تاريخ: ۱۴۰۱ يکشنبه ۲۱ فروردين ساعت ۱۹:۲۶ بازدید: 890      نظرات: 0      کد مطلب: 18114

ڕوانینێک لە ژیانی دڵزاری شاعیر


 

ئەحمەد مستەفا محەممەد ئاغای حەوێزیی ناسراو بە "دڵزار" لە ٨ی ژانویەی ١٩٢٠ی زایینی لە کۆیە لە دایک بووە. هاوکات لەگەڵ لەدایک بوونی ناوبراو تازە جەنگی جیھانیی یەکەم کۆتایی پێھاتووە و گرانییەکی سەیر ڕووی لە کوردستان کردووە. دایکی ناوی عایشە عەبدولعەزیز نەوەی کاکی زێوە بووە. باوکی ھەمیشە شێعری فارسی بۆ کردوونەتەوە کوردی، ھاوکات چیرۆکی بۆ خوێندوونەتەوە. لە تەمەنی ٧ ساڵیدا باوکی ڕادەستی مەلا ئەسعەدی کردووە، لەم ڕێیەوە فێری نووسین و خوێندنەوە بووە، ماوەی دوو ساڵێک لە حوجرەی مزگەوت خوێندوویەتی. لە ساڵی ١٩٢٩، لە تەمەنی ٩ ساڵیدا دەچێتە بەر خوێندنی سەرەتایی لە کۆیە، دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٣٧ بۆ یەکەمجار قوتابخانەی ناوەندی لە کۆیەدا دەکرێتەوە، ئەویش دەچێتە ناوەندی و لە ساڵی ١٩٤١ کۆتایی بەم قۆناغە دێنێت و دەست لە خوێندن ھەڵدەگرێت.

دواتر لە ٢٨ی فێورییەی ١٩٤٣ بووەتە سەربازی سپای لیڤی عێراق و لەساڵی ١٩۵٩ بە ئەندامی یەکێتیی ئەدیبانی عێراق وەرگیراوە و لە ساڵی ١٩٧٠ بە ئەندامی یەکەم دەستەی بەڕێوەبەری یەکێتیی نووسەرانی کورد ھەڵبژێردراوە.

لەنێوان ساڵانی ١٩٧۴ بۆ ساڵی ١٩٧٩ نوێنەری بەرەی نیشتیمانی لە لێژنەی ھەولێر بووە، لەپاڵ ئەمەدا ئەندامی دەورەی یەکەمی ئەنجومەنی یاسادانان لە ھەرێمی کوردستان بووە. لە ساڵی ١٩٧۵ بە ئەندامی ئەنجومەنی ھاوکاری عێراقی ئاشتی وەرگیرا.

دڵزاری شاعیر سەدان بەرهەمی شێعری بە زمانی کوردی و عەرەبی نووسیوە، کە هنێدێک لە هونەرمەندانی کوردیش شێعرەکانی ناوبراویان بە گۆرانی گوتووەتەوە. بێجگە لە شێعر، ناوبراو بیرەوەرییەکانی فەرهەنگی بابا تاهیری هەمەدانی لە زاراوەی لوڕی بۆ سه‌ر زاراوەی سۆرانی وه‌رگێڕاوه‌ته‌وە. دڵزار تاكه‌ شاعیری کورده‌ ١٠١ ساڵ تەمەنی تەواو كردووە و له‌ ڕووی ته‌مه‌ن درێژیشه‌وه‌ دووه‌م شاعیری‌ ‌سه‌ر ئاستی جیهان ئه‌ژمار کراوە.

ڕۆژی ١٠ی ئاپریلی ٢٠٢١ی زایینی یەکێتیی نووسەرانی کورد لە ڕێگای پرسە نامەیەکەوە ھەواڵی کۆچی دوایی دڵزاری شاعیری ڕاگەیاند کە لە ماڵەکەی خۆی لە شاری ھەولێر کۆچی دوایی کردووە، ئێوارەی ھەمان ڕۆژ لە گۆڕستانی دەروێش خدر، لە شاری کۆیە بە خاک سپێردراوە.



برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد