تاريخ: ۱۴۰۰ دوشنبه ۲۲ آذر ساعت ۱۷:۲ بازدید: 997      نظرات: 0      کد مطلب: 17142

ناسینێک لەسەر بلیمەتی ناوداری کورد مامۆستا "عەلائەددین سەجادی"


"عەلائەددین نەجمەددین حیسامەددین، ناسراو بە "عەلائەددین سەجادی" سەر بە سەیدەکانی (کەلجی)ی و بنەماڵەی سەجادیە، لە ساڵی ١٩٠٧ز لەشاری سنە لەدایکبووە.
 
 
پاشان بە دوای خوێندندا زۆرێک لەناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان گەڕاوە.
مامۆستا عەلائەددین لە ساڵی ١٩٢٧ دا چووەتە شاری سلێمانی و لە مزگەوتی شێخ جەلال و و مزگەوتی حاجی مەلا رەسوڵ بەفەقێیەتی وانەی خوێندووە و لە ساڵی ١٩٣٨دا مۆڵەتی‌ مەلایەتی لای‌ مامۆستا شێخ بابەعەلی تەکیەیی وەرگرتووه دواتر ڕۆیشتووەتە شاری بەغدا و لە مزگەوتی نەعیمە خاتوون بە پێشنوێژ دامەزراوە.
لەبەغدا لای‌ مامۆستایان شێخ ئەمجەد زەهاوی و شێخ محەممەد قزڵجی بەهەندێ لەزانستە ئیسلامییەکاندا چووەتەوە، لەساڵی ١٩٣٩دا چووەتە مەیدانی ڕۆژنامەنوسی و لە ساڵی ١٩٣٩ دا بووەتە بەڕێوبەری نووسینی گۆڤاری گەلاوێژ و دواتر لەساڵی ١٩٤٨دا گۆڤاری (نزار)ی دەرکردووە.
مامۆستا عەلائەددین لە ساڵی ١٩٥٨ دا بووەتە مامۆستا لە بەشی زمان و ئەدەبی کوردی زانکۆی بەغدا تا ساڵی ١٩٧٤ و پاشان بووەتە بەڕێوبەری ئەوقافی ناوچەی کوردستان بۆ ماوەی سێ ساڵ و تا لە ساڵی ١٩٧٧ دا خانەنشین کراوە.
عەلائەدین سەجادی لە ماوەی ژیانیدا کۆمەڵێک بەرهەمی ئەدەبی و مێژوویی لەسەر مێژوو و ئەدەبی کوردی نووسیووە، بە جۆرێک بەو هێزەوە لەماوەی‌ سی و یەک ساڵدا بیست و یەک کتێبی بەقەوارەی‌ ( ٥٣٦٦) لاپەڕە چاپکردووە.
بەرهەمەکانی بریتین لە:
١- مێژووی‌ ئەدەبی کوردی، ( ١٩٥٢)
٢- ناوی‌ کوردی، (١٩٥٣)
٣- ڕشتەی‌ مرواری‌، بەرگی یەکەم، (١٩٥٧)
٤- ڕشتەی‌ مرواری‌، بەرگی دووەم، (١٩٥٧)
٥- ڕشتەی‌ مرواری‌، بەرگی سێیەم، ( ١٩٥٨)
٦- ڕشتەی‌ مرواری‌، بەرگی چوارەم، ( ١٩٦٨)
٧- ڕشتەی‌ مرواری‌، بەرگی پێنجەم، ( ١٩٧٢)
٨- ڕشتەی‌ مرواری‌، بەرگی شەشەم، (١٩٧٩)
٩- ڕشتەی‌ مرواری‌، بەرگی حەوتەم، (١٩٨٠)
١٠- ڕشتەی‌ مرواری‌، بەرگی هەشتەم، (١٩٨٣)
١١- گەشتێک لەکوردستاندا، (١٩٥٦)
١٢- شۆڕشەکانی کورد (١٩٥٩)
١٣- هەمیشە بەهار (١٩٦٠)
١٤- دەستوورو فەرهەنگی زمانی کوردی، (١٩٦١)
١٥- ئەدەبی کوردی و لێکۆڵینەوەی‌ ئەدەبی کوردی، (١٩٦٨)
١٦- نرخ شناسی، (١٩٧٠)
١٧- دوو چامەکەی‌ نالی و سالم، (١٩٧٣)
١٨- کوردەواری‌، (١٩٧٤)
١٩- دەقەکانی ئەدەبی کوردی (١٩٧٨)
٢٠- خۆشخوانی، (١٩٧٨)
- نامیلکە/ بەناوی‌ (یادی پیرەمێرد)ەوە لەساڵی(١٩٥١) دەری‌ کردووە، کە (١١٢) لاپەڕەیە.
- نامیلکە/ بەناوی‌ (یادی کۆچی محەمەد ئەمین زەکی)ەوە، لەساڵی (١٩٤٨)دا دەری‌ کردووە کە (٨٠) لاپەڕەیە.
مامۆستای عەلائەدین سەجادی ساڵانی پاش ئەوەی ژیانی بە خانەنشینی و خزمەتی ئەدەبەوە بەڕێ کردووە، تا لە ڕۆژی ١٣ی دێسامبەری ١٩٨٤ دا لەشاری بەغدا کۆچی دوایی کردووه و لەگۆڕستانی شێخ عەبدولقادری گەیلانی لەشاری‌ بەغدا لەنزیک شێخ عەبدوڕەحمان ئەبولوافی نەقشبەندی و شێخ ڕەزای‌ تاڵەبانی بەخاک سپێردراوە.
سەرچاوەکان:
- یادی سجادی: دلێر علاءالدین سجادی.
- مێژووی ناودارانی کورد: بابەشێخ مەردۆخ ڕۆحانی، و: ماجد مەردۆخ ڕۆحانی.
- هەمیشە بەهار: عەلائەدین سەجادی.
- ویکیپێدیای کوردی.
- معجم اعلام الکرد: الدکتور محمد علی الصویرکی.



ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد