تاريخ: ۱۴۰۰ دوشنبه ۲۳ فروردين ساعت ۱۰:۱۲ بازدید: 3799      نظرات: 0      کد مطلب: 16065

حەپسەخانی نەقیب باشتر بناسین


حەپسە خانی نەقیب ئەو ژنەی بیر و ئاکار و ئامانجەكانی لە پێش خۆیەوە بوو. ئەو سەردەمی ئەو تێیدا بوو، کۆمەڵگای کوردی بە هۆی سوننەتی بوونی، پێگەی ژنان بە نیسبەت ئێستا بەو شێوەیە گەشەسەندنی بەخۆیەو نەدیتبو کە بە کارەکانی حەپسە خان تا ڕادەیەک گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی لە ئاست چالاکییەکانی ژنان هاتە ئاراوە.

ئەو ژنەی كە نزیک سەدەیەک لەمەوبەر بە پەروەردەكردنی ژنان لە ڕێگەی دامەرزراندنی یەكەم قوتابخانەی كوردییەوە دەستی پێ كرد كە دواتریش یەكەم ڕێكخراوی ژنانی لە ساڵی ١٩٣٠ی زایینی دامەزراند.

حەپسە خان، نمونەی ژنێكی بوێر و دەگمەنی كوردە كە لەگەڵ خەمی نەتەوەکەی بوو، ئەو ژنانی لەبیر نەكرد و هەمیشە هەوڵی بۆ پێگەیاندنی ئەوانی دا. ناوبراو سەرجەم حەول و دەورەکانی بۆ بەرز کردنەوەی پێگەی ژن لە کۆمەڵگادا بوو، تا بە شێوەیەک خۆیان ببیننەوە و بەرەو پێش هەنگاو بنێن.

"حەپسەخانی نەقیب"، كچی "مەعرووف بەرزنجی" نەوەی "كاک ئەحمەدی شێخ" ‌و ئامۆزای "شێخ مەحمود" مەلیكی كوردستان‌ و ھاوسەری "شێخ قادری حەفید"؛ لە ساڵی ١٨٩١ لە شاری سلێمانی لەدایک بووە.

ناوبراو، بۆیە پێی دەڵێن حەپسە خانی نەقیب، چونكە "مەعرووف بەرزنجی" باوكی (نەقیب) بووە. ئەم پلەیەش بەو ھۆیەوە كە بابی نوێنەری (سادات _ شێخان) بووە لەلایەن حكومەتی عوسمانییەوە پێ بەخشراوە.

لە ڕێکەوتی ١٩٣٠/٦/٢٨ یەكەمین كۆمەڵەی ژنان بەناوی (كۆمەڵەی ئافرەتانی كورد) بە ‌سەرۆكایەتی "حەپسەخانی نەقیب" دامەزراوە، "حەپسەخانی عیرفانە فەنی"، خێزانی "جەمیل سائیب" سكرتێری بووە. بێگومان درووست كردنی كۆمەڵەیەک لە لایەن ژنێكەوە بۆ داكۆكی كردن لە ماف ‌و داواكانی ژنان لە ناوەڕاستی نیوەی یەكەمی سەدەی ڕابردوودا، نموونەیەكی كەم وێنە لەو ڕۆژگارەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست‌دا بووە.

ئەم ژنە وریا‌ و تێكۆشەرەی كورد، ساڵی ١٩٣٠، نامەیەكی ڕامیاریی مێژوویی بۆ ڕێكخراوی (كۆمەڵەی نەتەوەكان) لە "ژێنەڤی" سویس دەنووسێ و بە ڕاشكاوی لەسەر مافی کورد دەدوێت. ئەم داواكارییە لەو سەردەمە تاریكەی کە كورد پێیدا تێدەپەڕی، دەنگێكی باشی دایەوە.

حەپسەخان بێجگە لە ھەڵوێستی چاكە و چاکەکاری كۆمەڵایەتی ‌و خزمەتگوزاریی خەڵک‌ و یارمەتی دانی دەست‌کورتان ھەڵوێستی بەرزیشی لە هەمبەر نەهێشتنی خوێندەواری لە نێو چینی ژنان‌دا بووە، هەر بۆیە یەکەم قوتابخانەی ژنان لە شاری سلێمانی لە ماڵەکەی خۆیدا کردەوە. لەم قوتابخانەیەدا کاتی دانی ئێواران ژنان بە حەپسەخانی‌شەوە لەوێدا دەرسیان پێدەگووترا و دەیانخوێند. سەرەنجام ناوبراو ئەم قوتابخانەیە کە لە بنەڕەت‌دا ماڵی خۆی بووە، لە پێناو خوێندەوارکردنی کۆمەڵگا بە پەروەردەی بەخشی و لەسەر ئەم ئیدارەیە تاپۆی کرد.

سەرەنجام حەپسەخانی نەقیب دوای ماوەیەک کاری چاکەکاری کۆمەڵایەتی و خێرخوازی و فەرهەنگی و پەروەردەکردن لە ڕۆژی چوارشەممە ١٩٥٣/٤/١٢ بە هۆی نەخۆشی شێرپەنجە لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی دەکات و لە "گردی سەیوان" بە خاک دەسپێردرێت.






ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد