تاريخ: ۱۴۰۱ چهارشنبه ۱۸ خرداد ساعت ۱۸:۵ بازدید: 772      نظرات: 0      کد مطلب: 19206

ئەو مامۆستا و مرۆڤە مەزنەی، بەڕاستی مامۆستام بوو.

یادداشت: زانیار قادرزادە


 

ساڵی 2007 و 2008 مامۆستای بلیمەت، "عەزیز گەردی" لە قۆناغی سێ و چواری زانکۆ، وانەی "ئەدەبی ڕۆژئاوا(West Literature)" و ئەدەبی بەراوردکاری(Comparative literature)"ی پێ دەگوتینەوە. بەپێچەوانەی زۆربەی مامۆستایانی دی، سێ کاتژمێر و زۆر جاران زیاتریش، لەنێو پۆلدا دەمایەوە و یەک پشوو باسی ئەدەبییاتی بۆ دەکردین و لە زانست و زانیاریی خۆی، بێبەشی نەدەکردین. هەر جارەش دەبوو کەسێک پۆلەکەی هەڵسووڕاندبا و لەسەر تەوەرێک، کۆنفڕانسێکی ئەدەبی پێشکەش کردبا، چون زۆری ڕق لە شتی ڕواڵەتی و ئەو یاساوڕێسا سەپێندراوانەی زانکۆ بوو و، زۆریشی هەوڵ دەدا خوێندکار بۆخۆی خەریک بێ و بابەتەکە شرۆڤە بکا. زۆر جاران دەهاتە نێو خوێندکارەکان و لەنێومان دادەنیشت و گوێی بۆ ڕادەگرتین. مامۆستا زۆری ڕق لە دەسەڵات، خۆنواندن، خۆزەقکردنەوە، ئێروئەوێ چوون و قسەکردن لە کۆڕ و مەجلیسان بوو. قەت پێی خۆش نەبوو پێی هەڵبڵێن و خەڵات و بەراتی دەنێ، بیبەنە پێش دووربینان و قسە بۆ خەڵک بکا. هەر پێی خۆش بوو لە خەڵوەت و تەنیاییی خۆیدا لە هەولێر - کەچی دوایی زۆریان دڵ هێشاند و، ماڵی بار کرد و چووەوە بەحرکە- سەر بە کتێبان دابگرێ و لەلاوە خەریکی نووسین و وەرگێڕان بێ.

 

مامۆستا زۆری شایی بە زمانی کوردی بوو و لەو دە پازدە بیست ساڵەی ئەزموونی خراپی نووسین بە زمانی کوردی، بەتایبەتی لە باشووری کوردستان، هەمیشە گلەیی و گازندەی هەبوو و، دەیکوت ماڵی زمانی کوردییان بەیەکجاری وێران کردووە

 

لە شیکردنەوە و باسی ڕەوانبێژی و کێش و سەروای شێعری کوردیدا سوارچاکی بێ‌وێنەی ئەو مەیدانە بوو و کەم کەس توانیویەتی هێندەی عەزیز گەردی، زانستییانە خۆ لە قەرەی ئەم بوارە بدا. هەر خۆش بوو گوێت ڕاگرتبا کە چۆن باسی شاکاری "مەم و زین"ی "ئەحمەدی خانی" و "ڕۆمیۆ ژوولێت"ی شکسپێری دەکرد و دەیگوت شان و شکۆ و قەڵافەتی "مەم و زین" زۆر لە ڕۆمیۆ ژوولێت"ی شکسپێر بەرزترە. کاتێک باسی چیرۆکی فۆلکلۆریی هەزار و یەک شەو (الف لیلة و لیلة) دەکرد، دەچوویە نێو دڵی چیرۆکەکانەوە و دەبوویە دەورگێڕی سەرەکی.

 

کاتێک ڕۆمانی "قوتیل"ی "ئاڵفۆنس دۆدێ"م دەخوێندەوە، دەتگوت نەسر و زمانی مامۆستایان "هەژار" و "شوکر مستەفا"ی دەخوێنمەوە. مامۆستا خۆی بە بنزاراوەیەکی تایبەتیی کوردیی نێوەڕاستەوە نەدەبەستەوە، ئیدیۆم و دەستەواژەی دەشتی هەولێر، موکریان و ئەردەڵان لە نووسراوەکانیدا ڕەنگیان داوەتەوە. هەرچەند بە پێی سرووشتی زۆربەی نووسەران، زۆر جاران زمانی مامۆستاش دەتباتە نێو کووچە و کۆڵانەکانی "سێتاقان"، "سەیداوا" و "خانەقا"ی هەولێرەوە و خەریکە بەو زاراوەیە دەتدوێنێ، بەڵام واش دەربەستی بنزاراوەیەک نەبوو.

 

هەرچی باسی گەورەیی و خاکەڕایی و بێ‌دەعیەبوونی مامۆستا بکەین، هەر کەممان گوتووە، بۆ ئەوەی خزمەتێک بەو ئینسانە گەورەیە بکەین، دەبێ ئەزموون لە ژیان و کارەکانی وەربگرین و نەهێڵین ڕێی کوێر بێتەوە.

 

یاد و ناوی مامۆستا، بلیمەت، ئەدیب، زمانزان و ڕەخنەگری نەتەوەکەمان بەخێر بێ.



برچسب ها:

ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران


نظر خود را براي ما ارسال كنيد