تاريخ: ۱۳۹۹ سه شنبه ۶ آبان ساعت ۲۰:۳ بازدید: 1791      نظرات: 0      کد مطلب: 15355

پێشەکی بۆ کۆچێکی ناوادە

لەیلا ساڵحی


نووسینێکی کورت لەسەر نووسەرێکی پڕ بەرهەم کارێکی دژوارە. کاتێک کە نووسین و بەرهەمەکانیشی پەلی هاویشتبێتە بواری جودای بیرکردنەوە و داهێنانەوە، پێویستی بە خستنە بەرباسی جودا جودای بەرهەمەکان هەیە. خاتوو "مەهاباد قەرەداغی" لەو نووسەرانەیە بەرهەمی زۆرە و ناوەرۆکی بەرهەمەکانیشی چەندین بواری جودا دەگرنەوە. لەو نووسینەدا حەول دەدەم خاڵێکی هاوبەش لە هێندێک لە نووسینەکانی مەهاباد قەرەداغی بخەمە بەرباس و ئاوڕ لە بەشێک لە نووسینەکانی بدەمەوە. ئەو خاڵە هاوبەشەی دەمهەوێ لە هێندێک نووسینی‌دا باسی لێ بکەم، ژن و کێشەی ژنانه. وەک کوترا بواری چالاکی‌یەکانی خاتوو "مەهاباد قەرەداغی" بەربڵاو و فرەچەشنن. چالاکی بە کردەوەی بواری مافی ژنان و کێشە کۆمەڵایەتییەکانیان بووە و لە سەری نووسیون. ئەو ئاراستەیەی لەو وتارە جودا جودایانه‌ی‌کە لەو بوارە دا نووسیونی خۆ دەنوێنێ. جودا لەوە لەو چەند کتێبەش کە بۆ پەرژانە سەر کێشەی ژنانی تەرخان کردوون، راستە رێی نووسینی، باسی مافی ژن و کێشەی ژنی کوردە. یەکەم نووسینی لەو بابەتەی کتێبی "ئازاد کردنی مێژوو"وە. ئەو کتێبە بە شێوەیەکی زانستی و مێتۆدیک لە دە بەشی جودا دا، ژن، خەبات و چالاکی ژنان و بزووتنەوە فێمینیستییەکان و کێشەکانی ژنی کوردی خستووەتە بەر باس. لە سیستەمی دایک‌سالاری‌یەوە سیمای ژن وێنا دەکا و ئەو کێشەیە تا ئەمڕۆی ژنی کورد دێنێ. بە هەموو ئەو ئاڵ‌وگۆڕانەی لە تێگەیشتنی مرۆڤی کورد لەمەڕ ژنەوە بەدیهاتووە. چۆنەتی سازبوونی ئەو روانگە کولتوورییەی لەبارەی ژنانەوە لە ناو کورددا هەیە شی دەکاتەوە و لایەنە جۆراوجۆرەکانی لێک‌دەداتەوە. جودا لەو کتێبە کتێبێ " شەڕەفنامە" لەسەر پرسی کوشتنی ژنان بە بیانووی پاراستنی شەڕەفەوە دەنووسێ. لە لایەکی دیکەوە وەک سەرنووسەری "گۆڤاری شیکار" که خاوەن ئیمتیازەکەی "یەکیەتی ئافرەتانی کوردستان"ه، هەموو ژمارەکانی بۆ ئاوڕدانەوە لەسەر پرسە کۆمەڵایەتی‌یەکان و خوێندنەوەی ئەو کتێب و نووسینانە تەرخان کردبوو کە یان بە شێوەیەکی داهێنەرانە کێشەی ژنانیان تێدا ورووژاوە. وەک رۆمان و شێعر. یان ئەو تیۆرییە فکری و کۆمەڵایەتی‌یانەی ئەو باسانەیان تێدا بەرچاوە بڵاو کراوەتەوە. یان بە شێوەی نموونەیی کێشەی ژنانی نیشتمانی تێیدا تاوتوێ کراوە. هەر ئەو بوونە بوێر و لەهەمان کاتدا ماف‌خوازانەیە، وای کردبوو کە زۆر جار و بە توندیش بکەوێتە بەر رەخنە و تەنانەت خۆشی وەک کۆی ئەو ژنانەی لەمەڕ ئەوانەوە دەینووسی و لەسەریان وەدەنگ دەهات؛ چ بە نووسین و چ لە یەکیەتی ئافرەتان، رووبەڕووی نیگای پیاوسالارانە و مێرسەروەرانە ببێت و ئەو کێشەیە تا دوا رۆژه‌کانی ژیانی و تەنانەت پاش مەرگیشی هەر بەرۆکی خۆی و بەرهەم و هەڵوێستەکانی بەرنەدا.

بەڵام لەسەرووی هەمووی ئەوانەوە "مەهاباد قەرەداغی" بۆ من هەمیشە سیمای شاعیرێکی جیددی باشوور بووە. دەنگێکی زوڵاڵ و بە هێزی شێعری کە تا ئەو دواییانەش لە شێعر نووسین نەوەستا. هەر چەند تەرخان کردنی بەشێکی زۆر لە توانا و کاتی بۆ پرسی ژنان، رەنگە زۆریش لە کەشی شێعری دوور خستبێتەوە.

ناوی مەهاباد قەرەداغی وەبیر هێنەرەوەی سەردەمێکە کە نەوەی ئێمە لە زانکۆکان "شاخ کێڵگەی گەنمەشامییە"ی دەخوێندەوە و لەو توانای زمان و ئافراندنی وێنە و دەربڕینە جیاوازەی ئەو لەبەراورد لەگەڵ پیاوانی شاعیری کورد دڵخۆش دەبوو. دڵ‌خۆش لەوەی کە ئەوە دەنگێکی دیکەی دلێر و ژنانە لە شێعری کوردی دا دەبیسترێ. ئەو بەرهەمەی مەهاباد ناڵێم تەنیا دەنگ، بەڵکوو یەکێک لەو دەنگە جیددیانەی شێعری ئافرەتان بوو کە بە پانەوە ریزی خۆی لە ریزی دەنگە پیاوانەکانی شێعری جودا دەکردەوە. ئەگەرچی ئێستاش لە هەڵوێست‌دا رەنگ و بۆی ئەو وارەی هەر بەسەرەوە دیار بوو. بەڵام لەبەرهەمەکانی دواتری‌دا مەهاباد نەتەنیا وەشوێن دۆزینەوەی کەشێکی جودا بۆ دەربڕین کەوت، بوو بە رێبواری رێیەک کە بەرە بەرە ئە رێیە بوو بە هەڵوێست و بیرکردنەوە و ئەو بیرکردنەوەیە سێبەری خستە سەر دەقی رۆمان و شێعر و توێژینەوەکانی. ئەو رێگە و رێبازە بیرکردنەوەیە، بریتی بوو لە وێنا و دیتنی بوونی ژن بە گشتی لە کۆمەڵگادا و بوونی  ژنی کورد لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی نیشتمانی کورد دا.

دیارە خۆ تەرخان کردن بۆ بەرەو پێش بردنی بیرێکی وا، هەم بواری کردەیی دەخوازێ و هەم بواری توێژینەوەیی و تەنیا بە هەڵوێست و هەست و روانینی شاعیرانە جێ‌بەجێ نابێ. ئەو ویستی ئەو چەند بوارە ئەوەندەی لە توانای دابووە بخاتە خزمەت ئەو بیرەوە. ئەوەی کە چەندە لە بوارە کردەییەکەی‌دا سەرکەوتوو بووە و چی کردووە یان نا، دەبەسترێتەوە بە خوێندنەوەی چالاکیی ئەو بنکانەی بە کردەوە لە باشووری کوردستان ئەو تێیان‌دا چالاک بووە و هەڵسەنگاندن و سەنگ‌وسووک کردنی ئەو لایەنە لە دوورەوە بۆ ئێمە دەست نادا. تەنیا دەرکەوتەی ئەو بەستێنەی "گۆڤاری شیکارە" کە کارێکی بە جێ و بە بایخە و بە جودا دەکرێ لەسەری هەڵوێستە بکەین. بەڵام لەوە زیاتر با ئافرەتانی چالاکی ئەو بوارە لە باشوور ئەو لایەنەی ژیانی مەهاباد خان هەڵبسەنگێنن. رەنگە بەشێک لەو تیر و تانانەی کە لەو بوارەدا ئاراستەی دەکرا باجی هەڵوێستی سیاسی کوردانەی بووبێ  لە هێندێ وێستەگەی هەستیاری ژیانی کورد لەو ساڵانی دوایی دا لە باشووری کوردستان و شوێنی ئەو باسەش بەو هۆیانەی پێشتر کوتم ئێرە نییە.

بەڵام دوو لایەنی دیکە کە بەرهەمە شێعری، رۆمان ، توێژینەوە و وەرگێڕانەکانێتی، لەبەر دەستمان دان و دەتوانین لەو بەرهەمانەی‌دا، ئەو هێڵە فکرییە ببینینەوە کە کوتمان نووسین و توێژینەوەی مەهاباد خان بە سەری‌دا هەنگاوی هەڵگرتووە. رۆمانی "فاتیلا" گێڕانەوەی بەشێک لە نەهامەتیی و رووداوەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی نەتەوەیەکە و لە لایەوەکەوە نیشان‌دانی کاراکتەرێکی ژنە لەو کەشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەدا. دکتۆر شوکرییە رەسووڵ لەو بارەوە دەڵێ: "لە رۆمانی فاتیلادا رۆمان‌نووس شارەزایی‌یەکی تەواوی لە رۆمان، سینەما و شانۆ دا هەیە و لە تەکنیکی گێڕانەوەدا بەکاری هێناوە و توانیوێتی زەمەنی روودانی رووداوەکە و سەردەمی راپەڕین لە رێگەی کاراکتەرەکانییەوە بگێڕێتەوە." مەهاباد خان لە کتێبی "ساڵێک لە دۆزەخ دا"  دیسان لە سەر هێڵی گێڕانەوە قەڵەمی وەگەڕ خستووە. بەڵام ئەو جار گێڕانەوە لە چوارچێوەی بیرەوەری‌دا. کەسایەتی ئەو بیرەوەرییەش خۆیەتی. خۆیەک لە چل ساڵەیی‌دا. ژنێک لە ناو بەنددا خەریکی گێڕانەوەیە. خۆی دەگێڕێتەوە بە هەموو ئەو ژان و ئازارانەوە کە لەبەندیخانە دا بۆ هەموو کەس هەیە، بەڵام بۆ ژن چەند بەرانبەر دەبێ. وەکی خۆی دەڵێ ئەوەشی وەک کردنەوەی رێگایەکی تازە کردووە. ئەو تێبینی‌یەی لە پێشەکی کتێبەکەی لەسەر هۆکاری گێڕانەوەی بیرەوەری‌یەکانی وریایانە و سەرنج راکێشە. دەڵێ بە تیری ئەو بیرەوەرییانە سێ نیشان دەپێکم:

"یەکەمیان: شکاندنی ئەو دیوارە ئەستوورەی بەعس بە ئەشکەنجەکانی نێو زیندان لە دەروونی من‌دا درووستیان کرد.

دوو: شکاندنی ئەو نەریتەی کە بیرەوەری لە تافی پیری‌دا دەنووسرێ.

سێ: شکاندنی رچەی بێدەنگی ژنان لە ئاست ژیانی تایبەتی و ژیان‌نامەی خۆیان. دەرگا کردنەوە بۆ ژنانی بواری گشتی کۆمەڵگا، بۆ نووسینەوەی بیرەوەرییەکانیان بێ سڵ‌کردنەوە، لە باس‌کردنی ئەو ساتە ژیانانەی کە بە پێی داب‌ونەریت رەنگە وەک نەنگ و شەرمئاوەر ژمێردرابن."

کتێبی "ئازاد کردنی مێژوو"ش وەکی پێشتر باسی کرا بە تێر و تەسەلی لە سەر ژان و کێشەکانی ژنانی کوردی کۆڵیوەتەوە و توێژینەوەیەکی باشە کە هەژدە ساڵ لەمەوبەر چاپ بووە.

رۆمانەشێعری "ئەڤین ئاوی ژیانە"ش هەر لەسەر ئەو هێڵە فکرییە داڕێژراوە. لێرەدا تەنیا ئاوڕ لە پێشەکی‌یەکەی دەدەمەوە و قسە و باسی زیاتر بۆ کاتێکی دیکە هەڵدەگرم.

ئەو کتێبە بە شێوەیەکی نەباو دەست پێدەکا:

شوێن: ئۆرانووس

کات: کە بیر لە تۆ دەکەمەوە، هەموو کاتێک

نامەی: ژمارە هەزار و یەک

بەناوی تۆی مەزن و میهرەبان

لاس گیان! وێڕای قووڵ‌ترین ماچ

ئەوە دەستپێکی نامەیەکە، کە راوی لەسەرەتای گێڕانەوەکەدا، خوێنەری پێ بانگێشتن دەکا بۆ ناو دەقەکەی. ئەو سەرەتا و پێشەکی و نامەیە، بەشی یەکەم یا بەرایی رۆمانە شێعرێکە کە تێی‌دا، دۆخی سەرەتایی و کەسایەتی‌یەکانی مەبەستی لە رێی ئەو وردە گێڕانەوانەی لەو نامەیەدان دەناسێنێ.

راوی هەر لەسەرەتاوە لە رێیەکی دژوار دەدوێ کە ئاکامەکەی بۆتە پەناهەندە بوون بۆ هەسارەی ئۆرانووس. دەنووسێ لەوێ لە قوتابخانەی هەتاو خەریکی وانە خوێندنە" پاشان بە زمانێکی شاعیرانە وەسفی شوێن دەکات: "لەو هەسارەیەدا زمانی رووناکی فەرمی‌یە- منیش نووتەکی‌یەکانی گیانم رۆشن دەبنەوە و زمان دەگرم"

ئەو وەسفە لە شوێن، بۆ بەراوەردێکە لە گەڵ شوێنێک کە راوی ژن؛ واتە خەزاڵ، لەوە پێش تێی‌دا ژیاوە. شوێنێک بە ناوی زەوین. لەو رێیەوە بە لەبەر یەک رانانی دوو ژینگە، دوو هەسارە، دوو جۆر ژیان؛ واتە ژیانی زەوی لە رابردوودا و ژیانی ئۆرانووس لە ئێستادا، دەرکەی باسێکی تازە دەکاتەوە. لەهەر دوو شوێن ئەو لە قوتابخانەیەکە بە ناوی هاوبەشی هەتاوەوە، بەڵام بەراوەردی ئەو دووانە، وردە وردە کەشی زاڵ بەسەر هەرکامیان بۆ خوێنەر روون دەکاتەوە.

قوتابخانەی هەتاوی زەوی، ئاوا لە زمان راوییەوە دەردەکەوێ: "تەنیا ناوی شوێن، فێرگە یان ئەنستیتۆیەکە کە قوتابییەکانی تیشکیان بەرناکەوێ، کڵیشەیە، بێ گیان و بێ بناخەیە. باڵەخانەی دڕدۆنگی‌یە."

قوتابخانەی هەتاوی ئەوێ، بناخەی بە خشتی عەشق داڕێژراوە، رێساکانی بە زمانی رووناکی نووسراون، لە سەر بنچینە و رێسا و رێزمانی ئەڤین داڕێژراوە. لە ژینگەی یەکەم‌دا ژیان و لەش نووتەکە و ئەو هەر شتێکی باشی کە کەشفی کردووە لە ژێر رۆشنایی شوێنی ژیانی‌دا نەبووە، بەڵکوو شوێن تاریکی کردووە و ئەو بە گەڕانەوە بۆ ناخی خۆی و ئاوێنەی دەروونی و خودای ناو لەشی، شتە جوانەکان دەدۆزیتەوە و هەر لەو رێیەشەوەیە کە بەردەنگی ئەو نامەیەی واتە لاس دەدۆزێتەوە. ئەو گەڕانەوە بۆ ناوخۆیە، لای راوی نوێنەری ئەوینە و دەبێتە هۆی دیتنەوەی خۆشەویستی. خۆشەویستی‌یەکی کە لەبیر چوونەوەی بۆ نییە.

نووسەر بە ساز کردنی کەشێکی ئەفسووناوی کەسایەتی‌یەکی خستووەتە روو کە نوێنەری ژنانە. ژنێک کە بە پەرجوویەک ئەوی لە چاڵی رابردوو دابڕیوە و لە ئێستای هەسارەیەکی دی دا، لە رووناکی دەگەڕێ.

راوی، بە زمانی هەسارەی نوێ و بە مەرەکەبی هەتاو، دەیهەوێ نامەیەکی ناتەواو کە پێشتر نووسیویە و بە نیوەچڵی ماوەتەوە تەواو کا. دەینووسێ و ئادرەسی هەسارەی سووری زەوی لێ دەدا و لە گەیشتنی دڵنیا نییە.

جودا لە کەسایەتی راوی واتە؛ خەزاڵ و لاس واتە؛ بەردەنگی راوی، هەر لەو نامە ناتەواوەدا، کەسایەتییەکی دیکەش دەناسێندرێ. ئەویش "سێوە"یە. سێوە لەهەسارەی "ڤینووس"ە. لەوێوە پەیام بۆ راوی دەنێرێ. لە پەیامێکی‌دا ئاوا کەسایەتی خۆی دەردەخا: "سوپاس بۆ نیگاکانی لاس کە ئەوەندە بە سەلیقە و سۆزەوە رژاونەتە ناو نیگا نەرم و گەرمەکانی تۆوە و من درووست بووم."

سێوە ئاکامی تێک‌ئاڵقانی نیگای راوی و بەردەنگەکەیەتی. ئاکامی ئەوین. سەمەرەی ئەوینی ئەو دوانە مێژوویی‌یه‌یە کە ئێستا لە هەسارەی ڤێنووس دەژی. " لە زانکۆیەکی ڤێنووس بەشی ئەندازیاری گەردوون دەخوێنێ. سێوەش زەمینی بووە و بە پەڕجوویەک گەیوەتە ئەوێ.

سێوە و مامۆستا و شاگردەکانی دەیانهەوێ شێوەی هەسارەی زەوی بگۆڕن. ئەوان پێیان وایە ئەگەر زەوی خڕ نەبوایە ئەو هەموو کایەیه‌ی پێنەدەکرا و ...سێوە بەو رایە گەیشتووە دەبێ زەوی سێ گۆشە بێ. ئەوەش لەو بەشەدا راوی وەک گرێیەک دەیهێڵێتەوە و هۆکارەکەی نادرکێنێ و دایدەنێ بۆ کاتێک کە ئەگەر لەگەڵ سیوە پێکەوە دانیشتن لە زمان ئەوەوە بیگێڕێتەوە.

درێژەی نامە/گێڕانەوە، وەسفی شوێن و کاتی لاسە. راوی بەو بۆنەوە لە کێشەکانی ژیانی نوێ و مرۆڤی هاوچەرخ دەدوێ. باسی کێشەی زۆربوونی ژماری دانیشتوانی زەوی و حەشیمەت دەکا. پیشەسازی بێ لغاو و بەستێن دەداتە بەر تیری تانە. تێکچوونی ژینگە دەخاتە روو. باسی کۆمپانیاکان و دونیای سەرمایەداری و نەبوونی هەست و سۆز و ماشینیزە بوونی ژیان لە گێڕانەوەی‌دا خۆ دەنوێنن. ژیانێک کە بەرهەمەکه‌ی مرۆڤی نیوە زیندوو نیوە مردوویە. " "کۆمپانیای مرۆڤ چێکردن بەردەوامە. ئۆرگانی سێکسی ژن و پیاو بوونەتە ماشینەکانی ئەو کۆمپانیایە و بەرهەمەکانیان زارۆکە. زارۆکی نیوە مردوو نیوە زیندوو. بە تایبەت ئەو کەرتانەی زەوی کە ئەڤین یاساغە و ماچ دەدرێ لە خاچ" ئەو کەشە نالەبارترە و ...

راوی لەو بەشە دا ژیانی مودێڕن و دیاردە بەرچاوەکانی پرسیار باران دەکا. ئەو دیاردانەی لە سەر لایەنی رووحی مرۆڤ کاریگەر بوون و مرۆڤی خەسیو و پەسیویان بەرهەم‌هێناوە.

لە راستی‌دا ئەوە کەڵکەڵەیەک بووە کە راوی لەوێش، واتە لە زەوین نیوەی بە قەڵەم داهاتووە و بۆی دانەکووژاوە و ئێستا و لە شوێن -کاتێکی دی؛ واتە هەزارەیەکی دی و هەسارەیەکی دیکەدا، بەدەم فێربوونی زمانی رووناکی و رێزمانی نوێی عەشقەوە، هەوڵی تەواوکردنی ئەو نامەیەدەدا.

لە هەسارە و هەزارەی پێشوودا نەیتوانیوە نامەکەی بگەیەنێتە دەست خۆشەویستەکەی، چون وادیارە لەوێ نامەکان ناگەن. لێرە مەبەستێتی بێ زەرف و پاکەت و پۆست، بێ ترسی ون‌بوون و ون‌کردن و بە کراوەیی و بە کۆترێک‌دا بینێرێ. کۆترێک کە خوێنەکەی سپییە وەک بەفری کوێستان. دیارە هەر کام لەو نیشانانە دەکرێ بە تەسەلی قسەی لەسەر بکرێ.

ئەوەی لەو بەشەی گێڕانەوەدا دەخوێندرێتەوە ئەوەیە کە گەڕانەوە بۆ شێوە ژیانێکی دی، ئاڕمانج‌شارێکی دی، دوور لە پێوەندی‌یە باوەکانی جیهانی مودێڕن، بۆتە خولیای راوی.

بەڵام سەرەڕای ئەوەش، سیحری خاک و بیری رابردووی  زەوی کەمەند کێشی دەکا. گەڕانەوە بۆ رابردووی دووری راوی، لەو بەشەدا بەو مەبەستەیە. گەڕانەوە و گێڕانەوەی هاوکات. گێڕانەوەی رۆمانسیانەی سەردەمی منداڵی و خەونەکانی. راوی بۆ دەرخستنی خەونی منداڵانەی، بۆ تێکەڵ بوون بە جیهانی با، بۆ باڵێک بۆ فڕین بەرەو بێ سنوور پەل دەکوتێ و زمانی وەگەڕ دەخا. فەنتازیای منداڵانە، سنوور شکاندنە و داهێنانیشی تێدایە. لە جیهانێک‌دا کە بەردەوام سنوور و لەمپەرەکان دەگوورێن، لەدایک دەبن  و باڵا دەکەن. لێرەدا لەگەڵ با، تا لای خودا دەچێ.

پێوەندی خۆی و خودا دەگێڕێتەوە. پێوەندی لەگەڵ بێ‌سنوور و لە ئاکام‌دا بە خستنە رووی کەشی قوتابخانە کە نیشانەیەک لە دامەزراوەکانی سەردەمی نوێیە، باس لە کوژرانی خەونەکانی دەکا. ئەو بەشە ئەگەرچی تەواو لەگەڵ بەشەکانی دی موتوربە کراوە و چێژی تایبەتی خۆی هەیە، هاوکات رەخنەیەکی جیددی و کورتیشە لە سیستەمی پەروەردەی خەساو کە خەون و خولیای منداڵان تێی‌دا دەبنە پەپوولە پاییزەی دەست رەشەبا. ئەو شێوە نیگایە زۆر هاوشێوەی نیگای "سوهراب سپێهری"یە لە کتێبی "هۆدەی شین "دا کە تەرخانی کردووە بۆ رەخنە لە سیستەمی پەروەردەی نالەبەری ئێران و بۆوەی لە باسەکە دوور نەکەومەوە تەنیا چەند رستەیەکی لێ دێنمەوە "لە هەمووشت ناخۆش‌تری زەنگی قوتابخانە بوو. قەت ژوولیت ئادام بە قەت من لەو دەنگە جەحەندەمی‌یە ئازاری نەدیوە. ئەو دەنگە خەیاڵمی هەڵدەبری. هەستمی لەت دەکرد. لە کەف‌وکوڵی خۆشی دەخستم و لە جانتای قوتابخانەدا دەیشاردمەوە."

هەر لەو بەشەدا راوی بەربەستی بنەماڵە و کۆمەڵگا بۆ خۆی باس دەکا. واتە بە تیرێک دوو نیشان دەپێکێ. هەم دۆخی پەروەردە و هەم دۆخی کچێک لە فەزای قوتابخانە و بنەماڵە و رێگای قوتابخانەدا دەگێڕێتەوە. "پێکەنین یاساخ بوو. نەک هەر لە قوتابخانە، تەنانەت لە رێگەی قوتابخانەش. دایکم دەیکوت کچم لە رێگە سەلار و سەنگین بە. تۆ کچی. پێنەکەنی و ..."

بەڵام خولیا و خودایەکیش بەردەوام لە دەروونی‌دا کیشەکانی لا زەق‌تر و روون‌تر کردووەتەوە. "خودا شتی دیکەی پێدەکوتم: دەیکوت پێکەنین وەک هەڵفڕین وایە. خەندە زمانی رووحە و ..." من دەبوایە لە نێوان خودا و ئەوان‌دا هەڵبژێرم. سەرەتا راوی بژاردەی یەکەم وەک چارەنووسی خۆی دەست‌نیشان دەکا. بژاردەیەک کە نیشانەکەی دەمامک و خۆشاردنەوەیە. هەم خۆشاردنەوەی رواڵەتی و هەم دزینەوەی هەست و گوتەکانی دڵ و دەروون.

دوا وێستەگەی ئەو پێشەکی و گێڕانەوەیەی راوی، لە سەرەتای رۆمانە شێعری "ئەڤین ئاوی ژیانە" بە گێڕانەوەی یاخی بوونی ژنە راوی ئەو نامەیە کۆتایی دێ. ژنێک یاخی لەو یاسا و رێسا و دەمامکانە.

" لە ئاکام‌دا بە دڵی خۆم کرد. رۆژێک بە بەرچاوی هەمووانەوە خۆم رووت کردەوە. ئەو بەرگانەی باوکم بۆی کڕیبووم و دایکم لەبەری کردبووم، داکەند و تووڕم‌دا. دەمامکەکەم گرت و بە زەویم دادا و ورد و خاشم کرد و ... لەو ساوە هەست دەکەم خودای ناخم لێم رازی‌یە. دوای ئەو هەڵبژاردنە ئیدی کە شاد دەبووم پێدەکەنیم و کە خەمبار دەبووم دەگریام.

پاش ئەو نامەیە بەشی یەکەمی رۆمانە شێعرەکە دەست پێدەکا. نووسینێک کە  لە سێ وەرزی ژوان و سێ وێستگەی ژوانگەیەک پێکهاتووە.

 

 

سەرچاوەکان:

قەرەداغی، مەهاباد(٢٠٠٣) ئازاد کردنی مێژوو، لێکۆڵینەوە لەسەر کێشەی ژنان، سلێمانی سەردەم

قەرەداغی، مەهاباد(٢٠٠٥) ساڵێک لە دۆزەخ، هەولێر: ئاراس

قەرەداغی، مەهاباد(٢٠٠٤) ئەڤین ئاوی ژیانە، ستۆکهۆڵم

سپهری، سهراب(١٣٩٠) اتاق آبی، تهران: سروش

رەسووڵ، شوکریە(٢٠١٦) رۆمان نووسی هەموو شت زان، باس نیوز




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد