تاریخ: ۱۳۹۷/۱۲/۴
جەژنی کۆنی بێڵندانه له مەهاباد بەڕێوە چوو

به پێی هه‌واڵیی هاژه، ڕۆژی هه‌ینی 3ی ڕەشەممه‌ی 97ی هه‌تاوی به ئامادەبوونی کۆمەڵێکی به‌رچاو له خەڵکی مەهاباد و شارەکانی دەورووبەر، ڕێ‌وڕەسمی کۆنی کوردەواری "بێڵندانه" له ئاوایی گەشتیاری سەهۆڵان به‌ڕێوە چوو.

بەڕێوەبه‌ری کۆڕەکه به هەواڵنێری هاژه‌ی ڕاگه‌یاند: ئه‌م ڕێ‌وڕەسمه به شکۆیه به هاوکاری ئیدارەی وەرزش و لاوان، لێژنه‌ی یارییه خۆماڵی و ناوچەییەکان و باشگای فەرهه‌نگی وەرزشی لاوانی موکریان پێک هاتووه.

عه‌باس تاڵه‌بانی هەروەها گوتی: بۆ شەشەمین ساڵه که جەژنی "بێڵندانه" له مەهاباد زیندوو کراوەته‌وە و چەند ساڵی پێشوو له  ئاواییەکانی قزڵقۆپی، کەرێزەی شێخان، شیلاناوێ و کۆنەدێ بەڕێوە دەچوو و دوو ساڵه شوێنه‌که‌ی گوێزراوەته‌وە بۆ ئاوایی سەهۆڵان.

لەدوای چلەی گەورە و هاتنی چلەی چکۆلە لە پازدەی ڕێبەندان بەولاوە کە بەرەو بەهار دەچین جه‌ژنی بێڵندانه به‌‌ڕیوە دەچێت، بێڵندانه وشه‌یه‌کی کوردییه و به واتای ئه‌مه‌ چوون زەوی ورده ورده گەرم دەبێ [بێڵەکانمان دانا] و ئیتر بەفر ناماڵین.

له‌م ڕێ‌وڕەسمه‌ کۆنی کوردییه‌دا کۆگایه‌ک دار هەڵدەچنن، له نێوەڕاستی دارەکاندا دارێکی نه‌ختێک درێژ دەچەقێنن، له چوارگۆشەی کۆگاکه‌ش چوار شت له سەر چوار دار هەڵداوەسرێ که یه‌کیان گۆشته نیشانه‌ی ئاژه‌ڵه، ئه‌وی تریان نانه که نیشانه‌ی ڕزق و ڕۆزییه، سێهه‌میان ئاوه نیشانه‌ی ته‌ڕەساڵییه و چوارەمیش مازوو که نیشانه‌ی لێرەوار و به‌رو و بووی شاخه. ئەسبێک دێنن به دەوری کۆگاکه‌دا حه‌وت دەور پێ لێدەدەن، ئه‌مجارەیان پیری ژیر فەرمانی هه‌ڵگیرسانی ئاوری بێڵندانه دەدات. دار‌ه درێژه‌که‌ی نێوان ئاگرەکه به هەر لایه‌کدا بکه‌وێ نیشانه‌ی ئه‌وەیه که ئه‌و ساڵ ئه‌و شته زۆر دەبێ.

له ڕێ‌وڕەسمی ئه‌و ساڵدا داری نێوان ئاگرەکه به‌رەو مازوودا که‌وت، پاشان  پیر و لاو دەستیان له‌ ناو دەستی یه‌ک نا و به به‌زم و شایی و هه‌ڵپەڕکێ کۆتایی زستانیان جەژن گرت.