تاریخ: ۱۳۹۷/۱/۱
پێشانگای کلتوور و کەلەپووری "هەوارگە" لە مەهاباد کرایەوە

بە پێی هەواڵی پیگەی هەواڵیی هاژە، رۆژی چوارشەممە ١ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ پێشانگای کلتوور و کەلەپووری "هەوارگە" کە لە لایەن لێژنەی کۆمەڵایەتیی زاگرۆس و گرووپی هەوارگە ئامادەکاری بۆ کرابووو، بە بەشداری کۆمەڵێکی بەرچاو لە لایەنگرانی کولتوری کۆنی کوردەواری لە هۆڵی وەحدەتی شارەوانی  شاری مەهاباد کراوە و دەستی بە کار کرد.

نوێنەری لێژنەی کۆمەڵایەتیی زاگرۆس لە وت‌ووێژ لەگەڵ هەواڵنێری هاژە گووتی: مەبەست لە بەڕێوەبردنی ئەم پێشانگایە زیندوو ڕاگرتنی کلتوور، داب و نەریتی کوردەوارییە هەتا چرا و مەشخەڵیک بێ بۆ داهاتوومان.

عومەر ڕەسووڵی هەروەها گووتی: پێویستە بەرەی نوێی گەلەکەمان ئاوڕێک لە ڕابردووی خۆی بداتەوە و لەگەڵ کلتوور، ئامێرەکانی بەرگری، خەلە و خەرمان، شوێن و چۆنیەتی ژیانی پێشینیانی خۆی ئاشنا بێ.

ناوبروا لە درێژەدا زیادی کرد: لە هەوەڵ ڕۆژەکانی نەورۆزدا ئەم پێشانگایە ئامادەیە بۆ میوانداری لە گەشتیاران و میوانانی نەورۆزی کە لە پارێزگاکانی‌تر ڕا دێنە مەهاباد و دەتوانێ ناسێنەری داب و نەریت و کلتووری ناوچەی موکریان بێ.

سالار ڕاهەوی، دەبیری ئیجڕایی "هەوارگە" ئاماژەی بە بەشە جیاجیاکانی ئەم پێشانگایە کرد و گووتی: "هەوارگە" لە ٢٢ غوڕفە پێک‌هاتووە کە بریتین لە: موسیقا، کانی ژوان، جل و بەرگ، کەرەسەی ناوماڵ، مەتبەق، هەوار و ماڵ، کشت وکاڵ، ئاژەڵ‌داری، کایەی منداڵان، فێرگەی زمانی کوردی و ... کە بۆ شەشەمین ساڵە لە شاری مەهاباد بەڕێوە دەچێ.

جێی ئاماژەیە کە ئەم پێشانگایە تا ڕێکەوتی ٧ی خاکەلێوەی ٩٧ بەردەوام دەبێ.