تاريخ: ۱۴۰۱ سه شنبه ۱۳ ارديبهشت ساعت ۱۰:۴۵ بازدید: 893      نظرات: 0      کد مطلب: 18581

نێوجێژنە؛ بیدعە (بدعە)یەکی کۆمەڵایەتی

عەبدۆڵڵا حەمزە، سەردەشت


لە ئایینی ئیسلام دا، زۆر جار نەریتێکی تازە هەڵدێنجن کە تا ئێستا لە بنەما سەرەکیەکان و ڕێبازە پاشکۆ و لاوەکیەکانیدا(اصول و فروع)، نەبووە و داهێنانی تاقمێکە و نەک هەر قازانجی نیە، بەڵکو زانایانی ئایین بە دیاردەیەکی نەشیاو و لادەر لە ئایین و زەرەر بۆ ئایین و ئاییندارانی دەزانن.
گەلی ئێمەش، لە درێژەی مێژووی خۆیدا، بە پێی چاخ و سەردەم و شوێن و شێوەی ژیان و شوێندانەری ڕووداو و خۆشی و ناخۆشیەکان و هزر و بیری چین و توێژەکانی کۆمەڵ، بۆ هەڵس وکەوت لە گەڵ یەکتر و دژایەتی و دۆستایەتی و کێشەو ئاشتی و شایی و شین و ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی ژیان و هەرەوەز لەکار و پیشە و هەموو لایەنێکی دیکەی ژیانی، هێندێک نەریتی داهێناون و بە تاک وکۆ پەیڕەوی کردوون و لە درێژەی خولەکانی ژیانیدا، نەک هەر بوونە "خوو" ، بەڵکو لای هێندێک بوونە یاسایەکی پیرۆز  و بە نەکردنیان، خۆیان بە تاوانباریش زانیوە و شانازی بە ئەنجامدانیان کردووە...!
نێوجێژنە...!؟
مرۆڤی کورد، نەریت و یاسای جوانی بۆ شایی و شین هەبوون و هەن، شایی و شین لە کوردەواریدا، بەهەرەوەز و دەستەوا بووە، کەس یا هیچ خێزان و بنەماڵەیەک، له شایی و شیندا، هەستیان بە هەژاری و بێکەسی و بێ داشداری نەکردووە...
بەڵام، بە هۆی هەبوونی گەلەکەمان لە چوارچێوەی جوغڕافیایی لەگەڵ گەلانی دیکە و نەبوونی چوارچێوەی نیشتمانێکی سەربەخۆ و دەستەڵاتێکی خۆیی؛ کەوتووینە بەر شوێندانەری نەریت و یاسای گەلانی دەستەڵاتدار و بە لاسایی ڕاستە و خۆ و ناڕاستەوخۆ یا تێکەڵاوی کۆمەڵایەتی و خوێندن و نووسین بە زمانی ئەوان، کەوتووینە بەر هرووژمی فەرهەنگی ئەوان و نەریت و یاساکانی خۆمان لە دەست داوە و ڕەچاوی نەریت و یاسا و کولتووری ئەوانمان کردووە و گۆڕاوین و دۆڕاوین...!؟
ئێمە بۆ شین و شەپۆڕ و پرسە و سەرەخۆشی، قۆناغەکانی "ناشتن" و "سەرەخۆشی" و چەند نەریتێکی وەک پێهەڵگووتن و ڕەنگە بۆ کەسە گەورە و شوێندانەرەکانی لشکری و دەستەڵاتداری،  سازکردنی کۆتەڵمان هەبووە، دەنا.... چەند ڤۆناغ یادکردنەوە و پرسە دانانەوە و برین کولاندنەوەمان نەبووە....! گەلی دەستەڵاتداری فارس، بۆ خۆ گەورە نیشاندان و بەڕوو  کێشان، بە تایبەت، بە وەرگرتنی ئایینی ئیسلام و دواییش، بوون بە شیعە، بۆ مردووەکان، ڕێو ڕەسمی "ناشتن" و "پرسە" و "حەوتووانە" و "چلە" و "ساڵیاد"یان هەبووە و هەیە و لەو هەموو ئەو قۆناغانەدا، بە گریان و ڕەشپۆشی مردووەکان دەژێننەوە وبرینی خاوەن مردووەکان دەکولێننەوە...!
لە سەردەشتیش، هەموو جێژنەیەک، خزم و دۆست و ئاشنا و دراوسێ، بە بێ ئەوەی خاوەن مردوو بیهەوێ و پێی خۆش بێ، دەبنە "کوچکی گەرمتر لە ئاور"و، ئەو چەند ڕۆژەی جێژنە ئایینیی و نەتەوەییەکان، ڕوودە ماڵێ خاوەن مردوو دەکەن و ملیان لار دەکەنەوە و خۆ پەرۆش دەنوێنن و کۆمەڵ کۆمەڵ، دەچن و دادەنیشن و میوە وشیرنی دەخۆن و شەربەت و چا هەڵدەقوڕێنن و، وا هەیە، فرمێسکی تیمساحانە هەڵدەڕێژن و ئافرەتانیش شین و گابۆڕ وەڕێ دەخەنەوە و دەبێتەوە ئەو ڕۆژەی خۆشەویستەکەی ئەو خێزانە مردووە...!؟
ئایا... "نێـــــــــــوجێــــــــژنە"، نەریتێکی باشە؟ ئایا .... لایەن و لێکەوتەی باشی هە؟ ئایا... ئایا ... نەریتی "نێوجێژنە"، بنەماڵەکانی کۆست کەوتە و داغدار، دڵخۆش دەکا و دەبێتەهەتوانی ساڕێژی برینی دڵیان؟ یا هەستی پەرۆشیان زیاد  دەکاتەوە و زامیان دەکولێنەوە؟
مەگەر جێژنە بۆ ئەوە نیە، کەسەکان و ئەندامانی خانەوادەکان دەمێک دڵخۆش بن و بزەیەک بێتە سەر لێو و هەست بە شادی بکەن؟ ئەدی بۆچی بە چوونتان بۆ ماڵەکانیان، لاپەڕەی شین و پرسە و باسی  مردووەکە هەڵدەدەنەوە و ماشەری بیرەوەریەکان لە ژیان و هەڵس و کەوتی مردووەکە، وەک فیلم لە چاو و دڵ و مێشکی کەس و خزمانی دا، ڕادەنگیون و پرسە و شین و سەرەخۆشی بۆ نوێ دەکەنەوە...؟
"نێوجێژنە"، بیدعە و داهێنان و دیاردەیەکی نەشیاوە و ئاکام و لێکەوتەی خەراپ و نەشیاوی لە کەڵک و قازانج زۆرترن، با... ئەو نەریتە لەکۆمەڵگەدا، بسڕینەوە و ئەگەر لە جێژنەکان دا، سەردانی ماڵی خاوەن مردووەکانیش دەکەین، بۆ لێپرسین و جێژنە پیرۆزە و  تاوێک دڵخۆشکردنی ئەوان بێ، نەک بۆ هێنانەوە بەرچاوی مەرگی خۆشەویستەکەیان.


برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد