تاريخ: ۱۴۰۱ دوشنبه ۲۳ خرداد ساعت ۲۱:۲۷ بازدید: 1484      نظرات: 1      کد مطلب: 19268

ئاوڕدانەوەیەک لەژیانی بیرمەند، نووسەر و ڕووناکبیری کورد مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان


 مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان، بیرمەند، نووسەر و ڕووناکبیری کورد ساڵی ١٣١٢ی هەتاوی لە ئاوایی «دەرمان» لە ڕۆژهەڵاتی مەهاباد لەدایک بووە. ژیانی مامۆستا ئەحمەدیان بە سێ قۆناغی: «خوێندن و فەقێیەتی»، «مەلایەتی و وانە گووتنەوە» و «نووسین و لێکۆڵینەوە» دابەش دەبێت.

 

قۆناغی یەکەم، ساڵی ١٣١٨ی هەتاوی لە لای مامۆستای ئاوایی «کانێ‌ڕەش» مەلا سەید هاشمی حسێنی سەرەتای خوێندنی دەست پێ کردووە، ساڵی ١٣٢۴ی هەتاوی هاتۆتە مەهاباد، ئەو کاتە تەمەنی سێزدە ساڵ بووە لە مزگەوتی هەباس‌ئاغا لە لای مەلا سادق بۆتە فەقێ، دوایە ڕوو لە حوجرەکانی تری ناوچە دەکات، سەرەتا دەگەڕێتەوە کانێ‌ڕەش و دوایە لە تازەقەڵا و بۆکان و بالکی مەریوان و حەمامیان لەلای زانایانی ئەوکات خوێندنی حوجرە وەک مەنتیق و بەیان و مەعانی و بەدیع و کەلام و فەلسەفە و ئوسوول و تەفسیر و هەیئەت و ئەستێرەناسی و ڕیازیات دەخوێنێت، تەنانەت زانستی ڕوبع و ئوستوڕلاب، کە ئەوکات کەمتر دەخوێندرا، ئەو زانستەش بە باشی فێر دەبێ.

ساڵی ١٣٣٢ی لەسەر دەستی مامۆستا «مەلاعەلی وەڵزی» لە «حەمامیان» ئیجازەی ئیفتا و وانە گوتنەوە وەردەگرێت، هەر ئەو ساڵە مامۆستا مەلاباقر ئیجازەنامەی تایبەتی بۆ دەنووسێت، لە ئاخری ئەو ساڵە سەفەری بەغدا دەکات، لە بەغدا دەچێتە خزمەت زانا و ڕووناکبیری ناوداری کورد مامۆستا «مەلامحەممەد قزڵجی»، ماوەیەک لە زانستی ئەو زانایە کەڵک وەردەگرێت و بەرەو موکریان دەگەڕێتەوە.

 

قۆناغی دووهەم، لە ساڵی ١٣٣٢ی هەتاوی هەتا ساڵی ١٣۵١ی هەتاوی مامۆستا ئەحمەدیان لە گوندەکانی کوردستان خەریکی وانە گووتنەوە و ئەرکی مەلایەتی بووە، ماوەی بیست ساڵ لە گوندەکانی «زەنبیل، باغڵووجە، شێخاڵی و قۆزلوێ» ئەرکی مەلایەتی و وانە گووتنەوەی لە ئەستۆ بووە. ئەو سەردەمە مامۆستا ئەحمەدیان لەو گوند و دێهاتانە وانەبێژ بووە، ناوبراو لەم ناوچانەدا بە «مەلا عەبدوڵڵای بۆکانی»و «مەلا عەبدوڵڵای ڕەهنوما» دەناسرا. ئەو ماوە مامۆستا ئەحمەدیان لە بواری وانە گووتنەوەی ئەو زانستانەی ئەوکات مەلاکان دەیانخوێندن زۆر چالاک بووە و لەو قۆناغەدا خۆی لە هەر ئیش و ئەرکێکی تر بواردووە، قورسایی ئەرکەکانی لەسەر وانە گووتنەوە و تا ڕادەیەک نووسین داناوە. ناوبراو وانەی زانستەباڵاکان وەک ئوسووڵ و کەلام و فەلسەفە و حیکمەت و هەیئەت و تەفسیری گووتووەتەوە.

مامۆستا ئەحمەدیان لەو ماوەدا لەگەڵ وانە گووتنەوه توانیوێتی چەندین بەرهەمی وەک «تاریخ مقدسات اسلام»، «تعیین اوقات شرعیە»، «اوزان الشـرعیە و العرفیە»، «جدول مشکلات بیضاوی» بنووسێت.

 

قۆناغی سێهەم، لە ساڵی ١٣۵١ی هەتاوی هەتا ساڵی ١٣٨٣هەتاوی لەسەر ویستی «ناوەندی دەنگ و ڕەنگی ناوه‌ندی مەهاباد» بۆ بەڕێوەبردنی بەرنامەی ئایینی و ئەدەبی پاییزی ساڵی ١٣۵١ی هەتاوی ماڵی هاتۆتە مەهاباد، ناوبراو تا ئەو کاتە وەک وانەبێژ و دەرس‌وێژی حوجرەکان دەناسرا، لەو کاتەوە شێوەی ئیش و کاری ناوبراو ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی بەسەردا هات، ئەوجار وەک نووسەری ئەدەبی و ئایینی بە زمانی کوردی لە ڕادیۆ مەهاباد دەستی بە نووسین کرد و ماوەی هەشت ساڵ ئەو ئەرکەی لەئەستۆ گرتووە.

هاوکات لەگەڵ ئەو ئەرکە ماوەی ٣٠ ساڵ مەلا و وانەبێژی «مزگەوتی قیبلە»ی مەهاباد بووە. لە مزگەوتی قیبلە چەند فەقێی زانا و زیرەکی ئیجازە داوە، لەگەڵ ئەو ئیش و ئەرکانە ماوەی ٢۵ ساڵ مامۆستای قوتابخانە ناوەندییەکانی مەهاباد بوو. پێ‌بەپێی ئەو ئەرکانە بۆ وەدەستخستنی بڕوانامەی بەرز حەولی داوە، دوای ئەوە ساڵی ١٣۵۶ی هەتاوی دیپڵۆمی لە بەشی ئەدەب وەرگرتووە، ساڵی ١٣۶٧ی هەتاوی لە زانستگای تاران دوای چەند قۆناغ تاقیکاری «سەتحی سێی زانستی» بەرامبەری «دوکتوڕای ئیلاهیات»ی وەرگرتووە، دوای ئەوە لە ساڵی ١٣٧٢ تا ١٣٨٢ی هەتاوی لە زانستگای ئازادی مەهاباد مامۆستا بوو.

ئەوەی جێگای ئاماژەیە مامۆستا ئەحمەدیان بۆ ماوەی دوو ساڵ ١٣۵٩ هەتا ١٣۶١ی هەتاوی ئیمام جومعەی مەهاباد بووە و دوای دوو ساڵ وازی لەم ئەرکە هێناوە.

 

مامۆستا ئەحمەدیان لە ساڵی ١٣۶٢ تا ١٣٨٢ی هەتاوی تەقەلای بۆ نووسین و کتێب‌دانان و لێکۆڵینەوە داوە، ناوبراو توانی لەو ماوەدا سی بەرهەمی بەپێز بنووسێت و هەریەک لەو بەرهەمانەی بۆ مەبەستی تایبەت ئامادەی چاپ بکات، تا ئێستا بیست‌وسێ بەرهەمی چاپ و بڵاو کراونەتەوە، زۆر لەو بەرهەمانە بە چاپی چەند بارە گەیشتوونەوە. جیا لەو بەرهەمانە، نزیک بە دووسەد وتاری ئەدەبی و لێکۆڵینەوەی ناوبراو بە زمانی فارسی و کوردی لە گۆڤارەکاندا بڵاو کردۆتەوە یان پاش کۆچی بڵاو کراونەوە.

 

 شایانی ئاماژەیە زۆر کەس لەسەر ژیان و بەرهەمەکانی مامۆستا ئەحمەدیان قەڵەمیان لێداوە. دوکتور «محەممەد ئەحمەدیان» لە ژێر ناوی «زندگی و آثار علامە ملاعبداللە احمدیان» بە زمانی فارسی لە ١۵٩ لاپەڕدا نووسیوە. هەروا «محمدکاوە بال‌نور» پایان‌نامەی کارناسی‌باڵاکەی لە ژێر ناوی «شرح احوال و آثار استاد عبداللە احمدیان» لە ١٩٨ لاپەڕدا نووسراوە و لە لایەن زانستگای ئازادی مەهاباد بڵاو کراوەتەوە. هەروا بەهاری ١٣٩۵ی هەتاوی «ناسری عەلیار» لێکۆڵینەوەیەکی تایبەت بەناوی «تحلیلی بر افکار و آثار علامە ملاعبداللە احمدیان» لە ٣٠٢ لاپەڕە لەلایەن چاپەمەنی «ئاڵای رووناکی» بڵاو کردۆتەوە.

 

بەرهەم و ئاسەواری مامۆستا ئەحمەدیان:

جیا لە ئەرک و چالاکی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و وانە گووتنەوە، سی بەرهەمی بە زمانی فارسی و کوردی و عەڕەبی بە شێوەی نووسین و وەرگێڕان بەرهەم هێناوە، ئەو بەرهەمانە بیست‌وهەشت بەرهەمیان «نووسین» و دوو بەرهەمیان «رسالة التوحید»ی شێخ محەممەد عەبدە و «مختصـر علم القرآن»ی سیوتی وەرگێڕانە لە عەڕەبی بۆ فارسی، لەو سی بەرهەمە، هەژدە بەرهەمی بە زمانی فارسی، یازدە بەرهەمی بە زمانی کوردی، بەرهەمێکی زۆر بەپێزی بە عەڕەبی نووسیوە. جیا لەو بەرهەمانە، دە بەرگ بەرنامەی ڕادیۆیی لە دوای خۆی بەجێ هێشتووە کە نزیک بە چوارسەد بەرنامەی ئایینی و ئەدەبی لەخۆ دەگرێت. مامۆستا لە چەند بواری جیاواز دەستی بۆ قەڵەم بردووە و دەسەڵاتی زانینی خۆی لەو بوارەدا ئاشکرا کردووە.

لە بواری «تفسیر»دا کتێبی «الایضاح»ی بە زمانی عەڕەبی لەسەر گرێ‌وگۆڵی تەفسیری بەیزاوی نووسیوە، هەروا تەفسیری سووڕەی «فاتیحا» و «یاسین» و بەشێک لە «بەقەڕە»ی جیاجیا بە زمانی کوردی تەفسیر کردووە.

 

لە بواری «علم‌القرآن» کتێبی «قرآن‌شناسی»، لە بەشی «علم‌الحدیث»: کتێبی «تاریخ ضبط و ثبت احادیث»، لە «عقاید و کلام اسلامی»، کتێبی «رسالة‌التوحید» نووسراوی شێخ محەممەد عەبدەی لە عەڕەبی ڕا بۆ فارسی وەرگێڕاونەتەوە. هەروا کتێبی «کلام اهل سنت»، «کلام جدید»، لە سەر بیر و بڕوا کتێبی «درآمدی بر خداشناسی»، لە بەشی «تاریخ» کتێبی « مقدّسات اسلام - تاریخ اماکن متبرکە»، «سیمای صادق ابوبکر صدیق»، «سیمای صادق فاروق اعظم»، «تجزیە و تحلیل زندگی امام شافعی»، لە بواری «فقە» کتێبی «تحقیقات» و «بسوی جهان جاویدان»ی بە فارسی نووسیون.

لە بواری ئەدەبی کوردی‌دا بەشی شێعر «هەست و هاوار» بەرهەمی هەستی شاعیرانەی خودی ناوبراو، بەشێک لە شێعرەکانی لەو کتێبە‌دا چاپ و بڵاو کراونەتەوە. لە بەشی پەخشانی کوردی، کتێبی «خەزێنە» سی وتاری ئەدەبی و مێژوویی و لەبەشی «نثر مسجّع کُردی» لە توێی بەرهەمێک بە نێوی «موناجاتی مەلاعەبدوڵڵا» بڵاو کراونەتەوە.

 

جیا لەو بەرهەم و بابەتە سەربەخۆیانە، دووسەد وتاری ئایینی و ئەدەبی و مێژوویی و لێکۆڵینەوەی جیاجیا بە بۆنەی جۆراوجۆر بە کوردی و فارسی لە گۆڤارەکاندا بڵاو کردۆتەوە. لەگەڵ ئەوانە خەزێنەیەکی تر لە دەنگی ناوبراو لە توێی سەدوشێست‌وهەشت وتاری ئایینی و ئەدەبی تۆمارکراو بە دەنگی ناوبراو لەسەر «CD» لەبەر دەست دایە.

عەللامە مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان دوای تەمەنێک تێکۆشان، ڕۆژی شەممە ٢٣ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٨٣ی هەتاوی کۆچی دوایی دەکات و لە گۆڕستانی گشتی بوداق سوڵتان لە تەنیشت گڵکۆی دوو زانای پایەبەرز مامۆستا مەلاحسێن مەجدی و مامۆستا مەلاکەریم شاریکەندی ئەسپاردەی خاک دەکرێت.







ارسال به دوستان
ارسال به دوستان
چاپ
نسخه چاپی


نظر کاربران

0
0
پاسخ به این اظهارنظر

سیدرحمت حسینی ۱۴۰۱/۳/۲۴
خودا عافوی کات روحی به بهشت شاد بی، ماموستایکی رانا و زحمت کیش بو

نظر خود را براي ما ارسال كنيد