تاریخ: ۱۳۹۷/۵/۲۱
کوڕی پرسه و سەرەخۆشی خاتوو مەعسوومه ئه‌حمه‌دی، خێزانی مامۆستا هه‌ژاری نەمر

به پێی هەواڵیی هاژه، ڕۆژی شەممه 20ی گەلاوێژی 97ی هەتاوی کۆڕی پرسه و سەرەخۆشی خاتوو مه‌عسوومه ئه‌حمه‌دی خێزانی باوەفای مامۆستای هه‌ژاری نه‌مر له مزگه‌وتی مه‌ولەوی شاری مەهاباد به‌ڕیوە چوو.

له‌م کۆڕەدا سەعید نەجاڕی ناسراو به مامۆستا ئاسۆ له‌سەر دەوری ژن له کۆمەڵگای کوردەواریدا دەوا و وێڕای گرینگ وەسف کردنی ڕۆڵی ئه‌وان، خاتوو مەعسوومەی وەک یه‌کێک له نموونه‌کانی بەرچاو له ژیانی کەسایه‌تییه‌کی وەک مامۆستا هەژار باس کرد. له درێژه‌دا مامۆستا ئاسۆ، شوانه بۆکانی، سەعدوڵڵا مه‌جیدی (ئەوداڵ) چەند پارچه شێعرێکیان ئاراسته‌ی بەشداربووانی کۆڕی ماته‌مین کرد.

پاشان فەتاح قازی ئاوڕدانه‌وەیه‌کی سیاسی دایەوە سەر ژیانی مامۆستا هەژار و بنه‌ماڵه‌که‌ی و وتی: هەژار پەروەردەی مەکته‌بێکی زۆر پیرۆزه و هه‌تا دوا پشووی ژیان بۆ وەدەست هێنانی مافه‌ ڕەواکانی گه‌له‌که‌ی هه‌نگاوی هەڵێنا و له ڕێبازی خزمه‌تی ڕاسته‌قینه لای نەدا و وەک دیاره چەندین ساڵ تووشی ژیانی ئاوارەیی و دەربەدەری بووه و خێزانی بەڕێزیان تەواوی ئه‌و ساڵانه پێ به پێی مامۆستا هه‌ژار له هەموو سەختی و دژوارییه‌کاندا هاوڕێیه‌تی کردووە.

له درێژه‌دا شوڕش ئه‌بووبه‌کری پەیامی سەرەخۆشی خەڵکی سەدەشتی ئاراسته‌ی بنه‌ماڵه‌ی شەڕەفکه‌ندی کرد.

بارزان شەڕەفکه‌ندی وەک نوێنه‌ری بنه‌ماڵه‌که‌ی سپاسی هەموو بەشداربووانی کوڕەکه‌ی کرد و هیواشی خواست ڕووحی هاوژینی مامۆستا هه‌ژار به بەهه‌شتی بەرین شاد ببێت.

مەعسوومە ئەحمەدی، لەدایکبووی 1929 هاوسەری مامۆستا هەژار نووسەر و شاعیری ناسراوی کورد، شەوی چوارشەممه 17ی گەلاوێژ لە تەمەنی  89 ساڵیدا لە شاری هەولێر بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.