تاريخ: ۱۴۰۰ پنج شنبه ۳۰ دي ساعت ۱۳:۳۷ بازدید: 984      نظرات: 0      کد مطلب: 17466
کێشه‌کانی تڕافیکی مه‌هاباد

هێڵکاری و چرای ڕێنوێنی، گرینگە لەبیرکراوەکانی شەقامەکانی مەهاباد


مێژووی یەکەم هێڵکاریی سپیی جادەکان بۆ ساڵی ١٩١٨ی زایینی و وڵاتی ئینگلیستان دەگەڕێتەوە. 
ئەم هەنگاوە بەخێرایی لە گشت شوێن و وڵاتەکان بڵاوبووە بەڵام هەتا ساڵی ١٩٢٦ی زایینی مانای ئاسایشی جادەکانی بەخۆیەوە نەگرتبوو. 
لە ساڵەکانی ١٩٣٠ی زایینیەوە و کاتێک ئێستا شەقامەکان بەمانا ئەوڕۆییەکان بووونی نەبوو ئەم هێڵکارییانە زۆرتر بۆ پێشاندانی دڕێژەی ڕێگەکان بە لێخوڕەکان کەڵکی لێوەردەگیرا. 
کۆتایی هێڵ، کۆتاییی جادە و شوێنی ڕاوەستان هەژماردەکرا و لە شوێنی وەستانیش ئەفسەرێک بۆ کۆنتڕۆڵی هاتووچۆ و چاوەدێریی تڕافیک دادەنرا. 
ئیمڕۆکە بە بوونی هێڵکاری و بەکارهێنانی چرا و هێماکانی هاتووچۆ، بوونی هەمیشەیی پۆلیسی هاتووچۆ لەسەر شەقامەکان دیارنەماوە. 
سەرکەوتن لە وەرگرتنی مۆلەتی ئاژۆتندا بەمانای بەرپرسیارەتی شۆفیرەکان لەحاند هەموو ئەم یاسا و هێما و هێڵانەیە. 
بەمحاڵەوە ئێمە بە شێوەی ڕۆژانە شایەدی بەسەدان سەرپێچیی لێخوڕین و سازبوونی ناڕێکی لە هاتووچۆی نێو شارەکانین. ئەگەرچی زۆربەی شارۆمەندان زۆربوونی تڕۆمبیلەکان بە هۆکاری سازبوونی کێشەی تڕافیک دەزانن بەڵام دەوری کەمبوونی هێڵکارییەکان، چراکانی هاتووچۆ و لە هەموویان گرینگتر پابەندنەبوونی شۆفیرەکان بە یاساوە بەهەمان ڕادە لە سازبوونی بشێویی هاتووچۆ شوێندانەرە.
 
چەند ساڵێکە پچڕانی کارەباش بۆتە هۆکارێکی تری سازبوونی گرێی تڕافیکی لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی شاری مەهاباد و ئەم کێشەیەش بۆ بەڕۆژنەبوون و کۆنبوونی تڕافیکلایتەکانی مەهاباد دەگەڕێتەوە. 
 
سەرهەنگ حاتەم ئیبراهیمی بەڕێوەبەری هاتووچۆی شارستانی مەهاباد بەڕۆژکردنەوەی چراکانی هاتووچۆ و هێڵکاریی شەقامەکانی بە خواستێکی سەرەکیی شارۆمەندانی مەهابادی زانی و کوتی: شۆفیرەکان بەهۆی نەبوونی هێڵکاری ناتوانن ڕێڕەوەکان لە شەقامەکاندا بەباشی دیاری بکەن و ئەوڕۆیی و بەڕۆژنەبوونی چراکانی هاتووچۆش لە چوارڕێیانەکاندا گرێی تڕافیکیی قورسی لێدەکەوێتەوە.
 

 
ئیبراهیمی ئاشکرای کرد کە لەسەر داخوازییی گشتی بابەتی بەڕۆژکردنەوەی چراکانی هاتووچۆ چەندین کەڕەت لە دانیشتنەکانی شوڕای تڕافیکدا بەڕۆژڤکراوە.
ئیبڕاهیمی ڕوونیکردەوە کە چرای زیرەکی هاتووچۆ وێڕای ئەوەی کە ڕێکخستنی ڕێڕەوەکانی بە باشی ئەنجام دەدات پێویستی بوونی ئەفسەری هاتووچۆش لە چواڕڕێیانەکان کەمدەکاتەوە و بەم کارە هێزەکانی هاتووچۆ دەتوانن لە بەشەکانی تردا خزمەتگوزاری بە هاوشارییان بگەیەنن.
ئەو بە دەربڕینی ئەم خاڵە کە لەئێستادا چراکانی هاتووچۆی مەهاباد بە کارەبای ڕاستەوخۆی گەڕەکەکان کاردەکەن زیادیکرد کە بە پچڕانی کارەبا چراکانی هاتووچۆش لەکاردەکەون و ئەم دۆخەش گرێی تڕافیکی سازدەکات.
سەرۆکی هاتووچۆی مەهاباد لەدرێژەدا کوتی: دانانی چوار پەنێل یا تەختەشانەی خۆری لە چوارڕێیەکانی مەهاباددا کاریگەرییەکی بەرچاوی لە کەمکردنەوەی گرێ تڕافیکییەکاندا دەبێت و بەپێی یاسا ئەرکی شارەدارییە ئەم پێویستییانە دابینبکات. 
ئەو هەروەها وێڕای باسکردنی نەزمیی ئاستی چراڕێنوێنەکانی مەهاباد کوتی ئەم چرایانە بەڕادەیەک کۆنەن کە ئەگەر هێندێک کەڕەت تووشی گرفت دەبن پارچەکانیان لە بازاڕدا وەگیرناکەوێت. ئەو زیادی کرد کە ئێمە چاوەڕوانیی دابینکردنی پێشکەوتووترین تێکنۆلۆژیی تڕافیکلاتمان لە شارەداری نییە و ئەگەر ئی ٥ساڵ لەمەوەپێشیش بێیت هەر پێی ڕازین. 
ئیبڕاهیمی لە کۆتاییدا ئاشکرایکرد کە لە بواری تابڵۆ و هێماکانی هاتووچۆدا هەنگاوی باش نراوە و هیوای خواست کە بەڕێوەرایەتیی نوێی شاریی لە مەهاباد چارەسەرکردنی کێشەکانی تڕافیکی کە خواستێکی سەرەکیی شارۆمەندانە بکەن بە گەڵاڵەی یەکەمی کارەکانیان.
 
لە ئێستادا لەگەڵ ئەوەی لە زۆربەی شارەکانی جیهان بۆ پەڕینەوەی ڕێبواران لە شەقامیش لە چرای ڕێنوێنی کەڵکوەردەگیرێت بەڵام تا ئێستاش چراڕێنوێنەکانی مەهاباد تەزووی کارەبای بەردەوامیان نییە.
بێسەرەوبەرەیی لە پێکهاتەی شوڕا و شارەداریی مەهاباد لە چەند ساڵی ڕابردوودا کارێکی کردووە هەتا بوودجەیەکی تایبەت بۆ بەڕۆژکردنەوەی تڕافیکلایتەکانی مەهاباد تەرخان نەکرێ.
 

 
هێڵکاری کە دەتوانێ وەک چرای ڕێنوێن پێش بە بشێوی و ناڕێکی هاتووچۆی ئۆتۆمۆبیلەکان بگرێ و شوێنی پەڕینەوەی ڕێبواران دیاریبکات تەواو لەبیرچۆتەوە. 
هاتووچۆی ئۆتۆمۆبیلەکان لەنێو هێڵکەکاندا وێڕای ئەوەی تەکوزمەندی و گرینگیی یاساکان وەبیر لێخۆڕەکان دێنێتەوە دەتوانێ پێش بەسازبوونی گرێی تڕافیکیش بگرێ. 
هەموو ساڵێ دوای هاتنی جێژنی نەورۆز و دواتر وەرزی هاوین هێڵکاریی شەقام و جادەکان دەکەوێتە دەستووری کارەوە بەڵام بەکارهێنانی مەوادی بێ کەیفییەت  دەبێتە هۆی ئەوەی هێڵکارییەکان زۆرتر لە ٢ مانگ بەرگە نەگرن. 
چاوەڕوانیی کارناسان و هاوشارییان لە شۆڕا و شارەداری ئەوەیە لە بەرەبەری ساڵی نوێوە هێڵکاری و ڕەنگکردنەوەی هێڵەکان و هێماکانی هاتووچۆی شەقامەکان دەستپێبکەنەوە و بۆ ئەم کارە هەم لە مەواد و کەرەسەی ستانداڕد و خاوەن چۆنییەتی باڵا کەڵکوەرگرن و هەم  بەردەوام چاوەدێریی هێڵکارییەکان بکەن.
بەڕۆژکردنەوە و بەرزکردنەوەی ئاستی چراکانی ڕێنوێنیش ئەرکێکی تری شارەدارییە کە دەبێ بەپەلە ئەنجامی بدرێت.



ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد