تاریخ: ۱۳۹۷/۶/۱۰
مەرگی شەریف لە شرۆڤەیەك دا

 سەعدوون مازووجی  

 لە فەرهەنگی نەتەوەی کورد دا ئەگەرچی ئاگر خاوەنی پیرۆزایەتییەکی جێ سرنجە و زۆربەی بۆنە و ڕێوڕەسمە شاد و پیرۆزەکان لە خرمانەی چاوکی ئاگر دا بەڕێوە دەچن ، بەڵام هەر لەو کاتەش دا سوتمان وەك دیاردەیەکی دڕ و بێ ئامان پێناسە کراوە و لە ڕق و تۆڵە و خۆکوژی ئاڕمانی و تەنانەت لە ڕەخنەی سیاسی و کۆمەڵایەتیش دا کەلکی لێ وەرگیراوە. بۆ وێنە زۆر جار لە هەواڵەکانی ڕۆژانە دا تەزووی خۆ سووتاندنی ئافرەتان لە سۆنگەی کێشە کۆمەڵایەتێکانەوە ویژدانی تاك و کۆمان دەتەزێنێ.یان ڕەنگە مێژوو ئەو کەسانە لەبیر نەکا کە لە تاو ڕفاندن و گرتنی بەڕێز ئۆجالان ئاگریان لە جەستەی خۆ بەردا و... هەموو ئەو ڕووداوە دڵتەزێنانە لە حافزەی جەمعی ئێمە دا جێگایەکیان بۆ خۆ هەیە، بەڵام پێموانیە هێچ ڕووداوێك هێندی سوتانی کاك شەریف و هاوڕێکانی لە سەر هەست و ویژدانی کۆی دانیشتوانی ئەو ژیارە کاریگەری هەبوو بێ.

  ١ ئێستا پرسیار ئەوەیە: لە کاتێك دا بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژران و مەرگی هاوڵاتیان بۆتە بابەتی سەرەکی ڕاگەیەنەرە جۆراوجۆرەکان و کۆمەڵگا جووڵەیەکی جێی سرنجی نایە، بۆچی مەرگی شەریف و هاوڕێیانی بەو شێوەیە کەوتە بەر سرنجی خەڵك و هەڵوێستیان نواند؟ رەنگە  بکرێ لە وڵامی ئەو پرسیارە دا ئاماژە بە زۆر خاڵی زەقی وەك مەرگی بەزەیی بزوێن و سرنج ڕاکێش بوونی کاری ژینگە پارێزی و ... بکەین، بەڵام ناکرێ ئاوڕ لە هێندێك بابەتی شاراوە نەدەینەوە.

 بە پێی ئەو زانیاریانەی لەبەر دەست دان شەریف لە بواری ماڵیەوە نەتەنیا مرۆڤێکی دەوڵەمەند نەبووە بەڵکە هەژار و کرێ نشین و خاوەنی دەکەیەکی قەراغ شەقام بووە. لە کۆمەڵگایەك دا کە زۆربەی نرخ و سەنگەکان بە پووڵ پێوانە دەکرێن، گەورەیەکی یەکجار زۆری پێدەوێ تۆ سەرەڕای ئەو با رودۆخە ماڵیە بەو شێوەیە بەشداری کار و تێکۆشانی کۆمەڵایەتی و ژینگە پارێزی بکەی. دەبێ خاوەنی ڕوانگەیەکی زۆر ڕوون و ڕەوا بی جا دەتوانی بە زگی برسیەوە بە دووچەرخە بەرەو تاران پێداڵ لێبدەی و پەیامی دووری لە توندوتیژی بە ناوەند نشینان ڕابگەیەنی. یان بۆ لێقەوماوانی بومەلەرزە لێدراو یارمەتی کۆکەیەوە. ئەوە لەکاتێك دایە بە هۆی بار و دۆخی نالەباری سیاسی کوردستان و بێبەش کردنی خەڵکی کورد لە دەسەڵات، زۆربەی هۆگران و هەڵسووڕان ڕوویان لە کەرتی چالاکی مەدەنی و بەستێنەکانی نزیك و سەر بەو دەوەرە کردووە و گۆڕپانەکە تا ڕادەیەك ئاڵۆزە و هێندێك کەسی هەلپەرەست و بەرژەوەندخواز دزەیان کردۆتە ئەو ڕیزە بەڕێزەوە و خەریکی وەدەست هێنانی ماڵ و شۆرەتن . بەڵام کاك شەریف بەکردەوە نیشانی دا دەکرێ وێڕای خواردنی غەمی نانی خۆت دڵەڕاوکەی گەورەتریشت هەبێ. بیر لە چارەنووسی گشتی بکەیەوە و هەنگاوی بۆ هەڵگری. دروشانەوەی ئەو گەوهەرە لە وجوودی ئەو ئینسانە دا ئەو خەڵکەی بەو چەشنە هەژاند و بۆ هەموو لایەك ڕوون بۆوە کە خەڵك جنسی ئەسڵ و بەدەڵ لێك دەکەنەوە.

 ٢ لە بەرەو ڕوو بوونە لەگەڵ کارەساتی ٣ی خرمانان دا دوو دیاردە خۆیان وەدەر خست. یەکەم :هەڵسووڕانی کۆمەڵگای مەدەنی کوردستان سەرەڕای تەواوی ئەو ڕەخنانەی لە بەشی ڕادیکاڵی بزووتنەوەی کوردیان دەگرت نەیانتوانی بۆ وەسف و وێنا کردنی ئەو کارەساتە لە ئەدەبیاتی ئەوان لادەن و دەستەوداوێنی ئەو زمانە بوونەوە کە پێیان ناکارامە و لەگۆ کەوتوو بوو و شەهید ، شەهیدیان لە زار نەدەکەوت. ئەگەر ئەو ڕەخنەگرانە لە بەرەوڕوو بوونە لەگەڵ ئەو کارەساتانە دا نەتوانن سنوربەندییەکانیان دیاری بکەن لەوانەیە بەزەحمەت دەرفەتی شیاوی تریان وەدەست کەوێ. دووهەم: بەش و لایەنەکانی ڕادیکاڵی بزووتنەوەی کوردیش لە سەر ساحەبەتی شەریف لەگەڵ یەك کەوتنە ڕەکەبەرایەتییەکی. بێ خەبەر لەوەی کە شەریف بە زیندوویی و بەمردووییش موڵکی کەس نەبووە و نیە، بەڵکە ئەندامێکی کۆمەڵگای مەدەنی بووە. ئەگەر ئەو پێکهاتانە کۆمەڵگا و کارامەیی و دامەزراوەکانی بەفەرمی بناسن، حەول نادەن بەزەختی میدیا و دنەدانی سۆز و هەست، هێزە ئینسانییە دەروەستەکانی کۆمەڵ داگیرکەن و مەیدانی کار و تێکۆشانی هەڵسووڕان  دڕکن کەن. کۆمەڵگای کوردستان ئەگەر ناحەزان و یارانی کەم شارەزا لێگەڕێن، توانای ئەوەی هەیە نەك شەریفێك بەڵکە هەزارانی وەك ئەو و چەندها گرووپ و لایەنی سیاسی بە هۆویەتی جیاوازەوە درووست بکا  و ڕێی گەشە بەڕوو سووری بپێوێ.

 ٣ بەهۆی ئەوەی هێزە ئینسانییە هەڵسووڕەکانی کۆمەڵگا لە نێو شار و ئاوەدانییەکان دا بە کاوی دڵی خۆیان ناگەن و کەشێکی نەزۆك و نائەمن خوڵقاوە بەشێکی بەرچاویان ڕوویان لە کەژپێوی (کوهنوردی) و ژینگە پارێزی کردووە. (هەڵبەت لێرە دا مەبەست کەم بایخ کردنی ئەو دوو بوارە نیە و تەنیا بۆ وەسفی کردنی وەزعەکەیە) جودا لەوەی گۆڕینی ئەو ئاراستەیە خۆی هەڵگری خەساری تایبەتە، ئەو هێزانە لە بەرەو ڕوو بوونەوە لەگەڵ دیاردە نەخوازراوە سروشتی و کۆمەڵایەتییەکان خەساری قورسیان بەردەکەوێ. ئەوانە نە ئامووزش و ڕاهێنانی پێویستیان دیوە و نە کەلوپەلی شیاویان لەبەردەست دایە. ژینگە پارێزی بۆی نیە بە دەستی بەتاڵەوە بەرەرووی خەتەر و هەڕەشەکان بێتەوە و بەڵکە دەبێ ئیدارە و ناوەندە پێوەندیدار بەرپرسیار بکا و شیاوە خۆی تەنیا پاڵنەر و یارمەتی دەر بێ. نابێ لەبیرمان بچێ لەوانەیە زۆر کەس یان دیاردە دەست لە سروشت بوەشێنن. بۆ وێنە شارەزایان و کارناسان پێوەندیدار دەڵێن لێڕەوار مومکینە بە چەند شێوە بسووتێ، کە یەکیان  بێ دەستێوەردانی مرۆڤ ڕوو دەدا، یان گەلێك جار دیتراوە وەرزێڕێك بۆ ئەوەی تۆزێك پاوانەکەی بەرفراوان بکا لایەکی لێڕەواری گڕداوە و ... ئەگەر ئێمە بێ پارێزی پێویست و تەنیا بۆ تەواو کردنی پازێلی پاکی و قارەمانەتی خۆمان تاوانەکەی بخەینە ئەستۆی لایەنە نیزامیەکان غەدرمان لە خۆ کردووە و تاوانبارانی ڕاستەقینەمان دەرباز کردووە. تەواوی ئەو باس و بیرانە ئەوە دەسەلمێنێ کە ژینگە پارێزی کارێکی درێژخایەن و زانستیی و نائیحساسی و کۆمەڵ تەوەرە و پێویستی بەڕاهێنانی بەردەوام و دامەزراوەی دەروەست هەیە. سروشتی بێ مرۆڤ و کوردستانی بێ کورد لە ئاسۆی بیری هیچ لایەك دا نیە.

 لە کۆتایی دا بەر لە هەموو کارێك پێویستە بزاندرێ کە کاك شەریف و هاوڕێیانی چۆن تووشی ئەو کارەساتە هاتوون و بۆچی نەیانتوانیوە گیانی خۆیان نەجات بدەن. بێشك لەو بارودۆخە دا کۆمەڵگای ئێمە بەهاسانی تاقەتی لە دەست دانی شەریفی دیکەی نیە.