تاریخ: ۱۳۹۸/۲/۴
گوت‌وبێژی هاژه لەگه‌ڵ هونه‌رمه‌ند جەعفەر مینایی ژەنیاری ویۆڵۆن

جەعفە‌ر مینایی ـ ژەنیاری ویۆڵۆن

ساڵی 1320ی هەتاوی لە شاری مەهاباد لەدایک بووە

ساڵی 1341ی هەتاوی له هونەرستانی باڵای مۆسیقای تەورێز وەرگیراوە و ساڵی 1344 لەوێ خوێندنی تەواو کردووە

ساڵی 1344ی هەتاوی لە ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی مەهاباد وەک مامۆستای مۆسیقا دامە‌زراوە و ساڵی 1375 خانەنشین کراوە ساڵی 1373ی هەتاوی "فێرگەی مۆسیقی سەبا"ی لە مەهاباد دامەزراندووە

لەگەڵ هونەرمەندان حەسەن زیرەک، محەممەد ماملێ، عەزیز شارۆخ، خەلیل سەدیقی، مکاییل، جەماڵ مفتی، تاهیر خەلیلی، مەلا حسێن عەبدوڵڵازاده و... کاری هونەری کردووە

 

هاژه ـ پتر له نیو سەدە لەوە پێش له کۆمەڵگایەکی سوننه‌تیدا تەمای ئه‌وەتان گرت وەدوای مۆسیقا بکه‌ن، بنەماڵەی ئێوە چەندە هاندەر بوون تاکوو ئێوە مۆسیقا له زانکۆ بخوێنن؟

بنەماڵەی من بە پێچەوانەی کۆمەڵگا، بە تەواوی پشتیان گرتم و هانیان دام کە بچم ئەو ڕشتەیە بخوێنم. ئه‌و سەردەمی نه کەس بۆ لای مۆسیقا دەچوو و نە دەیزانی کە مۆسیقا چییە، تەنانەت زۆر کەس بە منیان دەگوت: "بۆ مۆسیقاش پلەی خوێندنی ئاکادێمیکی هەیە؟". لە حاڵێک‌دا ئەودەم مۆسیقا لە زانکۆ تا پلەی دوکتۆرا هەبوو و دەتتوانی درێژەی پێ بدەی.

هاژه ـ چۆن لەگەڵ سازی ویۆڵۆن ئاشنا بوون و تەماتان گرت به شێوەیه‌کی ئاکادێمیک وەدوای بکەون؟

هەر لە منداڵییەوە هۆگریم بە مۆسیقا هەبوو، هەر شتێک هاتبایەتە بەر دەستم (مێز، سەندەڵی و...) تەپڵم پێ لێدەدا یا دەهاتم تەختەیەک و چوار بزمارم لێک قایم دەکرد و چەند دانە سیمم پێوە دەخست و هەر وەک تار لێم دەدا. هەربۆیە ئەو شتە لە دەروونی مندا هەر هەبوو و بنەماڵەکەشم زۆریان یارمەتی دەدام و هاندەرم بوون، هەر ئەوەش بوو به هۆکاری سەرکه‌وتنم.

له قوتابخانه مامۆستایەکی وەرزشمان هەبوو نێوی ئاغای حەیدەرزادە بوو. ڕۆژێک لەسەر کلاس داوای ویۆڵۆنێکی کرد چوون لە مەهاباد ئامێری مۆسیقا بۆ فرۆشتن نەبوو و منیش ماڵی خاڵم لە تەورێز بوو، بە خاڵم گوت، ئه‌ویش وێۆڵۆنێکی کڕی و بۆی ناردینەوە. لە ماڵێ کردمەوە و کەمێکم دەست تێوەردا و ویزەویزێکم لێهێنا و هەر ئەوە بوو بە هۆی ئەوەی کە من هۆگری بە سازی ویۆڵۆن پەیدا بکەم.

هاژه ـ پێش ئەوەی بچنه زانکۆ لای کەسانێکی دیکە فێری ئه‌م سازه بوون؟

لە مەهاباد ئەفسەر وەزیفە‌یه‌ک بوو کە خەڵکی ئێرە نەبوو بەڵام تا ڕادەیەک ئاشنایەتی لەگەڵ مۆسیقا هەبوو و نزیکەی ساڵێک لە لای ئەو بووم، دوایە تەمام گرت کە بە شێوەیەکی ئاکادێمیک ئەو ڕشتەیە بخوێنم.

هاژه ـ لە ماوەی ئەو ساڵانه‌ی کە چالاکی هونەریتان بووه ئایا بەرهەمەکانتان لە شوێنێکی تۆمار و بڵاوتان کردۆته‌وە؟

بەر له شۆڕشی گه‌لان هاوکات کە وانەی مۆسیقام لە قوتابخانەکاندا دەگوتەوە، لە شارەکانی مەهاباد، بۆکان، سەردەشت، پیرانشار، ورمێ و سەقز لە کۆنسێرتەکاندا بەشداریم دەکرد. ئەودەم شایەد لە مانگێدا یەک دوو کۆنسێرتمان بەڕێوەبردبایە. بەڵام دوای شۆڕشی گه‌لان، تەنیا فێرکاری مۆسیقام درێژه پێدا و توانیم بەو شێوە خزمەت بە خەڵکی خۆم بکەم. ئێستاش لەوانه‌یه لە زۆربەی ماڵەکاندا  نەوار و کاسێتەکانی ئەودەم هەر مابن، تەنانەت لە ڕادیۆ ته‌له‌ویزیۆن گەلێک کاری هونەریمان تۆمار کرد و خەڵک بەو شێوە‌یه گوێ بیستی دەبوون.

هاژه ـ لەگەڵ چ هونەرمەندانێک کاری هونەریتان کردووە؟

لەگەڵ مامۆستا حەسەن زیرەک، مامۆستا محەممەد ماملێ، مکاییل، تاهیر خەلیلی، جەماڵ مفتی، خەلیل سەدیقی، سەید ڕەحیم قوڕەیشی، مەلا حسێن عەبدوڵڵا زاده و... کاری هونەریم کردووە و نەوارم لەگەڵیان تۆمار کردووە.

 

هاژه ـ ڕا و بۆچوونی بەڕێزتان لەسەر بارودۆخی ئەمرۆی مۆسیقای کوردی چییە؟

کورد لە مۆسیقادا زۆر دەوڵەمەند و بەهرەدەارە. ئێمە ئاهەنگی فۆلکلۆری ئەوەندە کۆنمان هەیە کە سینگ بە سینگ و زار بە زار تا ئێرە هاتوون و هەر ماون. دەتوانم بە ڕاشکاوی ئەوە بڵێم کە مۆسیقای کوردی ئەگەر لە مۆسیقای فارسی و ئازەری دەوڵەمەندتر نەبێ، بە دڵنیاییەوە کەمتر نێ. گەلێک ئاهەنگ و مێلۆدی جوان لە مۆسیقای کوردیدا هەیە، لەوانەیه تاقمێک لە دراوسێیەکان و وڵاتانی دیکە مۆسیقا و ئاهەنگی خۆیان لە ئێمە وەرگرتبێ و تەنیا زمانی گوتنەکەیان گۆڕیبێ. هەڵبەت لە نێو خۆشماندا، تاقمێک لە گۆرانی بێژەکان لە گۆرانی و مێلۆدی فارسی و ئازەری کەڵکیان وەرگرتووە کە بۆخۆم لەگەڵ ئەو کارەدا نیم.

هاژه ـ لەگەڵ سازی ویۆڵۆن تێکەڵاوێکی لە ڕادەبەدەرتان هەیە، ویۆڵۆن بۆ ئێوە چ شتێکی تێدایە؟

دەڵێن ویۆڵۆن دایکی مۆسیقایە، چون لە هەموو سازەکان کاملترە و لە هەمان کا‌تدا فێربوونیشی لە هەموو سازەکان سەختترە.

هاژه ـ چ کەسانێک لە لای بەڕێزتان فێری مۆسیقا بوون و ئێستا لەم بوارەدا خۆیان بوونه مامۆستا و لێزان؟

ئه‌وەندەی له بیرمه‌ ئه‌و کەسانه‌ن که ئێستا بۆخۆیان ئوستادن: ته‌قی خەیروڵڵاپوور، حه‌بیب ئه‌حمه‌دی، قوربان محه‌یدینی، ناسر بێهزادی، هێمن سوڵتان پوور، وۆران مەحموود فەخه، ڕامین یۆسفی، جەلال ڕەحیمی، سیاوەش سرووش، مه‌تین جەنگی، ناسر تاهیرئابادی، ئه‌فشین باباتاهیری، سیامه‌ک سپاسیم ئیلهام حامیدی و...

هاژه ـ تا ئێستا لە چ فێستیڤاڵ گەلێکدا بەشداریتان کردووە؟

لە سەردەمی قوتابخانەدا کە لە کلاسی پێنجومی دواناوەندی (دبیرستان) بووم، کێبەڕکێی جۆراوجۆر لە نێوان قوتابخانەکاندا هەبوو. من ئەو دەم لە ژەنیاری ویۆڵۆندا لە ئاستی پارێزگادا(استان) پلەی یه‌که‌مم وەدەست هێنا و ئیمەیان بە خەرجی ئیدارەی پەروەرده و بارهێنان بۆ ڕامسەر لە باکووری ئێران نارد، جا لەوێ خاوەن پله‌کانی یه‌که‌م له هەموو پارێزگاکان کۆ ببوونەوە و بەشدار بوون. ته‌نانه‌ت لە بیرمە لە موجتەبا میرزادەش لەوێ بوو. مامۆستایەکی مۆسیقایان لە تارانەوە بۆ هێنابووین و تەمرینیان لەگەڵ دەکردین و هەر لەوێ کۆنسێرتێکمان بەڕێوە برد.

هاژه ـ ساڵی چەند زەماوەندتان کردووە و چەند منداڵتان هەیە؟

ساڵیی ١٣٥٤ی هەتاوی لە تەمەنی ٣٥ ساڵیدا زەماوەندم کردووە کە بەرهەمی ژیانی هاوبەشیمان دوو کوڕ و دوو کچە. کوڕێک و کچێکم لە دەرەوەی وڵات لە ئۆستڕالیا و نۆڕوێژێ نیشتەجێن و کوڕ و کچەکەی دیکه‌شم هەر لە مەهاباد ژیان دەکەن. ئەو کوڕەم کە لە مەهابادە سازی تار دەزانێت و دەورەی ئەو سازەی بە سەرکەوتوویی تەواو کردووە. کچەکانیشم سەنتور و سێ‌تار دەژەنن، بەڵام درێژەیان پێ نەداوە. بۆخۆم پێم خۆش نەبوو لە ماڵێدا هەموو سازی ویۆڵۆن لێدەن و دەمهەویست هەر کامیان بۆ لای سازێکی دیکە بێجگە لە ویۆڵۆن بچێت.

هاژه ـ  بێجگە لە کاری هونەری بە چ شتێکی دیکە سەرقاڵن؟

به‌ر لەوەی خانەنشین بم، بە هۆی کاروباری ئیداری تەواوی کاتەکانم پڕ بوون چوون بێجگه له‌وەیکه له قوتابخانه‌کان وانه‌م دەگوته‌وە لە ئیدارەی "فەرهەنگ و هونەر" کارناسی مۆسیقا و ڕاهێنەر بووم. ئێستاش دوای خانەنشینی زۆربه‌ی کاتەکانم هەر له له فێرگه‌ی مۆسیقا به فێرکاری تێپەڕ دەکه‌م.

 

هاژه ـ گیر و گرفتەکانی بەر دەم هونەرمەندانی بەشی مۆسیقا لە چیدا دەبینن؟

گیر و گرفت زۆرن، بەداخەوە تاقمێک ناسیاوێکی خرابیان لەسەر مۆسیقا هەیە، بۆ وێنه دێن دەڵێن: "دەمانهەوێ فڵان سازی فێر بین". ئەوان چاوەڕوانی ئەوەیان هەیە کە بە ماوەیه‌کی کورت مامۆستا و شارەزایەکی تەواویان لێ دەربێت یا ئەوەی کە بتوانن زۆربەی ئاهەنگەکان لێ بدەن. ئەوان وەدەزانن، مۆسیقا شتێکی زۆر سادە و ساکارە، لە حاڵێکدا مۆسیقا بۆخۆی بەحرێکە کە بە دایمە دەبێ وەدووی کەوی و تەمرینی لەسەر بکەی، تا بتهەوێ وەک مامۆستایەک، نیمچە مامۆستایەک یا نەخێر هەر بتوانی بۆ دڵی خۆت چوار ئاهەنگ بۆ چوار نەفەران لێ‌بدەی.

جا بۆیە بەداخەوە لە ئێران‌ ئاگاداری لەسەر ئەو شتە زۆر لە خوارێیە. فێر بوونی مۆسیقا کات و هۆگری تایبەت بە خۆی دەوێ، هەر لەو بەینەدا دەبینی، هی وایە حەوسەلەی نییە، هەر لە سەرەتا یا لە نیوەی ڕێگا بەجێی هێشتووە.

هاژه ـ زۆر سپاس که به دڵێکی ئاوەڵه‌وە وڵامی پرسیارەکانی ئێمه‌تان داوە، له کۆتاییدا ئه‌گه‌ر وته‌یه‌کتان هه‌یه بیفه‌رموون.

زۆر سپاس بۆ ئێوەی بەڕێزیش، ته‌نیا داواکاریم لە لاوەکان ئەوەیە کە بە شێوەی زانستی فێری مۆسیقا بن، چوون تاقمێک بە شێوەی ئاکادێمیکی درێژەی نادەن و هەر بە چەشنی دەیمی فێری دەبن. لە حاڵێکدا ئەوان دەبێ زەحمەتی بۆ بکێشن و ساڵانێک پێویستە کە وەدووی کەون تا مامۆستا، نیمچە مامۆستا یا خود نەوازەندەیەکی باشیان لێ دەربێ. تاقمێک حەوسەلە و وزەیان هەیە و توانیویانە ئەو ڕێگایە ببڕن و هێندێکیش حەوسەلەیان نەبووە و لە نیوەی ڕێگادا بەجێیان هێشتووە. مۆسیقا زانستێکی پڕ و سەختە کە حاڵ و حەوسەلە و کاتی پێویستی دەوێت.