تاريخ: ۱۴۰۱ شنبه ۱۷ ارديبهشت ساعت ۱۸:۴۶ بازدید: 372      نظرات: 0      کد مطلب: 18668

باسێک لەسەر ژیان و بەرهەمەکانی مامۆستا قانع


محەممەد شێخ عەبدولقادر کوڕی شێخ سەعیدی دۆڵاش ناسراو بە قانع بە "شاعیری چەوساوەکانی کوردستان" بە ناوبانگە. باوکی لە شێخانی کۆنەپۆشیی شاری مەریوان و دایکی لە شێخانی کەوڵۆس بووە. لە ڕێکەوتی ١٥ی سێپتامبەری ساڵی ١٨٩٨ی زایینی لە گوندی ڕیشێن لە ناوچەی شارەزووری مەریوان لە دایک بووە. دوای ئەوەی دەرەبەگەکانی ناوچەی مەریوان باوکی ئاوارە دەکەن. ئێستا ٤٠ ڕۆژ نابێت کە باوکی کۆچی دوایی دەکات و تازە پێ دەگرێت کە دایکیشی کۆچی دوایی دەکات، هەر بۆیە مامەکانی باڵی بەسەردا دەکێشن و ئاگایان لێی دەبێت.

قانع سەبارەت بە زێدی خۆی وا دەڵێت:

لە ئەسڵا خەڵکی دۆڵاشم، مەریوان جێگەی ئەژدادم    موحەممەد (کابولی)م ئەمما تەخەللوس (قانع)م ناوە

گوندی «دۆڵاش» یەکێک لە گوندەکانی شاری مەریوانە کە لەنزیکی ئەم شارە هەڵکەوتووە.

بە ھۆی خزمێکی دووریانەوە کە ناوی (ئاغا سەید حسێن) و خەڵکی دێی چۆڕ دەبێت لە ناوچەی مەریوان پێ دەنێتە ژیانێکی ترەوە، سەید حەسەن دەیباتە لای خۆی و لە حوجرە لەبەر خوێندنی دەنێت. بەر لەوەی بە تەواوی فێری نووسین و خوێندن ببێت جار و بار شێعری سەرزەنشتیی داناوە و ھەر ئەمەش بوو بە هۆی ئەوەی کە بنچینەی شاعیرێتی دوا ڕۆژی ئەو دابمەزرێت.

قانع کاتەکانی خۆی بە خوێندنەوە و بابەتی وێژەییەوە بردۆتە سەر، ئەو سەردەم شێعر شەوچەرەی کۆڕی شەوانە و کەرەستەی ڕۆشنبیرەکانی جەماوەر دەبێت، بۆیە ناوبراویش یەکێک لە سەوداسەرەکانی بازاڕی شێعر دەبێت و لەوێدا بەرهەمەکانی خۆی دەخوێنێتەوە

کاتێک کە ئاگری شەڕی جیھانیی یەکەم گەیشتە ناوچەی مەریوان، لەبەر ئەوەی کە لایەنی ئایینی لە شەڕەکەدا بەھێز بوو، زۆربەی ڕۆشنبیرە ئایینییەکانی ئەو سەردەمەی ناوچەکە ڕاستەوخۆ تێکەڵاوی شەڕەکە بوون و خەڵکێکی زۆریان ڕاپێچی ناو شەڕەکە دەکەن. لایەنی بە ئایین بردنی شەڕەکە گەلێک کار دەکاتە سەر ڕێبازی بیرکردنەوەی بۆیە ئەو سەرەتا شێعر و ئەدەبەی کە لەسەر شێعری سەرزەنشتکاری دامەزرابوو بەجێ دەھێڵێت و ڕوو لە شێعری ئایینی و خواپەرستی دەکات.

کاتێک کە شۆڕشی ئۆکتۆبەری سۆشیالیستی بە پێچەوانەی کێشی سیاسی ئەنجامی شەڕەکەی بە بارودۆخێکی سەر بە قازانجی زۆربەی گەلانی ناوچەکە کێشایەوە، سەرەتای بیرکردنەوەیەکی نوێ لە ژیانی ڕۆشنبیری شاعیردا سەری ھەڵدا. دوای ئەوە جارێکی تر دەست بەخوێندن دەکاتەوە، ئینجا ھەوای گەڕان بە شارەکانی کوردستاندا دەبێتە خولیای، ھەر بۆیە بۆ خوێندن شارەکانی سنە، مەھاباد، شنۆ، ھەولێر، کۆیە، کەرکووک، سلێمانی و ناوچەی بیارە گەڕاوە. دوا قۆناغی خوێندنی دێنێتەوە بۆ مەریوان و هەرلەوێ بە یەکجاری دەستی لێ ھەڵدەگرێت.

 

لە سەرەتای لاوێتیدا تووشی نەخۆشی تەنگەنەفەسی دەبێت و تا دێت لێی زیاد دەکات لە ئەنجامدا ھەر بەو ئازارەش سەری ناوەتەوە.

لەسەر شێعرە نیشتمان‌پەروەرییەکانی قانع چەند شت شوێندانەر بوون و هەر ئەوانە بوون بە هۆی ئەوەی کە ئەم شێعرانە بچڕێت. یەکەم ئەو ناکۆکییە خێڵەکییانەی نێوان بنەماڵەی شاعیر و دەرەبەگەکانی ناوچەی مەریوان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لەناو جموجۆڵی فیکری ئەودا زیادی دەکرد. دووهەم ھەواڵی پیوەندی سیاسییانەی توندوتۆڵی ھاریکاری نێوان کۆڕ و کۆمەڵ و تاقمە سیاسییکانی ئەو سەدەمەی باکووری کوردستان و کەمالییەکان و سێهەم سەرکەوتنی شۆڕشە مەزنەکەی ئۆکتۆبەر و سەرەتای بڵاوبوونەوەی بیر و باوەڕی پێشکەوتووخوازانەی دژ بە فاشیزم لە نێو توێژ و کۆمەڵە خوێندەوارەکاندا، ئەمانە ھەموو زەمینەیەکی نیشتمان پەروەرانە و نەتەوایەتییانەیان خولقاندبوو و بیری نیشتمان پەروەری شاعیریان بەهێزتر کردبوو.

هەر لەسەرەتای شاعیرێتی شاعیر بوو زۆر بە گورجی باری سەرنج و شێوەی ناوەڕۆکی شێعرەکانی لە دڵداری و ئایینییەوە بۆ نیشتمانپەروەری گۆڕدران. وەک خۆی چەند جارێک لە پێشەکی دیوانە شێعرەکانی سەردەمی خۆیدا باسی کردووە و لە چەند لایەکی تریشەوە لێی دواوە؛ کتێبێکی دەستنووسی فارسی بە ناوی (وقایق الاردەلان)ی دەست دەکەوێت کە باسی ڕاپەڕینەکانی تیرەی ئەردەڵانییەکان بەرانبەر بە داگیرکەران دەکات، ئەمەش ئەوەندەی تر کار دەکاتە سەر بەرھەمە شێعرییەکانی ناوبراو، هەر بۆیە لێرەدا بە تەواوی قۆناغی شیعری دڵداری جێ دەھێڵێت و دوای ئەم قۆناغە بەرهەمی نەتەوایەتی و نیشتیمانپەروەری دەچڕێت.

لەبەر ئەوەی کۆمەڵگای کوردەواری ئەو سەردەمە کۆمەڵگایەکی ئایینی و دەرەبەگایەتی بووە، سروشتی کۆمەڵگاکە لە وڵاتێکی پیشەسازی نەچووە کە دەسەڵاتی سەرمایەداران خەڵکایان چەوساندبێتەوە بۆیە شێعرەکانی لەگەڵ جوتیاراندا دەدوێ و بەرھەڵستی دەرەبەگەکان دەکات. شاعیر باوەڕی بە یەکگرتنی جەماوەر و سەرکەوتنی ڕژێمی سۆشیالیستی ھەبووە، بۆیە ڕوو دەکاتە دەرەبەگ و ھەوڵی شۆڕشی نھێنی دەدات بە گوێیدا و دەڵێت:

گوێگرە قانوونی سۆشیالیستی دەنگی دایەوە    ڕۆژی مەرگت زۆر نزیکە ئەو دەنگە یاسینتە

نۆکەر و پێش خزمەت و کارەکەر و دایانەکەت        کەوتە ڕۆژی خۆی بزانە دوژمنی خوێنینتە

باخێ ھێندە قایم و مەحکەم نەبووی من ناتگەمێ  دەستی ئیستیعمارە ھێز و کۆمەک و پەرژینتە

شاعیر لەو باوەڕەدا بووە کە لە وڵاتێکی فرە نەتەوەدا بۆی جێبەجێ نابێت کە ھەموو نەتەوەکانی ناو چوارچێوەی ئەو وڵاتە وەک یەک بژین و لە ڕووی یاسای کۆمەڵایەتییەوە یەکسان بن و ئابووری وڵات بە ئابووری ھەموو نەتەوەکان وەک یەک بدرێنە قەڵەم و وەکو یەک سەربەستی سیاسییان بدرێتێ، بۆیە ھەمیشە لە ھەڵوێستی سیاسییانەی نەتەوە سەرەکەییەکانی ئەو جۆرە وڵاتانە سڵەمیوەتەوە و لە شێعرەکانیدا ئەمەی بە لادێنشینەکان گەیاندووە. 

مامۆستا قانع لە زۆر بواردا شێعری هۆنیوەتەوە کە بە چەند بەشی دڵداری، نیشتمانی، پێکەنینی، کۆمەڵایەتی، نەتەوایەتی، شۆڕشگێرانە و ئایینی دابەش دەبێت.

بەرھەمەکانی مامۆستا قانع چەند پەرتووکە شێعری وەکوو گوڵاڵەی مەریوان، باغچەی کوردستان، چوارباخی پێنجوێن، شاخی ھەورامان، دەشتی گەرمیان و زایەڵەی زرێبار دابەش دەکرێت.

مامۆستا هەژار لە "چێشتی مجێور"دا باسی ژیانی مامۆستا قانع دەکات و بە کەسێکی بەهرەدار و قسە خۆشی ناو دەبات و مامۆستا عەلائەدین سەجادی لەکتێبی "ڕشتەی مرواری"دا باس لە قانعی شاعیر دەکات و دەڵێت ئەو کات کە لەسلێمانی نیشتەجێ بووە، مامۆستای "حەپسەخانی نەقیب" بووە.

بەرهەمی ژیانی مامۆستا قانع کوڕێک بە ناوی وریا بووە و شێعرێکی لە چوارچێوەی پەند و ئوامۆژگاری‌دا بۆ ئەو نووسیوە:

"وریا سەد ئامان، دایم وریا بە

بۆ هەموو کەسێ، چەشنی برا بە

نەشێخ، نەسۆفی، نە مامۆستا بە

ئارەق بـڕێژە و ڕوو لە هــیــوا بە"

مامۆستا قانع لە ساڵی ٧ی مەی ١٩٦٥ی زایینی بەھۆی نەخۆشی تەنگەنەفەسی لە گوندی "لەنگە دێ"ی چەمی شلێر کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی شێخ ئەوڕەحمانی ئەم گوندە لە شارۆچکەی پێنجوێنی باشووری کوردستان بە خاک دەسپێردرێت.

نەبوو ڕۆژێ لە کوردستان سەرۆکێ یاخۆ خەمخوارێ  ھەمیشە بۆ نەبێ کوردان بەڵا و ناسۆری لێ بارێ

ئەگەر مردم لەسەر قەبرم بنووسن تۆخوا یاران       شەھیدی عیشقی میللەت بووی کەچی نەتدی پەلامارێ





ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد