تاريخ: ۱۴۰۰ پنج شنبه ۲۸ بهمن ساعت ۱۸:۱۱ بازدید: 2530      نظرات: 1      کد مطلب: 17681

ئاخۆ مەلای ساڵی ساڵانی کوردەواری چلۆن بوون؟

دوکتۆر ئەحمەد ئەحمەدیان؛ زمانناس و توێژەر


  ئاخۆ مەلای ساڵی ساڵانی کوردەواری، خاوەنی چ جۆرە خوو و خدە و چ چەشنە ئاکارە و کردەوەیەک بوون و چ بیرۆکە و نەریت و کەلتوورێکیان لا پەسند بووە و چ تایبەتمەندی‌گەلێکیان هەبووە کە مامۆستایەکی ئایینی_تەنانەت مامۆستایەکی زیندوو لە چاخی ئێستادا_ بە هەبوونی ئەو تایبەتمەندییانە لە ڕیزی ئەو مامۆستایانەدا دادەندرێ؟

1.مەلای ساڵی ساڵانی کوردەواری، خۆی قانع و هێدی و هێمن و هەژار بوو و خاوەنی ئەو خوو وخدە و تایبەتمەندییانەش بوو، هەر بەو بۆنە و هۆیەوە گشت "قانع و هێدی و هێمن و هەژار"ـەکانی گەل ‌و هەموو هۆنەرانی نێودێر بەو نازناوانەی لەڕادەبەدەر خۆش دەویست!

2.مەلای ساڵی ساڵان، هاوکات نەتەوەییش بوو و ئایینیش بوو، لایەنی دینیشی پاراستبوو و لایەنی نەتەوەییشی پاراستبوو و تەرازوو و پێوەر و پێوانەکەی بە هیچ‌لایەکدا لاسەنگ نەبوو!

3. مەلای ساڵی ساڵان، بۆ نان و نێو و ئیسم و ڕەسم و هیچ پاساو و بیانوویەکی تر "عَضُدُالدَّولَه"(=دەسەڵات‌خواز) نەدەبوو. گەر"وجیەالملە"(=خەڵک‌خواز)ـیـش بایە، بە هۆی گەل‌ویستی و نەتەوەدۆستی بوو، نەک لەسۆنگەی کردەوەیەکی بەرژەوەندیخوازانە و پۆپۆلیستییەوە "وَجیەُالمِّلَە"بوونەکەی بکاتە دووکان و بازار و کەرەسەی بەڕێچوون و موشتەری کۆکردنەوە. ڔوون و ئاشکرایە "لەدڵی خەڵکدابوون" لە درێژایی مێژوودا دەردەکەوێ و بە کردەوەی هەلپەرستانە و بە هەل‌قۆستنەوە بۆ"ارتزاق"لە دین و لە گەل مەیسەر نابێ، بەڵکوو پتروپێشووتر لە هەموو شتێک "ئیخلاس"ی گەرەکە!

4.مەلای ساڵی ساڵان، "مُذبذب" و "وازوازی" نەبوو و هەر ڕۆژەی لەسەر ئایینێک و مەڕامێک و هەڵوێستێک نەبوو بۆ بەرژەوەندی تاقی یان تاقمی یان ئۆپۆڕتیۆنیستی و هەلپەرستانەی خۆی؛ بەڵکوو قایم و پتوون و ڕاوەستاو و خۆڕاگر بوو لە سەر بنەمایەک و هەڵوێستێک و ئایینێک و مەڕامێک!

5. مەلای ساڵی ساڵان، تاقمچێتی و خۆمانەخۆمانەی نەدەکرد و تەنیا  بەرژەوەندیی ئایین و گەل و نیشتمان و ڕاستەقینەی مەبەست بوو نەک بەرژەوەندی تاقمچییانە و مەڕامییانە و کاسبکارانە!

6.  مەلای ساڵی ساڵان، کتێبی زۆر خۆش  دەویست و بەتایبەتی تامەزرۆی زانین و زانیاری و موتاڵا و خوێندنەوە بوو و بۆ زانیاری کۆکردنەوە و موتاڵای بەردەوام و تێگەیشتن و پێگەیشتنی پتر و پتر، کۆڕی پرسیار و لێکۆڵینەوە و شیکردنەوەی زانستی پێک دێنا!

7.مەلای ساڵی ساڵان، کوردی‌زان و  کوردی خوێن و کوردی نووس بوو و بە  هەست و سۆزەوە شێعر و هونراوەی  تەرز و بەرزی شاعیرانی بەرەی پێشووتری"مەلای ساڵی ساڵانی"  دەخوێندەوە و وتاردان و خوتبە و خیتابەکەشی پێ دەڕازاندەوە!

8.مەلای ساڵی ساڵان، باوەڕی بە  فرەتوێژیی کۆمەڵایەتی و ئایینی هەبوو   و ڔوانڴەیەکی تەواو مرۆڤدۆستانەی هەبوو و ڕێزی بۆ کافر و جوو و فەلەش  دادەنا  هەر وەک لە ژیاننامەی عەللامە  مەلا عەلی قزڵجی هەموومان/زۆربەمان

 خوێندوومانەتەوە کە چلۆن  پێشەوای  ئایینی جوولەکانی لە سەرووی خۆی  داناوە!

9.مەلای ساڵی ساڵان، زۆر بەقنیات  و  بەرزەدەماغ(=عزیزالنفس) و دڵاوا(=کریم‌الطبع) و نەفس‌بەرز و ڕەوشت‌بەرز و بەڕەگ‌ودەمار و خاوەن‌شکۆی ئایینی و ئەخلاقی بوو !

10. مەلای ساڵی ساڵان، خاوەنی چێشکەیەکی جوانی‌پەرستانە و جوانی‌ناسانەی بوو و هەموو دیاردەیەکی  جوانی پێ جوان بوو بە بەڵگەی :"اللە جمیل و یحب الجمال".چون  چێشکەی هەستیاری چەواشە نەببوو و وتێک‌نەچووبو، حەولی خەت‌خۆشبوونی دەدا، دەنگی خۆشی پێ خۆش بوو و شێعری پاراو و تەڕی کوردی پێ جوان بوو و بیرگەی لێوانلێو بوو لە لیزگە شێعری تەڕ و پاراوی کوردی، پەخشانی ڕازاوەی کوردی پێ موتورفەیەکی باییدار بوو و لە خوێندنەوەی تێرنەدەبوو و کۆمەڵی هان دەدا بۆ چێژ وەرگرتن لەو جوانییە خوداکردانە!

11. مەلای ساڵی ساڵان، "مەلایەتی" وەک ئەرک و بەرپرسیاریەتیی کۆمەڵایەتی و ئایینی و شوناسخوازانە و ڕووناکبیرانە سەیر دەکرد و وەک هەل و دەرفەتێکی باییدار بۆ پێشخستنی باری ئەخلاق و ئایین و شوناس و هەروەها سەربەخۆییی بیر و بڕیار دەیقۆستەوە!

12. مەلای ساڵی ساڵان،"مەلایەتی" وەک دامەزراوە(=نهاد)یەکی سەربەخۆ و سەربەست سەیر دەکرد نەک وەک پاشکۆی تاقم و تاقمچێتی و مەڕامچێتی و هەڵپەهەڵپی بەرژەوەندخوازانە؛ مەلای ساڵی ساڵان هەرچەند لەڕادەبەدەر دەستکورت بوو بە هۆی ئەو مەعریفەیەوە هیچکات وەک کەرەسە و ئامرازی بەڕێچوون و پیشە و شوغڵ سەیری مەلایەتی نەدەکرد بەڵکوو ئەوەی بۆ ئەو سەرەتی هەبوو بەرپرسیاریەتی  ئایینی و کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی و ئەخلاقی بوو و ڕاپەڕاندنی بەبێ‌مشە و خۆڕایی تێکڕای ئەم ئیش و چالاکییانەی پێوەندی بەو بەرپرسیاریەتییە فرەلایەنەوە هەیە!

13.مەلای ساڵی ساڵان، بە هۆی بیر و باوەڕی ئایینی و نەتەوەیی پتوون و قایم و دامەزراو و بنچینەدار و کۆڵەکەداری، بەردەوام ئامادەی دانی تێچوو(=هزینەدادن) بوو لەو ڕێباز و رێچکەیە دا و زۆربەیان، بە ئەوپەڕی شانازییەوە، تێچووی گیانی و ماڵی و ئابووری و کومەڵایەتی و بنەماڵەیی و...یان داوە.

 14.مەلای ساڵی ساڵان، بە هەناسەیەکی ئەمەکناسانە و پێزانانە و قەدرناسانەوە  _کە لە بیر و باوەڕێکی قووڵی ئایینی و ئەخلاقی و مەعریفی و نائیدئۆلۆژییانەوە و لە قوڕئان و فەرموودەی سەحیح  هەڵقوڵابوو_ دەیڕوانییە قەڵافەتی بەرز و تەرزی سەرجەم مامۆستایانی ئایینیی  دڵسۆز و خزمەتگوزاری بەرەی پێشووتری   "مەلای ساڵی ساڵان" و ئیدی نەدەپەڕژایە سەر وهمی قێزەون و چەواشکارانە و درۆیین و ڕسوایی‌هێنەری"خۆپێ‌زلتربوون و زاناتربوون لە هەمووان" و بە کەم‌بایەخ دانانی خزمەت و ڕاژە و دڵسۆزی و گەورەیی و شکۆی مامۆستایانی بەرەی هاوچەرخ و بەرەی پێشوو و تەنانەت بەرەی داهاتووی خۆیشی!!!

15.مەلای ساڵی ساڵان، بەڕاستی خاوەن پێگە و جێگەیەکی دیار و بەرچاوی کۆمەڵایەتی بوو و خاوەنی چەشنێک سامانی کۆمەڵایەتی بەهێز بوو(=سرمایەی اجتماعی پراقتدار) و هەر نەبێ خاوەنی چەشنێک پێگەی کاریزماتیکیی ناوچەیی و خۆجێیی بوو!

جا گەر لەو دەربیجە و دەلاقەیەڕا  دەڕوانینە بەژن و باڵا و قەڵافەتی خۆڕاگر و نەچەمیو و بەرز و تەرزی تاقمێک لە مامۆستای هاوچاخی موکریان کە هەر ئێستا لە ژیان‌دا نەماون و کۆچی دواییان کردووە وەک: مامۆستا مەلا محەممەد قزڵجێ، مامۆستا مەلا خەلیل گۆڕۆمەری، مامۆستا مەلاحوسێن مەجدی، مامۆستا مەلا عەبدوڕڕەحمان ئیلخانی زادە(حاجی ڕەحمان‌ئاغا)، مامۆستا مەلا کەریم شاریکەندی، مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان، مامۆستا مەلا هادی ئەفخەم زادە، مامۆستا مەلا ئەبووبەکر شەفیعی، مامۆستا مەلا عیسامەددین شەفیعی، مامۆستا مەلا عەلی وەڵزی، مامۆستا مەلا حوسێن تاهیربوغەیی(موستەفەوی)، مامۆستا مەلا عەبدولحەمید عەبقەری(قودسی)، مامۆستا مەلا محەممەد بەردەڕەشی(عەزیزی)، مامۆستا مەلا عەبدوڕڕەحمان تاهیری، مامۆستا مەلا محەممەد ئیمامی و........ لە هەر کام لەو گەورەپیاوانە و بلیمەتانەی کوردەواری دا پەیکەرەیەکی تەواونوێن و پتەو و پتوون و خۆڕاگر و ڕێک و لەبار و دڵگر و دڵئەنگێو لە قەڵافەتی تەرز و بەرز و نەچەمیو و نەبەزیوی مەلای ساڵی ساڵانی کوردەوارییان تێدا وێنا دەکەین؛  بەڕاشکاوی وێنەیەکی تیپیکاڵ لە سیما و ڕوخسار و دیمەنی سەرتاپا شانازیی مەلای ساڵی ساڵانی کورد لە گشتییەتی کارنامەی کردەیی و ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و ئایینی و نەتەویی  ئەوانەدا بەدی دەکرێت. ئەومامۆستایانە تێچووی زۆریان داوە لە ڕێی بیر و بڕوای  ئایینی و کۆمەڵایەتی و نەتەوایەتی‌دا، هەر وەها خاوەنی خوو و خدە و ئاکارەیەکی خاکەڕایانە و خاکینە و خەڵکینە بوون و بە دڵ و بە گیان و بە  بیر و بەبڕوا لەگەڵ خەلک و جەماوەر بوون و بە خەم و مەینەتی گەلەکەیان ماتەمبار و خەمبار بوون و بە سەرکەوت  و پێشکەوت و سەربەرزی گەلەکەیان گەشاوەنەتەوە و حەساونەتەوە و ترووسکاوەنەتەوە؛ تەنانەت بە بیستنی هەواڵی پێگەیشتوویی ڕۆڵەکانی گەلەکەیان ترووسکە و برووقەی شادی و دڵگوشادی لەنێو چاوانیان وەدیار کەوتووە و شایی لەدڵیان دا گەڕاوە!  ئەو مامۆستایانە ڕێز و حورمەتێکی یەگجار  زۆریان بۆ نووسەران و شاعیران و لێکۆڵەرانی کورد داناوە و خوێندنەوەی کتێبی نووسەرانی کوردیان بە هەل و دەرفەتێکی زێڕین زانیوە بۆ بردنە سەری  ڕادەی زانست و توانست و لێکدانەوەی کۆمەڵناسی و گەلناسی و بۆ گەشەی باری زمانزانی و هەروەها بۆ پەرە و پەروەردەی بڕشتی بیرگە و زەین و بۆ زاخاوی بیر و چێشکەی  جوانیناسانە!  ئەو مامۆستایانە لە خوو و خدە و ئاکارەی بەرز و تەزی وەک: قنیات و خاکەڕایی و بێ‌تەماعی و داوێن‌پاکی و نەفس‌بەرزی و ڕەوشت‌بەرزی و خۆنەویستی و گەل‌ویستی و خێرۆمەندی و دەستپاکی و بەخشەری و میوانگری و سەربەخۆیی و خۆڕاگری و سەقامگیری  و دامەزراوی و نەگۆڕی و یەکڕەنگی و بێ‌فڕوفێڵی و بێ‌ڕیایی و بێ‌مەرایی و ڕاستگۆیی و حەقوێژی و...دا وێنەیەکی  تەواو دیار  و زۆر بەرچاوی چینی مەلای ساڵی ساڵانی کوردەواری بوون! هەر چەند ئەوڕۆکە و لە چاخی سەردەم‌دا ڕادە و ڕێژەی ئەو دیمەن و ڕوخسار و  وێنە دیار و بەرچاوانە زۆر لە کەمی و کورتی و کزی داوە و ئێجگار بەدەگمەن هەڵدەکەون، بەڵام دیسان ئەوڕۆکەش تاقمێک لە وێنەکان و ڕوخسارەکانی هاوچاخی مەلای دیار و بەرچاوی کوردی موکریان لە ژیان دان کە وەک تاپۆیەکی ژیکەڵە و بچکۆڵە و وەک پۆڕتڕەیەک و وێنەیەک لە قەوارەی گەلێک بچووکتری مەلای ساڵی ساڵانی کورد لە کۆمەڵگای کوردەواری دا سەرقاڵی ڕاپەڕاندنی دڵسۆزانە و شێلگیرانەی ئەرکەکانی  پێوەندیدار بەو بەرپرسیاریەتییە کۆمەڵایەتی و ئایینی و ئەخلاقی و  نەتەوەییەن، بەڕێزانێک وەک:  مامۆستایانی ڕێزدار و پایەبەرز مەلا سابیر خودا مرادی، مەلا عومەر ساڵحی ساحیب، مەلا عەبدوڕڕەحمان ناسری،  مەلا حوسێن ئیبڕاهیمی،  مەلا حوسێن گورژی، مەلا سەید مستەفا مەحموودیان، مەلا عومەر ئیمام ،مەلا  ڕەشید بورهانی شنۆیی،  مەلا  محەممەد  ئەدیبی، و هەروەها  زۆرێکی  تر  لە مامۆستایانی دڵسۆز و خاوەن هەست و هەڵوێست کە بە داوای لێبووردنەوە دەبێ ڕایگەیێنم کە ناکرێ  لەو مەودا بەرتەنگەدا ناوی هەمووی ئەم وێنە و ڕوخسارە دیار و بەرچاوانە بهێندرێ؛ دیارە پتر وەک وێنە و هێمایەک و پتر و پتریش بۆ بەرزڕاگرتنی داب و نەریتی کوردانە و مسوڵمانانەی ئەمەکناسی و پێزانین و قەدرناسی بۆ زیندووان، ئەو چەند کەسایەتییە ئایینی و نەتەوەیی‌یانەی وا هاوکات:1. پێشنوێژ و وتارخوێن و مودەڕڕیس و دەرسوێژی زانستە ئایینی‌یەکان بوون/هەن(=وەک ئاماژە و هێمایەک بۆ لایەنی ئایینی ئەوان) و؛ 2.هەروەها  شوێنەوار و ئاسەواری بڵاوکراوەی کەلتووری و ئەدەبی‌یان بە زمانی کوردی‌ هەیە(=وەک ئاماژە  و هێمایەک بۆ  لایەنی نەتەوەیی ئەوان)، ئاماژەم بە تاقمێکیان کرددووە و ناوم هێناون .

لە کۆتایی‌دا لایەنێک و بەشێک لە مەترسییەکان و هەڕەشەکانی نەمانی بەرەی ساڵی ساڵانی مەلای کوردەواری لە زمانی عەللامە مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان و لە وتاری"دەوری حوجرە لە پاراستنی فەرهەنگی ئایینی"دا(سیروان، ژمارە 1166، لاپەڕە4) دەبیستین و دەیخەینەبەرچاو:

 "...زانا ئایینی‌یەکان کۆچی دوایی دەکەن و جێگایان پڕ نابێتەوە و وڵات و مەڵبەندەکان زانای ئایینی‌یان تێدا نابێ؛ خەڵک هاواردەبەن بۆ چەند کەللەیەکی پڕ لە نەزانین، پرسیاریان لێ دەکەن و ئەوانیش بەبێ‌زانین و ئاگاداری فتوا دەردەکەن، و لە ئاکام‌دا خۆیان کە لاڕێن، خەڵکی دیکەش لاڕێ دەکەن....زانا ئایینی‌یەکان وەفات دەکەن و کەس نییە جێگای ئەوان پڕبکاتەوە و زانای ئایینی قاتی دەبێ، ئەو کات چەند لاکوت و لاپرەسەن و کۆلکەمەلا، بەڕواڵەت لە زمان خودا و پێغەمبەرەوە قسە دەکەن، بەڵام لە مانادا، سەتڵ سەتڵ پڕوپووچ و هەڵە و پەڵە لە بیری پڕ لە خوڕافاتی خۆیان هەڵدێنجن و بەو بڕوا پیسکراوانە خەڵک تووشی نەخۆشیی بێ‌دینی دەکەن..."




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران

0
0
پاسخ به این اظهارنظر

کەریم بایزیدی ۱۴۰۰/۱۱/۲۹
زۆر جوان بوو. دەست خۆش

نظر خود را براي ما ارسال كنيد