تاريخ: ۱۴۰۱ چهارشنبه ۳۱ فروردين ساعت ۱۰:۵ بازدید: 462      نظرات: 1      کد مطلب: 18303

خاڵ‌کووتان لە ناو کوردەکان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست


 
 

بەدرێژاییی مێژوو لە خاڵکوتان بۆ جوانکارییی جەستە، هەڵکۆڵینی هێماکان لەسەر پێست، دیاریکردنی ناسنامەی قەومی و دەربڕینی ڕەوشتی ئایینزایی کەڵکوەرگیراوە.

سەرەڕای ئەوەی لەمپەری بەربڵاوی ئایینزایی بەدژی خاڵکوتان لەنێو موسوڵماناندا دانراوە، ئەو کردارە پێشینەی بەهەزاران ساڵەی هەیە و ئێستاش لەنێو هێندێک لە کۆمەڵگاکاندا برەوی هەیە.

لە میسری کەونارادا خەڵکی ئەم ناوچەیە بە مەرەکەب، وێنەیان لەسەر جەستەی خۆیان دەکوتا و لە پێکهاتەی سەیروسەمەرەی وەک دوودەی تێکەڵاوی شیری دایک و تەنانەت زەرداوی توورکەی زراوی مەڕ و بزن کەڵکیان وەردەگرت.

خاڵکوتانی سەر دەموچاو، دابێکە کە تا ئێستاش لەنێو بەڕبەڕەکانی ئەلجەزایر، کوردەکانی مێزۆپۆتامیا و سارانشینانی سعوودیەدا ماوەتەوە. ئەم خاڵکوتانانەی ڕەنگی خۆڵەمێشی یا کەسکی تۆخیان هەیە زۆرتر لەنێو ماڵەکان و لەلایەن ئافرەتانەوە لەسەر پێستی یەکتر دادەکوترێن. ئافرەتان شوێنێکی پێست دەرزیئاژن دەکەن و ئەم بەشەی بە گیراوەیەکی خەڵووزی یا شینی کاڵ دادەماڵن.

خاڵکوتانەکان دەتوانن ئاماژەیەک بن بۆ هاوکیشە جۆراوجۆرەکانی چەشنی ڕووداوە گرینگەکان و بەسەرهاتی ژیانی تایبەتیی ئافرەتان.

 

 
 

قەبیلەکانی ئامازیغ

لە باکووری ئەفریقا خاڵکوتان کردارێکی کەونارایە کە پێشینەکەی بۆ پێش سەردەمی ئیسلام دەگەڕێتەوە و ئێستاش لەنێو ژنانی بەڕبەڕی مەراکش، توونس و ئەلجەزایردا باوە.

 خاڵکوتان قۆناغە جۆراوجۆرەکانی ژیانی ئەم ئافرەتانە وەدیاردەخات کە لە قۆناغی مناڵییەوە دەستپێدەکا.

شوێنی کوتانی خاڵەکان مانای تایبەتیی خۆی هەیە. بۆوێنە، هێڵێکی ئەستوونی لەسەر چەنەگە ئافرەت نیشانەی دەزگیرانداربوونی ئافرەتەکەیە و بوونی خاڵێک لەسەر نووکی لووت دەتوانێ نیشانەی زەماوەند یا مردنی مناڵێکی بێت. هێندێک لە خاڵکوتانەکانیش نیشانەی تێپەڕینی ئافرەت لە قۆناغی کچییەوە بۆ قۆناغی هاوسەردارییە و زۆربەی کاتەکان کچە هاوتەمەنەکان لە کاتێکی تایبەتدا خاڵ دادەکوتن.

ئەم نەخش و نیگارانە جگە لە پێشاندانی هێماییی ڕووداوە گرینگەکانی تاک، بۆ پارێزراوی لەهەمبەر ڕۆحە پیسەکان و هەروەها جوانکاریی بەکاردەبرێن.

زۆربەی خاڵکوتانەکانی سەر دەست و لەش پەیوەندییان بە ویستی تەندروستی و شیفاوە هەیە و هێندێک لە نیگارەکانیش کە لە ملەوە هەتا بەشی زگ درێژەیان هەیە هێمای بەرداری و زاووزێیە.

لە خاڵکوتانەکانی ژنانی ئامازیغدا، هێماکانی خۆرەتاو، چاوی کەو، زنجیر و مێش برەوی هەیە. لە کلتوری بەڕبەڕدا کەو بە مانای ناسکی و ڕێکوپێکی لێکدەدرێتەوە و چاوانیشیان هێمایەکە بۆ بوونی مەترسیی هەمیشەیی. لەبەروەی کە نەریتی خاڵداکوتان نەریتێکی تایبەت بە ئافرەتانی ئامازیغە خەڵکیی ئامازیغیش بە هێمایەکی تەواو ژنانەی دادەنێن.

 بەپێی ئەفسانەکان، ژنانی ئامازیغ بۆ پێشگرتن لە دەستدرێژیی سەربازانی فەرانسەوی بۆسەرخۆیان ئازای ئەندامیان بە خاڵکوتان دادەپۆشی. سەرەڕای ئەم مێژووە بەپێزە، نەریتی خاڵکوتان بەهۆی دەمارگرژیی ئایینزایی و پەرەی مۆدە ڕۆژئاوایییەکان کاڵبۆتەوە و ئەمڕۆکە زۆربەی ژنانی ئامازیغ پێیان باشترە لەجیات خاڵکوتان لە ڕەنگی سروشتی کە لەماوەی یەک هەتا دوو حەوتە لەناودەچێت و بەکارهێنانی ئاسانترە کەڵکوەرگرن.

 

 
 

بیاباننشینەکان

خاڵکوتان بە بەشێکی جیانەکراوەی کلتوری پیاوان و ژنانی بیاباننشین بەتایبەت کەسانێک کە دوڕگەی سعوودیا دەژین هەژماردەکرێت.

سەرەڕای یاساخبوونی خاڵکوتان لەڕووی ئایینییەوە زۆربەی قەبیلە عەڕەبەکان بەباشی دەزانن لەسەر دەموچاو، جومگەی لاق و مەچەکی دەست و ئەندامەکانی تری جەستەیان خاڵ بکوتن. ئەم کارە بە مەبەستی دوورکردنەوەی هێزە شەیتانییەکان، دەسەڵات و پارێزگاری لە شەڕەکاندا ئەنجامدەردرێت. بۆوێنە دەڵێن داکوتانی خاڵ لەسەر مەچەک دەبێتە هۆی بەهێزبوونی دەستی کەسەکان و ئەم کارە یارمەتییان دەدات لە دۆشینی ئاژەڵەکاندا گورجوگۆڵتربن.

هەروەها هێندێک لە قەبیلە بیاباننشینەکان لەسەر ئەو بڕوایەن کە نیشانەکانی دەرکەوتوو بەهۆی خاڵکوتانەوە دەبێتە هۆی چارەسەریی نەخۆشینەکان و هەروەها کوتوویانە نیشانەکانی چەشنی خاڵەکانی سەر سەر و سەر چاو، ژانی دەردەداران لەناودەبەن.

وێڕای ئەوەی نەریتەکانی خاڵکوتان لەناو قەبیلە بیاباننشینەکاندا جیاواز و فرەجۆرە لەناو زۆربەی ئەم کۆمەڵگایانەدا جۆری خاڵکوتانی کچەکان لەلایەن دایکیانەوە دیاریدەکرێت. خاڵکوتان بەپێی ئەو تایبەتمەندیانە هەڵدەبژێردرێت کە دایکوباوکان حەزدەکەن لە مناڵەکانیاندا بەدیبکەن. بۆ وێنە خاڵی سەر لووت بە مانای خواستنی هیوای ژیانی دوور و درێژ بۆ مناڵە.

هێما کوتراوەکانی سەر جەستە هەروەها وەک سیستەمێکی ناسینەوەی قەبیلەییش بەکاردێن و بیاباننشینەکان فێربوونە هەتا بە کەڵکوەرگرتن لە هێماکانی خاڵکوتان قەبیلەی تاکەکان دەستنیشان بکەن.

هێندێکجار ئاژەڵەکانیش لە خاڵکوتانی خەڵکانی ئەم ناوچەیەدا وێناکراون، بۆوێنە، وێنەی ئاسکەکێوی کە پێشاندەری جوانی و چاکییە.

 

 
 

دەقی کوردی

خاڵکوتان یا دەق لەنێوان کوردەکانی ئێراق، تورکیا، سووریا و ئێراندا باوە. دەق جۆرێک خاڵکوتانی چەندخاڵییە کە زۆرتر لەسەر چەنەگە دەکوترێ و وەک ڕیش وایە. خاڵکوتان وەک هێمایەکی جوانی لەبەرچاودەگیرێ و بەتایبەت لەنێوان ژنانی سەرووی ٦٠ساڵ برەوی هەیە. کوردەکان هەروەها دەق لەسەر باسک، لاق، ئەژنۆ، سمت، سینگ و ملیشیان دەکوتن.

بەپێی هێندێک سەرچاوە مێژووی دەق لەنێو کوردەکاندا بۆ ١٠هەزارساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. زۆربەی هێماکانی پێکهاتوو بەهۆی دەقەوە لە ڕووەکەکان، ئەستێرەکان، ئاژەڵەکان و بەگشتی سروشت وەرگیراوە و مانای جۆراوجۆریان تێدا شاردراوەتەوە.

 دەکرێ بەشێک لە مێژووی پێوار و نادیاری مێزۆپۆتامیا لەم دەقانەدا پەیدۆزی بکرێت.

 دەق لە جەستەی ژناندا زۆرتر لە جەستەی پیاوانە. ئەم خاڵکوتانانە زۆرتر لە ماڵەکاندا و بە کەڵکوەرگرتن لە دەرزیی جلدروون کە پێست کون دەکات ئەنجامدەدرێت. دواتر بە دوودە درزەکە پڕدەکرێتەوە. لەئاکامدا دوای ماوەیەک برینەکە قرتماغە دەبەستێ و ڕەنگێکی ڕەشی تۆخ لە شوێنەکەی دەمینێتەوە.

خاڵکوتەکە نابێ تەڵاقدراوبێت. دەبێ لەبواری جەستەییەوە کیشەی نەبێت. مناڵی لەبەرنەچووبێت و مناڵی نەمردبێت. دەڵێن ئەگەر کەسێکی ناگونجاو دەق بکوتێت خاوەنی دەق تووشی نەگریسی و ڕەشی و بێبەختی دەبێت.

کوردەکان لەسەر ئەم بڕوایەن کە دەق مرۆڤ لە چاوی پیس بەدوور دەگرێت، شانس و بەختی پێ دەبەخشێ، هێزی زایەندی و زاوزێ و دڵاوایی و جوانیی بەرزدەکاتەوە. هێندێکیشیان لەسەر ئەم باوەڕەن کە هێما کوتراوەکان پێش بە مردن و نەخۆشییەکان دەگرن.

ئەو خاڵانەی لەنێوان چاوەکان و دەوربەریان دەکوترێن بە ئامانجی پاراستن لە چاوەزار و خەسارەکانی ئەم باوەڕە لێدەردرێن. هێندێک لە ئافرەتانی کورد دوای هاتنە سەر ئایینی ئیسلام و دوورکەوتنەوە لە ئایینی ئیزەدی هێمای مانگیان لەسەر دموچاوی خۆیان کوتا.

هێمای(V) لەسەر چەنەگە، بەشێوەی نەریتی پێشاندەری شوناسی قەبیلەییە کە پەیوەندییی بە ئاست و ڕادەی گەورەییی قەبیلەکەوە هەیە. خۆر هێمای سەرچاوەی ژیانە و ئەم جۆرە دەقە لەنێو کوردانی ئیزەدیدا زۆر بەرچاوە.

هێندێک کەس لەسەر ئەم بڕوایەن کە هێماکانی ئەستێرە و خاچ بەجێماوی سەردەمێکن کە کوردەکان ئاسمانپەرەست بوون. هەروەها خاچ، مرۆڤ لە شەڕی شەیتان دەپارێزێ.

بازنەکان پێشاندەری منداڵدان و کۆئەندامی زاوزێین و ئاستی بەرداری و بەرگرتن بەرزدەکەنەوە. ئەڵماس هێمای دەستەڵات و بوێرییە. "درەختی ژیان" پێشاندەری ویستنی ژیانی بێکۆتایی و هەرمانە. ئەم جۆرە دەقە کە زۆرتر لەنێو ژنانی بەساڵاچووی کورددا بەرچاودەکەوێ لە سینگەوە دەستپێدەکات و هەتا خوارەوەی شێویلکە درێژدەبێتەوە. هەروەها "درەختی ژیان" هێمای زەماوەند، لەدایکبوون، زاووزێ و تێکەڵبوونی زایەندییە.

لەمڕۆدا بەدەگمەن دەتوانی ئافرەتانێک بدۆزییەوە کە دەقیان کوتابێ. دەق ئیستا وەک نەریتێکی لەبیرچۆوەی لێهاتووە و ئەم نەریتە لەوانەیە بە کۆچیدواییی ژنانی بەتەمەن لەناوبچێت.









برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران

0
0
پاسخ به این اظهارنظر

ئەمیر غەزیزان ۱۴۰۱/۱/۳۱
سڵاو و ڕێز دەستتان خۆشبێت بۆ بابەتی پوختە و پاراوتان هیودارم بەردەوام بن لە سەر بابەتە کلتووریەکانی نەتەوەیی بەڵام بەڕێزانم هروژاندنی بابەتی زانستی پێویستی بە دەست نیشان کردنی سەرچاوەی وتارەکەیە کە بەداخەوە لە نوسراوەکانی ئێوەدا ئاماژەی پێ ناکرێ و دەبێتە هۆی نزم بونی بابەت و دابەزینی بواری زانستی ئەوە هیوادارم لە نوسراوەکانی داهاتوو دا وەبەر چاوی گرن بژین

نظر خود را براي ما ارسال كنيد