تاریخ: ۱۳۹۷/۲/۲
سەدوبیست ساڵ بەسەر ڕۆژنامەگەری کوردی دا تێپەڕی
ئازاد ئیبڕاهیمی

سەدوبیست ساڵ لەمەوبەر لەڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا یەکەم رۆژنامەی کوردی بەناوی "کوردستان" لەسەردەستی ماڵباتی نیشتمانپەروەری بەدرخانەوە، لە قاهیرە بڵاوکرایەوە. ئەویادە پیرۆزە قەت لەبیرناکەین بەڵام دەشزانین رۆژنامەگەریی کوردیی بەهاسانی نەگەیشتۆتە ئەم ئاستە و تا بە ئەمڕۆ چ ڕێگەیەکی پڕهەورازونشێوی تێپەڕاندووە. ئەگەر باسی مێژووی رۆژنامەوانیی کوردیی لە ئێراندا بکەین، هەمومان ئاگامان لێیە کە لە سەردەمی رژێمی پەهلەویدا کتێب و نوسینی کوردیی قەدەغە کرابوون و لە چەن قۆناغی کورتی مێژووییدا نەبێ کە رۆژنامەگەریی کوردیی گڕوگاڵێکی کرد، دەنا هیچ دەگۆڕێدا نەبوو تا وەک پڕۆسەیەکی بێپسانەوەی رۆژنامەگەری کوردیی ناوی ببەین . ئەوەش دەزانین کە لەو سەدوبیست ساڵەدا گەلێک کەسایەتی و خەمخۆری گەل و نیشتمان هەبون کە کۆڵیان نەداوە و قۆڵێان لێهەڵکردووە  و هەرکەسە و بەگوێرەی توانا و دۆخی سەردەمی خۆی تینێکی وەبەرداوە و رۆژنامەگەریی کوردیی لە پەیژەی دیرۆکیی خۆی بەرەو ژوور پاڵ پێوەناوە. ئێستاش دەمەوێ یادێک بکەم لە گۆڤارێکی کوردیی ڕچەشکێن کە بواری بۆ درێژەدان بە رۆژنامەگەریی کوردیی خۆشتر کرد، بۆیە جێی خۆیەتی و بەشیاوی دەزانم ئاماژەیەک بکەم بە گۆڤاری"گرشەی کوردستان" وەک یەکەم ئەزمونیی فەرمیی رۆژنامەگەریی کوردیی لەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لەساڵی ۱۹۷۹دا کە لەسەردەست و بە پێشەنگایەتی نوسەروتوێژەری تێکۆشەر دوکتور محەممەدساڵح ئیبراهیمی ناسراو بە مامۆستا شەپۆل لەدایک بوو و وەک ئەستێرەیەک لە ئاسمانی رۆژنامەگەریی کوردیدا درەوشایەوە و بێگومان، گرشەوورشەی ئەو گۆڤارە بووە رێشاندەری کەسانی دی، تا کاروانی رۆژنامەگەریی کوردی بەرەوپێش ببەن.

بەو هیوایە کە چرای رۆژنامەگەریی کوردی هەردەم روناکتر بێ.