تاريخ: ۱۴۰۱ يکشنبه ۱۸ ارديبهشت ساعت ۱۹:۶ بازدید: 1446      نظرات: 0      کد مطلب: 18697

مێژووی گۆڕانی خاچی سوور بۆ مانگی سوور کەی و چۆن بووە؟


خاچی سوور، ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی خێرخوازییە کە بنکەی سەرەکییەکەی لە شاری ژنێڤی وڵاتی سوئیس هەڵکەوتووە. ئەم ڕێکخراوە لە سەرەتادا تەنها لە بواری یارمەتیدان بە سەربازە بریندارەکانی شەڕدا کاری دەکرد بەڵام دواتر لە چەندین بواری دیکەشدا چالاکییەکانی خۆی بەرفراوانتر کردەوە. لەئێستادا ئەم ڕێکخراوەیە لە هەموو وڵاتانی جیهاندا لقی هەیە و لە کاتی شەڕ و ئاشتیدا چالاکن و کار دەکەن. لە ئێستادا پیتێر مۆیەرڕی سەرۆکی ئەم ڕێکخراوەیەی لە ئەستۆیە.

 

بە گوێرەی دەیتاکانی ئەم ڕێکخراوەیە، زیاتر لە ٨٠ وڵاتی جیهان ناوەندیان هەیە و زیاتر لە ١١ هەزار کەس وەک کارمەند کار دەکەن کە زۆرینەیان هاووڵاتی ئەو وڵاتەن کە ڕێکخراوەکەی تێدایە.

چالاکییەکانی ئەم ڕێکخراوەیە لە ساتی ڕووداوی نەخوازراودا بریتیە لە فریاگوزاری سەرەتایی، پێشگرتن لە ڕوودانی کارەساتێک، پاک ڕاگرتنی ئاوی خواردنەوە، پەروەردەکردنی پەرستاران و مامانەکان، چاودێری لە زاینگەکان و ئەو ناوەندانەی کە تایبەتن بە منداڵان، دروستکردنی نەخۆشخانە و بانکی خوێن و...هتد.

 

بیرۆکەی دامەزراندنی ڕێکخراوی خاچی سوور

بیرۆکەی دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوە بۆ بانکدارێکی سویسی بەناوی ژان هێنڕی دۆنان دەگەڕێتەوە.

ژان هێنری دۆنان، لە ٨ی مەی ١٨٢٨ لە ژنێفی سویس لەدایکبووە، ناوبراو براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بووە. باوکی بازرگان و دایکیشی لە نەخۆشخانەیەکدا بە شێوەی خۆبەخشانە کاری کردووە.

 

دۆنان لە ٢٤ی ژانویەی ١٨٥٩ بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی هەڵکەندنی چاڵ کە پیوەندی بە کارەکەیەوە هەبووە، چۆتە شاری لۆمباردی لە باکووری ئیتاڵیا. لەوکاتەدا شەڕێکی قورس لەخاڵیی سۆلفرینۆ(ناوچەیەکە لە باکووری ئیتاڵیا) لە نێوان فەڕەنسا و ئیتاڵیا لە دژی وڵاتی یۆنان لەئارادا بووە. پاش ١٦ کاتژمێر شەڕ، ٤٠ هەزار کوژراو و برینداری لێکەوتۆتەوە، هەزاران ژن و پیاوی برینداری جەنگ لە بارودۆخێکی سەخت و دژواری تەندروستیدا بوون و لەبەر نەبوونی پێداویستی سەرەتایی پزیشکی، گیانیان لەدەستدەدا. ئەم دیمەنە ئازاربەخشە کاریگەری لەسەر دۆنان دانا. ئەو لەبەرئەوەی لە خێزانێکی باوەڕدار بووە، بە بینینی ئەم دیمەنە کارەکەی خۆی لەبیرکرد و خەڵکی گوندەکەی هاندا تاوەکو بریندارانی هەردووک بەرەی شەڕەکە بەبێ گوێدان بەوەی کە سەربازی کام وڵاتن، بیانپارێزن و یارمەتییان بدەن. هەر ئەم هەوڵانەی ناوبراو لەوکاتەدا گیانی زۆر یەک لە بریندارانی شەڕی لە گیاندان ڕزگار کرد.

ژان هێنری دۆنان لە ساڵی ١٨٦٢ی زایینی کتێبێکی بەناوی "یادگاری سۆلفرینۆ" نووسی و تێیدا داوای لە خەڵکی کرد ئەنجوومەنێکی هاوکاری مرۆڤی پێک بهێنن.

 "سەربازی بێ‌هێز چیتر بە دوژمن دانانرێت و لە هەرکوێی جیهان ببن دەبێت وەک هاوڕێیەک هەڵسوکەوت لەگەڵ بریندارانی شەڕ بکرێت"

ئەم باوەڕەی دۆنان بوو بە بنچینەی ڕێکخراوێکی گەورە بە ناوی خاچی سوور کە لەئاستی نێودەوڵەتیی‌دا لق و پۆی لێکەوتەوە.

ئەم داواکارییە کاریگەری زۆری لەسەر خەڵکی دانا و لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ساڵی ١٩٨٤ی زایینی کە لە شاری ژنێف بەڕێوەچوو، ١٦ وڵات ئەرکی دامەزراندنی ڕێکخراوی خاچی سووریان وەئەستۆ گرت.

لەئەساس‌دا ئەم ئەنجوومەنە لەکاتی شەڕدا وەک نێوەنگرێک لە نێوان ئەنجوومەنە نەتەوەییەکانی مانگی سوور و ئەو وڵاتانەی کە شەڕیان لێ دەکرێت، ڕۆڵ دەگێڕێت. چاودێری زیندانییەکانی شەڕ لە ئۆردوگاکاندا دەکات، نامە و پیوەندییەکانیان بە بنەماڵەکانیان دەگەیەنێت. لەگەڵ ئەمەشدا ئەم ڕێکخراوە یارمەتی ئەو کەسانە دەدات کە تووشی تۆفان و نەخۆشی گشتگیر و... بووبن.

ئاڵای سوئیس خاچێکی سپی‌یە بە زەمینەی سوورەوە، ئەم شێوە گۆڕا بە خاچێکی سوور بە زەمینەیەکی سپی، واتە بەپێچەوانەی ئاڵای سویس و ئەمەش وەک ئاڵای ئەم ڕێکخراوە دیاریکرا و بەناوی خاچی سوور نێوبانگی دەرکرد.

 

هیلالی ئەحمەر (مانگی سوور) چۆن دامەزرا؟

لە ساڵی ١٨٧٦ دەوڵەتی عوسمانی لەجێی بەکارهێنانی نیشانەی خاچی سوور، ڕەنگی ئاڵاکەی خۆی، واتە مانگی سووری کە زەمینەیەکی سپی بەکاردەهێنا. بەم شێوە لەوکاتە بەدواوە لە وڵاتانی ئیسلامیدا لەجێی جاچی سوور، مانگی سوور وەک سەمبولی ئەم ڕێکخراوە بەکاردێت.

 

دەوڵەتی ئێرانیش لە ساڵی ١٣٠١ی هەتاوی / ١٩٢٢ی زایینی ئەنجوومەنی میلی هیلال ئەحمەری خۆی دامەزراند، بەڵام لەجێی نیشانەی خاچی سوور و هیلال ئەحمەر، نیشانەی شێر و خۆری سووری وەک نیشانەی ئەم ڕێکخراوە دیاری کرد و دوای هەوڵ و داواکاری ئێران، لە کۆنفرانسی ژنێف لە ساڵی ١٣٠٨ی هەتاوی / ١٩٢٩ زایینی ئەم نیشانەیەی ئێرانیش وەکو سێیەم نیشانە دیاری کرا. بەم شێوە هەر سێ نیشانەی مانگی سوور و خاچی سوور و شێر و خۆر وەک سێ نیشانەی فەرمی نێودەوڵەتی دەست نیشان کران.

دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی / ١٩٧٩ی زایینی، ئێران لە نامەیەکدا بۆ حکومەتی سویس، داوای کرد نیشانەی شێر و خۆر لاببرێت و هەمان مانگی سوور لەجێی ئەو دابندرێت، بۆیە دواتر لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی / ١٩٨٠ی زایینی ڕێکخراوی شێر و خۆری سووری ئێران بۆ هیلال ئەحمەر "مانگی سوور" گۆڕا و نێوەکەی بە نێوی "کۆمەڵەی مانگی سووری کۆماری ئیسلامی ئێران" گۆڕدرا.

 

 

پێکەوەبوونی خاچی سوور و مانگی سوور

ئەنجوومەنی نێودەوڵەتی خاچی سوور و مانگی سوور لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا هەن و لەسەر حەوت خاڵی بنەڕەتی وەک ( مرۆڤایەتی، بێ مەبەست بوون، بێ لایەنی، سەربەخۆیی، خزمەتی خۆبەخشانە، یەکێتی و جیهانی بوون) یەکیان گرتووە و کار دەکەن.




ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد