تاريخ: ۱۳۹۸ شنبه ۲۲ تير ساعت ۱۸:۵۵ بازدید: 2495      نظرات: 0      کد مطلب: 11371

نووسەری کتێبی ئەلف‌وبێی کوردی کێ بوو؟


ئیبراھیم ئەمین باڵدار (١٩٢٠- ١٩٩٨) مامۆستای ناوداری پەروەردەی کوردی بوو کە لە پێکھاتنی ئەلف‌وبێی ستانداردی کوردی ڕۆلێکی بەرچاوی ھەبووە.

ئیبراھیم ئەمین لە ساڵی ١٩٢٠ لە سلێمانی لە دایک بووە و لەوێ خوێندنی سەرەتایی تەواو کردووە و پاشان چۆتە بەغدا و لە قوتابخانەی مامۆستایانی لادێ لە ڕۆستەمییە وەرگیراوە.

لە ھاوینی ساڵی ١٩٤٠دا خوێندنی تەواو کردووە و بڕوانامەی دەرچوونی وەرگرتووە و لە مانگی ئۆکتۆبری ئەو ساڵە بە مامۆستای قوتابخانەی سەرەتایی لە پارێزگای سلێمانی وەرگیراوە. باڵدار لە زۆریەک لە شار و دێھاتەکانی کوردستانی عێراق ئەرکی مامۆستای قوتابخانەی لە ئەستۆ بووە.

لەو ماوەیەدا ئەلف‌وبێیەکی نوێی بۆ فێرکردنی زمانی کوردی داناوە، دەستنووسەکەی ناردووە بۆ بەڕێوبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی و لەوێ لەلایەن لێژنەیەکی پسپۆڕ پەسندکراوە. دەستنووسەکەش نادراوە بۆ شالیارێتی پەروەردە لە بەغدا (شالیارێتی مەعاریف) و پسپۆرانی ئەوێ و ڕێکخراوی یونسکۆش پەسندەی دەکەن.

 

بەر لە تەواوبوونی چاپەکەی، باڵدار لە ساڵی ١٩٥٠دا گوێزراوەتەوە بۆ شاری ھەولێر و ئەو ئەلفوبێیە نوێیەی لە ھەولێر  گوتۆتەوە. ئەلف و بێیە نوێکەی باڵدار لەسەر شێوەی ڕستەیی دەگوترێتەوە و پشتی بە دەنگی پیت و تاکە وشە نابەستێ.

مامۆستای ئیبراھیم باڵدار ئارەزووی تەواوکردنی خوێندنی باڵاتری بوو، بۆیە بە حەول و تەقەلایەکی زۆر بڕوانامەی دەرچوونی لە تاقیکردنەوەی گشتی قۆناغی ئامادەیی وەرگرت و لە کۆلێژی بازرگانی و ئابووری لە زانکۆی بەغدا وەرگیرا. لە ئەنجامدا بڕوانامەی بەکالۆریۆسی (کارناسی) وەرگرت. باڵدار ھەر بە ئەوەندە نەوەستا، بەڵکو ھەوڵیدا بچێتە ئەمەریکا و لە سەرەتای دەیەی ١٩٦٠دا بڕوانامەی ماستێری (کارناسی باڵا) لە کۆلێژی سان فرانسیسکۆ لە پەروەردە وەرگرت و دواتر بۆ بەغدا گەڕایەوە.

 

مامۆستا باڵدار لە دوای کردنەوەی زانکۆی سلێمانی و گەڕانەوەی لە ئەمەریکا وەک مامۆستا لە کۆلێژی ئاداب لەو زانکۆیەدا خەریک بە وانەگووتنەوە دەبێت. کاتێکیش کە ئەو زانکۆیە دەگوازرێتەوە بۆ ھەولێر و ناوەکەی دەکرێتە زانکۆی سەلا‌حەددین، لەوێ لە کۆلێژی ئاداب - بەشی کوردی ماوەیەک وانە دەڵێتەوە. دواتر دەچێتە شاری بەغدا و لە زانکۆی موستەنسیرییە وانە دەڵێتەوە.

بەرھەمە چاپ کراوەکانی مامۆستا باڵدار بریتین لە:

 . ئەلف‌وبێی نوێی کوردی - بەغدا - چاپی یەکەمی ١٩٥١، ۹٨ لاپەڕە / تاکو ئێستا پتر لە ٣٥ جار چاپکراوەتەوە.

. ئەلف‌وبێ بۆ گەوران - بەغدا - چاپی یەکەم ١٩٥٥، ٧٨ لاپەڕە

 . الابنیە المدرسیە للمدارس الابتدائیە - بەغدا ١٩٦٥، ٤٢ لاپەڕە

 

مامۆستا ئەمین چەپان لەسەر باڵدار دەڵێت: ئیبراهیم ئەمین باڵدار پرۆفیسۆری زمانی کوردی، ئەدیبی دنیای منداڵان، شاعیر و چیرۆک‌نووس بووە.

چەپان لە درێژەدا لەسەر کتێبی "ئەلف و بێی" مامۆستا باڵدار دەڵێت: خەڵک وادەزانێ ئەو کارە چیرۆکێکی ساکارە، بەڵام ئەو ئەلف و بێیە زانستێکی تایبەتە، ئەوە ئەم زانستەیە کە "ئەبوو خەلدوون ساتع‌لحەسەری" لەسەر باڵداردا دەڵێ: "ئەو مامۆستای منە، بەرهەمەکەی باڵدار لە خەلدوونەکەی من باشترە".

 ساتع‌لحەسەری کتێبی "ئەلف و بێی کوردی" بە خەتی خۆی  نووسیوەتەوە و "سۆحاتکێ" وێنەکانی نێو لاپەڕەکانی بۆ کێشاوەتەوە. لە ساڵی ١٩٥٥ کچێکی ئاڵمانی بە نێوی "تۆرۆدۆ دۆتێلمان" سەرلەنوێ وێنەی نێو دەقەکان دەکێشێتەوە.

 مامۆستا باڵدار لە ڕێکەوتی ١٩٩٨/٧/١١دا لە ماڵە خۆی لە بەغدا کۆچی دوایی دەکات و تەرمەکەی بۆ سلێمانی دەگەڕێتەوە و لە گۆڕستانی گردی سەیوان بە خاک دەسپێردرێ.





ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد