تاريخ: ۱۳۹۹ سه شنبه ۱۶ دي ساعت ۲۰:۲۷ بازدید: 1348      نظرات: 1      کد مطلب: 15614

یەکەم ساڵوەگەری کۆچی دوایی خوالێخۆشبوو حاجی سولەیمان ھورمزیاری

ئەرەستوو مەڵاڕەحیمی


١٦ی بەفرانباری ٩٩ی کۆچی ھەتاوی مۆمی تەمەنێک لە خزمەت کردن کوژایەوە .

بەفرانبارە و سەرماو سایەقەی سروشتە ، سروشت جارێکی تر کەوتۆیە بەر ھەڕەشەی ڕەشەباو سەرماو سۆڵەوە ، بەڵام ھەناوی سروشت ھەروا گەرمە و بەستەڵەکەکان دەتوێنێتەوە ، گڤەگڤی ئەم با ساردەی بەفرانبارە خەریکە خۆی بە پەنجەرەکانی دڵمان دادەکێشێ و دەیھەوێ مۆمی تەمەنمان بکوژێنێتەوە .
بەڵێ دڵێک گەرمە و چەندین ساڵە دەیەوێ نێوی ئێمە لە نێو ناواندا بێ ، بەڵێ دڵێک لە جۆشە و دەیەوێ مەچەکی ئێمە ھەمیشە بۆ سەرکەوتن لە ھەوا بێ .
زۆرن ئەوانەی لە جیھانی ئەدەبیات دا شانازی گەلانن ، زۆرن ئەوانەی پەڕەمووچی دەستیان شاکاری ھوونەری دەخوڵقێنێ ، کەم نین ئەوانەی پەیکەرتاشن و دڵی بەردی ڕەق ھەڵدەکۆڵن و پەیکەری لێ چێ دەکەن ، زۆرن ئەوانەی لە جیھانی وەرزش دا دەبن بە مەدالیای زێڕین و ئێمە لە ملمانی دەکەین .
ڕاستە مۆمی تەمەنی ئەوان دەکوژێتەوە ، ڕاستە دڵە شەیداکانی ئەوان لە لێدان دەکەوێ و جەستەیان لە ناوماندا نامێنێتەوە ، بەڵام ڕوحی ئەوان ھەمیشە لە ناوماندایە ، ناوو یادیان وەک ھەمیشە لە ھەموو کارەکانماندا ڕێنوێن و مامۆستایە .
زۆرن ئەوانەی دەبن بە سامانی نەتەوەیی و بۆ ھەمیشە لە ناو گەلەکەیاندا نە نەمرییەوە دەمێننەوە .
یەکێک لەو ڕۆڵانەی کە ھەمیشە بۆ گەلەکەی تێکۆشا و ژیانی لە پێناو سەرخستنی وەرزش دا بەخشی و تاکو دوا کاتەکانی چاولێک نانی بە ھۆی نەخۆشیەوە ھەر چاوەڕوانی سەرکەوتن بوو ڕەوانشاد حاجی سولەیمان ھورمزیاری بوو مرۆڤێک لە نیو سەدەیەک زیاتر خزمەتی وەرزشی کرد و ھەمیشە بە پەرۆشی وەرزش بوو ، خزمەتێک کە ٣٥ ساڵ ڕاھێنەری لاوانی پاڕێزگا، شار و وڵاتەکەی بوو ، ھەمیشە خەونی بە سەرکەوتنی لاوانی شارەکەیەوە دەبینی و ڕۆژ و شەوی دەخستەوە سەریەک چۆن بتوانێ بەھرە لەفەن و تێکنیکی نوێ وەربگرێ بۆ سەرکەوتنی پیشەکەی وەکو وەرزشوانێکی کارامە و خودان نیو سەدە لە وەرزش کردن .

خولیای حاجی سولەیمانی ڕەوانشاد بۆ کوشتی ھەر لە تەمەنی لاویەتی و گەنجیەوە دەست پێدەکات و ھێدی ھێدی لە سەر دەستی مامۆستا و ڕاھێنەرەکانی دەبێتە کەسێکی کارامە وشارەزا لەم بوارەدا ، لە گەڵ ھەڵکشانی تەمەن و مەھارەت پەیدا کردن لە کوشتی دا بەماوەیەکی زۆر کەم دەتوانێ ئەوجار بۆ خۆشی ببێتە یەکێک لەوانەی کە وانەی ھوونەری بەرگری کوشتی فێری فێرخوازەکانی بکات و ماوەی ٣٥ ساڵ ڕاھێنەر و مامۆستای پێگەیاندنی دەیان وەرزشکاری کارامەی شارەکەی بێت و لە ئاستی پارێزگاش دا ناوێکی دیار و بەرچاو بێت .
مرۆڤ زەحمەت و ئەستەمە بتوانێ لە کورتە نووسینێک دا ئاماژە بە ژیانی کەسێکی وەرزشوان و خۆشەویستی گەل و وڵاتەکەی بکات کە تا ئەو ڕادەیە بەو پەڕی لێھاتوویی خزمەتی بەرچاوی کردووە .
کاروانی ژیانە و بەردەوام لە ڕۆیشتن دایە ، بەداخەوە ھێندێک ھەر زۆر زوو لە شەمەندەفەری ئەم ژینە دێنەخوارێ و بێ خواستی خۆیان جێمان دەھێڵن و لە ناوماندا نامێنن ، بەڵام کار و کردەوەکانیان ، پاشماوە بە جێماوەکانی ژیانیان ھەمیشە دەبن بە تین و گوڕ و ڕێنوێنی ڕێڕەوی ژیانمان .
ئەستەمە پێنووس بتوانێ خۆی لە قەرەی خزمەتەکانی حاجی سولەیمان ھورمزیاری بدا کە خزمەتی وەرزشی کرد و گیانی تەبایی و تۆوی خۆشەویستی لە نێو مرۆڤەکاندا چاند .
لەمڕۆژەدا و بەبۆنەی ئەم کۆچە ناوادەیە و لەم بەفرانبارەدا ، سەری ڕێز و حورمەت بۆ مامۆستاکەمان ، ئەو مرۆڤەی کە ویستی وەرزش ببێتە ناسنامەی ئێمە و شانازی بە سەرکەوتنەکانمانەوە دەکرد دادەنوێنین و ھەمیشە خۆمان بە قەرزداری خزمەتەکانی مامۆستا سولەیمان ھورمزیاری دەزانین کە لاوانی شاری مەھابادی ئاوا پەروەردە کرد کە وەرزش بەتایبەتی کوشتی ببێتە خۆلیای ژیانیان ، ڕەوانتان شاد ئەی مرۆڤە خۆنەویست و گەل خۆشەویستەکە ، ماڵ ئاوا  کەسایەتی و جێی ڕێز و خۆشەویستی ھەموومان .



ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران

0
0
پاسخ به این اظهارنظر

پیمان منصوری ۱۳۹۹/۱۰/۱۹
ده س خۆش کاک ئە رە ستوی بە ڕێز بۆ وتاری جووانو بە کە ڵکت

نظر خود را براي ما ارسال كنيد