تاريخ: ۱۴۰۰ پنج شنبه ۲۶ اسفند ساعت ۲۳:۲۱ بازدید: 1052      نظرات: 0      کد مطلب: 17891
بە تێکۆشانی ئەنجومەنی حامیی تاران

کتێبخانەی ئاوایی وسووکەندی مەهاباد کرایەوە


ئەمڕۆ ٢۶ی ڕەشەمەی ١۴٠٠، بە بەشداریی تاقمێک لە خەڵک، نووسەران و دەستەی بەڕێوەبەرانی ئەنجومەنی گەشە و پەرەپێدانی فەرهەنگی کتێب‌خوێندنەوەی موکریان، کتێبخانەی گوندی وسووکەندی مەهاباد کرایەوە. هەر بەم بۆنەیەش ڕێوڕەسمێک لە هۆڵی چوارباخی ئەو گوندە بەڕێوە چوو.

سیامەند جەوانبەخت، سەرۆکی ئیدارەی فەرهنگ و ئیرشادی شاری مەهاباد لەو بارەیەدا گوتی: کتێبخانەی ئاوایی وسووکەند بە تێکۆشانی ئەنجومەنی حامیی تاران و ئەجومەنی گەشە و پەرەپێدانی فەرهەنگی کتێب‌خوێندنەوەی موکریان کرایەوە.

جەوانبەخت لە درێژەدا گوتی: کرانەوەی کتێبخانەکان بۆ پەرەپێدان بە زانست و فەرهەنگ کاریگەرە. هەروەها لە بواری بارهێنان و پەروەردەی منداڵان دەتوانێ ڕۆڵێکی بەرچاو بگێڕێت.

کەماڵ مەولوودپوور، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی ئەنجومەنی گەشە و پەرەپێدان بە فەرهەنگی کتێب‌خوێندنەوەی موکریان گوتی: بە نوێنەرایەتی لە ئەنجومەنی حامیی تاران، گرووپی گەشەپێدان بە فەرهەنگی کتێب‌خوێندنەوەی موکریان توانیوێتی تا ئەمڕۆ لە ناوچەی مەهاباد ١٣ کتێبخانە بکاتەوە. ئەم کتێبخانانە خاوەن ژووری منداڵان و گەورەساڵانن کە بابەتگەلی جۆراوجۆر کتێبی بۆ خوێنەران تێدایە.

مەولوودپوور هەروەها ڕایگەیاند: ١٣ کتێبخانەکە لە ئاواییەکانی ناوچەی شاروێران و شامات و گەورکایەتیی مەهاباد بوون. قووڵەسەن، لەج، ئیندرقاش، خووڕخووڕە، وزنتاش، قەرەقشڵاغ، قزڵقۆپی، کۆسەکەرێز و دارەلەک ئەم ئاواییانە بوون کە کتێبخانەیان تێدا دامەزراوە هەروەها لە ڕابردوودا لە دوو گەڕەکی سەیداوا و خانەگیی مەهاباد و شاری گوێکتەپەش کتێبخانەی ئەنجومەنی حامی کراوەتەوە.

ئیدریس مێهرپەروەر یەکیکی تر لە ئەندامانی ئەنجومەنی گەشە و پەرەپێدان بە فەرهەنگی کتێب‌خوێندنەوەی موکریان لە وتووێژ لەگەڵ هاژەدا ڕایگەیاند: جیاوازی لە دابین‌کردنی پێداویستییەکان لە گوندەکان لە چاو ناوەندی شار لە ئاستێکی نزمدایە. نەهێشتنی ئەم مەودایە لە نێوان شار و گوند یەکێک لە بنەماکانی کاریی ئەنجومەنە.




برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد