تاريخ: ۱۳۹۵ جمعه ۷ آبان ساعت ۱۵:۱۶ بازدید: 1784      نظرات: 0      کد مطلب: 2139

دەوڵەت؛ تاک کۆیلە دەکات

ئەرسەلان بورنا (شرۆڤەکاری سیاسی)


دەوڵەت یەکێک لە سەرەکی ترین ڕێکخراوە دەستڕۆیشتووەکانی سەر کۆمەڵگا چاوی لێ دەکرێ کە لە ژێر دەمامکی جۆراوجۆر هەوڵی تێکدان و سڕینەوەی بایەخە کۆمەڵایەتییەکانی داوە. دەوڵەت وەک بەهێزترین ئامێری دەسەڵاتداری تاکوو ئێستاش درێژەی بە ژیانی دەدات و ئەمڕۆکە لە چوارچێوەی یاسا ڕەوایی بە خۆی و کارەکانی دەدات. ئەم شێوەیە لە سەر بنەوانی چەوساندنەوە و کەڵکی نابەجێی لە کۆمەڵگا؛ هێزی خۆی لە بواری بەڕێوەبەرایەتیدا دەست نیشان و داسەپاندووە.

جێی دوودڵی نییە کە دەوڵەت مرۆڤی ئازاد بە سووک دەزانێ و بەردەوام هەوڵی نامۆکردنی لە سرووشتی دەوروبەری دەدات و لە ڕێگەی لاوازخستنی کۆمەڵگا درێژە بە هەرمانی خۆی داوە. ئەم ڕەوتە نەک تەنیا لە ناو شێوازە جۆراوجۆرەکانی دەسەڵاتداری بەڵکوو لەناو بزاڤە ڕزگاریخوازەکانی کە لە ناوەرۆکی ڕاستەقینەی کۆمەڵگا دوور کەوتوونەوە، وەڕاست گەڕاوە. وێدەچێ زۆربەی بزووتنەوەکان پاش سەرکەوتنیان تووشی تووانەوە لە نێو هێزی دەوڵەتدا دێنەوە و لە ڕێبازی خۆیان دوور کەوتوونەوە. سەرەڕای هەستیاری ئەم بابەتە پێداویستە لە سەر خۆبەڕێوەبەرایەتی کۆمەلگا و جڤاتە مرۆڤییەکان بە باشی لێکدانەوە و ڕاوەستە بکرێ کە مێژوویەکی کۆنتر و جێی متمانەتری هەیە.

خۆبەڕێوەبەرایەتی ئەو سەرچەشنە دیمۆکراتیکەیە کە دەبێ دەستی دەوڵەت لە سەری کورت ببێتەوە هەتا تێکەڵ بە گەندەڵی نەبێ و بۆ هێزێکی داسەپێنەر نەگۆڕدرێ. لە بنەڕەتدا، شتێک بە ناوی دەوڵەتی دیمۆکراتیک بوونی نییە و درووستتر ئەوەیە کۆمەڵگا دیمۆکراتیک ببێتەوە. دەوڵەت و دیمۆکراسی یا دەوڵەت و کۆمەڵگا دوو دیاردەی بە تەواو جیاواز لە یەکن. کەواتە، کۆمەلگا و دیمۆکراسی وێڕای بەهێزبوون و پەرەسەندنی دەوڵەت سنووردار دەبن و هێدی هێدی کۆمەڵگا بەرەو لاوازی هەنگاو هەڵدەگرێ. لەم بارودۆخەدا هەتا ئێستاکەشی لە گەڵ بێ دەوڵەت هێزی وەڵامدانەوە بە داخوازی و داواکارییەکانی خەڵکی نییە.

دەوڵەت و سنوورە جوگرافیایییەکان دیمۆکراسی و پێوەرەکانی کۆمەڵگایەکی دیمۆکراتیک و تاکێکی ئازاد دەخەنە ناو تەنگەژە و مەترسییەوە. لەم ڕوویەوە، دەبێ هەوڵ بدرێ کە هاووڵاتییان و کۆمەڵگا بە باشی ڕێکخستن و شیار بکرێنەوە هەتا پێش لە هەر کۆیلایەتییەک بگیردرێ. هەروەها، دیمۆکراسی ڕاستەقینە کاتێک وەدی دێ کە دەوڵەت ڕێکخستن و خۆبەڕێوەبەرایەتی ڕێکخراوە مەدەنییەکان سنووردار نەکات چونکوو ئەوان هەردەم لە سرووشتی کۆمەڵگاوە سەریان هەڵداوە و لەڕاستیدا، ئەوە ڕێکخراوە ئازاد و سەربەخۆیەکانن کە یارمەتی بە کۆمەڵایەتی بوونەوە دەکەن.

پەیوەندییە دامەزراوەکان لەسەر گرێبەستەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بابەتێکی گرینگ لەمەڕ ئازادی تاکەکەسی و وەدی هاتنی کۆمەڵگایەکی دیمۆکراتیک بە هەژمار دێ. هەربۆیە، ڕوانگە و ڕێکارە دیمۆکراتیکەکان نابێ لەگەڵ ڕوانگە و ڕێکارەکانی بەڕێوەبەرایەتی دەوڵەتی یەک شت بەناو بکرین.  و ئەمڕۆکە دەوڵەت – نەتەوەش لەسەر بنەوانی نکۆڵی و تێکدانی جڤاتە مرۆڤی و کۆمەڵگا ئازادەکان دامەزراوە. بەواتایەکی دیکەوە، نەتەوەپەرەستی بە مەبەستی کێشانەوەی سنووری دیاری کراو؛ تاکی ئازاد کۆیلەی دەوڵەت دەکات و گرینگە سەرنج بەم خاڵە بدرێ کە جڤاتی مرۆڤی نابێ لە سرووشتی ڕاستەقینەی دوور بکەوێتەوە هەتا تاک بۆ کۆمەڵگا پەروەردە ببێ و پێش لە هەر چەشنە چەوساندنەوەیەک بگیردرێ



ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد