی و لێکۆڵینە و نووسین لەسەر هەژار درێژە پێبدرێت هەتا لکی هەژارناسی بیچم دەگرێت و لە خوێندنەوەکاندا جێگیر دەبێت.

لەم نووسراوە کورتەدا حەول دەدەم بەپێی توانا و بە ئاماژەیەکی ڕووکەش بە هێندێک بابەت و وەرگێڕانەکانی مامۆستا هەژار ئاراستەی ئامانجمەندی وردبینانەی هەژار لەسەر هێڵی ژیاندنەوەی ناسنامەی فەرهەنگی گەلی کورد دەستنیشان بکەم.

نکۆڵی لێ ناکرێ کە لە حەوشەی هەڵسووڕانی هونەری و ئەدەبی کوردیدا زۆربەی نووسەران بە پلەی یەکەم ئامانجیان خزمەت بە کلتوور و فەرهەنگی گەلی کورد بووە و بیری ڕوونکردنەوەی ناسنامەی فەرهەنگی گەلی کوردیان زۆرتر لەلا مەبەسەت بووە. هەژاریش لەم ئامانجە بەری نییە و ئامانجی خزمەت بە فەرهەنگی کورد و ناسنامەی فەرهەنگی کوردەکان یەکەم ویستێتی و ئەم خاڵە لە زۆربەی نووسراوە و وتووێژەکانیدا دەبینرێ.

بەڵام ئەوەی دەبێتە هۆی جیاوازی هەژار لە نووسەران و کەسایەتیەکانی تر توخمی ئامانجمەندیی وردبینانە و هەبوونی نەخشەڕێگایەکی تۆکمەیە. خاڵێک کە کەمتر لە کەسایەتییە وێژەیی و فەرهەنگییەکانی تری کورددا بەدی دەکرێت. کاری پرش و بڵاو و بەبێ ئاراستە لەنێو توێژینەوە و چالاکییە ئەدەبی و وێژەییەکانی کوردیدا بە ئامانجی خزمەت یەکجار زۆرە. هەڵبەت ئەم وتانە بە مانای بێ نرخ کردنی ئەم بابەتانە نییە. ئەم بابەتانەش هەموویان لە جیگای خۆیاندا بەنرخن و جیگای ڕێز، لەگەڵ ئەوەی دەتوانین بڵێین کە ئەگەر ئەوانیش چەشنی مامۆستا هەژار خاوەنی پڕۆژە و گەڵاڵەیەکی تۆکمەتر بان بابەتەکانیان کاریگەرتر و هەرمانتر دەبوون. 

ئامانجمەندی وردبینانە و هەبوونی نەخشەڕێگا و پلانی ورد دەبێتە هۆی کاریگەربوونی زۆرتری چالاکییەکان و هەروەها هەرمان‌بوونی بابەتەکان.

بەڵام ئامانجمەندی وردبینانەی هەژار لەسەر هێڵی ژیاندنەوەی فەرهەنگ و ناسنامەی فەرهەنگی گەلی کورددا چۆنە؟

ئەگەر بێین و بابەتەکانی مامۆستا هەژار باس بکەین بەڕای من چوار کاری بەرچاوتر لە کارەکانی تری خۆیان پێشان دەدەن یانی بە جۆرێک هەم بنەڕەتی ترن و هەمیش ساغکەرەوەی فەرهەنگ و ناسنامەی فەرهەنگی کوردن.

ئەم بابەتانە بەڕای من بریتین لە:

 ۱. فەرهەنگی هەنبانە بۆرینە

۲. وەرگێڕانی مێژووی شەرەفنامەی بەدلیسی

۳. گەڕاندنەوە و لێکۆڵینەوەی مەم و زین و دیوانی مەلای جزیری

٤. وەرگێڕانی قوڕئانی پیرۆز.

 

۱. فەرهەنگی هەنبانە بۆرینە:

فەرهەنگی هەنبانە بۆرینە هەتا ئیستاش بە یەکێک لە فەرهەنگە بەبڕشت و کاریگەرەکانی زمانی کوردی ئەژمار دەکرێت و رۆڵیکی باشی لە پەرەپێدان و بانگەشەی زمانی کوردیدا گێڕاوە و بە سەرچاوەیەکی بە بایەخی زمانی کوردی دادەنرێ کە تێیدا زۆر ئامانجی زمانناسانە بوونی هەیە. (بووژاندنەوەی زمانی)

۲. وەرگێرانی مێژووی شەرەفنامەی ئەمیر شەرەفخانەی بەدلیسی

 شەرەفنامە یەکێک لە سەرچاوە بە بایەخ و بڕواپێکراوەکانی مێژووی کوردە و بۆ ناسین و زانینی مێژووی دوور و نزیکی کورد پێویستە. ئەم کتێبە بە تایبەت دوای وەرگێرانی لەلایەن مامۆستا هەژارەوە زۆرتر هاتە ناو ڕۆژەڤی گەلی کوردەوە. هەژار بە وەرگێڕانی ئەم بەرهەمەی شەڕەفخان ئامانجە مێژووناسی و مێژوومەندییەکانی لەسەر کورد پەرەپێدەدا. ئەم کتێبەش بە تایبەت بە وەرگێڕانەکەی مامۆستا هەژار سەرچاوەیەکی بە نرخ و جێگای کەڵکە بۆ کاری مێژووی کورد. (بووژاندنەوەی مێژوویی)

۳. گەڕاندنەوە و لێکۆڵینەوەی دیوانی مەلای جزیری و مەم و زینی ئەحمەدی خانی

گەڕاندنەوەی مەم و زینی ئەحمەدی خانی و دیوانی مەلای جزیری لە کرمانجییەوە بۆ سەر زاراوەی سۆرانی و لیکۆڵینەوە و لێکدانەوەی ئەم دوو دەقە وەک دوو لە کۆنترین و بنەڕەتی‌ترین دەقەکانی زمانی کوردی دەتوانێ چەندین ئامانجی گرینگی لەلایەن مامۆستا هەژارەوە پێ پێکرابێ کە یەکیان نزیک کردنەوەی زۆرتری زاراوە و وێژەکانی سۆرانی و کورمانجیە و دووهەمیان دەستنیشانکردن و ئاماژەپێکردنە بە سەرچاوە گرینگەکانی ئەدەبیات یا وێژەی کوردی. دیارە هەژار بە باشی درکی پێکردووە کە لە ڕەوتی ئەدەبیاتدا و بۆ گەشەی ئەو دەبێ سەرەتا سەرچاوەکان بە باشی ناس بکرێن. (بووژاندنەوەی ئەدەبی، هونەری)

٤. وەرگێرانی قورئانی پیرۆز بۆ سەر زمانی کوردی

زۆرینەی گەلی کورد موسوڵمانە و قوڕئان بە کتێبی پیرۆزیان دادەنرێ. هەژار بە وەرگێڕانی قورئان کە ئەمیش کتێبێکی سەرچاوەییە لە بواری دیندا، گرینگی بە دینی زۆرینەی کورد بە شێوازێکی گونجاو و هەڵبەت بەڕای من مامناوەند و کوردانە دەدات. (بووژاندنەوەی ئایینی)

هەروەک دیترا هەژار بە ئامانجمەندییەکی وردبینانە چوار دەقی سەرچاوەیی لە بوارەکانی  ۱. زمان ۲. مێژوو ۳. ئەدەبیات و ٤. دین،  لە ناو کایەکانی ژیانی هزریی گەلی کورد پەرە پێدەدات کە هەرکام لەم بوارنە بە پێی بۆچوونی بیرمەندانی فەرهەنگ و ناسنامەی فەرهەنگی لە توخمە بەرچاوەکانی  پێکهێنەری کلتوور و ناسنامەی کلتوورین.

 بۆیە دەتوانین بڵێین بابەتەکانی مامۆستا هەژار توانیویانە بە ئامانجمەندییەکی وردبینانەوە  هێڵی ژیاندنەوەی فەرهەنگ و ناسنامەی فەرهەنگی گەلی کورد لە نیوسەدەی ڕابردوودا پتەوتر بکەن و  لەپەنا تایبەتمەندی و خەسڵەتە ناوازەکانی تری کارەکانی مامۆستا هەژار ئەم خەسڵەتەش وەک خەسڵەتێکی بنچینەیی نێو ببەین و دەستنیشانی بکەین.