تاریخ: ۱۳۹۷/۷/۴
زانکۆیه‌کی ئینگلستان ئاوڕی له بەرهەمە کوردییە فەرهەنگییەکان لە ئێران دایه‌وە
بە پێی هەواڵی هاژە، ڕۆژی دووشەممە ‌‌۱٦ی سێپتامبری ۲۰۱۸ (25ی خەرمانانی 97ی هه‌تاوی) لە زانستگای ئێگزێتێری وڵاتی ئینگلستان کارگرووپێک بە پشتیوانی ماڵیی زانستگا و ناوەندی کەلەپووری ئێران لەژێر ناوی "بەرهەمە کوردییە فەرهەنگییەکان لە ئێران، ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو" بەڕێوەچوو. ناوەندی کەلەپووری ئێران کە بنکەکەی لە ئینگلستانە، سەرپەرەستی و پشتیوانی ماڵیی ئەو لێکۆڵینەوە و کارگرووپانە دەکا کە پێوەندیی دوور و نزیکیان بە ئێرانەوە هەیە. بەشداربووانی ئەم کارگرووپە بەگشتی خوێندکار و لێکۆڵەری بواری مێژوو، بابەت و خوێندنەوە فەرهەنگییەکان، کوردناسی و ئێرانناسی بوون.
لێکۆڵەرەکان لە وڵاتانی ئینگلستان، لەهێستان( پۆڵۆنیا)، ئوستڕاڵیا، تورکیە و ئێرانەوە بەشدار بوون. تەوەرەکان لە چەند پەنێلی جیاوازدا باسیان لەسەر کرا. پەنێلێکیان بۆ زمان کوردی تەرخان کرابوو و چوار کەس لە پەنێلی "زمان و ئەدەبیاتی کوردی لە ئێران" بەشدار‌ بوون. هەر لەو پەنێلەدا قسە لەسەر "دۆخی زمانی کوردی لە ئێران" کرا و دەرفەت و ئاستەنگەکانیان خستە بەرباس. دوا بە دوای ئەویش ئاوڕیان لە تەنزی کۆمەڵایەتی و هەجو لە ئەدەبیاتی کوردی دایەوە. لە بەشێکی دیکەی پەنێلەکەدا "ئەدەبیاتی کوردیی تاراوگە" واتا ئەو کوردانەی بە ئینگلیسی دەنووسن، خرایە بەرباس و لێکۆڵینەوە.  تەوەرێکی دیکەی ئەم پەنێلە  "نەریتی حوجرە و خانەقا لە ئەدەبیات" ‌دا بوو.  "سینەمای کوردی لە ئێران"یش  پەنێلێکی دیکەی کارگرووپەکە بوو و پەنێلی کوتاییش لەژێر ناوی " زیندووبوونەوەی فەرهەنگی کوردی لە ئێران‌دا" بوو کە توێژەر و فەرهەنگنووس سەلاح پایانیانی بە سکایپ بەشدار بوو و بە تێروتەسەلی باسی شێوازی کار(مێتۆدی لێکۆڵینەوە)، ئاستەنگ و لایەنە جۆراوجۆرەکانی کاری "فەرهەنگی زارەکیی موکریان"ی کرد و سەرنجی ئامادەبووانی ڕاکێشا و پاشان بەوردی وڵامی پرسیاری ئامادەبووانی دایەوە. پەنێلێکی دیکەی ئەم کارگرووپە باسی "موسیقیی یارسان" بوو کە ئارەش مورادی وەکوو شارەزای ئەم بەشە بۆ ئامادەبووان دوا. بەشێکی تری پەنێلەکە باسی "مەسەل و مەتەڵی ناوچەی تیلەکۆی سەقز" بوو. بڕگەی کۆتایی کاری کارگرووپە تەرخان کرابوو بۆ موسیقیی یارسان و بەم شیوەیە بەرنامەکە کۆتایی پێ هات.