تاریخ: ۱۳۹۸/۱/۲۱
ته‌رمی شاعیرێک لە مەهاباد بەخاک ئەسپێردرا

به پێی هه‌واڵی هاژه ڕۆژی چوارشهممه 21ی خاکەلێوە تەرمی مامۆستا "سەید ئەحمەد حەسەنی فەرد" شاعیر و نووسەری مەهابادی لە گۆڕستانی شاعیران و هونەرمەندانی مەهاباد بە خاک سپێردرا .

سەید ئەحمەد حەسەنی فەرد لێکۆڵەر و نووسەر ساڵی 1319 لە شاری مەهاباد لەدایک بووە و ساڵی 1356 لە زانستگەی تاران بڕوانامەی کارناسیی کۆمەڵناسی وەرگرتووە و ماوەی 30 ساڵ وەکوو مامۆستا لە قوتابخانەکانی شاری مەهاباد وانەی کۆمەڵناسی کوتووەتەوە.

تا ئێستا دیوانە شێعرێک لەو نووسەرە چاپ کراوە و زیاتر لە 8 بەرهەمی دیکەشی ئامادەی چاپکردنە.

بە یارمەتیی مامۆستا حەسەنی فەرد دیوانی شێعرەکانی مەلا مارف کۆکەیی لە ماوەی 65 ساڵاندا کۆ کرایەوە و بە چاپ گەیشت. هەروەها مەقالەیەک لە ناوبراو وەکوو سەرچاوەیەکی سەرەکی لە پەیوەندی لەگەڵ عەشیرەکانی ئیرانی لە کتیبەکانی سەرچاوە عەشیرییەکان ناسراوە.

بەداخەوە سەید ئەحمەد حەسەنی فەرد شاعیر و نووسەر، شەوی ڕابردوو لە شاری تەورێز دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و ماڵاوایی لە ژان و ژیان کرد.

تەرمی ناوبراو ئەمڕۆ ڕێکەوتی 21ی خاکەلێوە لە گۆڕستانی هونەرمەندانی مەهاباد بە خاک سپێردرا./ فێرگەی کوردی بەیان
وێنەگر: پۆڵا ئاغاز