تاریخ: ۱۳۹۷/۱/۲
مامۆستا شاریکەندی؛ ئاڵاهەڵگری کوردایەتی و ئیسلامەتی
عەللامە مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان

وتاری بڵاونەکراوەی"عەللامە مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان" لە کۆڕی پرسە و سەرەخۆشی "عەللامە مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی شاریکەندی"دا

بە بۆنەی 36ـەمین ساڵیادی کۆچی دوایی سوورخەڵاتی ڕێبازی کوردایەتی و ئیسلامەتی و پێشەنگی ڕووناکبیری: مامۆستا شاریکەندی ـ  7ی پووشپەڕی 1305_2 ی خاکەلێوە‌ی 1361

 

بسم‌ الله الرحمن الرحیم، الحمدلله رب العالمین و الصلوة و السلام علی اعظم الأنبیاء والمرسلین سیدنا محمد و علی آله و اصحابه الطاهرین اجمعین:

دەگێڕنەوە پێغەمبەری خودا فەرموویەتی: مدادُ العلماءِ اَفضلُ من دِماءِ الشهداءِ ؛ واتە مەرەکەفی قەڵەمی مامۆستایان و عولەما و زانایان، شوێنەواری لە سەرووترە و بە نرخ و بایی‌ترە لە شوێنەواری خوێنی شەهیدەکان. لەو ڕیوایەتە ئایینییەدا لە دوو هۆی هەڵستاندنی شۆڕش ،-"دوو هۆی گرینگ بۆ هەستانی شۆڕش و جم‌وجووڵی بنەڕەتی"- باس کراوە، دەگەڵ وەک یەک‌چوون و بوونی "قەدری موشتەرەک" لەبەر چەند هۆیەک لەم ڕیوایەتەدا یەکیان لەوی‌ تر بە بایی‌تر داندراوە.

بە واتایەکی تر دوای هاوشان دانانی قەڵەم بەدەستەکا ن و شمشێر بەدەستەکان لە ڕێگای بەربەرەکانی بۆ ڕەسەر خستنی حەق بە سەر ناحەق و ڕەسەر خستنی چەوساوە بە سەر چەوسێنەر و ڕەسەرخستنی چینی بەش‌خوراو و بە سەر توێژی بەش‌خۆر، قەڵەم بەدەستانی لەو ڕێگایەدا بە بڕشت‌تر و بە بایی‌تر و لە پێش‌تر داناوە.

بۆ ئەوە ئێمە ڕاستی و دروستی ئەو مەبەستەمان بە ڕوونی بێتە بەرچاو، ئەوەندە بەسە سەرنج لەو خاڵە بدەین کە زانایانی ئایینی لە  بەر تیشک و شۆقی زانینی ئایینی و هێز وەرگرتن لە سەرچاوەی وەحیی عاسمانی توانیویانە لە پەنای خۆ تەیار کردن و خۆ سازکردن ،ئەرکی بار هێنانی ئینسانەکان، واتە بە زاراوەی ئەوڕۆ ئەرکی"ئینسان سازی"ش وە ئەستۆ بگرن، چ ئینسانانێک؟! ئەو ئینسانانەی کە بە جووڵاندنی قەڵەمەکانیان و بزواندنی زمانەکانیان، وڵاتێک و چەند وڵات‌یان وەجووڵە و بزوتن خستووە. جگە لەوەش ئاخر خۆ شمشێر بەدەستانی ئیمانداریش خۆیان دەستکردی دەستی عولەما و زاناکان بوون. بۆ تۆ پێت وایە شەپۆلی شۆڕشە گەورەکان لە دنیای سێهەم کێ وەڕێی خستوون؟

زنجیرپسێنی دیلی و کۆیلەیی لە ڕاپەڕینەکانی ئەو سەدانەی دوایی، هەروا شۆڕش بە دژی چەوسێنەران بۆ ڕزگارکردنی خەڵکە بەش‌خوراوەکان، لە بن نیری زلهێزی جیهانی چ کەسانێک بوون؟ قەڵەم بەدەستەکان، عولەما و زانایان و شمشێر بە دەستەکان، کە ئەوانیش لە کۆڕی بارهێنانی قەڵەم بەدەستەکان هاتوونە دەرێ و بارهاتوون.

ئێمە لەو باسە کورتەدا نامانهەوێ بڕوانینە ئاسۆیەکی زۆر دوور، هەروا لەو شۆڕشانەی کە بە دەستی عولەما و پیاو ماقووڵانی وەک: شیخ محەممەد عەبدە و سەید جەماڵەددین و کەواکیبی و ڕەشید ڕەزا و ئیقباڵی لاهووری وعەبدولقادری جەزایری و جگە لە وانە هەڵگیرساون باسێکی بکەین. هەروەها لە بابەت شۆڕش و ئینقیلابی گەورەی دەستووری نەتەوەیی ئێران " انقلاب مشروطیت" باسێک ناکەین کە عولەما و مەلاکان و زانایان لەو ئاڵ‌وگۆڕەدا چ شوێنێکی گرینگیان هەبووە، بەڵکوو بە پێویستی دەزانم بۆ مەبەستێک قامک ڕادێرم کە لەو مەڵبەندەی ئێمە بۆ هەمووان ڕوون و بەرچاوە.

ئەویش ئەو مەبەستەیە، لەو مەڵبەندە، لە کوردستانی ئێران‌، لە چاخی پشوو لێبڕینی ڕژیمی ملهوڕی و ئیستیبدادیی پەنجاساڵەی پەهلەوییەکاندا کێ بوون ئەوانەی لە بەرامبەر زوڵم و ستەم و توند و تیژی و کەڵەزڕی ئەو ڕژیمەدا قەد و قامەتی خۆیان ڕاست کردەوە؟ چ کەسانێک بوون کە خۆیان کردە " ئەلف"ی ئەلفووبێی عیسیان و ئینقیلاب و شۆڕش؟ چ کەسانێک بوون کە بە ڕاست کردنەوەی " ئەلف" ی قامەتی ئینقیلابیی خۆیان "دال"ی دەڵاڵانی بازاڕی ڕەشی سیاسەت و "زال"ی زەلیلانی زێڕ و زۆر و تەزویریان وەبەر هەڕەشە دا؟ دەزانی کێ بوون؟ زۆربەیان مەلاکان بوون، مەلا مەحموودەکان، مەلا زەنگەنەکان، مەلا ئاوارەکان، حوجرە نشینەکان، ئەو مەلایانەی دەرسی ئازادی و ئازادەگی  و لە گیانبردوویی و گیانبەخت کردنیان فێری جەماوەر دەکرد، ئەو فەقێیانەی کە شۆر و شۆڕشی شۆڕشگێڕانەیان تیکەڵاوی دەرس و دەورەکانیان دەکرد و دەنگ و هاواری فەقێیانەیان هەڵدەبڕی و خۆیان بۆ هەستان و شۆڕشێک ساز دەکرد کە ڕەگ و ڕەچەڵەکی هەموو چەوسێنەرێکی ژوورەوە و چاوچنۆکی دەرەوە هەڵقەنن. ئەویش لە کام چاخ و خول و سەردەمێکدا؟ لەو سەردەمەدا ئینسانە ساویلکەکان تێکڕا لایان وابوو چوونە بەرەگە  و بەربەرەکانێی دەسەڵاتداران تەنیا خۆ بە کوژدان و ئەجەل نزیک کردنەوەیە، شۆڕش خەون و خەیاڵە، لەو کاتەدا بەشی زۆری خەڵک بە گیرفان هەڵمساندن و سەرخۆشی و زەنگۆڵی و تەجوممول پەرەستی و ڕابواردن سەرقاڵ بوون و بەشێکی خوێندەواریش بە داخەوە لە نۆبەتێی غەربزەدەگی چەقۆچۆیان بوو.

خەڵکی وشیاری موکریان ئاگادارن کە ئاوابوو هەڵس‌وکەوتی حوجرەنشینان و بەربەرەکانی لەبەرامبەر ڕژیمی ستەم شایی، تا ئەو جێیەی کە ڕژیم لە ساڵەکانی ئاخری عومری ناموبارەکی دا وززاقی لە خۆیدا و و لە هێرشێکی  بەرنامەبۆداڕێژراو،لە زیاتر لە هەزار حوجرە و مەدرەسەی کوردستان تاقێکی نەهێشتەوە، ئەو حوجرانەی کە وەک بنکەی شۆڕش  بوون، کاول و کڵێسی کردن و مەلاکانی ئاوارە کرد و مەلا ئاوارەکان ژمارەیان لە هەزار تێپەڕی. ئێوە ئاگادارن ئاوارە بوونی مەلاکان بەشێک لە چارەنووسی ئەو چینە بەش‌خوراوەیە.

مامۆستای شەهید "مەلا عەبدولکەریمی شاریکەندی" کە نێوبانگی شۆڕشگێڕی و نەتەوە خوازی و گەل ویستی و نیشتمان‌پەروەری ئەو بلیمەت و هەڵکەوتەیە ناوچەی تەنیبۆوە ، یەکێک لەفەقێ‌کانی ئەو حوجرانە بوو، نێوبانگی فەزیلەت و تەقوا و ئەدەب و عیلم و فەلسەفە و  حیکمەت و هەڵکەوتووییەکەی وەسەر هەموو زار و زمانان کەوتبوو و بێ‌گومان یەکێک لە عولەما و  ڕووناکبیران و زانایانی تەراز ئەوەڵی جیهانی تەسەننون  و کۆمەڵگای هەراوی کوردەواری بوو . بە شەهیدبوونی ئەو زاناپایەبەرز و هەڵکەوتەیە لە ناکاو، تەواوی جەماوەری ناوچە لە مزگەوتەکانی شار و لادێ و لە کۆڕ و کۆبوونەوەکان دا وە هاوار و زاڵە و ناڵە کەوت و نەتەوەی موسوڵمانی کوردی تازیەبار کرد، ئەو مامۆستا کوردە ڕۆژێک بوو کە لەو حوجرانە دەرسی خوێندبوو، ڕۆژگارێکیش لەو حوجرانەدا دەرسی ئایینی و تەقوا و فەزیلەت و خوداپەرەستی و ئازادەگی و گەل دۆستی دەکوتەوە، کێ دەیزانی کە ڕۆژێک دێ ئەو مامۆستایە دەرسی شەهیدبوون و شەهادەتیش بەشاگردانی مەکتبی خۆی دەڵێتەوە و بە ڕژاندنی تنۆکە تروسکەدارەکانی خوێنی پاکی خۆی، ئەو پلەوپایە لەو ئیمانەی کە بە حەقانیەتی ئامانجەکەی بووی مۆر دەکا.

دەستی توانای چارەنووس و تەقدیر وای کرد کە مامۆستای هەڵکەوتە وبلیمەت لە قوتابخانەی تەوحید و خوداپەرەستیدا ببێتە مودەرریس و دەرسوێژی دەرسی "شەهادەت"یش : " مَع الذینَ اَنعَمَاللهُ عَلَیهم من النبینَ و الصدِیقینَ و الشهداءِ و الصالحینَ و حَسُنَ اولئك رَفیقا/ً "نساء ٦۹"  تێکەڵ بوونی مەرەکەفی قەڵەمی عالمییەت و زانایەتی و مەلایەتێکەی دەگەڵ خوێنی پاکی شەهیدییەکەی، بەرزێتی مەقام و عەزەمەتی ڕۆحی ئەو زانا هەڵکەوتەی کوردی لە حیساب و ئەڕقامی عادەتی بردە سەرێ و کەوتە سەرووی حیساب و موقایسە و بەراورد. مەرەکەفی قەڵەمی عالم و زانا بەڕێزترە لە خوێنی شەهید، مامۆستا بە تەنیا پلەیەکی وەدەست کەوت کە خەڵک بە هەموویان دەکرێ ئەو پلەیان وەدەست کەوێ.

ئەی مامۆستای  هەڵکەوتە و بلیمەت و زانای کورد، ئەی مامۆستای پایە بەرزی دین، لە فێرگە و قوتابخانە و مزگەوت لە مەتەرێز و میحرابەکاندا و لە پشت بڵندگۆی  وتاردان و وەعز و خەتابەدا جێگات  زۆر چۆلە، بەڵام بزانە یادی تۆ لە میحڕابی دڵەکاندا و زیکری عەزەمەتی ڕۆحی و نبووغی ئەخلاقی و عیلمی و زانستی و ڕووناکبیری  و پلەی ئیمانی تۆ بە سەر زار و زمانەکانەوە هەتاهەتایە هەر ماوە و هەر دەمێنێ. ئەی مامۆستای شەهید ئەتۆ زەمانێک بوو لە پەنای ئێمەبووی و ئێستا بە شەهید بوونەکەت لە پەنای ئێمە ڕا پێت ناوەتە سەر چاومان و چوویەتە نێو دڵمان و لە نێو دڵی ئێمە و هەموو ئینسانێکی دڵ زیندووی حەق ویست و خواویست و گەل خۆشەویست، هەتاهەتایە زیندووی.