تاریخ: ۱۳۹۵/۷/۱۲
چەند تێبینی سەبارەت بە کۆڕبەندی هێمن و ڕەخنەکان

ئەمجەد غوڵامی

 

سەبارەت بە کۆڕبەندی هێمن لە مەهاباد تا ئێستا هەندێک قسە و باس لەملاوئەولا بڵاو بووەتەوە کە هەندێکیان جێی سەرنجن، بۆ وێنە کابرایەک کە تەواو ناسیاویی لە گەڵ هێمن وێنەیەکە و پێی وایە گەورەترین ئیرادی ئەو کۆڕبەندە ئەوە بوو کە کەس پرسی بەو نەکردووە چونکا "ئەو تاقە کەسە کە لە هێمن گەیشتووە و کەسی دیکە بۆی نییە لەوبارەوە قسە بکات". بەڵام جیا لەوە چەند کەسی دیکەش ڕەخنەیان گرتووە کە بۆ لەو کۆڕبەندە باس لە لایەنەکانی دیکەی ژیانی هێمن نەکراوە؟ کە بە بڕوای ئەوان زاڵترە بە سەر لایەنی شێعریی هێمن. لێرەدا دەمهەوێ بە کورتی هەندێک وەڵامی ئەو بۆچوونانە بدەمەوە:

١) لە سەرلەبەری ئەدەبی جیهانیدا نووسەران و شاعێران لە پەنای کاری ئەدەبی هەوڵی کاری فیکری و ئەندێشەیی و ڕەنگە رۆژنامەگەرییان دابێت، بەڵام وەک پێکهاتەخوازەکان دەڵێن ئەوەی لەمناوە لە هەموان گرینگتر و جێی ئاوەردانەوەیە گوتاری زاڵ بە سەر ڕەوتی کاریی ئەو کەسەیە بۆ نموونە مارک تواین لە پەنای کاری نووسین، رۆژنامەنووس و هاوکات وەرگێڕێکی لێهاتووش بووە و ڕاپۆرتی لە مەرگی لینکۆڵن بە وتەی جان گری یەکێکە لە نموونە شازەکانی ڕاپۆرت‌نووسی سەبارەت بە کەسایەتی، بەڵام بەوەشەوە لە ئەدەبی جیهانی بە پێی کەلان پێکهاتەی زاڵی ناو نووسینەکانی مارک تواین زیاتر وەک نووسەر ئاوری لێ‌دراوەتەوە و ئەمەش هیچ لە توانستەکانی ئەو کەسە کەم ناکاتەوە. بەو پێیەش هێمن گەر وەک شاعێر بناسرێت نە تەنیا خەسار نییە، بەڵکوو گەڕانەوە بۆ واقیعی هێمنە و دوورەپەرێزی لە فکریەتی باوی بەقارەمان کردنیەتی.

2) دیسان بە پێچەوانەی بۆچوونی باو هێمن رۆژنامەنووس نەبووە و هەوڵەکانی لەو بوارەدا جگە لە یادداشتی "ڕاوە تاژی" [کە تا ڕادەیەک لە ڕاپۆرت نزیک دەبێتەوە]، هیچ فاکتەرێکی رۆژنامەگەریی نەپێکاوە. ئەم فاکتەرانە [کە بەرچاوترینیان جگە لە هەواڵنووسی، ڕاپۆرت و ئاگایی‌بەخشین بە شێوەی وتار و یادداشتن] تەنانەت لە خودی سروەش لە سەردەمی هێمن و دوای هێمنیش زۆر کەم ئاوری لێ‌دراوەتەوە و بەو پێیە ئەویش ناچیتە خانەی رۆژنامەنووسیەوە. لەمناوە هێمن زۆرتر وەک کەسێک دەناسرێت کە بە دڵ‌فراوانییەوە فەزایەکی بۆ کاری رۆژنامەگەریی کوردی ڕەخساندووە و تەنیا شتێک کە هێمن گرێ‌دەداتەوە بە رۆژنامەگەری وەک دوکتۆر کەماڵ مەزهەر ئەحمەد لە "گەشتی ڕاستی" دەڵێت: "هەمان دڵفراوانیی ناپرۆفێشناڵانەیە کە لە فەزایەکی داخراوەدا توانیویەتی کەشێکی خوێندنەوە و دیالۆگ بەرهەم بێت" و بە زمانی خۆمان "دەرفەتێک بڕەخسێنێت بۆ هاتنەگۆی زمانی کوردی".

3) ساڵانە بە سەدان کۆڕبەندی زانستی و توێژینەوەیی لە فەزای کراوە و ئاکادیمیی و نائاکادیمیی فارسەکان بەڕێوەدەچێت، بەڵام کەس نابیستێت یان نابینێت کە بە ڕادەی ئێستای کوردەکان گلەیی و سکاڵا لە دژیان بنووسرێت و بەو ڕادەیە ڕەخنەیان لێ‌بگیرێت. ئەم قسە و باسانە وەک ئەحمەد غوڵامی لە وەڵامنامەکەیدا ئاماژەی پێداوە بەرهەمی کۆمەڵگای داخراوە و پاشکەوتەی ئێمەیە کە پێی وایە ڕەخنە دەبێت حەقیقەتە شاراوەکان وەدەرخات و گەر وتارێک نەتوانێ ئەو حەقیقەتە پیرۆزە بپێکێت ئەوا ئەو کەسە هیچ لە نووسین و لێکۆڵینەوە نەگەیشتووە و ئینجا حەقیقەتەکەش هەمانە کە ئەو لە زەینیدا بووە. لە کاتێکدا یەکەمین تایبەتمەندیی ڕەخنەی مۆدێرن دوورپەرێزی و ڕەفزی حەقیقەتە زەبەڵاح و درۆیینەکان و تێپەڕبوون بە سەر "T"ی گەورەکان و گەیشتن بە بەستێنی دەقە. یان بە واتایەکی دیکە ڕەخنەی مۆدێرن لە سەر پشتی ڕەفزی سووژە و حەقیقەتی سووژە لای وایە کە دەق بەرهەمی فەزایەکی سیاسی/ مێژووییە و لەو ڕووەوە دەقیش بە هەمان زەندی زمانی باو تەژییە لە لایەنەکانی ئایدیالۆژیا و پێویستە لە رێگای شرۆڤەی دەق بگەی بەو خاڵە سیفرانەی کە بەرهەمهێنەری شێواز و ئەندێشەی زاڵ بە سەر دەقن، نەک زیندووکردنەوە و هێنانەوە دەرێی مردووان لە گۆڕەکانیان و بەقارەمان کردنیان.

٥) بە داخەوە رۆژنامەگەریی کوردی [کە زۆرتر لە ناوێکی بۆش دەچێت تا واقیعێکی کراوە] یان باشترە بڵێم ئەو چەند سایت و ماڵپەڕەی بە هەزار یەکێکی ناوچە لە جیات داپۆشی و ڕۆماڵی کۆڕبەندەکە و نووسینی ڕاپۆرتی پتەو و ناسێنەر، بە بێ ئەوەی هیچکام بەشداری ئەو کۆڕبەندە بووبێتن و گوێیان دابێتە وتارەکان، هەرکام لە جێی خۆیانەوە خەریکی ئاژاوەنانەوە و بایکۆتی کار و فەزای فەرهەنگین، ئەمە لە کاتێکدایە کە یەکەمین ریسالەتی رۆژنامەگەریی ناوچەیی وەک دوکتۆر فۆرقانی دەڵێت ناساندن و بوون بە سەرچاوەیەکی بڕواپێکراوی هەواڵی ناوچەییە کە لە لایەن فەزای رۆژنامەگەریی ناوەندەوە پشتگوێ خراون و نابیندرێن و لەو رێگاوە ئامانجی بەرسازەیی فەرهەنگی واتە بۆڵدکردنەوەی فەرهەنگی ناوچە و توانستەکانی بپێکن. ئەمە ڕێک ئەو خەسارە گەورەیە کە تەواو فێستیڤاڵ و کۆڕبەندە کوردییەکان پێوەی دەناڵێنن و کەس نییە ئەم خەسارە گەورە لە قاو دات و بگرە نووسینەکانی ئێمەش زیاتر و زیاتر تەشەنە بەو دۆخە دەات و ئەمەش یانی ئێمە هیچ فامستێکی دروستمان لە دۆخێک کە تێیدا دەژین نییە.

4) زۆربەی ئەو کەسانەی کە گلەیی لە ناوەڕۆکی کۆڕبەندەکە دەگرن و وەک دوکتۆری ئیحزاری ئەرواح پێیان وایە بابەتەکان نەیاتوانیوە حلوولێکی دووبارە بە ڕۆحی هێمن بدەن، بە جۆرێک بەوە تۆمەتبارن کە سەرەڕای ئەو هەمووە زانستە و لێ‌زانینە، بۆ بە وتار بەشداری ئەم کۆڕە نەدەبوون و مەولەوی وتنەنی "ئێوە باشترتان لێ‌دەزانی، فەرموون!".