تاريخ: ۱۴۰۰ پنج شنبه ۱۳ آبان ساعت ۱۰:۱۶ بازدید: 1458      نظرات: 0      کد مطلب: 16858

کورده‌کانی سوودان


 
 

ئەفریقا بە یەکێک لە سەرسوڕهێنەرترین شوێنەکانی جیهان دادەنرێ کە خاوەن کلتوورێکی دەوڵەمەند و ناوازەیە.

لەوانەیە لەلاتان سەیربێ ئەگەر بزانن کە ڕێژەیەکی زۆری کورد لە وڵاتانی ئەفریقیایی وەکوو سوماڵی و سوودان دەژین.

 بوونی کورد لە سوودان بۆ ٨٠٠ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. لە ساڵی ١١٧٢ی زایینی و لە کاتی سوڵتان سەلاحەددینی ئەییووبیدا کەسێک بەنێوی توورانشا هێرشی بردە سەر خەلافەتی فاتمییەکان و توانی شکستیان بدات.

هاوپەیمانێکی فاتمییەکان، نووبییەکان بوون کە بە باپیرانی سوودانییەکانی ئیمڕۆ دادەنرێن و توورانشا بە یارمەتیی سپا کوردەکەی توانی بەرەوڕوویان بێتەوە.

توورانشا گەڕاوە بەڵام ڕێژەیەکی زۆری خەڵک لەوێ جێهێشت. ئەو فەرماندەرێکی بەنێوی ئیبڕاهیم ئەلکوردی وەک والیی ئەوێ دیاری کرد.

دەگێڕنەوە ئەلکوردی لە کاتی مەلەدا خنکا بەڵام هێزەکەی لە سوودان نیشتەجێ بوو. زۆربەی کوردەکانی سوودان پاشماوەی ئەو دەورەیەن. گەرچی ناسنامە و تایبەتمەندییەکانی جەستەییان گۆڕانی بەسەردا هات بەڵام نازناوی بنەماڵەییان هەروەک خۆی «الکوردی»، بێ ئاڵوگۆڕ ماوەتەوە. 

کوردەکان لەنێو سوودانییەکاندا بە کەسانێکی بوێر و ئازا ناسراون کە زوڵم و زۆری قەبووڵ ناکەن و هەروەها ڕازاوەیی و میواندارییەکەیان نێوبانگی هەیە.

 
 
 

محەمەد ئەحمەد ئەلمێهدی ڕێبەری تەریقەتی سامانی بوو. ئەو ڕاپەڕینێکی سەرکەوتووانەی بەدژی داگیرکەرانی ئینگلیزی لە سوودان دەستپێکرد. هێزەکانی ئەو لە تەاوی سەردەمی داگیرکاریی بەریتانیا لە سوودان خۆڕاگریان کرد.

ڕێبەری کوردی دژبەرانی داگیرکەری لە ڕۆژهەڵاتی سوودان ناوی عوسمان دیقنە بوو کە وەک یەکەم فەرماندەری مێژووی سوودان دەناسرێت کە توانیوێتی بەریتانییەکان شکست بدات. تاکتیکەکانی شەڕکردن و فەرماندەریی ئەو بە دژی سوپای داگیرکەر ئێستاش وەک وانە لە ئەڕتەشی ئینگلیزدا دەکوترێتەوە.

دواتر دیقنە دەستبەسەر دەکرێت و سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا دەسەپێ و دوای کێشانی ١٧ساڵ بەندیخانە کۆچی دەکات. لە زینداندا پێی دەڵێن کە ئەو شەڕوانێکی بوێر و ئازایە و وەک سوودانیەکان ناچێ و ئەو دەڵێ من کوردم و خەڵکی ئامەدم.

لە بەشێک لە کتێبی مێژووی سێهەمی دواناوەندیی قووتابخانەکانی سووداندا پەسنی بوێری و ئازایەتییەکانی دیقنە کراوە و نووسراوە کە ئەو کورد بووە و لە ساڵی ١٥١٧ی زایینیدا هاتۆتە سوودان.

کوردەکان ئێستاش لە سوودان جێگە و پێگەی بەرز و ناوازەیان هەیە. بۆ وێنە عەلی محەمەد ئەلکوردی، یەکێک لە فەرماندەرە گرینگەکانی ئەڕتەشی سوودان بووە و دوای وەزیری وڵات لە پلەی دووهەم دابووە.

 

 
 
 

هەرێمێکی گەورە بەنێوی کوردووان لە سووداندا هەیە کە بەسەر ٣ بەشی کوردووانی باکوور، باشوور و رۆژئاوادا دابەش بووە. گێرانەوەی جۆراوجۆر لەسەر ئەم نێولێنانە هەیە. بەپێی گێڕانەوەیەک، کوردێک لە شاری وان ڕا ڕووی لەم ناوچەیە کردووە و لێی نیشتەجێ بووە لەودەمڕا بە کوردووان نێوبانگی دەرچووە. گێرانەوەیەکی تر دەڵێ کە بازرگانێکی زێڕ هاتۆتە ئەم ناوچەیە و کانگایەکی زێڕی دۆزیوەتەوە و کرێکاری زۆری دامەزراندووە. لە درێژەی کاردا لەنێوان کرێکاران و بازرگانەکە شەڕ سازدەبێت. لە کاتی شەڕەکەدا بازرگانەکە بەردەبێتەوە و دەمرێ. خەڵکەکە بە زمانی عەڕەبی هاوار دەکەن کورد فانی، کورد فانی واتە کوردەکە مردووە. ئێستاش گوندێک بەنێوی کوردی لەم ناوچەیە هەیە و ناوی زۆربەی دوکان و بازاڕەکان کوردیە.

 

 
 
 

بەداخەوە زۆرینەی ئەم کوردانەی لە زمانی توورانشاوە لەم ناوچەیە نیشتەجێ بوون زمانی خۆیان لەبیرچۆتەوە و ئاسیمیلە بوونە. ئەوان فەرهەنگ، خواردن و بۆنە مەزهەبییەکانیان فەرامۆش کردووە. پێشتر ئەوان جێژنی نەورۆزیان بەڕێوەدەبرد بەڵام لەئێستادا ئەم بۆنەیەش کەمڕەنگ بۆتەوە.

پێشتر لەنێو کوردەکاندا چەندین ئایین و ئاینزا بوونی هەبوو بەڵام لە ئێستادا هەموویان سەر بە ئایینی ئیسلامن.

کوردەکانی سوودان لە بواری ئابوورییەوە بارودۆخێکی باشیان هەیە. پێشتر پیشەسازیی گوڵاو و نێرگەلەیان بەدەستەوە بوو. کارگەیەکی سابوونسازیش بەنێوی ئەلکوردی لەم ناوچەیە هەیە. دەڵێن یەکەم کەرەسە مۆدێڕنەکانی کشتوکاڵیش لەلایەن کوردەکانەوە هاوردەی سوودان کراوە.

کوردەکانی سوودان دوو سیمای گەورەیان سازکردووە. چەند شاعیری گەورەی سوودان کوردن. یەکێک لەوانە عەبدوڵا حەسەنەلکوردییە کە خاوەنی دیوانەشیعرێکی ٩٠٠لاپەڕەییە. ئەو لە شوێنێکدا نووسیویە کە بە کوردبوونی خۆی شانازی دەکات. لە شاعیرەکانی تری کوردی سوودان دەتوانین ئاماژە بە عەبد سەیدەلکوردی و عەبدولقادر محەمەدەلکوردی بکەین.

 

 

 
 

ئامارێکی ورد لە ڕێژەی کوردەکانی سوودان لەبەردەست نییە بەڵام هێندێک لە توێژەران دەڵێن کە نزیکەی ١٠٠هەزار کورد لە سووداندا دەژین.

زۆربەی ئەم کوردانە لە ڕۆژهەڵاتی سوودان نیشتەجێن. گەورەترین بنەماڵەی کورد لە شارۆچکەیەک بەنێوی قەزازییە ژیان بەسەردەبەن.

بنەماڵەی حاجی عەلی ئەلکوردی یانەی وەرزیشی و سینەمایان لەم ناوچەیە بنیاتناوە.

 
 

 


برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد