تاريخ: ۱۳۹۸ جمعه ۲۵ بهمن ساعت ۱۴:۶ بازدید: 1526      نظرات: 0      کد مطلب: 14211

ئێوارە کۆڕێکی بۆ توێژەر و لێکۆڵەری مەهابادی عەزیز ئالی


لە درێژەی کار و چالاکییەکانی بنکەی فەرهەنگی و هونەری موکریان، ئەو بنکەیە بە هاوکاری ئیدارەی فەرهەنگ و ئیڕشاد دوێنێ پێنج شەممۆ ڕێکەوتی24ی ڕێبەندانی2719 ئێوارە کۆڕێکی بۆ توێژەر و لێکۆڵەری مەهابادی کاک عەزیز ئالی ڕێکخست. ئەو بەرنامەیە کە  تەرخان کرابوو بە لێکدانەوەی شێعرەکانی " نالی" سەرەتا بە وتەبێژی بەرپرسی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیڕشادی ئیسلامی مەهاباد(سیامەند جەوانبەخت)، دەستی پێ کرا و بە دوای ئەودا جەلال پوورحەسەن بەرپرس و ئەندامی لێژنەی دامەزرێنەری بنکە، کورتە وتارێکی ئاراستە کرد و دەو دا ئاماژەی بە ژیانی نالی و ئەو کتێب و پەرتووک و وتارگەلە کرد کە تا ئێستا لە ڕوانگە جۆراوجۆرەکان دا شێعری "نالی" یان هێناوەتە ژێر تیشکی لێکۆڵینەوە و دە ساحەی فەرهەنگ و ئەدەب و ژورنالیزمی کوردی دا بڵاو کراونەوە. بە شوێن ئەودا بەشی گرینگ و بنەڕەتی بەرنامەکە کە لێکدانەوەی شێعرەکانی نالی بوو لە لایەن توێژەر عەزیز ئالی درێژەی پێ درا. 
لە پاژی یەکەم دا عەزیز ئالی بە هێنانە ئارای تەواوی ئەو پەرتووکانەی کە بە دیوانی "نالی" ناسراون هەندێ باس و تەوەری ئاماژە پێ کرد و هەندێ باسی سەرنج ڕاکێشیشی لەو بارەوە ئاراستەی بەشداربووانی کۆڕەکە کرد. عەزیز ئالی ئاماژەی بەوە کرد کە موقبیل لە سنە و گیوی موکریانی و مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس و کوڕەکانی و .... ئەو کەسانە بوون کە قۆڵیان لە چاپ و بڵاو کردنەوەی دیوانی نالی هەڵماڵیوە. تەوەری بەرباسی عەزیز ئالی لەو بەشەی بەرنامەکەی دا پێک گرتن و پێکەوە هەڵسەنگاندنی ئەو کتێبانە بوو کە بە نێوی دیوانی نالی بڵاو بوونەتەوە. ئەو هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە لەلایەک بۆ ساغ کردنەوەی دیوانی نالی کێشە و گرفتمان زۆرە و لە لایەکی دیکەش ئەو کتێبانەی کە بە نێوی دیوانی نالی دەیانبینین نەیانتوانیوە تەواوی شێعرەکانی نالی دەخۆ بگرن و بەشێکی زۆر لە شێعرەکانی نالی ون بوون یا بە دەستی ئێمە نەگەیشتوون.پاژی یکەمی کۆڕەکە بە ئانتڕاکتێک کۆتایی پێ هات و پاژی دووهەمی کۆڕ تەرخان کرا بە هەندێ بابەتی تر کە لەوان دا دەتوانین ئاماژە بە سەبک و شێواز ناسی شێعری نالی، ئەفسانەسازی بۆ نالی، هەندێ لە بابەتەکانی دیوانی نالی و چەندین تەوەرێکی دیکە بکەین. 
عەزیز ئالی لە سەرەتای پاژی دووهەمی بەرنامەکەدا ئاماژەی بەوە کرد کە بەشێک لەو شێعرانەی کە ئێستا دە دیوانی نالی دا هەیە شێعری نالی نین و نێوئاخنی دیوانەکەی کراون، ئەو هەروەها لەیکێک لە بەربژێر و مژارەکانی بەرنامەکەی دا ئاماژەی کردە سەر ئەو ئەفسانەسازییەی کە بۆ نالی و مەستوورەخانمی ئەڕدەڵان کراوە. پێداگری ئالی لە سەر ئەوە بوو کە ئەو شێعرەی دە دیوانی نالی دا بۆ مەستوورە هاتووە بە هیچ شێوەیەک لە لایەن " نالی" یەوە نەنووسراوە.لە بەر ئەوەیکە شێعری نالی لێوڕێژە لە تکنیک و وردبینی و سەنایعی ئەدەبی و ئەو شێعرە خاوەنی هیچ کام لەوانە نییە و بۆیە خاوەنی ئەو شێعرە نالی نییە.ئالی دە بەرنامەکەدا تیشکیشی خستە سەر هەندێ لەو شێعرانەی کە دە دیوانی نالی دا هاتوون و بەڵام ئەو بە ئی "نالی" یان نازانێ. لەبەر ئەوەیکە فۆنداسیۆنی زمان و فۆڕمی ئەو شێعرانە لە گەڵ زمان و شێعر و شێوازی دەربڕینی نالی جیاوازیان هەیە. تەوەرێکی دیکەی بەرباسی ئالی دیسان تیشک خستنە سەر ئەو شێعرانە بوو کە باسی حەبیبە و مەحبووبەیان تێ دا کراوە. عەزیز ئالی ئەوەشی دە ڕاستای ئەو ئەفسانەسازییەدا هێنا کە دەربارەی حەبیبە و مەحبووبەدا بۆ نالی سازدراوە و باسی لەوە کرد کە هیچ بەڵگەیەک وجوودی نییە کە حەبیبە یار و دڵداری نالی بێ. لەبەر ئەوەیکە تەنیا دە دوازدە بەیتی دیوانی نالی دا  شەش جار ناوی حەبیبە و شەش جار ناوی مەحبووبە هاتووە کە لەو دوازدە بەیتە تەنیا سێ بەیتییان بەهێزن و دەتوانین بە شێعری "نالی"یان بزانین و باقی بەیتەکان نێو ئاخنی شێعری نالی کراون. ئالی بەشێکی دیکەی پڕۆگرامەکەی تەرخان کرد بە شەرحی ئەو بابەتە فەلسەفی و هزرییانە کە دەشێعری نالی دا دەتوانین دەست نیشانیان بکەین. 
 ئەو هەروەها دە درێژەی باسەکەی دا ئاماژەی کردە سەر هەندێ لەو ناوەرۆک و بابەتانەی کە دەشێعری نالی دا هەن و کوتیشی ڕەخنەی تایبەتیشی لە نالی هەیە. پڕۆگرامەکە بە ئاراستەکردنی چەند پرسیار لە عەزیز ئالی و ڕێز لێ نان لە بەڕێزیان کۆتایی پێ هات.



برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد