تاریخ: ۱۳۹۵/۷/۳۰
هونەرمەندی گەورەی فۆلکلۆر لە موکریان کۆچی دوایی کرد
بە پێی هەواڵی هاژە، ڕۆژی هەینی 30ی ڕەزبەری 95ی هەتاوی هونەرمەندی بواری فۆلکلۆری کوردی قادر ئوستاد ئیبڕاهیمی ناسراو بە قالە شین لە شاری مەهاباد و لە ماڵە خۆی کۆچی دوایی کرد.
قالەشین ساڵی 1307ی هەتاوی لە خەلیفانی سەر بە شاری مەهاباد چاوی بە دنیا هەڵێناوە. لە تەمەنی حەوت ساڵیەوە  بە مەبەستی خوێندن چۆتە لای مەلا خەلیل گۆڕەمەری. هەر لەوەی توانایی و دەنگی خۆشی کەشف دەکرێ و پاش حەوت مانگان دەست لە خوێندن هەڵدەگرێ. 
لە ساڵی 40ی هەتاوییەوە نیشتەجێی شاری مەهابادە. 
قالەشین لە بواری بەیت و حەیراندا دەستێکی باڵای هەبووە و خۆی هێندێک بەیتی داناون کە بەیتی بارزانی لە گرینگتریناینە.
ئەنجومەنی ئەدەبی مەهاباد زستانی 94 کۆڕێکی گەورەی بە مەبەستی ڕێزلێنان بە بۆنەی تەمەنێک خزمەت بە نەتەوەی کورد بۆ پێک هێنا.
بڕیارە لە قەتعەی هونەرمەندانی مەهاباد بە  خاک بسپێردرێ.
هاژە سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی بنەماڵەی بەڕێزیان و هونەرمەندان و سەرجەم گەلی کورد دەکات.