تاريخ: ۶ بهمن ۱۳۹۸ ساعت ۲۳:۴۶ بازدید: 652      نظرات: 0      کد مطلب: 14162

"زاری پیاوێ پڕ بە شارێ گۆرانی وبە بەرزایی قەڵا، گلەیی بەرەو ڕوومان "

عەتا وەلەدی


                              
لە زەینی منداڵیمدا لەوە ناچێ جوگرافیا لەو سێ چوار گوندەی دەوروبەری تیلکۆمان تێپەڕیبێت و شاریش لام بەس کرماشان بوو بە کولیچە و نوقڵە کوردییەکەوە تا ئەگات بە شیرینی لای مامە ئەحمەو، کەچی لە ڕێگەی زەبتەکەی ماڵەوەمان، باش تێگەییبووم ئاوەدانە جوانڕۆ و لە گشت جاری کاستێکدا هەر کێوی جوانڕۆ خاڵ خاڵ بوو، جا خۆشیش لەوەدا کە نەیشزانی ئەم جوانڕۆیە لە لای کام گوندە! بەڵام بە گوێرەوێی قەڵایدا، دەبوو گەرم بێ.
 
نەوسوو تۆزێ لە غەریبیی لای ئەستەمووڵی محەمەدی مێهری بە دەنگ و لە چەپکێ گۆرانی گەرووی پیاوێکدا بەڕێ دەکات تا نەختێ لە غوربەتی کەیفی جوانڕۆیی لە سیمای گوڵەکانی بەر قەڵا بڕەوێتەوە و لە شنەیەکی لای کاواتەوە بزەیەک بنیشێتە سەر لێویان.
پیاوێ مشتێ هاژەی "حەوزەلارە" و چەپکێ ڕەنگی ئەرخەوانی خوار "پردیوەر" و گیرفانێ بزەی هەنارەکانی پاییزی "نەوسوو"ەکەی ئەخاتە سەر هەگبە پڕ لە گۆرانییەکەی و بە دەم سا ماڵئاوا ئازیزەکەمەوە، ڕێگەی "هەڵانی" و "قەڵا"یەک لە تەنیشت شمشاڵەکەی " خاڵۆ ئەلەی زێران"ەوە ئەگرێتە بەر تا بە سۆزی دەنگ و دایەرەکەیەوە شادی بکاتە میوانی ماڵان تا ڕەشبەڵەک بگیرێ سێ چین لەو بانە و لە گەل میرزای دێی سارۆخان‌دا بپرسێ بۆ تۆرت کرد، بۆ تۆرای، گرنگیش نەبێ کێ بەردەنگی پرسیارەکەیە و ڕەنگە هەموومان و هەر هیچ نەبێ دڵێ بە خۆوەی بگرێ و نەختێ هێور ببێتەوە، لەولاشەوە تاڵییەکانی نەفیبوونەوەی پڕ لە تینوویەتی لە بیابانەکانی خوارۆی ئێراق-مان بیربخاتەوە کە؛ تا چاو کارئەکا هەر ڕمڵ و لمە، لەسەرخۆش دەنگی ئەخاتە پاڵ بەمۆی خانا قوبادیی تا لە پەنای ماسی دەرهەمیی تەونەکەی دایکم و نەخشی پووزەوانە نیوەچنراوەی دەستی دادەمەوە تا بگاتە پاییزی گۆرانییەکی خەمینی کاکەم و فریشتەیەک کە هەر خۆی فریشتە بوو و هەیە، تا منی منداڵی پێرێ و  مانیا و جوانڕۆکانی دوێنێ و ڕۆژدا و ئارژینەکانی ئەمڕۆ و هانیتا و چیاوانەکانی سبەیی ئەم نیشتمانە، بیڵێتەوە و بیڵێنەوا کە کوردیی جە لامان بەس شیرینتەرەن تا بەڵکوو نەختێ لە دڵتەنگییەکانی ئاغەعەنایەت کەم ببێتەوە.
پیاوێ هەر کە تاقەتی تاق ئەبێ پەی ئەبرۆی تاقی لاو حەوزەلارەکەش، لەتێ لە دڵی بە بێتاقەتییەکانیەوە
ئەسپێرێ بە پیرۆزیی سیروانەکەی تا بە تونکەتونکەی ماڵە جافدا بەرەوخوارێ بیبا بۆ کنا لەیلێ و پێی بڵێ دڵی هێندە لای قەڵایە، لەتەکەی دیکەی وەک بڵێی بە دڕووی گوڵەباخێکەوە گیری خواردبێ لێی نابێتەوە و جگە لەوەش خۆ ئێرەش هەر ماڵەباوانی وێمانە و چیتر گلەیی مەکیانە و چەمە سیاوەکەت مەپڕنە هەرسی. 
پیاوێ لە شەقامی بێدارییا ئارەقچنێکی لە سەردا و خنجەرێ بە تەزوێح خەمڵیو لە پەڕی شاڵە ڕەنگامەکەیا، قەڵافەتی پاسەوانێکی دوێنێ بەر دەروازەی ئەو قەڵایەمان وە بیرت دێنێتەوە کە هێشتا قەڵا گیانە و لە چاوی ئەم پیاوەوە ئەو هەموو بینا بەرزانە لە خۆڕا هەڵیانداوە و ئەم بە تەنیا و هێشتاکەش لە سایای ڕەنجی شان و ئارەقی نێو چەوانی پڕ لە چرچ و چیرۆکی هێشتا نەگێڕاوەی دوێنێی قەڵا، لە پەنای هەوڵی بۆ بژێویی ژیانی ئەمڕۆوە، بەردەوام خەریکی پارێزگاری کردنە لە گۆرانی و جوانییەکانی ناو قەڵاکە تا دڵنیا بێت لە هەرا و زنای سەیلبەنا بزر نابن. 
مامە بەخشەکەی تا هەمیشەی قەڵا؛ جوانڕۆمان بە تۆوە ئاوەدانتر بوو و کێوی خاڵ‌خاڵیی زستانی دەگاتە هەواری خاکەلێوەوە، تۆ کە نیو سەدەیە بە باڵای جوانڕۆدا ئەڵێی و ئەڵێی هەڵای مەیلت جە قەڵاکەش سەرد نەبیەن و تاسەت نەشکاوە لێی، ئەوەی هێشتاکەش لە لای سابیر مرادی و ئێمەش، لە گشت شۆکەکانی شار شیرینترە هەر دەنگی خۆتە، مامە بەخشەی گۆرانی و دایەرەک لە دڵتەنگی دوێنێ، تا گوڵهەنارە هێشتا نەپشکووتووەکانی نەوسوو لە سبەیەکانی نیشتمانا لە بیرمانای و دەنگت تووەکان شیرینتر دەکات لە زاردا و بۆ هەمیشە بەشێکی لە ناسنامەی جوانڕۆ و حافزەی نیشتمان، تۆ کە دڵتەنگییەکانت بۆ سیروان دەگێڕییەوە و گۆرانییەکانت بۆ قەڵای نیشتمان و ئێمە دەچڕی تا بزەیەک بە لێوەوە؛ تۆ بە گۆرانییەکانتەوە بیرت خستینەوە کە لە هەڕەشەی توند و تیژی بڕێک قەمەی ژەنگهێناوی ئەم دواییانە لە قەڵا؛ ئەوەی بۆیان نەسڕایەوە و وەک خۆی هەر دەمێنێتەوە گۆرانییە و دایەرەکەی تۆ بۆ پەنجەکانی دواڕۆژی هونەر و سیمای پڕ لە جوانیی قەڵا و ڕەنگامەیی کراسە پوولەکەدارەکانی کچانی لای هەڵانی و ئایندەیە لە چاوانی منداڵانی قەڵای جافی خانای قوبادی و فانی خانەشووریی لە دراوسێیەتی دێڕەکانی دەفتەری باوانە گەورە گۆرانەکەیەوە لە حافزەی دارقەزوان و بەڕووەکانی ئەوێ تا پردی وەرێکی سیروان. 
لە تلەویزیۆنەکەدا مراد سەکین ئەبینی لە تەنیشت فەتحەڵای ئەمینی دانیشتووە و دەچریکێنێ: 
ئەی کچە مەر تۆ جافی خەیاڵی نەکەی
ئەو بەینەی بەسایدە بەتاڵی نەکەی.
دەستێ دەبات بۆ ئەو سڕنایە کە هەر لە خۆی جوانە. 
لە سووچێکی دەلاقەکەوە تیشکی هەتاو وەک تاڵە قژی خەنەیی کچە جافێ دەرژێتە ژوورەکەوە . . .
پێشکەشە بە؛ هومایوون ئەمینی، د.محەمەد یەعقووبی و د.ئیسمایل مەحموودی
 وێنەگرەکەی کاک "ئیدریس خوسرەوی‌زادە"


برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد