تاريخ: ۱۴۰۰ جمعه ۲۴ دي ساعت ۲۰:۲۰ بازدید: 931      نظرات: 0      کد مطلب: 17418
لە قوتابی گیوی موکریانی هەتا باوکی وەرگێڕی ئێران

سووکەئاوڕێک لەژیانی محەممەد قازی


محەممەد قازی. ١٢ی گەلاوێژی ساڵی ١٢٩٢ی کۆچی هەتاوی لە شاری مەهاباد لە دایک بووە. لە خزمەت مامۆستا گیوی موکریانیدا فێری زمانی فەڕەنسەی بووە. بۆ خوێندن ڕووی کردۆتە تاران و زۆربەی ژیانی لەوێ بەسەر بردووە. ساڵی ١٣١٥ لە دارەلفۆنوون کە بەناوبانگ ترین خوێندنگەی تاران بوو خوێندنی بەر لە زانستگەی تەواو کردووە و سێ ساڵ دواتر، لە ساڵی ١٣١٨دا بڕوانامەی مافی لە زانستگەی تاران وەرگرت. ساڵی ١٣٢٠ لە وەزارەتی دارایی دامەزراوە. ساڵی ١٣٢٣ ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە و دوو منداڵیان بە ناوەکانی مریەم و فەرهاد بووە. ساڵی ١٣٣٧ لە لایەن زانستگای تارانەوە خەڵاتی باشترین وەرگێڕی دراوەتێ. ساڵی ١٣٣٧ خێزانی کۆچی دوایی کردووە. ساڵی ١٣٤٩ ژیانی سەرلەنوێی پێک هێناوەتەوە. ساڵی ١٣٥٤ تووشی شێرپەنجەی قوڕگ بووە و بۆ چارەسەری ڕووی لە وڵاتی ئاڵمان کردووە. پاش گەڕانەوەی ئیتر بەبێ میکڕۆفۆنێکی سەر قوڕگ کەس دەنگی نەدەبیست. ساڵێک دواتر، لە ساڵی ١٣٥٥دا بەهۆی ئازاری نەخۆشیەکەیەوە داوای خانەنشین بوونی کردووە و خانەنشین کراوە. زۆربەی کارەکانی ناوبراو وەرگێڕان لە زمانی فەڕانسەوە بۆ زمانی فارسییە. یەکێک لە بەناوبانگترین بەرهەمەکانی وەرگێڕانی ڕۆمانی دۆن کیشۆتە کە خەڵاتی باشترین کاری وەرگێڕانی ساڵەکانی ١٣٣٦ و ١٣٣٧ی کۆچی هەتاوی بۆی بە دیاری هێنا. جگە لە وەرگێڕان، قازی بۆخۆی چەن بەرهەمیشی نووسیوە کە ئەوانیش هەر بە زمانی فارسین. بە هاوکاریی ئەحمەد قازی ڕۆمانی ژانی گەلی برایم ئەحمەدیشی لە کوردییەوە بۆ زمانی فارسی وەرگێڕاوەتەوە.

ڕۆژی ٢٤ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٧٦ی هەتاوی لە تەمەنی ٨٤ ساڵەییدا، لە نەخۆشخانەی ئێران مێهر لە تاران کۆچی دوایی کرد و هێنرایەوە مەهاباد و لە گۆڕستانی نەمران بە خاک ئەسپێردرا. ساڵی ١٣٨٦ لە مەیدانێک بە ناوی پەژوهێش، پەردە لە سەر پەیکەرەی چوار میتریی محەممەد قازی لا درا، کە دەست ونەخشی هونەرمەندی سنەیی مامۆستا هادی زیائوددینیی پێوە دیارە. لە موزەی ماڵی مامۆستا هێمن"سەرای هێمن" (موزە مفاخر فرهنگی و هنری سرای هیمن) لە شاری مەهاباد دیوێک بە ناوی محەممەد قازییەوە کراوە و بێجگە لە بەرهەمە چاپ کراوەکانی، بەشێک لە یادگارەکانی ئەویشی تێدا پارێزراو و داندراوە.

بەشێک لە بەرهەمە وەرگێڕدراوەکانی محەممەد قازی بۆ سەر زمانی فارسی بریتین لە:

سناریوی دن کیشوت، میگل سروانتس، ١٣١٩

کلود ولگرد، ویکتور هوگو، ١٣١٩

سپیددندان، جک لندن، ١٣١٩

جزیرە پنگوئن ها، آناتول فرانس. ١٣٣٢

در آغوش خانوادە، هکتور مالو، ١٣٣٤

 شاهزادە و گدا، مارک توین، ١٣٣٤

 آخرین روز یک محکوم، ویکتور هوگو، ١٣٣٤

 شازدە کوچولو، آنتوان دو سنت اگزوپری، ١٣٣٥

 سادە دل، ولتر، ١٣٣٥

نظری بە طبیعت و اسرار آن، لئون برتون، ١٣٣٥

داستان کودکی من، چارلی چاپلین، ١٣٣٥

تاریخ مردمی آمریکا، هاروی واسرمن، ١٣٣٧

تاریک ترین زندان، ایوان اولبرخت، ١٣٣٧

 نیە توچکا، فئودور داستایوسکی، ١٣٣٨

مادام بوواری، گوستاو فلوبر، ١٣٤١

مهاتما گاندی، رومن رولان، ١٣٤٣

دوریت کوچک، چارلز دیکنز، ١٣٤٣

 طلا، بلز ساندرار، ١٣٤٣

 مردە ریگ، گی دو موپاسان، ١٣٤٥

 نان و شراب، اینیاتسیو سیلونە، ١٣٤٥

مادر، پرل باک، ١٣٤٥ و... 





برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد