تاریخ: ۱۳۹۷/۲/۳
ڕێ و ڕەسمی پەردەلادان و خوێندنەوەی ڕەخنەیی و شیکارانە بۆ چوار کتێبی عادڵ محەممەدپوور
بە پێی هەواڵی هەواڵدەریی هاژە ڕۆژی یەکشەمە دووی گوڵانی (97) بە پێی بانگهێشتی پێشووی ئەنجومەنی فەرهەنگی-ئەدەبی مەریوان و ناوەندی چاپەمەنی ئەوین لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی ئیدارەی ئیرشادی مەریوان، کاتژمێر 5ی پاش نیوەڕۆ، کۆڕێک بۆ پەردەلان و خوێندنەوەی ڕەخنەیی و شیکاریانەی چوار بەرهەمی عادڵ محەمەدپوور، بە بەشداری شاعیران، نووسەران و ڕۆژنامەوانان و هۆگرانی ئەدەب و شێعر و ڕۆژنامەنووسی (مەریوان، پاوە و دزڵی و...) بەڕێوە چوو:
سەرەتای کۆبوونەوەکە بە وتەکانی ئەنوەری ڕەوشەن، بەرپرسی ئەنجومەن دەستی پێکرد. ئەو وێڕای بە خێرهاتن و پیرۆزبایی ڕۆژی ڕۆنامەگەری کوردی لە خەڵکی کوردستان و میوانەکان، لە سەر چالاکییە ئەدەبی و ڕۆژنامەوانییەکانی عادڵ محەمەدپوور ئاوڕێکیان دایەوە.
دوابەدوای بە بەشداری: کەیهان عەزیزی، دوکتور ئێسماعیل مەحموودی، د. بەرزان حسەینی و عادڵ محەمەدپووری نووسەر، پەنێلێک بۆ خوێندنەوە و هەڵسەنگاندی بەرهەمەکان بەڕێوەچوو. د. بەرزان حسەینی وەک بەڕێوەبەری پەنێلەکە، یەک لە دوای کرد لە کەیهانی عەزیزی و د. ئیسماعیل مەحموودی داوای کرد کە باسەکە دەست پێ بکەن. ئەو بەڕێزانە وێڕای ئاماژە بە چالاکییەکان و ژیاننامەی نووسەر، بە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانە و ڕەوشمەند، فۆڕم و ناوەڕۆکی کتێبەکانیان تاوتوێ کرد و لە باری عێلمی و ئاکادێمیەوە بەرزیان نرخاند و هەندێ تێبینیشیان بۆ باشتر نووسینی بەرهەمەکان خستە ڕوو.
بەشێکیتری بەرنامەکە، تایبەت بوو بە نووسەر کە وێڕای بە خێر هاتن لە میوانەکان و دەستخۆشی بەڕێوەبەرانی کۆڕەکە و مامۆستایانی شرۆفەکار، لە سەر چالاکییەکانی خۆی و باسە پێوەندارەکانی کۆڕەکە، باسێکی بەرفراوانی ورووژاند و لە لایەن ئامادەبوانەوە پێشوازی لێکرا. دوایین بەشی کۆڕەکە لە لایەن بەرپرسانی ئەنجومەن و ناوەندی ئەوینەوە، بە لەوحێکی سپاسنامە و چەپکە گوڵێک لە نووسەر و بەرهەمەکانی ڕێز گیرا و بەمجۆرە بەرنامە پاش سێ سعات کۆتایی هات.
کتێبەکان ئەمانە بوون:
١- طرح؛ جریان شناسی شعر هەورامی از ابتدا تا کنون
٢- دیمانە
٣-چەکەریای حەزێ تازێ و عومرێ جادە
٤-راهنمای مطبوعات کردی