تاريخ: ۱۳۹۹ شنبه ۱۹ مهر ساعت ۱۳:۱ بازدید: 2166      نظرات: 1      کد مطلب: 15304
"هاژەی ڕۆح"ی مەهاباد قەرەداخی

باڵندە بەفرییەکە لە شەقەی باڵی دا


 

ساڵی ١٩٩١ دەنگێک بە بڵندگۆ لە ناو شاری کفری بڵاو بۆوە، "کفری ئازاد بوو"، ئەمە دەنگی "مەهاباد قەرەداخی" بوو کە موژدەی ئازادی شارەکەی لە چنگ ڕژیمی بەعس بە هاوشاریانی دەدا. کفری، بەعقووبه، زەعفەرانییە و بەغدا ناوی ئەو گرتووخانانەی ڕژیمی بەعسن کە شاعیر، نووسەر و چالاکوانی مافی ژنان، "مەهاباد قەرەداخی" لێیان ڕاگیر کراوە.

مەهاباد، تەمەنی دوازدە ساڵان بوو کە یەکەم ئەزموونی شێعری لە گۆڤاری هاوکاری بڵاو بۆوە. لە ساڵی ١٩٨٧ لە بەشی ژمێریاری پەیمانگای هونەری کەرکووک خوێندنی تەواو دەکا و لە ساڵی ١٩٩١ دەبێتە ئەندامی یەکێتی نووسەرانی کورد.

ساڵی ١٩٩٢ لەگەڵ شاعیر و نووسەر "مستەفا گەرمیانی" ژیانی هاوبەشی پێک‌دێنێ و ساڵێک دواتر بەرەو سوید کۆچ دەکەن و دوو ساڵ دواتر چەندین کتیبی شیعر و چیرۆک و لیکۆڵینەوە و ڕۆمان چاپ دەکا که لەسەردەمی بەعس‌دا لەبەر سانسۆر رێگەی چاپکردنیان نەبوو.

مەهاباد قەرەداخی دوای سێزده ساڵ دەگەڕێتەوە باشووری کوردستان و بە پێی داخوازیی سەرۆک‌وەزیرانی ئەوکات دەبێت بە ڕاوێژکاری سەرۆک‌وەزیران بۆ کاروباری ژنان و یەکسانی. ئەو بەسەر زمانەکانی عەڕەبی، سوێدی، ئینگلیسی، تورکی و تا ڕادەیەکیش فارسی‌دا زاڵ بوو.

"شیکار" گۆڤارێکی وەرزی و هزری بوو کە بە خاوەن‌مۆڵەتیی "مەهاباد قەرەداخی" لە ساڵی ٢٠١٣دا ژمارە سیفرەکەی لە چاپ درا و بڵاو بۆوە. نەخشەی دواڕۆژ، پانۆڕاما، شاخ کێڵگەی گەنمەشامییە، میدالیا، هاژەی ڕۆح، باڵندە بەفرەکان (بە زمانی سویدی) و دیوانی مەهاباد قەرەداغی بەرهەمە شێعرییەکانی ئەم شاعیرەن.

مەهاباد لە نووسینی چیرۆک و وەرگێڕانیش‌دا دەستێکی باڵای هەبوو. لەتێ پیاو، زەنگدانەوە، ساڵێک لە دۆزەخ، فاتیلا، مەرگی مرۆڤ و نیوێک، کۆمەڵکوژی لە خاکی هەزار گرددا، ڕامان لە وێنانەکراو، کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان، لە یادکراو و نکۆڵیلێکراو، هۆلۆکۆست و کۆکوژی جولەکەکان لە لایەن ئەڵمانیای نازییەوە ئاسەواری ئەم چیرۆک‌نووس و وەرگێڕەن.

ئەو لە لێکۆڵینەوە و نووسینی بابەتی پەروەردەیی‌دا چەندین پەڕتووک و ئاسەواری جێ‌هێشتووە کە هەندێکیان بریتین لە: ئازادکردنی مێژوو، لە پێناوی ژیانەوەی ئافرەتدا، شەڕەفنامە، "زمان، ڕامان و ناسنامە"، گەرمیان، باوەگوڕگوڕ، دیلان، خوێندنەوە بۆ فێربوونی قوتابیانی کورد لە سوید و …

سەرەنجام شاعیر، نووسەر و لێکۆڵەری گەل، "مەهاباد قەرەداخی" لە ڕۆژی ٩ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٠ هاوکات لەگەڵ ١٨ی ڕەزبەری ١٣٩٩ی هەتاوی بە هۆی گیرۆدەبوون بە ڤایرۆسی کڕۆنا لە نەخۆشخانەی شاری هەولێر لە تەمەنی ٥٤ ساڵی‌دا ماڵئاوایی لە ژیان کرد. 




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران

0
0
پاسخ به این اظهارنظر

سیروان ۱۳۹۹/۷/۱۹
خدا لیه خوش بیه

نظر خود را براي ما ارسال كنيد