تاریخ: ۱۳۹۷/۶/۱۲
ئەنجومەنی ئەدەبی مەهاباد لەسەر هەمایشی مامۆستا هەژار کۆبوونەوەیەکی پێک هێنا

بە پێی ڕاپۆڕتی پێگەی هەواڵی هاژە یەکەمین جەلەسەی ئەنجومەنی ئەدەبی مەهاباد لەمەڕ هەمایشی مامۆستا هەژار ڕۆژی یەک‌شەممە 11ی خەرمانان لەم بنکەیە بەڕێوەچوو.

لە سەرەتادا قاسم تاباک وەک کۆڕگێڕ لە سەر کەسایەتی مامۆستا هەژار گوتی: زۆر باس و لێدوان لە سەر کەسایەتی و کارە ئەدەبییەکانی مامۆستا کراوە، بەڵام تا ئێستا بە شێوەیەکی تۆکمە لە ڕووی زانستییەوە ئاوڕی لێنەدراوەتەوە.

تاباک لە درێژەدا ڕایگەیاند: هەر چەند ڕەخنە و نەقد لەسەر هەمایشی مامۆستا هێمنی زۆر بووە، هەر بۆیە حەول دەدرێ کە ئەم کەلێنانەی کە لە هەمایشی پێشوودا هەبووە، سرنجیان بدرێتێ و پڕ کرێنەوە.

خالەق جەلیل‌نیژاد یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی ئەدەبی وتی: یەکەمین شت کە لە هەمایشەکان‌ دیارە بابەت، خاڵ و کۆبەند تووشی ئاڵۆزی هاتووە، جا بۆیە ئەم هەمایشە حەول دەدا، مەیدانێکی نوێ وەک "خوێندنەوەی ڕەخنەگرانە" لە خۆیدا بێنێتە ئاراوە.

جەلیل‌نیژاد لە قسەکانی‌دا تیشکی خستە سەر ئامانجەکانی هەمایشی مامۆستا هەژار و گوتی: کارنامەی کار و ژیانی کەسایەتییەکان لە سوێنگەی قەڵەمی نەوەی نوێ هەڵسەنگێندرێ و شرۆڤەی بۆ دەکرێ، هەروەها سازکردنی خەتێکی موتالەعاتی لەسەر کوردستان‌ناسی یەکێکی‌تر لە ئامانجەکان بە ئەژمار دێت.

سەلاحەددین ئاشتی نووسەر و وەرگێڕ لەسەر بڕیاری بەڕێوەبردنی هەمایشی هەژار ڕایگەیاند: دیارە دەبێ ئەنجومەنی ئەدەبی کەم و کۆڕییەکانی هەمایش و بەرنامەکانی پێشوویان بیستبێ و بەخۆیاندا هاتبنەوە کە بڕیاری بەڕێوەبردنی وەها هەمایشێکیان داوە. بەڵام بەداخەوە خاڵەکانی ئەم هەمایشە ئیجابین و شوێنی ڕەخنەیان نەهێشتۆتەوە، دەبێ لەپێشدا ئەو خاڵانەی کە خوێندنەوەی نۆیان پێدەگوترێ دیاری بکرێن.

ئاشتی لە درێژەدا لەسەر ئەم ناکۆکییەی لەمەڕ بەڕێوەچونی ئە‌م هەمایشە هاتۆتە ئاراوە گوتی: بەداخەوە لە نێو ئێمەی کورددا فەرهەنگی دووبەرەکی هەمیشە هەبووە و شتێکی حاشا هەڵنەگرە. لە سەر بەڕێوەبردنی ئەم بەرنامه‌یەش ئەو شتە هەیە و دەبا دەنگی ناڕازیش لێرە بوونیان هەبایە و قسەی خۆیان گوتبایە و ئێمەش گوێ بیست باین. چون بە دڵنیاییەوە بۆ بەڕێوەبردنی ئەم هەمایشە هەر دوو لا خاڵی هاوبەشیان زۆرترە تا خاڵەکانی ناکۆک، ئەگەر بێت و پێشی ئەو دووبەرەکییە نەگیرێ، ئەوە جەریانێکی بەدواوە دەبێ کە بەرنامەکە لاواز دەکا.

ناوبراو لە کۆتاییدا وتی: سەبەرزی مەهاباد، سەربەرزی نیشتمانە، جا بۆیە هیوادارم هەموو لایەک بە هاودەنگی ئەم کارە ڕاپەڕێنین کە یەکەم لە شەئنی هەژار، دووهەم لە شەئنی مەهاباد و سێهەم لە شەئنی نیشتمان دابێ.

جەلال پوورحەسەن یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ئەنجومەنی ئەدەبی لەسەر هۆکارەکانی ئەم کەسانەی کە بەرهەڵەستی بەڕێوەبردنی ئەم هەمایشەن گوتی: له هەمبەر ئەم قەزییەدا تاقمێک دەیانگوت، شارەداری قەرزدارە و باروودۆخی باش نییە، هێندێک دەیانگوت شارەداری چەندی لە توانادا هەیە یارمەتی بدات، تاقمێکیش دەیانگوت چمان لە دەست دێ یارمەتیتان دەدەین.

سەعد قازی سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی ئەدەبی مەهاباد لەو دانیشتنەدا گوتی: مامۆستا هەژار کەسێکی بلیمەت و هەڵکەوتەیە، بەڵام ئەگەر بە حەق بایە، ئێستا نۆبەی هەژار نەبوو، دەبا لەسەر کەسانێکی دیکە که هەژار بە مامۆستای خۆی دەزانین هەمایش گیرابا.

قازی ڕایگەیاند: لێرەدا بەشی ماڵی زۆر گرینگە و دەبێ ئەنجومەنی ئە‌دەبی لەسەر پیی خۆی ڕاوەستێ نەک ئەوەی چاوی لە دەستی شووڕا و شارەداری و ئەم و ئەو بێ. لە سەر هەمایشی زانستی کۆمەڵێک چەمک و مێتۆدۆلۆژی هاتوونەتە ئاراوە کە ئەوە ئەرکی زانکۆیە بەو کارە هەستێ، نەک ئەنجومەنی ئەدەبێ بێ بیکات.

دوکتور ئەحمەد ئەحمەدیان مامۆستای زانکۆ لە سەر بەڕێوەچونی ئەم هەمایشە‌دا گوتی: لە 10 ساڵی ڕابردوودا لە ناوچەی ئێمە کە مەڵبەندی فەرهەنگ و هونەر و نووسەران و ئەدیبان بووە کارێکی ئەوتۆی زانستی نەکراوە.

ئەحمەدیان لەسەر لاینەکانی هەمایشی مامۆستا هێمن ڕایگەیاند: بەداخەوە داوەرەکانی هەمایش نەناسێندران، هەر وەها لەم هەمایشەدا کلاسیکەکان قرتێندرابوون و تەنیا لەسەر ئاکادێمیسیەنەکان ساغ ببوونەوە.

مریەم قازی چیرۆکنووس و نووسەر لەم کۆڕەدا وتی: دەبێ لەو کارانەدا ئەو کەسانەی کە لە ئەنجومەنی ئەدەبی‌دا خاوەن ئەزمون بوون و لە سەردەمانی پێشوودا لە ئەنجومەن کاریان کردووە، هەر لە هەوەڵی کارەوە لە جەریانیان نابان تا هاودەنگی کارەکە بووبان.

سەرۆکی فەرهەنگ و ئیڕشادی ئیسلامی لەم دانیشتنەدا وتی: لەو چوار دەهەیەدا زۆر کار نەکراون کە هەم میللەت و هەم دەوڵەت بۆی پەشیمانن، جا بۆیە دەبێ هەلەکان بقۆزرێنەوە و بە باشترین شێوە کەڵکیان لێ وەرگیرێ.

مورادی لە درێژەدا گوتی: مەهاباد مەڵبەندی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردەواری بە ئەژمار دێت و دەبێ حەول بۆ کاری تۆکمەتر بدرێت. بە دڵنیاییەوە ئەنجومەنی ئەدەبی بە تەنیا ناتوانێ هەموو کارێک بکات، هەر بۆیە دەبێ هەموو بە یەک‌دەنگی و هەر کەس لە شوێنی خۆیەوە ئەرکێک وەئەستۆ بگرێت

 لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا ئامادە بووان حەسەن محەممەدی، مەسعوود فازلی، شەویار گولابی‌ئازەر، سەید مەسعوود سەعیدی، حەسەن فکری، ڕەسووڵ کەریمی "سووتاو"، سمکۆ پاکزاد، نەسرین ڕوکەش، قادر نیازی، عەزیز وەڵیانی لەسەر وروژاندنی ژیانی سیاسی  و ڕووانگەی مامۆستا هەژار لەسەر ژن و هێنانە ئارایان لە نێو دەقی وتارەکان، هەڵبژاردنی کەسانێک لە دەرەوەی ئەنجومەنی ئەدەبی بۆ قسە کردن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە بۆ بەڕێوەچونی ئەم هەمایشە ناڕازین و... دوان و ڕا و بۆچوونی خۆیان دەربڕی.

شایانی ئاماژەیە دووه‌مین هەمایشی ساڵانەی زانستی ئەدەبی (هەمایشی ناوچەیی عەبدوڕڕەحمان شەڕەفکەندی "هەژار") بە بەشداری پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان، ئیلام و لوڕستان 23 و 24ی خەزەڵوەری ئەمساڵ لە مەهاباد بەڕێوە دەچێت.