تاریخ: ۱۳۹۷/۳/۵
سەبارەت به دکتور محەمەد ساڵح ئیبراهیمی (شەپۆل)

دکتور محەمەد ساڵح ئیبراهیمی (شەپۆل) کۆچی دوایی کرد

نوسەر، وەڕگێر، لێکۆڵەر و ڕۆژنامەوان و مامۆستای زانکۆ دکتور محەمەد ساڵح ئیبراهیمی  ناسراو بە شەپۆل ساڵی 1312 هەتاوی لە بنەماڵەیەکی زانا و نیشتمان پەروەر لە شاری مەهاباد چاوی بە جیهان کرایەوە.

مامۆستا شەپۆل کوڕی خوالێخۆشبو مەلا ئیبراهیم کوڕی عارفی ڕەبانی حاجی خەلیفە مەلامحەمەد بوو کە بە عالم و زانایەکی پسپۆڕ لە کاتی خۆی لە نێوان خەڵک بانگ و ئاوازەی هەبوو.

مامۆستا شەپۆل لە مناڵی بە داب و نەریتی قەدیم کتێبە سەرەتایەکان وەک قورئانی پیرۆز لای بابی فێر بوو و پاشان لە حوجرە لای مەلایانی زانا علومی قەدیمی دینی تەواو کرد و پاشان هەر لە مەهاباد لای حاجی مەلاحوسێن مەجدی درێژەی بە خوێندن و تۆێژینەوە داوە.

دوای تێپەڕ کردنی ئەم قۆناغانە ئیجازەی دەرس گوتنی وەرگرتۆ و لە ساڵی 1335 هەتاوی بۆتە خەتیب و ئیمام جومعەی خانقەی نەهری و لە هەمان کاتدا بۆتە مودەریس لە مزگەوتی سوور.

مامۆستا شەپۆل وەک تەواوی کاتەکانی ژیانی تینوی فێر بوون بوو و ئەمەش بو بە هۆی ئەمەیکە شاری مەهاباد و دەرس گوتن لە مزگەوت جێ هێڵێ و کۆچ بکات بۆ تاران و لەوێ درێژە بە خوێندن بدات. مامۆستا لە زانکۆی تاران درێژەی بە خوێندن دا و قۆناخی دوکتوڕا و باڵا دکتوڕای لەم زانکۆیە تەواو کرد و پاشان بو بە مامۆستای علومی قەزایی زانکۆی تاران.

مامۆستا شەپۆل ساڵی 1343 هاوکاری لەگەڵ ڕادیۆ کوردی تاران دەست پێ کرد و چەندین وتار و نوسراوەی لە بابەت کلتور و زمانی کوردی پێشکێشی کۆمەڵگای کوردی کرد و تا ساڵی 1391 هەتاوی لە ڕادیۆ کوردی تاران بەردەوام بوو.

مامۆستا جگە لە هاوکاری ڕادیۆ تاران بۆ پەرەدان بە کوولتور و خزمەت بە زمانی کوردی لە ساڵی 1347 بە هاوکاری مامۆستا جەمیل ڕۆژبەیانی و محەمەد سادقی موفتی زادە و مامۆستا سوارە ئیلخانی زادە و چەند کەسی دی کانونی زمانی کوردیان لە تاران دامەزراند.

مامۆستا شەپۆل وەک ئاواتێک بۆ دەرخستنی گۆڤارێک بە زمانی زگماک توانی دوای فەراز و نەشێوێکی زۆر گۆڤاری ((گرشەی کوردستان)) دامەزرێنێ و لە نۆ مانگدا 9 ژمارەی ئەم گۆڤارەی وەدەر خست و ئەم ئاواتەشی بە ئارمانج گەیاند.

مامۆستا شەپۆل 35 بەرهەمی لە چاپ دراوی هەیە کە هەر یەک لەم بەرهەمانە گەنجینەیەکی تایبەتن و بوونە مایەی دەوڵەمەندی هەرە زیاتری کتێبخانەی کوردی.

ئەم تێکۆشین و بەرهەمانە نیشاندەری ئەوەن کە مامۆستا ژیانی خۆی تەرخان کردوە بۆ گەل و کولتوور و ئەدەبیاتی کوردی، هەرچەند زۆر جاران بۆ چاپ کردنی ئەم بەرهەمانە تووشی دەست تەنگی دەبوو بەڵام ئاگادار بوو کە دەوڵەمەندی پارە گرینگ نیە و دەوڵەمەندی  ڕاستەقینە لە  خزمەت کردن بە گەل و نیشتمانەوە وەدەر دەکەوێ و دیارە دەوڵەمەندی ئەم مامۆستایە وێنەی بەحرێکی بێ بنە.

چەند بەرهەمی مامۆستا کە دەبێ ئاماژەیان پێ بکەم بریتینن لە:

1-وەڕگێرانی قورئانی پیرۆز بە زمانی کوردی

2-ڕاپەڕینی ژەنڕاڵ مستەفا بارزانی رابەری کابیری کورد

3-گەنجینەی فەرهەنگ و زانست

4-زانایانی کورد

5-کۆبانی

6-باوی کۆمەڵایەتی

7-ژنانی کورد لە مێژوو دا

مامۆستا بە بۆنەی خزمەت و شارەزایی لە ئەدەبیاتی کورد بو بە سەرۆکی ئەنجومەنی زمان و فەرهەنگی کوردی و هەروەها چەندین خەڵاتی ئیفتیخاری لە کۆڕە ئەدەبێکان پێشکێشی کرا کە یەکە لە هەرە خەڵاتە گرینگەکان خەڵاتی ساڵیادی شەهیدانی هەڵەبجە بوو و هەروەها میداڵی ئیفتیخاری دەزگای چاپ و بڵاو کردنەوەی بەدرخانی بەرەو ئازادی ڕۆژنامەنیگاری کوردستان بە ناوی خەڵاتی نوسەر و لێکۆڵێنەر و وەڕگێر بۆ خزمەتەکانی پێ درا.

مامۆستا شەپۆل تا ئاخرین هەناسەکانی ژیانی دەستی لە نووسین هەڵنەگرت و گوڵێک بو لە گوڵستانی زێڕینی ئەدەبیاتی کورد و کە لە درێژایی تەمەندا تەنیا ڕێگای خزمەت بە گە و نیشتمانی گرتە بەر و ئەمڕۆ بە داخەوە چەپگەردی گەردون ئەم گوڵەشی لە گوڵستانمان چنی بەڵام یاد و یادرگارت بە بۆنەی بەرهەمە بە نرخەکانت لە دڵمان زیندوویە و چرای ڕوناکت لە دڵمان پڕ سۆیە و ئێمەش درێژەدەری ڕێگاتین.

مامۆستا شەپۆل ڕۆژی 5ی جۆزەردانی 97ی هه‌تاوی دوای ماوەیه‌کی کورت ململانێ لەگه‌ڵ نه‌خۆشی  له تاران کۆچی دوایی کرد و بڕیاره له شاری مەهاباد به خاک بسپێردرێ.

سوپاس بۆ تێکۆشانت

بە دیداری ئازیزانت شاد بی

کاک ناسر ـ شایستە خانم ـ کاک مستەفا ـ نەسرین خانم  ـ کاک ئازاد

شەریکی غەمتانین.