تاريخ: ۱۴۰۰ جمعه ۱ بهمن ساعت ۱۲:۴۷ بازدید: 269      نظرات: 0      کد مطلب: 17469

کوردەکانی ئازەربایجان و کوردستانی سوور


 
 

سەبارەت بە بوونی کوردەکان لە ئازەربایجان ڕوانگەی جۆراوجۆر لەئارادا هەیە. هێندێک لە توێژەران لەسەر ئەم بڕوایەن کە بوونی کورد لەم ناوچەیە بۆ سەردەمی کەونارا و زەمەنی کۆچی خەڵکانی هیندوئوروپایی لە ئاسیای ناوینەوە و سەردەمی پێکهاتنی ئیمپڕاتووریی مادەکان دەگەڕێتەوە.

مێژوونووسانی کۆن بەزۆری ئاماژەیان بە بوونی کورد لەم ناوچەیە کردۆتەوە.

وەک نموونە لە کتێبی " سەرچاوەکانی مێژووی ئازەربایجان"دا خۆڕاگریی قارەمانەی کوردەکانی بالاسکان لە بەرامبەر سپای موسوڵمانان بە سەرۆکایەتیی سەلمان بن ڕەبیعە باسکراوە.

بەڵام زۆربەی لێکۆڵینەوەکان لەمەڕ بوونی کوردەکان لە ئازەربایجان پێداگرییان لەسەر ئەم خاڵە کردووە کە پێشینەی کوردەکانی ئازەربایجان بۆ ئەم کۆچبەرە کوردانە دەگەڕێتەوە کە لە جەنگەی شەڕەکانی ئیمپڕاتووریی عوسمانی لەگەڵ ڕووسیا لە چاخەکانی ١٨و١٩ و سەرەتای سەدەی٢٠دا ڕوویان لەم ناوچەیە کردووە.

 
 
 

بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٨٥٥٧ زاییندا و لە سەرژمێریی دانیشتووانی ئازەربایجاندا کە لەلایەن جێگری پاشایەتی تێزاری بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بە کۆمەڵگای کوردی ئازەربایجان کراوە. ئەم سەرژمێرییە زۆرتر پێداگریی لەسەر ئەم کوردانە کردووە کە لە قەرەباغدا دەژین و ئاماژەیەکی کورتیشی بەم کوردانە تێدایە کە لە شوێنەکانی تری ئەم ناوچەیە ژیان بەسەر دەبەن.

لەم سەرژمێرییەدا کوردەکان بەسەر دوو لکدا دابەشکراون. لکی یەکەم ئەم کوردانن کە سەر بە ئاینزای شیعەن و بە کوردی قسان دەکەن و لکی دووهەمیش ئەم کوردە شیعانەن کە بە زمانی تاتاری دەئاخەفن.

لەم بابەتە دەتوانین ئەم دەرئەنجامە هەڵێنجین کە بوونی کوردەکان لەم ناوچەیە بوونێکی مێژوویی بووە و بەشێک لە کلتوورەکەیان بەهۆی کلتووری تاتارییەوە ئاسیمیلە بووە. کۆی حەشیمەتی کوردەکان لە سەرژمێریی ساڵ ١٨٥٥دا بە نزیکەی ١٢هەزار و پێنسەت کەس خەمڵێندراوە.

 
 
 

لە سەرژمێرییەکی تردا کە لە ساڵی ١٨٨٦دا ئەنجام دراوە زانیارییەکی وردتر لەسەر بنەماڵەکانی کورد لە ناوچەی قەرەباغ و شارگەلێکی وەک کەلبجار و لاچین هەیە کە لەنێوان ئەرمەنستان و قەرەباغی کوێستانی هەڵکەوتووە.

سەرژمێریی ساڵی١٨٨٦ و سەرژمێرییەکانی دواتر دەریانخستووە کە ڕێژەی کوردەکان لەم ناوچەیە گەیشتۆتە ٣٤هەزار کەس کە ٩٣ لەسەتیان کوردی شیعە بوونە. هەڵبەت وادەردەکەوێ کە ئەم سەرژمێرییە زۆرتر پەیوەندیی بە کوردانی ئیزەدیی ناوچەی قەرەباغەوە هەبێ چوون لەم سەردەمەدا ڕووسەکان کوردانی ئیزەدیان بە کوردی شیعە دەزانی و دوور نییە بەڕێوەبەرانی سەرژمێرییەکان ئیزەدییەکانیان بە شیعە تۆمار کردبێ.

بەپێی سەرژمێرییەکانی سەردەمی تێزارەکانی ڕووسیە و هەلومەرجی دوای زاڵبوونی تێزارەکان بەسەر ناوچەی ئازەربایجاندا، دەتوانین بڵێین ئەم ناوچەیە ڕێژەیەکی بەرچاوی کورد لێبووە و زۆربەیان لە کلتووری زاڵی ئەم ناوچەیدا تواونەوە و پێش سازبوونی یەکێتی سۆڤییەت بە زمانی خۆیان قسەیان نەکردووە. دەبێ ئەم ڕەوتە لە درێژماوەدا ڕوویدابێ. بەم پێیە کوردەکان پێش لە سەدەی شانزدەهەم لەم ناوچەیە ژیاون.

 

 
 

کوردستانی سوور

دوای شۆڕشی ئۆکتۆبری ١٩١٧ی ڕووسیا و دامەزرانی یەکێتیی سۆڤییەت و پەیوەستبوونی ئازەربایجان بەم یەکییەتییە، دامەزرانی کۆماری خودمختاری کوردستانی سوور لە ساڵی ١٩٢٣ی زایینیدا گرینگترین پێشهات بۆ کوردەکانی ئازەربایجان بوو.

لە ساڵی ١٩١٨دا لە قەفقاز سێ کۆماری ئەرمەنستان، ئازەربایجان و گورجستان پێکدێن. کۆماریگەلێک کە لە حەول دابوون هەتا لە ڕێی تواندنەوەی فەرهەنگی، کوشتوبڕ و تاراندن کەمینەکانی ژێر دەسەڵاتیان، نەتەوەکانی خۆیان بکەنە تاکە خاوەنی سەرەکیی ناوچەکە.

بەڵام بە جێگیربوونی دەستەڵاتی لێنین و بێلشویکەکان لە ڕووسیا، ئەڕتەشی سوور لە ساڵی ١٩٢٠دا ئازەربایجان و ئەرمەنستان و لە ساڵی ١٩٢١دا گورجستانی خستە ژێر رکێفی خۆی و هەر ئەو بابەتەش پێداچوونەوەی بنەڕەتیی لە سیاسەتەکانی قەومی لەم ناوچەیە بەدواوە بوو.

بەم ئاراستەیە لە ساڵی ١٩٢٣دا لێنین و حوکمەتی شۆڕەوی لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا فەرمانی دامەزرانی کوردستانی سووری بە پێتەختیی لاچین و لەتەنیشت قەرەباغ لەنێوان هێڵەکانی سنووریی ئازەربایجان و ئەرمەنستان دەرکرد.

 
 
 
 

ناوچە کوردنشینەکانی نێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجان لەژێر چاوەدێریی یەک "ئویزید" واتە یەکەیەکی خوارتر لە خودموختاری، بەنێوی کوردستانی سوور و بە ناوەندی لاچین و بەڕێوەبەریی "سرئگی میرونوویچ کیروف" پێکهات.

بە خوێندنەوەی بەڵگەنامەکانی ئەم دەورەیە دەتوانین بڵێین کە دامەزرانی کوردستانی سوور هەنگاوێکی سیاسی بۆ گەیشتن بە ئامانجگەلێکی فرە بووە.

هێندێک لە خاوەنڕایان پێیان وایە کە دامەزرانی کوردستانی سوور وەک بەڕێوەبەرایەتیەکی ئاساییی بێ مافی خودموختاریی زۆرتر لە ئویزەدەکانی تری ئازەربایجان بە پلانی سۆڤییەت و بۆ ڕاکێشانی هەست و سۆزی کوردەکانی تورکیا و ئێران بەرەو یەکێتی سۆڤییەت ئەنجام دراوە.

بەپێی هێندێک بۆچوون، ئامانجێکی تری بەرپرسانی شۆڕەوی لە دامەزرانی کوردستانی سوور وەدەستهێنانی ڕەزامەندیی تورکانی ئازەربایجان بووە. بە دامەزرانی کوردستانی سوور دیوارێک لەنێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستان سازبوو کە کاریگەریی لەسەر ڕێژەی شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی ئەم دوو وڵاتە هەبوو و ناکۆکییەکانی نێوانیانی کەمتر کردەوە.

 زۆربەی کوردەکانی ئەم ناوچەیە بە پێچەوانەی کوردەکانی نەخجەوان و کوردەکانی ناوچەکانی دراوسێیان سەر بە ئایینزای شیعە بوون.

لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٢٦دا ئویزەدی کوردستانی سوور ٥١هەزار کەس حەشیمەتی هەبووە کە ٧٢لەسەتی لە کوردەکان پێکهاتووە.

 دەورەی خودموختاریی کوردەکان زۆر کورت بوو. بە گۆڕانی سیاسەتی سۆڤییەت سەبارەت بە دراوسێکانی خۆی بەتایبەت ئێران و تورکیا لە سەردەمی ئیستالیندا، سیستەمی پاوانخواز و گشتخوازی سۆڤییەتی دەستی کرد بە هەڵوەشاندنەوەی کوردستانی سوور. ناوچەی قەرەباغی لە کوردەکان هەستاندەوە و لەنێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجاندا دابەشی کرد.

لە ساڵی ١٩٢٩دا ئیتر کوردستانی سوور بوونی نەبوو و کوردەکان لە سەرژمێرییەکانی حەشیمەتی ئازەربایجاندا وەک کورد ئەژمار نەکران.

جگە لەوانە لە ساڵی ١٩٣٠دا کوردەکانیش وەک زۆربەی نەتەوەکانی تری قەوقاز، لەگەڵ هەنگاوەکانی سەرکوتکارانەی ستالین بەرەوڕوو بوونەوە.

 ستالین لەهەمبەر کوردەکان تەنیا بە هەڵوەشاندنەوەی کوردستانی سوور نەوەستا چوون سیاسەتی سەرەکیی ئەو لەناوبردنی بەتەواویی کوردەکان لە سۆڤییەت بوو بۆیە جگە لە تێکدانی ناوچەکەیان سیاسەتی ڕاگواستن و بڵاوکردنەوە زۆرەملێی ئەوانیش پەیڕەو کرد کە بە سیاسەتێکی ئاسان و کەمتێچووی دادەنا. 

هەنگاوێک کە لە ساڵی ١٩٣٧ەوە دەستی پێکرد و دوای شەڕی جیهانیی دووهەم پەرەی گرت و زۆربەی کوردەکانی پەڕاوازەی ناوچەگەلێکی وەک قەزاقستان، گورجستان، قێرقیزستان و ئۆزبەکستان کران.

 
 
 

کوردەکان دوای هەڵوەشاندنەوەی کوردستانی سوور، لە ساڵی ١٩٣٠ڕا هەمیسان حەولەکانی خۆیان بۆ زیندووکردنەوەی کوردستانی سوور خستەوە گەڕ و بە چالاکییە فەرهەنگییەکانی وەک چاپ و بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی کوردیی "ڕییا تازە" و ڕادیۆ کوردیی "یەریڤان" حەولیان دا لە ناسنامە و کلتوور و مێژووی خۆیان پاڕێزوانی بکەن.

هەرچەند لە ساڵی ١٩٦٠دا پرسی زیندووکردنەوەی کوردستان سوور دووبارە هەڵگیرسایەوە و لەلایەن "محەمەد بابایف"ەوە حەولی زۆری بۆ درا بەڵام بە دەستگیربوونی بابایف ئەم ئاواتە بە سەرەنجام نەگەیشت. لە کاتی لێپێچینەوەدا مەحەمەد بابایف لەمەڕ ئەم پرسیارەدا کە بۆ داخوازیی کوردستانی سوورت هەیە دەڵێ: ئێمە هەڵبژاردنێکی ترمان جگە لە کوردستانی سوور نییە هەتا لە کوشتوبڕ و وێرانبوونی ماڵەکانمان بەدەست ئەرمەنییەکان ڕزگاریمان ببێ. ئێمە لە دراوسێ ئەرمەنییەکانمان جاڕز بووینە. ئەوان پرسیارمان لێدەکەن کە ئێوە کێن و لەکوێیەوە هاتوون؟ ئێمەش دەمانهەوێ پێیان بسەلمێنین کە ئێمە کێین و ئەو خاکە وڵاتی ئێمەشە.

لە ساڵی ١٩٨٨دا و بە دەسپێکردنی شەڕی ماڵوێرانکەری نێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجان، بە دەیان هەزار کورد لە ناوچەی قەرەباغ ئاوارە بوون. گورباچۆف لە ساڵی ١٩٩١دا بەتەما بوو کە دووبارە کوردستانی سوور دامەزرێنێتەوە بەڵام دەستێوەردانەکانی دەوڵەتی تورکیا نەیهێشت بەئاکام بگات.

حەولێکی تر بۆ زیندووکردنەوەی کوردستانی سوور لەلایەن "وەکیل مستەفا" لە ساڵی ١٩٩٢ی زایینیدا درا بەڵام بە پەناهەندە بوونی ئەو بە ئیتالیا و مردنی لە ساڵی ٢٠١٩دا هەرەسی هێنا.

 
 
 

دوای هەڵوەشانەوەی کوردستانی سوور، شوێنپێی کوردەکان لە ئازەربایجان بزر دەبێت. تەنیا لە ماوەی شەڕی دووهەمی جیهانیدا کێشەی کوردەکان بە ڕادەیەکی کەم دەبێتە مژار لە ئازەربایجان و سۆڤییەت. بە لێتۆژینەوەی بەڵگە مێژووییەکانی ئەم سەردەمە دەتوانین ئاسیمیلەکردنی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئازەربایجان بە دژی کوردەکان ببینین.

لەم سەردەمەدا زۆرتر لە ٩٠ لەسەتی کوردەکانی ئازەربایجان بە زمانی ئازەری قسەیان دەکرد و ناسنامەی کوردی بۆ ئەوان تەنیا لە هەستێکدا کە بۆ ڕابردوو و میراتی باوەندیان هەیانبوو کورت کرابووە. وێڕای ئەوانە ئێستا و دوای سەربەخۆیی ئازەربایجان لە شۆڕەوی پرسی کوردەکان دووبارە لەم ناوچەیە بۆتەوە بە بابەت و مژار.

 

حەشیمەت

بەپێی ئامارەکانی دەوڵەتی، نزیکەی حەوت هەزار کورد لە ئازەربایجاندا دەژین، هەرچەند لێکۆڵەران ئاماری ڕاستەقینەی ڕێژەی کورد لەم وڵاتە زۆرتر لەم ڕادەیە دەزانن. کوردە کرمانجەکانی ئازەربایجان زۆرتر نیشتەجێی ناوچەکانی کەلباجار، زەنگەلان، لاچین، ئوردوباد و قووبادلین.



برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد