تاريخ: ۱۴۰۰ شنبه ۲۵ دي ساعت ۲۳:۵ بازدید: 753      نظرات: 0      کد مطلب: 17431
"دونیای خولیایین و جیهانی واقیعی شاعیرێک"

بۆ یادی ئازیزی "دکتۆر مارف عومەر گوڵ"


"هیوادارم بە وردی بیخوێنییەوە و بە چاوی هەڵسەنگاندنەوە لێی بڕوانی، ئیتر ئەو بەرهەمە لە موڵکی من دەرچوو، بە خوێندەوارانی دەسپێرم." ئەو رستانە دوایین رستەکانی "دکتۆر مارف عومەر گوڵ"ە کە بۆی نووسیوم. پاش ئەوەی کۆی بەرهەمەکانی بە ناوی "پێنج دیوان"(١) ماوەیەکی زۆر کورت بەر لە نەخۆشییەکەی گەییە دەستم. پێشتر لەسەر ئەزموونی شێعری خۆی و جیلی پێش ئەو، زۆر دوابووین و پێی باش بوو ئەو بۆچوونانە بە نووسین ببینێ و بە داخەوە هێند کوتوپڕ مەرگ ئەو مرۆڤە گەش و کەسایەتییە خاکەڕا و زانایەی لێ ئەستاندینەوە کە تەواو فریای خوێندنەوەی هەموو پێنج دیوانە جوانەکەی نەکەوتم.

"پێنج دیوان" کۆی بەرهەمە شێعرییەکانی شاعیر لە ساڵی ١٩٧٦وە تا ساڵی ٢٠٢٠ دەگرێتە خۆ و چەند مانگێک لەمەوبەر لە باشوور بڵاو کرایەوە. ئەو پێنج دیوان،ە هەڵگری سێ ئەزموونی جیاوازی شاعیرە. دیارە من وەک خوێنەری شێعری کوردی هەر لە دەیەی شەستی هەتاوی را، لە گۆڤارەکاندا شێعری مارف عومەر گوڵم خوێندبۆوە. شاعیرێک کە لە جیلی پێشووی شاعیرانی کورد و هەڵبەت لە بەرەی لاوتری ئەو جیلە بوو. وەکی خۆی ئاماژەی پێدەکا؛ ئەزموونی ئەو پاش ناسینی "ئەنوەر قادر موحمەد" و "شیرکۆ بێکەس" و ... بووە. بەڵام ئەو ئەزموونە زمانییە، هەر دەوامەی ئەو شێوە رووبەڕوو بوونەوەیە لە گەڵ زمان و واتا و فۆڕمە. ئەوەی لە کۆی کارەکانی شاعیر دا شیاوی ئاماژەیە دەستنیشان کردنی سێ قۆناخ لە شاعیرێتی و بەرهەمی شاعیرانەی ئەوە.

قۆناخی یەکەم لە سێ کتێبە شێعری "هێلانەی نوغرۆ"،"خۆری زیندان" و "شاییەکی نهێنی"دا دەتوانین بخەینە بەر باس. ئەو سێ کۆمەڵە شێعرە، هەڵگری شێعرەکانی دەییەی ٧٠ تا کۆتاییەکانی دەیەی هەشتای زاینییە. واتە لە باری پێک گرتنی رەوتی سیاسی و رەوتی شیعری شاعیردا، ئەو خولە زەمانییە سەردەمی شۆڕشی کوردی باشوور بە دژی دەستەڵاتی سەپاو و داپڵۆسێنەری حیزبی بەعس و چالاکی هێزی شۆڕشگیڕی کورد لە هەموو دەڤەرەکانی باشووری کوردستان دەگرێتەوە. کۆی ئەو رووداوانە بە خەستی کاریان کردووەتە سەر هەموو بەرهەمەکانی ئەو سێ دیوانەی شاعیر و ئەویش وەک زۆر یەک لە شاعیرانی هاوسەردەمی، شێعر و کۆمەڵگای وەک دوو یەکەی جودا لەیەک نەدیتووە و دەقی شێعری ئەو پانتای دەربڕینی دۆخی ئینسانی کورد دژ بە دەستەڵارتی سەپاو و روو لە ئازادی ئینسان و ژیانە. ئەو شێوە ئەدەبەی کە وەک ئەدەبی بەرگری و ئەدەبی بەرپرسی کۆمەڵایەتی باسی دەکرێ و لە شوێنێ خۆی دا بە تەسەلی لەسەری دەدوێم.

بۆ نموونەی ئەو چەشنە شێعرانە دەتوانین وەک گوڵبژێرێک لە هەر کام لەو سێ کتێبە، شێعرێک هەڵبژێرین. هەر بۆیە بە شێوەیەکی نموونەیی ئاماژە بەو دەقانە دەکەم:


"دوو تابڵۆ"


سەر هەڵگرتووی جیهانێکی پڕ ئاژاوەم

لەم ژوورەدا

نیوەشەویش خەو ناچێتە چاوەکانم

گڵۆڵەی گشت یاداەکانم دەکرێتەوە و

داو داو دەئاڵێتە سەرم.

٢

لەم ژوورە بێ هەتاوەدا

گەردی دونیا نیشتۆتە رووم

لەبەر ئاوێنە لێڵ و تەماوییەکەما

دەئاڵێمە پرچی خۆم و

من هەر جارەی بەلایەکا دایدەهێنم

هەموو رۆژێ ریشەی خەمم هەڵدەکێشم

شەوان دیسان دێتەوە لام

ئای کە رقم لەم ژوورەیە

وەرن بۆ لام

من تاقێکی گەلێ گەورە دەکەمەوە

ئێوەش پەنجەرەیەک بێنن

با هەتاوی لێوە بێت و

هەرچی خەمی ژوورەکەمە بسووتێنێ. (٢)

لەو دوو تابڵۆیەدا شاعیر بە شێوەیەکی هێمایین مرۆڤێک دەردەخا، کە هەزان سەرەداوی خەم لە بەرچاویدا خۆ دەنوێنن و سەری ماشەری ئاڵۆزی خەمەکانە و چاوەڕێی ئەوەیە پەنجەرەیەکی بە دیاری بۆ بێنن کە هەتاوی لێوە هەڵبێت. پەنا بردنە بەر رەمز و سێمبولەکان بۆ دەبڕینی دۆخی تاڵی مرۆڤی سەردەمی تاریکی، تایبەتمەندی ئەوچەشنە بەرهەمانەیە لە بواری مانادا.

لە "هۆرەی سیامەند"دا(٣) شاعیر ئاوڕ لە رابڕدووی ئەدەبی کورد دەداتەوە و بە هەڵبژاردنی دوو هێما لە "بەیتی خەج و سیامەند" خەریکی سازکردنەوە و نووسینی "سیامەندێکی دیکە"ی نیشتمانە. ئەگەر سیامەندی رابردوو "خوێنی لێ دەتکێ لەسەر دارەبەنێ" ئەوە سیامەندی نوێ "بە سیپانی دڵی منا سەر دەکەوێ". لێرەدا خەجی ئەو نیشتمانەیە کە بەدوای سیامەند دا وێڵە و شاخ بە شاخ و گیا بە گیای لەگەڵ و لە شوێن دەگەڕێ. "رێ هەورازە و ئەویش شاخە" ئەو سیامەندێکی سەربەرزتر لە رابردوویە. لە رابردوودا ئەگەر زۆرداری توانی سیامەند لە بەرزایی شاخێکەوە هەڵدێرێتە سەر لقی "دارە بەنێک" و "گۆمیلکە گۆمیلکە"ی خوێناو، ئاکامی تڕاژیدیاکەی بێت، سیامەندی ئێستا خۆی شاخە و دەپرسێ

"شاخێ رەگی دڵ و گیانی لە ناو ناخی زەویدا بێ

قەت دیوتانە لەبەر کۆشکی زۆرداریدا

هەرەس بێنێ!"

لەهەر دوو دەقدا سیامەند خەریکی لادان لە رێسا باوەکانی داسەپاوە. مرۆڤێك بە هەموو خەسلەتەکانی دەرچوو لە فۆڕماسیۆنی کۆمەڵگایەکی وێڕان و بێ دەرەتان. بەڵام ئەگەر سیامەندی یەکەم دوا هەواری کێلە سیپانی مەرگە، ئەوە سیامەندی شێعری شاعیر، خۆی دەڵێ:

سیامەندم

وەک سێبەری بەری روانگەی ئەوبەری گوند

...لەبەر هەیوانی خۆمانەوە چاوم لێبوو

لەگەڵ تەمی پاش بارانی پاییزێکا

هەر نیشتە سەر سابڵاغ و دونیای داپۆشی

هەرچی نامەی دڵداری بوو

دەستیان لە مل نامەی دووری رێبوارێ کرد

نامە تک تک توایەوە و بوو بە ئاوی

مەتارەی رێی رێبوارەکە

ئەو رێبوارەش سیامەندی وڵاتێکە

لەناو تەما بۆ ترووسکەی خۆر دەگەڕێ.

لە دیوانی "خۆری زیندان"دا دیسان هەمان ئەزموونی ماناتەوەر، بە شێوە زمانەی کە ببوە بەشێک لە گوتاری زاڵ لە نووسینی ئەو بەرەیەدا، درێژەی هەیە. هەم زمانی شاعیر رەوانتر بووە و هەم شێعرەکان رەوانتر مانا بە دەستەوە دەدەن. بەڵام رەمزەکان ئاشکراتر لە رابردوو خۆ دەنوێنن. بۆ وێنە لە شێعری "مەدالیا"دا دایکە شەهیدێک دەنەخشێنێ کە بە جێی ملوانکەی زێڕ و مەدالیای شانازی، وێنەی کوڕە شەهیدەکەی لەمل کردووە و بزەی دێتێ.

ئەو ئافرەتە، رووی هەمیشە پێکەنینی

هەتا ئێستا، نە ملوانکە و نە مەدالیا

نەبوون بە هاوەڵی ژینی

ئەوڕۆژە دیم

دەنگی؛ دەنگی ئاخی پێوە دیار بوو

دەیوت ئەوەی بەختی یارە

هەر وەکوو من مەدالیاکەی بەر گەردنی

وێنەی کوڕە شەهیدەکەی پێوە دیارە(٤)

هەر لەو کۆمەڵە شێعرەدا لە شێعری "چراخان"دا وێنەیەک لە کەشێکی ئاشنای کۆمەڵگایەک دەنەخشێنێ، کە بەردەوام چاوەڕێی فریا رەسێکە. دوو بواری لێک جودا، لێک نزیک دەکاتەوە و دۆخی شار و شاخی ئەو کاتی باشوور دەنوێنێتەوە. دۆخێک کە تێیدا تاریکایی وەک هێمایەکی ئاشنای ناو دەقە ئەدەبییەکان، نە تەنیا وڵات، بەڵکوو نیشتمانی چاوی شاعیریشی داگیر کردووە و دەنگێک، کە ئەگەر لە دۆخێکی نائاسایی وادانەبا ئاماژەی ترس و دڵەراوکێ بوو؛ چراخانێکی بۆ بە دیاری دێنێ. دەنگی گوللەیەک لەوبەری چیاوە وەک پەیامێکی ناسیاو بۆ مرۆڤی ژیاو لە ژینگەیەکی نائاساییدا. ئەوە هەمان دۆخە کە لە شێعری "تەم و مژ"ی ئەحمەدی شاملووش"دا شوێن پێی دەبیندرێ.

"گەر ئەو تەمە تا بەیانی هەر وا مابا

پیاوانی دڵ گەرەی ئازا

لە نهێنگای خۆیانەوە

بۆ سەردانی ئازیزانیان دەهاتنەوە." (٥)


"چراخان"

سەنگەر چۆڵ بوو

چیا شەوی لە کۆڵ نابوو

یەکەم گوللەی پێشمەرگە هات

چراخانی نیشتمانم

رەواندییەوە

تاریکایی سەرچاوانم(٦)

کۆی ئەو باسانە لە پێشەکییەکی کورت دا کە شاعیر بۆ یەکێک لە کتێبەکانی نووسیوە خۆ دەنوێنێ. شیوەی پێناسەی ئەو لە شێعر و دیاری کردنی جێگەی خۆی وەک خوڵقێنەری دەق لە پانتای ئەدەبیاتدا، چەشنی ئاراستەی شاعیرمان بۆ دەردەخا. ئەو دەڵێ: "شێعر بۆ من دیاریکردنی دوو هەڵوێستە: ١- گوزارشت لە بیر کردنەوەم ٢-بە گژداچوونەوەی ناکۆکی و کێشەکانی ژیان. بە تایبەتیش دیاریکردنی هەڵوێستم چ وەکوو مرۆڤ یا وەکوو کوڕی گەڵیکی چەوساوە و نیشتمان دابەشکراو و داگیرکراو." ئەو نووسینە لە پاش ئەزموونی بیست ساڵەی نووسینی، ئەو خاڵەمان بۆ روون دەکاتەوە، شاعیر لە کوێی دەق دا وێستاوە. دەق بۆ ئەو چ مانایەکی هەیە و بە گشتی زمان و فۆڕم لای ئەو چۆنی سات و سەدا لەگەڵ دەکرێ. شیعری مارف عومەر گوڵ و زۆریەک لە هاونەسلەکانی ئەو، جودا لە وردە جیاوازی دەربڕین و فۆڕمیان، لە گۆڕەپانی مانادا خەریکی جووڵە و ژیانە. هەر لە سەرەتاوە کۆمەڵە شێعری "زریان"ی "ئەنوەر قادر موحەممەد" خەیاڵێکی شاعیرانەی جوانی لا دروست دەکا و وەکی خۆی دەڵێ: "فێری کردم زیاتر مشت و ماڵی زمان بکەم، هەوڵ بدەم زمان وەکوو هەویر بشێلم و ئەوسا شێعر لە لام رەوانتر و نەرمتر دەبێ. داخیگرانم وەکوو ئەنوەر قادر موحەممەد بە هۆی خوێندنی ئاکادیمییەوە لە شێعردا بەرهەمی لە کزیدا منیش هەر وام بەسەر هات"....(٧)

ئەو روانگەیەی بۆ شێعر، وێرای دانپێدادانی بە سەرچاوەی یەکەم کاریگەری وەرگرتنەکانی و هەروەها دانپێدانان بە بەربەستی گەشەی شێعری لای خۆی و ئەنوەر قادر موحەممەد، لە سێهەم کۆمەڵە شێعری دا بە گوێی خوێنەر دەگا. کۆمەڵە شێعرێک کە سەر بە هەمان کەشی پێشوویە، بە جیاوازییەکەوە، دەربڕین بۆ شاعیر ئازادترە چون بەشێکیان لە دەرەوەی جەغزە تاریکییەکەی زاڵ بە سەر نیشتمانی دا نووسراون. بۆ وێنە لە شێعری "شاییەکی نهێنی"دا کە پێشکەش بە "بووکێکی مەهابادی" کردووە و هەر لە مهابادیش نووسراوە، شێوەی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دەستەڵاتی زاڵ هەمان شێوەیە، نیشانە و سێمبولەکان هەر ماون، بەڵام لە پارچەیەکی دیکە و بە شێوازێکی دیکە. وێناکردنی دۆخێک کە کۆمەڵگا و کردە بچووکەکانی کۆمەڵگاش کۆنتڕۆڵ دەکرێ و دەخرێتە ژێر چاوەدێری و بەو شێوەیە مارف عومەر گوڵ لە دەوامەی بەرپرسیارێتی قەڵەمی دا و بە پێی چوارچێوەکانی ئەو گوتارە شێعرییە، کۆمەڵە دەقێکی دیکەی بە خەرمانی بەرهەمەکانی زیاد کردووە.

هەڵمەپەڕن

دیوار دەنگ دەدزێ

هەوا دەنگ دەدزێ

دەرگا لەسەر خۆتان داخەن

پەڕۆ بنێن بە پەنجەرە و بەدەرگاوە

پەڕۆ بنێن بە بنمیچ و بەر هەواوە

با لەسەدای دەنگی یەکدا کەڕ و کاس بن

چەپڵە و گۆرانی و پێکەنین

هەر دۆزەخن بۆ سەر زەمین.

...

یاسای تازە سەرەوخوارە

هەر سینگ کوتان دیاری دەستی

راپەڕینی ئەم چەرخە بوو...(٨)

لە پاش ئەو سێ ئەزموونە فەزای شێعری شاعیر لە چوارەم بەرهەمیدا گۆڕانی بەسەردادێ. چون جیهان ژینگەی شاعیر گۆڕاوە. کتێبی "نیشتمانم دارستانی دەم رووبار بوو" هەڵگری شێعرەکانی دوورە وڵاتی شاعیرن. لەو بەشەدا شاعیر ئێستاش دژ بە نەیارانی گەل و نیشتمانەکەی قەڵەمی لە کارادایە و زمان و شێوازی دەربڕین تام و بۆی پێشووی پێوە دیارە، بەڵام رادەی کایە فۆڕمییەکان لەو بەرهەمە دا زیاترە. لە لایەکی دیکەوە جەغزی ماناش هەراوتر بۆتەوە. چون ئەزموونی ژیاوی شاعیر خەریکە گۆڕانی بەسەر دادێ و تێمی نۆستالژی و دوورەوڵاتی وەک تاکەکەس و دەروەست بوونی کۆمەڵایەتی وەک ئەرکێکی ئینسانی ئاوێتە دەبن و هێندێک دەق دەخوڵقێنن کە دوو جوغرافیا و کەسایەتێکی دوو بەش کراو و بیرەوەرییەکی دابەشکراو بە خوێنەر دەنوێنێ. بۆ نموونە:

هێشتا سەرمای کەژ و کێوم پێوە مابوو

شەختەی غەریبییەک گرتمی

ئاخ، ئاخ چ بکەم ئەم دوورییە

مشتە کۆڵەی دەستی ئاڵی

پەرییەکە کە سەر دەکوتێ

نە شێت دەبم، نە دەمکووژێ...

...

کوشتمی ئەم ئاوارییە

دڵم ئەڵێی وڵاتە وێرانەکەی ئێستایە

ئەی شۆخە نائاشناکان

دڵم نایە گڕی چاوم خۆشتر بکەم

دڵم نایە چاو لێک بنێم

جار بەجاریش تێم مەڕوانن

با لە گڕی خۆم دا بسووتێم.

نیشتمانم دارستانی دەم رووبار بوو

بەڵام ئێستا دووکەڵێکە بووە بە هەور...(٩)


قیژە


بە پاڵتۆیەکی ئەستوور و شەپقەیەکەوە

بن درەخت و بن درەختی

شەقامە زستانییەکانی کییەڤ دەگەڕام

درەختەکان سەریان نایە بن گوێمەوە:

-تۆ خەڵکی کوێی وا غەمباری

+بڵیی قیژەی نیشتمانێکی سووتاوتان نەبیستبێ

وا بە برینی کۆن و نوێوە کرم خواردی!


جووتێ کۆتر سەریان نابوو بە یەکەوە و

دەنووکیان لە پەنجەرەی ژوورەکەم دەدا:

-کاکە ئەوە بۆ بە تەنیا دانیشتووی

چەند هەنگاوێک لەو لای تۆوە کۆڕی سەما و تریقەیە!

+بڵێی کۆترێکی کانەوازی وڵاتم

لەبەر شەڕ و هەرا تەنیا جارێک رێی نەکوتبێتە لاتان؟

چوومە هۆڵی سەماگەوە، دوور دانیشتم

شەو درەنگێ بە تەنیا گەڕامەوە

بەرچاوم دووکەڵ گرتبووی

لە گیرفانەکەی سەر دڵم، نامەیەکم هێنایە دەر

"چەندەم جارە

دوژمنی هار گوندەکەمی سووتاندووە؟"

هەر بە پاڵتۆ و پۆتینەوە

خۆم هەڵدایە سەر نوێنەکەم:

"ئەوا ئێستا بە سەر وڵاتی شیرینما دێم و دەچم"

گەر نیوەشەو دەنگی دەرگاتان گوێ لێبوو

لە شیرین خەودا راپەڕین...مەشڵەژێن

ئەوە باڵدارێکی گڕگرتووە

بەسەر ئەو هەموو سنوور و

شوورە و کۆسپ و گەلە گورگ و

پۆلیسەدا هاتووەتەوە

بەیانی زوو هەر کامێکتان دەرگای حەوشەتان کردەوە

ئەگەر مشتێ خۆڵەمێشتان لەبەر دەرگاکەدا بینی

تۆ خوا نەکەن پێی پیا نێن

دڵی منە

مەگەر هەر ئاوا بێتەوە...ناتوانێ...نا.(١٠)

دوایین دیوانی شاعیر "شکۆی باڵگرتووم"ە. ئەو کتێبە دیسان نیشاندەری ئاستێکی دیکە لە ئەزموون و تەنانەت ماناپەروەری شاعیرە. ئەو بەرهەمە هەڵگری کۆی ئەو شێعرانەیە پاش گەڕانەوە بۆ کوردستانی ئازادی باشوور نووسراون. دیارە ئەوجار ئاراستەی واتایی دەقەکان بە پێی گۆڕانی سەرلەنوێی جیهان ژینگەی شاعیر و هەروەها گوورانی دەستەڵاتێکی خۆماڵی و وەدیهاتنی بەشێک لە ویستەکانی شاعیر و گەلەکەی، بە تەواوی دەچێتە بوارێکی دیکەوە. بۆ نموونەی ئەو بەشە لە شێعرەکانیش بە کورتی باسی شێعرێکی دەکەم. لەو دیوانەش دا "خەج و سیامەند"ێکی دیکەی نووسیوە. هەم داڕشتن و هەم زمانی ئەو خەج و سیامەندە، لەگەڵ سیامەندەکەی سەردەمی شۆڕش لێک جودان. لێرەدا شاعیر حەولی داوە مەنزوومەیەکی دڵدارانەی وا بنووسێتەوە کە دەربڕی کەشی کۆمەڵایەتی بێ، نەک دۆخی سیاسی. خەج نەخشاو و جوان لەبەشی یەکەم دا، گوڵ بە دەستەوە، ئەوینی خۆی لە قاودەدا و بە رێی کانی دا بێ ترس دەڕوا. سیامەند لە بەشی دووەمدا، گۆرانی دڵدارانەی خۆی بە زمانێکی پیاوانە و ئەویندارانە دەردەبڕێ. لەبەشی سێهەم دا "کۆرس" هاواریان دەکاتێ:

هۆ سیامەند، هۆ خەجۆ گیان

وا دەنگێک دێ

وا دوو دەنگ دێ

وا چەند دەنگێک پێکەوە دێن

بۆ خوێنی تۆ و بۆ گەردەنی خەج دەگەڕێن..."(١١)

دەوامەی ئەو شێعرە چەند دەنگە، لە ئاوێتەیەکە لە دەنگی "خەج" و "سیامەند" و "کۆرس" پێکهاتووە. کۆرس وەک بەشێک لە کۆمەڵگایەکی وشیار، بو دەربڕینی دۆخە جیاوازەکان، بۆ ژیانی مرۆڤی ئاسایی و ئەویندار دەدوێ. لە ئاکامدا راوەستان لەبەرانبەر نەریتەکان، ئەنجامی هەر سێ دەنگەکەیە و هەڵکشان بەرەو لووتکەیەکە "دەوری بە گوڵ چندرابێ و رووی لە هەواری ئازیز و یار بێ". ئەو کارەش لە دەنگی کۆرس دا ئاوا پێشنیار دەکرێ کە: "بێ را و تەگبیر و پلان کارێک نەکرێ و رێیەک نگیرێتە بەر" بۆوەی تڕاژیدیا مێژینە و دێرینەکان لەو وڵاتە دووپات نەبنەوە. دەقێکی دیکە و ئاواتێکی دیکە، ئایا کەی دونیای ئاوات و واقیعی شاعیر لێک نزیک دەبنەوە؟ ئەو پرسیارە وڵامێکی تەسەلی دەوێ و لەو کورتە یادەدا ناگونجێ. ...


پەراوێز:


١- عومەر گوڵ ، مارف (٢٠٢١) پێنج دیوان، سلێمانی: چاپخانەی کارۆ

٢- عومەر گوڵ ، مارف، کۆمەڵە شێعری نغرۆ بوون

٣-هەمان سەرچاوە

٤- عومەر گوڵ ، مارف کۆمەڵە شێعری خۆری زیندان

٥-شاملوو، ئەحمەد، شێعری تەم و مژ، وەرگێڕانی ناسر حیسامی

٦- عومەر گوڵ ، مارف کۆمەڵە شێعری خۆری زیندان

٧- عومەر گوڵ ، مارف کۆمەڵە شێعری شاییەکی نهێنی

٨-هەمان سەرچاوە

٩- عومەر گوڵ ، مارف کۆمەڵە شێعری نیشتمانم دارستانی دەم رووبار بوو

١٠-هەمان سەرچاوە

١١- عومەر گوڵ ، مارف کۆمەڵە شێعری شکۆی باڵگرتوو



برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد