تاریخ: ۱۳۹۷/۱۲/۲
دکتور سەعد قازی: ئەم سەنەدە ڕاستە و هیچ ناڕاستییەکی تێدا نییە!

بە پێی هەواڵیی هاژە، دوای بڵاوبوونەوەی کورتەنووسراوەیەکی بەڕێز ناسر حیسامی شاعیر و نووسەر، کە تێیدا ڕەسەنایەتی پسوولەی پێشکێشنامەی بەرهەمەکانی مامۆستا هەژار لەلایەن هاوژینەکەی واتە خاتوو مەعسوومە، بۆ زانکۆی کوردستانی بردبووە ژێر پرسیار، هەواڵنێری هاژە سەبارەت بەم بابەتە لەگەڵ دوکتور سەعد قازی، نووسەر و مامۆستای زانکۆی سەلاحەددین کە یەکێک لە شایەد و واژۆکەرانی ئەم پسوولەیە بووە پەیوەندی گرت.

 دوکتور سەعد قازی لە لێدوانێکی کورتدا بۆ هاژە ڕەسەنایەتی ئەم پێشکشنامەی پشتڕاست کردۆە و کوتی: ئەم سەنەدە ڕاستە و هیج ناڕاستیەکی تێدا نییە.

هەروەها بەڕێزیان لەسەر وتەکانی کاک ناسری حیسامی ئاماژەی کرد کە: بەداخەوە کاک ناسر بێ وەی ئاگای لە چۆنییەتی شتەکە بێت، ئەوەی نووسیوە!

قازی درێژەی پێدا: دادە مەعسووم بە ویستی خۆی و بە حزووری کوڕەکەی ئەو کارە باشەی کرد. هیچ مەبەستێکی مادیشی لەو کارەی نەبووە. خێری مادی ئەو ئیمتیازە، ئەگەر هەیبێت، بۆ خەڵاتێکی ساڵانە تەرخان دەکرێت کە بە ناوی هەژار دەبەخشرێتە باشترین توێژینەوەی ساڵ لە سەر زمانی کوردی.

ئه‌م مامۆستای زانکۆیه کوتیشی: زاگرۆسی کوڕی مامۆستا هەژار، کە دە ساڵ خزمەتی دادە مەعسوومی لە کاتی نەخۆشییەکەیدا کرد لە لێدوانێکی ویدیۆییدا کە دادە مەعسوومیش لە کنی دانیشتووە، باسی چۆنییەتی هەدیە کردنی ئیمتیازی ئەو کتێبانە بە زانکۆ کوردستان دەکات.

مەعسووم خانم ئەحمەدی، کە دواتر دەبێتە هاوژینی مامۆستا هەژار لە ساڵی ١٩٢٩(١٣٠٨ هەتاوی) لە گوندی نۆبار، یەکێک لە ئاواییەکانی نێوان مەهاباد و بۆکان  لە دایک بووە و دوای تەمەنێکی پڕ لە سەروەری لە هاوینی ساڵی ٢٠١٨ لە هەولێر کۆچی دوایی کردووە و لە سەر وەسییەتی خۆی لە مەسیف سپاردەی خاک کراوە.